سەرەکی » ئابووری » حكومەتی عیراق بودجەی ساڵی 2019ی پەسەند كرد

دەستكاری پشكی هەرێم نەكرا

حكومەتی عیراق بودجەی ساڵی 2019ی پەسەند كرد

بوودجەی گشتی عیراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2019 وەك(پڕۆژە قانون) لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەسەندكرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا و سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش دەڵێت»بەرپرسیارێتی ڕێگریی لەتێپەڕاندنی ماددەكانی ئەو پڕۆژە بوودجەیە كە لەگەڵ بەرژەوەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان یەكناگرنەوە كەوتە ئەستۆی نوێنەرانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق».

كەوتە ئەستۆی نوێنەرانمان
بەپێی‌ هەواڵێكی‌ ئەمیندارێتی‌ گشتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عیراق، ئەمڕۆ 28ی‌10ی‌2018، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بودجەی گشتی عیراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2019 رەوانەی‌ ئەنجومەنی نوێنەران كرد، لەوبارەیەوە، ئامانج رەحیم سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، لەنوسینێكیدا لەتۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبووك رایگەیاندوە: بەرپرسیارێتی ڕێگریی لە تێپەڕاندنی ماددەكانی ئەو پڕۆژە بوودجەیەی 2019 كە لەگەڵ بەرژەوەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان یەكناگرنەوە كەوتە ئەستۆی نوێنەرانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەمەش بەرپرسیارێتیەكی گران و زەحمەتە لە چاو قۆناغی ڕەشنووسی بوودجەكە لە وەزارەتی دارایی.

نەشتەری زۆرینە و كەمینە
ئامانج رەحیم دەشڵێت: ئەگەر بابەتەكە بكەوێتە بەر نەشتەری زۆرینە و كەمینە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، سەرەڕای ئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجومەنی نوێنەران مافی هەمواركردنی ژمارەی خشتەكانی تەرخانكراوەكانی خەرجییەكانی بوودجەی نییە و بژاردەكەیان تەنها ناردنەوەی پڕۆژە قانونەكەیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

به‌غدا مه‌رجی خۆی هه‌یه‌
هاوکات، جه‌مال شكور په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی‌ نیشتمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، به تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگه‌یاندوە: نازانرێت كه ‌ئاخۆ كورد به‌شه‌ بودجه‌ هه‌رێم كه‌ به‌رێژه‌ی‌ 12.67%بۆی دیاریكراوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ یاخود نا، به‌ڵام پێویسته‌ كورد له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراقدا بكات.
رونیشیكرده‌وه‌، «به‌غدا مه‌رجی خۆی هه‌یه‌ كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ 12.67% بۆ 17%ی كۆی گشتی‌ بودجه‌ی عیراق زیاد بكات، كه‌ ئه‌وانیش بریتیه‌ له‌ شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی‌ ناوخۆ و خاڵه‌ سنورییه‌كان كه‌ پێویسته‌ هه‌رێم ئه‌و داهاتانه‌ بۆ به‌غدا ئاشكرابكات ئه‌وكات به‌غداش ئاماده‌ ده‌بێت به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی‌ هه‌رێم زیاد بكات».
راشیگه‌یاند: به‌رپرسانی‌ به‌غدا نیگه‌رانن له‌ بابه‌تی‌ گومرگ و داهاتی‌ خاڵه‌سنورییه‌كان و چه‌ند داهاتێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ پێویسته‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا، هه‌رێمی كوردستان شه‌فاف بێت و بتوانرێت به‌گفتوگۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ یه‌كلابكرێنه‌وه‌.

نزیكه‌ی‌ نۆ تریلیۆن دۆلاره
پێشتر ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عراق رایگه‌یاندبوو، «به‌پێی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ بودجه‌، 22 تریلیۆن دۆلار كورتهێنان له‌ بڕی‌ داهاتدا هه‌یه‌».
به‌پێی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2019ی‌ عێراق كه‌ 128 تریلیۆن دیناره‌، پشكی‌ هه‌رێم به‌ گشتی‌ نزیكه‌ی‌ نۆ تریلیۆن دۆلاره‌و ناگاته‌ له‌سه‌دا 13ی‌ كۆی‌ گشتیی‌ بودجه‌.

كەسانی پسپۆڕ بنێرێتە بەغدا
لای خۆیەوە، د.فازڵ نەبی ریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق پەیامێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات و وتی:»ئێستا كاتی ئەوەیە حكومەتی هەرێم كەسانی پسپۆڕ بنێرێتە بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكان بەتایبەت لەبواری بودجەو موچەی هەرێم، چونكە كاتی زۆر لەبەردەم عیراق نەماوە بۆ تاوتوێكردن و پەسەندكردنی بودجەی 2019».

print

 3 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*