سەرەکی » راپۆرت » ״پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی كورد و یەكێتییە״

״پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی كورد و یەكێتییە״

لێپرسراوانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام تەئكید لە پێویستی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و جێبەجێكردنی دەستوور و مادەی 140 دەكەنەوە و جەختیش دەكەنەوە «پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی كورد و یەكێتییە». ئەنجومەنی سەركردایەتیش لە كۆبوونەوەی رۆژی 1/12/2018دا دۆخی كەركوك ‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانی هەڵسەنگاند، دۆخی ناجێگیر و نائاسایی ئەو ناوچانە ‌و هەندێ‌ لەو هەوڵ ‌و بڕیارانەی، بۆ سەرلەنوێ‌ شێواندنی دیمۆگرافیای كەركوك ‌و ئارامی ‌و ئاسایشی هاووڵاتیان دەدرێن، بە وردی تاوتوێكرد، سەرلەبەری ئەو هەوڵ ‌و بڕیارە نادەستوورییانە رەتدەكاتەوە، هەوڵەكانیشی چڕدەكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە.

״پارتی لە هەرێم باسی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەكات، بەڵام بۆ كەركوك شتێكی دیكە دەڵێت״
لەبارەی دۆخی كەركوكەوە، غازی كەركوكی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی ی.ن.ك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لای هەمووان ئاشكرایە ئەو لایەنەی كەركوكی پاراست لە دوای ریفراندۆم و لێكەوتەكانی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە بە كادر و پێشمەرگە و ئاسایش و بە هەموو خەڵكە دڵسۆزەكەیەوە، كەركوكی بەجێنەهێشتووە. وتیشی: یەكێتی تەئكید لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەكاتەوە و پۆستی پارێزگاری كەركوكیش پشكی یەكێتییە و پێشتریش ئەو پۆستە هەر بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەكان، پشكی یەكێتی بووە و بۆ ئێستاش هەر بە ئیستحقاقی یەكێتی دەزانین. راشیگەیاند: یەكێتی لە كەركوك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بەڵام پێمان سەیرە كە لە رۆژانی رابردوودا كاتێك مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكانی كەركوك كرد، بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا دەڵێت (ئەو كۆبوونەوەیەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بۆ ئەوە بووە كۆدەنگی دروست بكات و فشار بكرێت بۆ سەر پارتی لە مەسەلەی دانانی كەسێكی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك). غازی كەركوكی وتیشی: پێیان دەڵێین ئەوە ئەوان نین كە پارێزگار بۆ ئێمە دادەنێن، یەكەم شت لەم شارە پارێزگار بۆ كورد و شارەكەیە و ئینجا لەپشكی كوردیش بۆ یەكێتییە. «هەموو لایەك پێگەی یەكێتی لە كەركوك دەزانن و نەچووین تكا لەوان بكەین، بێن پارێزگارمان بۆ دابنێن، چونكە لە بنەڕەتدا ئەو پۆستە بە ئیستحقاقی یەكێتی دەزانین». راشیگەیاند: وەكو یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە ئیستحقاقی كورد و یەكێتی دەزانین.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی راشیگەیاند: پارتی بۆ ئەو پۆستانەی لە هەرێمی كوردستان كە خۆیان پێویستیانە، باسی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەكات، بەڵام كە باس دێتە سەر كەركوك، شتێكی دیكە دەڵێت. ئەوان لە بەغدا هەموو تەنازولێك دەكەن، بەڵام نایەن لە كەركوك كوردایەتی بكەن.

بۆ باسی کاندیدی سەربەخۆ دەکەن؟
هەر لەوبارەیەوە بورهان حاجی سلێمان سەرنووسەری دەزگای هەواڵ بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دەركەوتووە پارتی لە گەمەیەكی سیاسیدا زۆر بە ئاشكرا دەڵێ ناگەڕێمەوە بۆ كەركوك و ناشبێت ئیدارەی كەركوك بدرێتەوە بە یەكێتی، وتیشی: ئەوەی ئەوان باسی دەكەن كاندیدی سەربەخۆ بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری بكرێت، داوایەكی ناڕەوایە، چونكە ئەوان لە شارێكی وەك دهۆك ئەوەیان قبووڵ نییە كە كارگوزارێكی سەر بەلایەنەكانی تر هەبێت. ئەی بۆچی لە كەركوكدا حزبێك كە زۆرینەیە، بەڵام بۆی نەبێت ئیدارەكەی بەڕێوەبەرێت؟.

״هەق نییە هیچ لایەنێك لە دوورەوە قسە لەسەر كەركوك بكات״
جەمال شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەدا «زیاتر لە ساڵێك و دوو مانگ بەسەر كێشەكانی كەركوكدا تێپەڕبووە، كەچی نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت و هۆكاری ئەوەش بۆ نەگەڕانەوەی ئەندامانی لیستی برایەتیی كەركوك دەگەڕێتەوە كە روویان لەهەولێر كردووە». وتیشی: پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد و لەنێو كوردیشدا بۆ یەكێتییە، ئەویش بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە یەكێتی لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق لە پارێزگاكەدا بەدەستیهێناون. راشیگەیاند: لای هەمووان روونە پێگەی یەكێتی لە كەركوك لە بەرزترین ئاستدایە، بۆیە دەبێت پۆستی پارێزگاریش لە كەركوك بۆ یەكێتی بێت. ئاماژەی بەوەشدا «هەق نییە هیچ لایەنێك لە دوورەوە قسە لەسەر كەركوك بكات و لەسەر پرسی پارێزگاریش ئەگەر پارتی قسەیەكی هەیە، پێویستە بێتەوە لە كەركوك قسەی لەسەر بكات».

 174 جار بینراوە