سەرەکی » وتار » چرۆ شه‌هاب » سیاسی و میدیا

فۆكەس پۆینت

سیاسی و میدیا

هەر سیاسیەك دەتوانێت ناو و ناوبانگی جەماوەری دەربكات بەهۆی میدیاكانەوە ، وەك كەناڵەكانی تەلەفزیۆن‌و رۆژنامەو گۆڤارو رادیۆكان، دەركەوتنی سیاسیەك یاخود ئەو كەسەی دەیەوێت ئایندەیەكی سیاسی بۆ خۆی دەستەبەر بكات، دەتوانێت لە ڕێگای بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی یاخود نوسینی وتارێك كە لە ڕۆژنامەیەكی بەربڵاو بڵاوبكرێتەوە، زۆر جار لە وتار دان و قسەكردن لە كۆڕ و كۆبونەوەكان زیاتر دەنگدانەوەی دەبێت. لە قۆناغی یەكەمدا جەماوەرێكی گەورە بۆ خۆی دەستەبەر دەكات بە بەشداریە میدیاییە بەهێزەكان، بێگومان پێچەوانەكەشی دروستە كە بەهۆی هەڵەیەكیەوە دەرفەتی سیاسی لە ئێستەو ئایندەدا لەدەست دەدات.
 ئاشكرایە لای هەموان زۆرێك لە سیاسەتمەداران لەمڕۆی تەكنەلۆجیادا میدیاكان دروستیان كردون كەواتە دەستەڵاتی چوارەم بەهۆی كاریگەریەكەیەوە پشتیوانە لە دەركەوتن و پشكی گەورەیان هەیە لە دروست بونیان. لەلای شارەزایانی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەركەوتووە كە تەلەفزیۆن كاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر ژیانی سیاسی و تا بەسەرۆك كۆمار بونی كەنەدی لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، كەواتە تا ئەمڕۆش سەرەرای بونی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان، تەلەفزیۆن ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەگشتی و سیاسیەكانیش بەتایبەتی.
ئاماژەكان وای دەردەخەن كە كەسایەتیە سیاسیەكان پێویست دەكات پردێكی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ هۆیەكانی ڕاگەیاندن دروست بكەن، لە پێش هەموشیانەوە كەناڵە تەلەفزیۆنیەكان، چونكە گرنگی نەدانی كەسایەتی سیاسی بە ڕاگەیاند و میدیاكان دەبێتە هەڵەیەكی گەورە لە بەردەمیاندا و تەنانەت دەتوانن ببنە لەمپەڕێكی بەهێز لە بەردەم جێبەجێكردنی بەرنامەكانیان، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە میدیاكان چاو لە شكست و گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەستەڵاتەكانیان بپۆشێت.  هەموو سیاسیەك خەونی ناوبانگێكی گەورەیە و فۆكەسی میدیا و كۆمەڵگە بۆخۆی ڕابكێشێت، بێگومان ئەمەش ڕێژەییە و لە سیاسیەك بۆ سیاسیەكی كە دەگۆڕێت.
 لە ئەمڕۆ و ئەو بارودۆخە قەیراناویەی كوردستانی تێكەوتوە ئەركی سیاسیەكان لە بەرامبەر میدیادا زۆر قورس و ئاڵۆز بووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- میدیاكان لە پێناو بەدەست هێنانی زانیاری خۆیان خزاندۆتە گەورەو بچوكی ژیانی سیاسیەكان، لەبەرامبەریشدا سیاسیەكان سەرنجی وەرگر بۆ خۆیان ڕادەكێشن، ئەمەش دوو ڕوی هەیە: یەكێكیان، سەرنجەكە ئەرێنیە كە كاتێك سیاسەتمەدار كارێكی باش بۆ جەماوەرەكەی دەكات و دەستكەوتێكی گەورەی بۆ دەستەبەر كردووە ، لێرەدا سیاسەتمەدار ئەركی سەرشانی خۆی بەجێهێناوە و پێویست بە ستایش ناكات . دوەمیشیان، سەرنجەكە نەرێنیە كە سیاسەتمەدار ئەركێك بەجێدێنێت بەڵام لەبەرژەوەندی جەماوەرەكەی ناشكێتەوە، ئەمە دەبێتە كارەساتە گەورەكەو سیاسەتمەدار بە ئاسانی و بێ باجدانی كارەكەی لێی دەرناچێت
2  – میدیا بوەتە هۆكاری دروستبونی غروری سیاسی لای سیاسەتمەدارەكان، بەردەوام فۆكەسی میدیاییان لەسەر داناون و زیاد لە حەجمی خۆیان پێداون، كەبێگومان ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای سیاسی غرور بوەكان دروست كردووە.
3- لەدەستدانی متمانە جەماوەریەكەیە كە میدیا پشكی سەرەكی هەیە لە دەرخستنی كەسایەتی سیاسی و بڕیار و كارەكانی، لێرەدا بە ئەستەم دەبێتەوە خاوەنی متمانەی جەماوەری.
كەواتە لێرەدا دەپرسین سیاسیەكان میدیا ئاڕاستە دەكەن یاخود پێچەوانەكەی ڕاستە؟ ئەگەر بەوردی لێی بڕوانین دەبینین هەردوكی دەگونجێت. چۆن؟ كاتێك سیاسیەك خاوەن كەناڵی میدیایی بێت بێگومان میدیاكەی لەلایەن خاوەنەكەیەوە ئاڕاستە دەكرێت.  وە پێچەوانەكەشی ڕاستە كە میدیا سیاسیەكان ئاڕاستە بكەن، ئەمەش بە دەلیلی ئەوەی كە سیاسەتی كەناڵە میدیاییەكە وادەخوازێت گرژی لەنێوان سیاسیەكان دروست بكەن یاخود قوڵی بكەنەوە بەبێ ئەوەی سیاسیەكان بە ئاسانی بەرجەستەی بكەن.
كەواتە میدیا ئەو شمشێرە دووسەرەیە گەر سیاسیەكان بە وردی مامەڵەی لەگەڵ نەکەن سەریان دەبڕێت.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كابینەی نوێ و هەیكەلێكی نوێ و پەیوەندییە گشتییەكان

لەسەر بواری زانستی پەیوەندیە گشتییەكان زۆر ئەڵێین و زۆر دەنوسین ...