سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » عیراق لە نێوان بەرداشی ئەمریكا و ئێراندا

دەر و دراوسێ

عیراق لە نێوان بەرداشی ئەمریكا و ئێراندا

وا ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریكا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڵكشان بە خۆیەوە دەبینیت هەر لە كشانەوەی ئەمریكا لە دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەكو سەرۆك لە ڕێككەوتنامەی ( 5+1) ی تایبەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكە ی ئێران و دواتر سەرلەنوێ‌ سەپاندنەوەی سزا ی ئابووری قۆناغ بە قۆناغ تا لە 5 ی ئەم مانگی تشرینی دووەمەدا بەشی دووەمی سزاكان خرایە بواری پراكتیكیەو هەرچەندە هەشت وڵات بووراون لەو سزایانە تا ماوەیەكی كورت .
ئەوەی تایبەتە بەم باسە و تایتڵی ئەم وتارە كورتەیشە ڕۆڵی عیراق و كاریگەرییەكانی ئەو سزایانەیە لە سەر عیراق كە هەردوو لایەنی ئەو هاوكێشە لە هەوڵدان لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاری بهێنن و پێدەچێت خاكی عیراقیش ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ئەو قەیرانە قورسە كە تەمەنی 40 ساڵە هەر لە ساڵی 1979 ەوە دەستبەكاربوونی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیەوە لە ئێران سەری هەڵداوە و تائێستا درێژەی هەیە .
هەرچەندە تائێستا عیراق لەناو ئەو هەشت وڵاتەدایە كە بووراون لە سزاكان بۆماوەی 45 ڕۆژ ئەویش بەهۆی ئەوەی عیراق پشت بە گاز ئۆیلی ئێرانی دەبەستێت بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا و جگە لەوەش بەشێكی زۆر كارەباش لە ئێرانەوە هاوردە دەكات كە ناكرێت وا بە خێرایی و ئاسانی ئەڵتەرناتیفیان بۆ پەیدا بكرێت ،ئەمریكیەكان ڕەچاوی ئەوەیان كردووە و لە ڕابردوودا عەرەبستانی سعوودیە ئامادە نەبوو ئەو پێداویستیانە بۆ عیراق پڕبكاتەوە بەڵام لە ئێستادا ئامادەیی پیشانداوە و ئیتر ئەو بیانووەی عیراقیش دەبڕێت كە ناچارە بەردەوانی بە ئەو پەیووەندییانە بدات .
یەكەم ئاماژەی فشاری ئەمریكا بۆ عەبدەلمهدی
كاتێك دووشەمەی ڕابردوو 19/11/2018 وەزیری گەنجینەی ئەمریكا( ستیفن منوشین ) پەیوەندییەكی تەلەفوونی لەگەڵ عادل عەبدولمهدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق ئەنجامدا هەرچەند بە درێژی باسی وتوێژەكانیان نەكراوە بە فەرمی بەڵام سەرچاوە كان باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا خوازیارە عیراق پابەندی تەواوی سزاكان بێت بۆسەر ئێران و هەروەها عیراقی لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە لیستێكی درێژ ی لایە لەو كەسایەتی و بانك و دامو دەزگا عیراقیانە كە لە ژێر چاودێری وردی ئەمریكادان كە سزاكانی ئەمریكا نەبەزێنن .
عیراق چارەكێكی كارەبای پێویستی ڕۆژانەی لە ڕیگای ئێرانەوە دابین دەكات بۆیە عەبدولمهدی داوای ئەوەی لە وەزیرەكەی ئەمریكا كردووە ئەو ماوەیان بۆ درێژ بكاتەو تاوەكو ئەڵتەرناتیفێكی بۆ دەدۆزنەوە بەڵام وەزیرەكە وەڵامێكی ڕاستەوخۆی نەداوەتەوە .
عیراق ئێستا لە نێوان فشارێكی دووسەرەدایە ئەوا ئەمریكیەكان دەخوازن عیراق تەواو پابەند بێت بە سزاكانەوە و ئێرانیش دەخوازێت عیراق دەروازەیەك بێت بۆی بۆ دەربازبوون لەو سزانە لە ڕێگەی ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییانەی كە لە گەڵ زۆر ڕەوت و لایەنی سەر گۆڕەپانی عیراق هەیەتی لە هەموو پێكهاتەكانی .
هەرچەندە عادل عەبدولمهدی وتی: ئێمە نابینە بەشێك لە دوژمنكاری هیچ وڵاتێك بۆسەر وڵاتێكی دی و ئاماژەی بەو هەوڵ و كۆششانەدا كە بۆ ڕوونكرنەوە و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی عیراق لەم كێشەو ململانێانە داویانە چ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و ئێرانی پێیان ڕاگەیاندوون كە ئەمان پارێزگاری لە خاك و بەرژەوەندی گەلی عیراق دەكەن و زیان و ئازار بەكەس ناگەیەنن،ئەمەش بە ڕوونی لە سەردانەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ئێران بە ڕاشكاوی باسكراوە یەكێك بەندە سەرەكیەكانی سەر خشتەی كارو كۆبوونەوەكانی بووە بە هامەهەنگی لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا پلانی بۆ دانراوە .
لە كۆتاییدا ئەوەی ئەمریكیەكان كاری بۆ دەكەن توندكرن و جێبەجێ‌ كردنی سزاكانەو لە دوا گۆڕانكاریشدا باڵوێزێكی نوێ‌ دەستنیشانكرا بۆ عیراق ئەویش ماسیۆ تولەرە كە لە یەمەن بووە پێشتر و یەكێكە لە هەڵۆتوند ڕەوەكانی ئیدارەی ئەمریكا و زۆر توندە بەرامبەر بە ئێران و ڕەخنەی ئەوە لە ستاڤی پێشووتری وڵاتەكەی لە عیراق دەگرێت كە لاواز بوون بەرامبەر بە ئێران .

 605 جار بینراوە