سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » جەمال خاشقچی جیهانی هەژاند

جەمال خاشقچی جیهانی هەژاند

جەمال خاشقچی یەكەم ڕۆژنامەنووس و یەكەم كەسی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبستانی سعودیە نییە كە بێ سەرو شوێن دەبێت بەڵكو پێشتر زۆركەسی تر تەنانەت لە شازادەكان واتە لە ئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی ئال سعودیش بوون بە هەمان دەردی خاشقچی چوون و شوێن بزر بوون .

مێژوویەکی خوێناویی
لەوانە ناسر سەعید كە لە ساڵی 1979 ەوە لە شاری بەیروت ی پایتەختی لوبنان شوێن بزركرا لەوساوە تائێستا كەس نازانێت چی لێهاتووە هەروەها شازادە سوڵتان بن توركی لە شاری جنێف لە ساڵی 2003 ڕفێنرا. هەروەها شازادە توركی بن بەندەر كە لە فەرەنسا داوای مافی پەنابەری سیاسی كردبوو ساڵی 2015 ئەویش لە بەرچاوان نەماو شوێن بزركرا. هەروەها چیرۆكی جەنراڵ عەلی قەحتانی یەكێك لە ئەفسەرەكانی پاسەوانی نیشتمانی عەرەبستانی سعودیە كە لە زیندانەكانی ئەو وڵاتەدا بوو لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی بەخشی ئەمانە و زۆری تریش لە پشتی زیندانەكانەوەن لە چالاكوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ كە تۆمەتی تیرۆر دراوەتە پاڵیان كە چاوەڕوانن حوكمی هەڵواسین و لە سێدارەدان بەسەریاندا جێبەجێ‌ بكرێت .

خاشقچی چی لێهات
لە سەعات یەكی نیوەڕۆی 2/10 /2018 ڕۆژی سێشەمەوە هەموو پەیوەندیەكانی ناوبراو بە جیهانی دەرەوەی خۆی بڕاوە و كەس هەواڵی نازانێت دوای ئەوەی دەزگیرانە توركیەكەی خەدیجە هەواڵەكەی بڵاوكردەوە لەوكاتەوە چارەنووسی نادیارە هیچ هەواڵێكی ڕاست ودروست بەردەست نەبوو لەسەر رووداوەكە، تاوەكو ڕۆژی شەمە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە دوو سەرچاوەی توركیەوە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی لەسەر ڕووداوەكە دەست كەوت باس لەوە دەكات كە جەمال خاشقچی لەناو كونسڵخانەی عەرەبستانی سعودیەدا لە ئەستەنبوڵ كوژراوە و لاشەكەی بۆ دەرەوە براوە .
كاتێكی زۆری پێنەچوو لەم هەواڵەی ڕۆیتەرز تاوەكو ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەو ڕۆژنامەیەی كە خاشقچی بۆی دەنووسی، هەواڵی تری دەربارەی پرۆسەی تیرۆركردنی ناوبراوی بڵاوكردەوە، كە لە دوو سەرچاوەی نزیك لە تیمی لێكۆڵینەوە لە كارەساتەكە ، كە باس لەوە دەكەن ئەو تیمەی كە تاوانی تیرۆرەكەی ئەنجامداوە پێكهاتوون لە پازدە كەس كە لە سعوودیەوە هاتوون .
هەواڵێكی سەرسووڕهێنەرتر لەسەر ڕووداوەكە پێگەی میدل ئێست ئی بڵاوی كردەوە كە گوایە خاشقچی ئەشكەنجە دراوە و پێش ئەوەی لەشی ئەنجن ئەنجن بكەن بە شێوەیەكی زۆر وەحشیانە و دڕندانە و هەمووی تۆماركراوە لە كاسێتێكدا و گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی توركیا.
هەواڵ و چیرۆكی ئەم تاوانە قێزەونە لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی واشنتۆن پۆست دا بڵاوكراوەتەوە.

عەرەبستانی سعودیە نكووڵی دەكا
كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئەستەنبوڵ بە توندی ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە خاشقچی لای ئەوان تیرۆر كرابێت یان لای ئەوان بێت و دەرگای كونسڵخانەكەی بۆ پەیامنێرانی ئاژانسی ڕۆیتەرز كردەوە كە سەردانی بارەگاكەیان بكەن بۆ ڕاست و دروستی وتەكانیان هەروەها محمد عتیبی كونسوڵی سعودیە وتی: ئێمە زۆر نیگەرانین بەو هەواڵە و بە دوای ناوبراودا دەگەڕێین ئەو هیچ تۆمەت و لێپێچینەوەیەكی لەسەر نیە لای ئێمە .

كاردانەوەی نێو دەوڵەتی
بزربوون و نەمانی نووسەرو ڕۆژنامەنووسی ناوداری سعوودیە جەمال خاشقچی كارادانەوەو نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا لە ناوەندە نێو دەوڵەتی و میدیای و مافی مرۆڤ …هتد بەشێوەیەك وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی زۆری خۆی ڕاگەیاند و وتیان لە نزیكەوە چاودێری ڕووداوەكە دەكەن .
لەلایەكی ترەوە ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور و نیگەرانی توندی خۆیان ڕاگەیاند و ئەمەیان بە پێشێلكردنی ئاشكرای ئازادی ڕادەربڕین و بەرتەسكردنەوەی دیموكراسی و تێكدانی كەش و هەوای ئازادی لە قەڵەم دا . هەموو ئەوانە جگە لە چەندین سیناتۆر و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی كە بەتوندی ئیدانەی ئەو تاوانەیان كرد .

بێدەنگردن و دەم داخستنی نەیاران
ئەم هەنگاوەی عەرەبستانی سعوودیە دەچێتە قاڵبی دەم داخستن و كپكردنی هەموو ئەو دەنگانەی كە لەدەرەوەی سربەكەی ( بن سلمانەوەن) كە شازادەی جێنشینە و کە بە تەمایە لە زووترین كاتدا لە سەر كورسیەكەی باوكی دابنیشێت بە تایبەتی دوای ئەو هەڵمەت و شاڵاوی گرتن وزیندانی كردنە فراوانەی كە دەستی داوەداتێ‌ دژ بە پیاوانی ئاینی و بزنسمان و تەنانەت ئەوانەی بەرگری لە مافی ژنانیش دەكەن .
لە كۆتاییدا من ئەم چەند دێڕەم لەسەر خاشقچیم نووسی وەكو بەرگریەك لە ڕای ئازاد لە كاتێكدا وەكو هەندێ‌ سەرچاوە باسی دەكەن كە خاشقچی باكگراوندێكی ئیخوانی هەیە و دۆستی ئەردۆگانە و بە بنەچەش توركە و زۆر شتی ناڕەوای دژ بە كوردانی ڕۆژاوا نووسیووە بێگومان بەرامبەر باشووریش لە كاتی ڕیفراندۆمەكەدا تویتی زۆری كردووە .
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەندێك كەس و قەڵەم بە دەست دەڵێن، نابێت میدیای كوردی باشی خاشقچی بكات كە ئەوەش دەچێتە قاڵبی دەمداخستن و سەپاندنی ڕایە ك كەئەو تاقم و كەسانە ئازادن باسی نەكەن .

 347 جار بینراوە