سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » عیراق لە پێشوازی هەردوو سەرۆكی كۆمار و وەزیرانی نوێدا

دەر و دراوسێ

عیراق لە پێشوازی هەردوو سەرۆكی كۆمار و وەزیرانی نوێدا

دواجار لە دوای نزیكەی پێنج مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی عیراق لە ڕۆژی 12 /5/2018 ەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق شەوی 2 تشرینی یەكەم 2018 توانی دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵەح بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵدەبژێرێت دوای ئەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم نەیانتوانی بسازێن لە سەر كاندیدێكی هاوبەش كە ئەمەش باس و خواستێكی درێژە لەوەیە لێرەدا بە باشی نەزانم بچمە ناو درێژیەكەوە .
هەر هەمان شەو سەرۆكی نوێ‌ دوای ئەوەی سوێندی یاسایی خوارد لە بەردەم سەرۆكی دادگای فیدراڵی عیراقدا ئەویش دكتۆر عادل عەبدولمهدی كەسایەتی بێلایەن لە ئێستادا هەرچەندە لە ڕابردوودا یەكێك لە سەركردە دیارەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق بوو ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێكدا كابینەی نوێ‌ ی حكومەتی عیراق پێكبهێنێت .
تا ئێرە ئاساییە ئەگەرچی ئەم دوو كەسایەتیە سیاسیە دوو كاراكتەری كۆنی گۆڕەپانی سیاسی عیراق بوون بەتایبەتی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003 بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەرشانۆی ڕووداوەكان نەبوون ئەوەی ئەم دوو كەسایەتیە لە سیاسیەكانی تری عیراق جودا دەكاتەوە ئەمان خوێندن و پەروەردەیان لە دەرەوەی عیراق و لە فەرەنسا و بەریتانیا بووەو بە بیرو بۆچوونی دیموكراسی و كراوە ناسراون و دوورن لە توندڕەوی نەتەوەیی و تائیفی و بەیەك مەودا لە هەموو پێكهاتەكانی عیراق دەڕوانن و كەس هیچ هەستیاری و نیگەرانیەكی دیاری بەرامبەریان نییە بۆیە بە كاندیدی هەمووان ناو دەبرێن و خەڵكی عیراقیش بە هیوا و ئومێدێكی گەورەوە لێیان دەڕوانێت بەو هیوایەی بتوانن چارەسەرێك بۆ دەردە بێدەرمانەكانی تائێستای عیراق بدۆزنەوە ئەم دكتۆرانە .
هەرچەندە ئەم دووانە لە دوو بنەماڵەی ناوداری كورد و عەرەبەوە هاتوون دكتۆر عادل كوڕی وەزێرێكی پێشووی عیراقە و پەروەردەی گەڕەكی كەڕادەی بەغدادە و دكتور بەرهەمیش كوڕی ڕەوانشاد حاكم ئەحمەدە لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی بەڵام ناسراون بە هەڵوێستە نیشتمانی یەكانیان .
ئەوەی ئەمجارە مەترسی لێدەكرا ململانێ‌ ی توندو پڕ لە گێرەو كێشمەی شیعەكان بوو بۆ دروستكردنی گەورەترین قەوارەو فراكسیۆن لە ناو پەرلەمانی عیراقدا بۆ ئەوەی ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەی جارانی پێشوو پێش ئەوەی قەوارەو فراكسیۆنی گەورە ڕابگەیەنرێت كاندیدێكی بێلایەن ڕاسپێرا بۆ ئەوەی كابینەی نوێ‌ پێكبهێنێت لە ماوەی دەستووری دیاریكراودا هەرچەندە ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی لیستی فەتح لە پرێس كۆنفرانسێكی كورتدا لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند كە قەوارەی گەورە یەكلایی كراوەتەوە بەڵام هیچ بەڵگەیەكی ئاشكرا نییە ئەوە بسەلمێنێت .

ئەرك و ئالنگارییەكانی پێش ئەم دووانە
هەرچەندە حكومەتەكەی عەبادی بارێكی قورسی بۆ ئەم حكومەتەی عەبدولمەهدی جێهێشتووە چ لە قەیران و ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغداد و ئاوەدان كردنەوەو بنیاتنانەوەی ناوچە وێرانبووەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و كێشەو داخوازییەكانی خەڵكی بەسرەو هەموو عیراق بۆ خزمەتگوزاری پێویست و خێرا لە ئاوی خواردنەوەو كارەباو….تد جگە لە قەیرانی ئاو و وشك بوونی ڕووبارەكانی عیراق لە لایەن وڵاتانی دراوسێەوە كە ئەمانە هەموو شەڕی قورسن و بۆ ئەم كابینە نوێیە بە جێماون، ئەگەرچی ئەم دووانە بە كاندیدی سازان و هەماهەنگی هەردوو دوژمنی باوك كووشتەی یەكتر ئێران و ئەمریكا ناسراون بەڵام لە پێگەیەكدا نین ئیرەییان پێ ببرێت بە هۆی هەموو ئەو قەیران و كێشانەوە كە لە ڕابردوودا عیراق دووچاریان بووە بەڵام لە هەمان كاتیشدا پشتیوانی ئەمریكا و ئێرانیش سەرمایەیەكی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەكی كورتدا هەنگاوی پێویست هەڵبگرن و هەروەها ململانێكانی ئەو دوو وڵاتەش پێویستی بە كەناڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا بتوانن بەكاری بهێنن بۆ گەیاندنی مەسجەكانیان ئەو كەناڵەش دەكرێت سەرۆكایەتی كۆماری عیراق و بەرهەم ساڵەح بێت كە خاوەنی پەیوەندی هاوسەنگە لە گەڵ هەردوو لای هاوكێشەكە , ئەوەشمان لە بیر نەچێت هەردووكیان خاوەنی توانا و پسپۆڕی باشن لە بواری ئابووری و كارگێڕی دا .

 524 جار بینراوە