سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » بۆ یادی یۆبیلی هەڵوەرینی پـێنج چڵە زەیتوون!

بۆ یادی یۆبیلی هەڵوەرینی پـێنج چڵە زەیتوون!

ڕێک 25 ساڵ و چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، لە شارێک کە هێشتا لە هەیەجانی ڕاپەڕیندا بوو ، سەرکەوتنی قینی پیرۆزی جەماوەر موژدانەی دواڕۆژێکی گەشتر بوون ، ڕوداوێک یا دروستتر وایە بڵێین پیلانێکی نەگریس بە دەسیسەی هەندێ لایەن، یەخەی شۆڕەسوارانی خەباتگێڕی سەردەمانی تاریک و نوتەکی پێش ڕاپەڕینی گرت و هیواکانیانی بۆ هەمیشە هەڵوەراند!
پیلانگێڕان دێوەزمە ئاسا بە بەرگی ڕەشەوە هاتن و وچانیان لە دڵە ماندوەکان بڕی، ئاسودەییان لە هزرە ڕووناکەکان هەڵکێشا و شنەبای ڕۆحیەتی بەرزی نیشتمانویستیان بە باڵی وەیشومەی مەرگ سپارد، بەڵێ ئەو ساتە زەمەنی مرۆڤبوون وەستا و ئەو ڕەشەکوژانە ڕیشەی کاروانی نەپساوەی خەباتی ڕێکخستنە نهێنیەکان و هەوێنی ڕێنیشاندەری شۆڕشی چەکداریی ڕاپەڕینیان لێڵ کرد و گەشە و نمای پێنج چڵە زەیتونی سەوزیان بۆ یەکجاریی کوژاندەوە!
شار ڕانیەیە و ڕۆژیش 20-12-1993 یە، کەسانێک بەناوی دین و پیرۆزی قورئانەوە جاڕی شەڕێکی نەگریسیان دا، وەلێ ئاسمانی بەرائەتی پێنج شەهید بوونە مێداڵیای هەمیشە سەوز و هەمیشە ژیان و هەمیشە ئاشتی ئەو دەڤەرە بۆ ئەمانەتی داوا و خواستی مامی گەورە لە چەسپاندنی ئاشتی و پێکوەژیان، سوێندیان بە قورئانەکەی دەستیان خوارد کە نەبنە فتیلەی شەڕێکی نەخوازراو ، ئەو وەعد و پەیمانەشیان بەخوێنی خۆیان لەسەر پەڕەی مێژوو نەخشاند!
ئاخر ئەوسا کوردستان لە نەشئەی ڕاپەڕین دابوو ، دەسکەوتەکانیش نەخەمڵی بوون ، شانەکانی ڕێکخستنی شار هەر بە هاوتای دڵسۆزی جاران لە خەباتی خزمەتگوزاریی خۆیاندا هەڵپەیان بوو و موژدەی هێنانەدی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان دوور لە جیاوازی چینایەتی بە گوێی کوردستانیاندا دەدا، هێشتا نامە نهێنیەکانیش ساغ نەکرابوونەوە، کەچی لەولاوە دەستە و تاقمی توند، بە تێکەڵکردنی هەڵەی فیقهی و عەقائیدیەوە، بە تۆخکردنەوەی بیرۆکەی ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیەوە ، کەوتنە وێزەی خەرمانی خوێندەوارانی ئەو دەمە و لەماڵی خۆیاندا خەڵتانی خوێنیان کردن!
