سەرەکی » وتار » فه‌لاح كه‌ریم‌ » سه‌ره‌تایه‌ك بۆ قۆناغێكی‌ نوێی‌ یه‌كێتییانه‌

له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌

سه‌ره‌تایه‌ك بۆ قۆناغێكی‌ نوێی‌ یه‌كێتییانه‌

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی‌ خولی‌ پێنجەمی په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵوێست‌ و قه‌واره‌كانی‌ دیكه‌ دیاریكردنی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ بێت بۆ په‌رله‌مان، بۆ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان رووداوێكی‌ زۆر گرنگتر و چاره‌نووسسازتره‌، یه‌كێتی‌ به‌هۆی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن (گرنگتر له‌هه‌ڵبژاردن) توانی‌ مشتوماڵی‌ بارودۆخی‌ ناوخۆیی‌ بكات‌ و ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا، ناحه‌زان‌ و دوژمنانی‌ یه‌كێتی‌ به‌هه‌موو تواناو شێوازه‌كانی‌ به‌ربه‌ره‌كانێ‌‌ و دژایه‌تی‌، دژایه‌تیی‌ یه‌كێتیان كردبوو بە ئه‌وله‌ویه‌تی‌ كاره‌کانیان، بوون به ‌بڵقی‌ سه‌رئاو.
له‌و چه‌ند ساڵه‌ی‌ رابردوودا به‌هه‌موو شێوازه‌كانی‌ شه‌ڕی‌ راگه‌یاندن، پروپاگه‌نده‌ دروستكردن‌ و ساردكردنه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتی‌، درۆی‌ هه‌ڵبه‌ستراو، هه‌ندێجار تا راده‌یه‌ك كه ‌جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتی‌ هه‌ستی‌ ده‌كرد له‌ناو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ببێته‌ شه‌ڕی‌ هه‌ڤاڵه‌كان، هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ یه‌كێتی‌ له ‌به‌رگریی‌‌ و په‌لاماره‌ دڕندانه‌كانی‌ داعش، هه‌وڵدان بۆ بێ‌ ئه‌همییه‌تكردنی‌ توانای‌ حوكمه‌تداریی ‌‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ‌و خه‌باتی‌ دیموكراتییانه‌ی‌ یه‌كێتی‌، هه‌وڵدان بۆ له‌شیرازه‌ ده‌رهێنانی‌ ته‌بایی‌‌ و لێكگه‌یشتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌ و لایه‌نه‌كان‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ یه‌كڕیزیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، چونكه‌ هه‌م رۆژگار سه‌لماندوویه‌تی‌‌ و هه‌م واقیع ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه ‌یه‌كێتی‌ یه‌كێكه‌ له ‌كۆڵه‌گه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ خه‌بات‌ و توانا مرۆیی‌‌ و ئابووری‌‌ و سه‌ربازی‌‌ و سیاسییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌ و یه‌كێتییه‌كان هه‌تا كۆتا رۆژگاری‌ خه‌باتیان باوه‌ڕیان به‌و وته‌یه‌ی‌ مام جه‌لال هه‌یه‌ (سه‌فین له‌بن بێت یه‌كێتی‌ له‌بن نایه‌ت).
ئاماده‌كارییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌میشه‌ پشتمان به ‌جه‌ماوه‌ر به‌ستووه‌، ئه‌و راستییه‌ی‌ سه‌لماند كه‌ به‌بوونی‌ به‌رنامه‌ روون‌ و ئاشكراكه‌ی‌‌ و توانای‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌ی‌‌ و وه‌لانانی‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌هێزو تواناو تینێكی‌ گه‌نج‌ و نوێوه‌، یه‌كێتی‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر شاڕێی‌ بووژانه‌وه‌و گه‌شه‌سه‌ندن‌ و ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر و یه‌كێتی‌، به‌جۆرێك كه ‌ناحه‌زان‌ و دوژمنانیشی‌ ترساندووه‌و چه‌ند له‌رابردوودا بینیمان سه‌ره‌ڕای‌ په‌لاماره‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ ناوخۆیی‌ كوردستان، ویسترا چه‌ند به‌ره‌ی‌ دیكه‌ی‌ ململانێ‌‌ و سه‌رقاڵكردن بۆ یه‌كێتی بكرێته‌وه‌ بەڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
ئاماده‌كارییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بووه ‌هۆی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئومێد و كردنه‌وه‌ی‌ گرێكوێره‌كانی‌ ناو یه‌كێتی ‌‌و ده‌توانرێ‌ بووترێ‌ له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا (كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ سه‌ركرده‌ گه‌نج‌ و بیرو بازووه‌ نوێیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌) به‌ڕێوه‌یان برد، هیوایه‌كه‌ بۆ گه‌نجه‌كان به‌ئیراده‌یه‌كی‌ یه‌كێتیانه‌وه‌ رایگه‌یاند: «به‌هێز بوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ راده‌گه‌یه‌نین»، به‌هێزبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتیش پێویستی‌‌ و گه‌ره‌نتی‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌، جه‌ماوه‌ری‌ یه‌كێتی‌ ده‌مێكه‌ داوای‌ نوێبوونه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه‌ سه‌رپێی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌دا بینراو به‌رنامه‌كانی‌ ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی‌ كراوه‌.
قوباد تاڵه‌بانی‌ ئه‌گه‌رچی‌ كوڕی‌ مام جه‌لال-ه‌، به‌ڵام توانایه‌ك‌ و تێگه‌یشتنێكی‌ نوێیه‌ بۆ قۆناغێكی‌ نوێی‌ خه‌باتی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌ و یه‌كێتی‌، كه ‌هه‌م خزمه‌ت ده‌زانێ‌‌ و هه‌م پڕۆژه‌ی‌ نوێی‌ كاری‌ سیاسی‌ بۆ به‌ره‌و دیموكراسی‌ بردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ و یه‌كێتی‌، دوور له ‌ترس‌و تۆقاندن‌ و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به ‌چه‌مكی‌ (هێز) وه‌ك هه‌ندێ‌ لایه‌ن موماره‌سه‌ی‌ ده‌كه‌ن‌ و بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كه‌ن.

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*