سەرەکی » ئابووری » وردەكاریی‌ كوژانەوەی‌ كارەبای نیشتمانی‌ بۆ ماوەی‌ سێ‌ رۆژ

«300 مێگاوات بەرهەمهێنانی‌ كارەبا زیاد دەكات»

وردەكاریی‌ كوژانەوەی‌ كارەبای نیشتمانی‌ بۆ ماوەی‌ سێ‌ رۆژ

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەبارەی‌ كوژاندنەوەی‌ گشتی‌ كارەبای‌ نیشتمانی روونكردنەوە دەدات و بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمیش زانیاری‌ ورد لەوبارەیەوە ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت»لەو ماوەیەدا هاووڵاتیان بێكارەبا نابن».

وێستگەی غازی هەولێرو چەمچەماڵ
ئومێد محەمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم، بەماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند، لەڕۆژی‌ هەینی‌ 19ی ‌10ی ‌2018، بۆ ماوەی (48 بۆ 72) كاتژمێر كارەبای‌ نیشتیمانی‌ لەهەرێم دەكوژێتەوە، بەهۆی‌ وەستاندنی‌ بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەردوو وێستگەی غازی هەولێرو چەمچەماڵ.

15 كاتژمێر لەڕێگەی‌ مۆلیدەوە
وتیشی‌:»هەرچەندە بڕیار وابو كوژاندنەوەی‌ كارەبا لەهاوینی‌ ئەمساڵدا بێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان فشارێكی‌ زۆرمان كرد لەكۆمپانیای‌ دانا غاز بۆئەوەی‌ پڕۆسەكە دوابخات بۆ وەرزێكی‌ گونجاو كە خواست لەسەر بەكارهێنانی‌ كارەبا كەمبێت».
روونیكردەوە،»لەئێستادا بارودۆخەكە گونجاوەو خواست دابەزیوەو بەجێبەجێكردنی‌ ئەو پڕۆژەیەش لەلایەن دانا غازەوە بەشێوەیەكی‌ زۆر كارەبا كەمنابێتەوە، ئەگەر كەمیش بێتەوە بۆ 15 كاتژمێر لەڕێگەی‌ مۆلیدەوە پڕ دەكرێتەوە».

48 بۆ 72 كاتژمێر
راشیگەیاند، پڕۆسەكە بۆ زیادكردنی‌ بەرهەمی‌ غازە، «بەگوێرەی‌ ئەو زانیاریانەش كە پێماندراوە بەجێبەجێكردنی‌ پڕۆژەكە نزیكەی‌ 60 بۆ 70 مەقمەق بڕی‌ بەرهەمهێنانی‌ غاز زیاد دەكات، كە دەتوانرێت بڕی‌ 250 بۆ 300 مێگاوات بەرهەمهێنانی‌ كارەبای‌ پێ زیاد بكرێت».
جەختیكردەوە، كوژاندنەوەكە لە 48 بۆ 72 كاتژمێر زیاتر نابێت، لەماوەی‌ كوژاندنەوەی‌ كارەبای‌ نیشتیمانیش پلانیان داناوە لەڕێگەی‌ مۆلیدەكانەوە كارەبا بەهاووڵاتیان بدرێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی لەبارەی دەست بەزیادكردن بەرهەمی غازو كوژاندنەوەی كارەبا لە هەردوو وێستگەی چەمچەماڵ و هەولێر بڵاوكردەوە.

كاریگەری باشی دەبێت
لەڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتدا هاتووە: ((رۆژی هەینی 19ی 10ی 2018، كۆمپانیای داناغاز بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هەڵدەستێت بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز سروشتی‌و بەهۆی بەستنەوەی بۆریەكانی غازی سروشتیش، بۆماوەی (48 تاكو 72) كاتژمێر بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەردوو وێستگەی غازی هەولێرو چەمچەماڵ رادەوەستێت)).
ئەوەش روونكراوەتەوە، وەزارەتی كارەبا بە هاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەپەرۆشەوە كار دەكات لەڕێگەی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەوە بۆئەوەی ئەم پڕۆسەیە كاریگەریی كەمی لەسەر هاووڵاتیان هەبێت.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی كارەبادا ئاماژە بەوەكراوە، دوای جێبەجێكردنی پڕۆسەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز كاریگەری باشی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت و هاووڵاتیان سوودمەندی سەرەكی دەبن.

 214 جار بینراوە