دوای ئەو هەموو ساڵە خۆ حەقیەتی بپرسین ؛ چ پێویست بوو لە ڤانێکدا بەبیانوی ناشتنی تەرمێک ، لە ڕێپێوانێکی ڕێزبەستوو لە شوڕای ناوەندی حزبێک، لە وەستانی ژنانی پەچە لەسەری کەس و خزمێک ، لە چەکداری قین لە دڵی پڕ لە تاریکی و دەست و پەنجە ڕەش بەهوتافی ئاگرینی پڕ لە کینە ، پێنج سەرکردە و کادری پێشکەوتوو کە بەوپەڕی بەرائەتەوە گەرەکیان بوو لە پێناوی ئاشتی و ئازادییدا ، سەروەری یاسا و دیموکراسیدا خوێنی خۆیان بخەنە کاسەوە ڕووە و مەرگ ڕاپێچ بکەن؟! ئا ئەوانە هەروەک ئەوەی هەنگوینیان لەدار دۆزیبێ ، لەچاوتروکانێ باخچەی سەوزی کۆمیتەی ڕانیە بکەنە قەسابخانە و ئاشتیخوازان بەدەستی خاڵی لەچەک ، بە زوبانی بەڕۆژووەوە لە خوێنی خۆیاندا بگەوزێنن؟!
خۆ ئەوان نە خواردنی ماڵی کەس دەستی پیس و ڕەق کردبوون، نە گەندەڵی و دروشمی درۆینە چاوی تاریک داهێنابوون ، نە دین و قورئان و قیامەتیان بۆ فریودان بەکارخستبوو ، وە نە لەسەر حسابی کەس هەڵتۆقیبوون ، بەڵکە هزری کراوەی خۆیان ، خوێندەواری و خەبات و دڵسۆزیان ، توانست و لێوەشاوی و کارامەییان لە بەجهێنانی ئەرکی نەتەوەیی ئەو زەمەنە کردبونی بە بەرپرس و لە پێگەیەکی حزبیدا یەکیانگرتبوو ! بەڵێ ئەوان وەک مامۆستا و نوسەر ، سیاسەتوان و خوێندەوار ، پێشمەرگە و شۆڕەسوار لەدەوری یەک ڕێبازدا پێش ڕۆژگاری خۆیان کەوتبوون و چاویان لە وەبوو داهاتوی گەل ڕۆشن و دەسکەوتەکانیش گەورەتر کەن ، هەر بەو چەشنەش بۆ پارێزگاری لەو ئەزموونە بەتێڕوانینێکی فەلەسەفیانەی وردەوە بەرپرسیارانە شەهادەتیان هەڵبژارد.
وەلێ ئێستا دوای «25 « ساڵ غەدر لێیان ، پێنج ئەستێرەن ، درەوشاوەن ، لە چاوی یەک بەیەکی ویژدان زیندوان مەشخەڵێکی هەڵکراوەن ، هەموو ڕانیە بە حەسرەتەوە ئاکارەکانیان دەبژێرێ ، خۆشبەختانە کەسی ئەوان، ڕۆڵە و یادگارە جوانەکانیان دەلالەتی پاکێتیانن ، هاوسەرەکانیان بەسەری سپی بلورینەوە چرایەکی پڕشنگداری نەکوژاوەن، ڕۆڵەکانیش بە ڕێچکەی باوانیاندا لەبەرزی تێگەیشتنیانەوە ئێستا پۆشتەن و وەک نەمامی ژێر سێبەری ئارامگایان سەریان بەرزە و تیایاندا هەیە پزیشک ، نمونەی گەورەیی و بەخشندەن خەمیان قوڵە و پارێزەری یاسان ، هەشیانە بەچەشنی ئەوان سەرکردەن!
دروود بۆ گیانتان شەهیدانی چەسپاندنی ئاشتی هەڤاڵان مامۆستا محەمەد سوڵتانی دڵپاک پارێزەری وەعد و بەڵێن ، شەهید بەختیاری جوان نوس و جوان بین و جوان پەروەر ، مام سلێمان فەخری پێشمەرگەی دوو شۆڕشی نەپساوە و مرۆڤە ڕۆح سپیکە ، کاکە عەلی مام قادر بەپرسی شانە نوستوەکان و کوانوی ڕاپەڕینەکانی هەشتا و دوو و نەوەد و یەک ، شەهید مستەفای کاکە سور ، کادرە ڕۆح و سوک و پێشمەرگە مەجلیس خۆشەکە ..ڕۆحتان ئاسودە و کاروانی خەباتتان بۆ هەمیشە نەپساوە.

 249 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*