سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » سزا و گەمارۆی ئابووری و ئێران

دەر و دراوسێ

سزا و گەمارۆی ئابووری و ئێران

سزا و گەمارۆی ئابووری لە پوختترین پێناسەیدا ئەوەیە كەوا دەوڵەتێك یان دەوڵەتگەلێك یان ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوێك یان پرۆسەیەك ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ڕەفتاری وڵاتێك بگۆڕێت یان ڕێگری بكات لە ئەنجامدانی ڕەفتارێكی یاساغ بە یاسا و عورفی نێو دەوڵەتی.
ساڵانێكە سزاو گەمارۆی ئابووری وەكو كەرەسەیەكی كاریگەری لێهاتووە بە دەست ئەمریكا وڵاتانی ڕۆژاواوە بۆ بەرگرتن لە زۆر ڕەفتار و كرداری وڵاتان كە ئاسایش و ئارامی وڵاتان دەخەنە مەترسی یەوە، بۆیە هەرلە ساڵی 1990 كاتێك ڕژێمی ئەوسای عیراق دەوڵەتی كوەیەتی دراوسێی داگیركرد لە 2 ی ئابی هەمانساڵدا سزایەكی گشتگیری نێودەوڵەتی خرایە سەر عیراق دواتریش لەم دواییەدا سزاو ئابڵووقە بەكارهێنرا بۆ قەیران و كێشەكانی چەكی ئەتۆمی دژ بە كوریای باكوور و ئێران هەروەها دژ بە روسیا لەكاتی داگیركردنی دوڕگەی قرمی ئۆكرانیا و دواتریش هەوڵی روسیا بۆ ژەهراوی كردنی سیخوڕێكی روسی (سیرجی سكریباڵ ) و مناڵەكەی لە بەریتانیا بە مادەی كیمیاوی (نوفیتشوك ) كە لە ڕووسیا بەرهەم هاتبوو.

جۆرەكانی سزا
1.سزای گشتگیر ئەو سزایەیە كە بەشێكی زۆری لایەنەكانی ژیان دەگرێتە و چ لە ڕووی پەیوەندی بازرگانی و پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان و هەموو پەیوەندییەكانی تریش كە ئەمەش زیانی گەورە دەگەیەنێتە بە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرس و كاربەدەستانی ئەو وڵاتە كە تۆمەتبارن بەكاری یاساغ و پێچەوانە بە یاساو عورفی نێودەوڵەتی وەكو ئەو ئابڵووقەی كاتی خۆی خرایە سەر عیراق ئەو ئابڵووقە و سزایانەش وا ئێستا دژ بە ئێران لە سەرتاكەیەوە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە .
2.سزای زیرەك ئەو سزانەیە كە دەخرێتە سەر ئەو سەركردەو بڕیار بەدەستانە و هەروەها ئەوانەی هاوكار و هاوپەیمانیانن كە ئەمەش چینێكی دیاریكراو دەگرێتەوە كە كاریگەری بۆسەر هاولاتیانی وڵاتی بە ئامانجكراو نابێت،چونكە سزای گشتگیر تێچوویەكی زۆری دەوێت بەڵام سزای زیرەك كەمتر،وەكو كاتێك ئەمریكا سزای هەردوو وەزیری داد و ئاسایشی ناوخۆی توركیای دا لە ئابی 2018 بەهۆی دەستگیركردنی قەشە ( ئەندرۆ برانسۆن ) ەوە .
سزای زیرەك زۆر شێوازی هەیە دەتوانن وڵاتانی خاوەن دەستەڵات بەكاری بهێنن بۆ مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و یان بۆ سەپاندنی ئەجنداو هەژموونی خۆیان بە سەر وڵاتانی تردا ئەوانیش ئەمان :
1. قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك و كەرەسەی سەربازی .
2. سڕكردنی پارەو داهاتی مالی هەموو ئەو وڵات و قەوارەو تاقمانەی كە كارەكە ئەنجامدەدەن وەكو ئەوەی بەرامبەر بە حزبوڵای لوبنان كراوە لە لایەن ئەمریكاوە .
3. سزای دیبلۆماسی وەكو ئەوەی ئەمریكا و كەنەداو چواردەی وڵاتی ترلە ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامیاندا بە دەركردنی دیبلۆماتكارە روسەكانی دوای ژەهراویكردنی سێخوڕە روسەكە لە بەریتانیا .
4.سزای ئاسمانی ئەویش قەدەغەكردنی هاتۆچۆی هێڵەكانی فڕۆكەوانی بۆ وڵاتی بە ئامانجكراو وەكو ئەوەی دژ بە هەرێمی كوردستان كرا لە دوای ڕیفراندۆم .

مەبەست و ئامانج لە ئابڵووقە
دامودەزگا نێودەوڵەتیەكان و گەلێك لە حكومەت و دەستەڵاتە نیشتمانیەكان ئەم سزایانە بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی ڕێ‌ لە كارو كردەوەی دژ بە یاسا بگرن و هەروەها هەژموونی خۆشیان بسەپێنن و هەروەها سزا بەكار دێت بۆ بەگژاچوونەوەی زۆر قەیران و دیاردەی تر لەوانە بۆ بەگژاچوونەوەو لەناوبردنی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكان و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و هەروەها بۆ بۆ دامەزراندنی سیتمی دیموكراسی وچەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەو ململانێكان .
لە كۆتاییدا ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای ئەوەی لە 5 تشرینی دووەمی 2018ەوە خوولی دووەمی سزاكانی خرایە سەر هەرچەندە بە هۆی ئەوەی هەشت وڵات لە ناویاندا عیراق و توركیا بەخشێنران و بووران لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە، پێناچێت وازوو ئاكامی خێرا بددەن بەدەستەوە هەرچەندە ئێران گرەو لە سەر تواناكانی خۆی دەكات بۆ بەرنگاربوونەوەی سزاكان هەروەكو چۆن لە 39 ساڵی تەمەنی خۆیدا وای كردووە ئێستاش ئەوان لە ململانێیەكی ئایدیۆلۆجی سەختدان لە گەڵ ئەمریكادا گرەو لە گەڵ كاتدا دەكەن كە دوای دووساڵی تر ترەمپ دەبێتەوە بە سەرۆك ؟
لە هەمانكاتیشدا ئەزموونەكانی ئەمریكا لە عیراق و كوریای باكوورو زۆر شوێنی تریشدا ئەوەمان پێدەڵێن كە دەرباز بوونی ئەمجارەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەم ململانێدا كارێكی هێندە ئاسان نابێت.

 519 جار بینراوە