وته‌ی‌ ژنۆرناڵ

با چاوەڕێ بین!

دوای سوێند خواردنی پەرلەمانتاران لەیەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا قسە زۆر کرا، بە توانج و رەخنە و پیاھەڵدان و سەرنجی ئەرێنیشەوە،
بەڵام دەکرێت کەمێ چاوەڕێ بین، بزانین کێ راستگۆیە و کار بەدروشمەکانی خۆی دەکات، کە پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد و کام نوێنەر ھەڵوێست و دەست ھەڵبرینەکانی بۆ پێداگری دەبێت لەدابینکردنی مافی ھاووڵاتی ، کێ نوێنەری راستەقینەی خەڵکی ماندوو دەبێت، کێ رووسپی دەبێت لەبەرامبەر ئەو سوێندەی لەبەردەم خوا و گەل خواردی، کێش تەنھا نوێنەری خۆی و حزبەکەی و نوێنەری گیرفان و ڤیزەو موزایدە دەبێت!

لێرەدا باسی ئەدای فراکسیۆن و سیاسەتی حزبەکانم نەکرد، دەمەوێت لەسەر ویژدان و راستگۆیی و ھەڵوێست و ئەدای نوێنەرەکان وەکو تاک بوەستم، جا کێ بەدەنگی خۆی رۆشتووە و کێش نێردراوە ئەوە باسێکی ترەو لەئێستادا قسەکردن لەسەری وەک ئەوە وایە شوێن کڵاوی بابردوو بکەوین، چونکە وەک زۆر بڕیار و یاری سیاسیتر بووە بە ئەمری واقیع، لەقەوسێکا (ئەو واقیعەی لەھەرێمەکەی ئێمەیە، بەشێکی زۆری واقیعێکی سەپێنراوە).
زەرورەتی ئەم قۆناغە و دوای ئەوەی ئەزموونی ئەو ھەموو قەیرانەمان کرد و دەستەو وەستانی پەرلەمانتاران و پەرلەمان لەئاستیدا، ئیتر وا پێویست دەکات کە خەڵک بینەری راستەقینە بێت، بۆ دیاری کردنی نوێنەری راستەقینە.
ناونیشانەکەی سەریشەوە و ئەم چەند پەرەگرافە، تەنھا مانشێت و نووسینی رۆژنامەنووسێک نییە، بەڵکو بینیمان و ئەزموونکرا، لەئەنجامی ئەدای ھەندێک (ئەتوانین لەبری ھەندێک بڵێین زۆرینەش) لەپەرلەمانتارانی خولەکانی پێشوو.
دەكرێت زیاتر چاوەڕێبین لە ژنە پەرلەمانتارەكان لەگەڵ بوونی بەربەستەكانی بەردەمیان دووجار هەم وەكو پەرلەمانتار و هەم وەكو ژنێك، بەڵام بۆ ئەم خولە ئەتوانن ئەدایان جیاوازبێت و لەنێو ئەو دەزگا تەشریعیەدا رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕن هەم لەپێناو خەڵك و خاك و هەمیش لەپێناوقەزیەكەی خۆیان، كۆتاییی بەو مەفهومە و واقیعە بێنن كە رێگە نادرێت ژنان رۆڵی راستەقینەیان لە كایە سیاسیەكەدا هەبێت.

print

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*