سەرەکی » راپۆرت » ئەنجومەنی ناوەندی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان ئامادە دەکات

ئەنجومەنی ناوەندی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان ئامادە دەکات

راگەیاندنی ئەنجومەنی ناوەندی

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەڵبژاردنەکان و میکانیزمەکانی کارکردن بۆ پێشەنگتر بوونی یەکێتی لە ناوچە دابرێندراوەکان دەکرێتە راپۆرتێکی گشتگیر و ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
وەفدێکی ئەنجومەنی ناوەندی، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی پرۆسەکە لە ناوچە دابڕیندراوەکان لەگەڵ مەڵبەندەکانی نەینەواو شەنگال و کۆمیتەکانی مەخمور لە بارەگای مەڵبەندی موسڵ کۆبووەوە.
سەرەتا هەڤاڵ نەسروڵا سورچی ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 7ی نەینەوا، بەخێرهاتنی وەفدی ئەنجومەنی ناوەندی کرد و رۆڵی ئەنجومەنەکەی لە چاودێری کردنی ئۆرگانەکانی یەکێتی بە گرنگ وەسف کردو وتی: ئەنجومەنی ناوەندی ئۆرگانێکی گرنگ و هەڵبژێردراوی کۆنگرەیە و پەرلەمانی حزبەکەمانە، وتیشی ئەو سەردانە مەیدانی و بەدواداچونانە ئەنجامی ئیجابی دەبێت.
لای خۆیەوە لەتیف نێروەیی بڕیاردەری ئەنجومەنی ناوەندی سوپاسی لێپرسراو و ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی موسڵ و شەنگال و لێپرسراوی کۆمیتەی مەخمور کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئامانجی سەردانەکەی روونکردەوە، لەو بارەوە وتی: بە بڕیاری کۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی سێ لیژنە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە دابرێندراوەکان پێکهێنراوە و هەرسێ لیژنەکە پاش کۆبونەوە لەگەڵ بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان راپۆرتێک لەسەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکەن و دەکرێتە راپۆرتێکی گشتگیر و لە کۆبوونەوەی فراواندا گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر دەکرێ و پاش پەسەندکردنی، ئاراستەی مەکتەبی سیاسی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەتیف نێروەیی باسی لە هەڵکەوتەی سنوری جوگرافی نەینەوا و شەنگال و مەخموری بۆ هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد و وتی: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر سەرەتای دامەزراندییەوە بایەخێکی ئێکجار زۆری بەو ناوچانە داوە و وێرای خزمەتکردنیشی، لەدەستپێکی شۆرشی نوێوە هەتا شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش چەندین شەهیدی فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی لەو ناوچانەدا بەخشیوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی موسڵ و شەنگال و کۆمیتەی مەخمور راپۆرتی خۆیان لەسەرچۆنیەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و خاڵە بەهێز و لاوازەکان و میکانیزمەکانی کارکردن بۆ پێشەنگ بوونی یەکێتی لەو سنورانە خستنەڕوو.
وەفدی ئەنجومەنی ناوەندی وێرای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆیان بۆ مەڵبەندی موسڵ و شەنگال و مەخمور و تەواوی ناوچە دابرێندراوەکان، راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر رۆشنایی ئەو ئامار و داتا و داواکاری و راسپاردانەی خرانەروو ئامادە دەکات و لە کۆبوونەوەی فراواندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ و پاش پەسەندکردنی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکات.

 129 جار بینراوە