كاروان ئه‌نوه‌ر*
هه‌ر كه به زمانی عه‌ره‌بی سڵاوی لێكردم، یه‌كسه‌ر پرسیارم لێ‌كرد: خه‌ڵكی شاری موسڵن؟
پێی سه‌یر بوو كه چۆن زانیم له موسڵه‌وه هاتووه؟؟ یه‌كه‌م جاریشه یه‌كتر ده‌بینین!!!
به هه‌ر حاڵ پێموت دڵنیابه‌و مه‌ترسه منیش له موسڵ زانكۆم ته‌واو كردووه‌و كه‌مێك شاره‌زای زمان و جوگرافیای ئه‌و شاره‌م ..
ئه‌م ژنه سه‌رپۆشێكی توندی له سه‌ری ئاڵاندبوو ته‌واو باڵا پۆش بوو، به چاوێكی پڕ له ترس و حه‌سره‌ت و خه‌فه‌ته‌وه له من و هه‌موو پیاوانی ئه‌م زه‌مینه‌ی ده‌ڕوانی، هه‌زاران پرسیارم له چاوه‌كانیدا خوێنده‌وه..
فه‌رموون بابزانین كێشه‌كه‌تان چییه؟؟
له جانتاكه‌ی بن ده‌ستیدا كۆمه‌ڵێك پێناس و ره‌سم و بڕوانامه‌و سوپاسنامه‌ی كه‌سێكی له به‌رده‌ممدا دانا، كه لێیان ورد بوومه‌وه ناوی خاوه‌نی ئه‌م دۆكیۆمێنتانهم بیستبوو، یه‌ك لهپێناسهكان بۆ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان لقی موسڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه، یه‌ك بۆ ئاژانسی AP یه‌ك بۆ كه‌ناڵێكی سه‌ته‌لایه‌تی موسڵ و ..هتد.. گرنگ ئه‌وه‌یه بۆم ده‌ركه‌وت خاوه‌نی ئه‌م پێناسه‌یه رۆژنامه‌نووسێكی كارا‌و لێهاتووی شاری موسڵه‌و كه‌سێكی عه‌ره‌به‌و له‌گه‌ڵ ئاژانسهكاندا كاری كردووه..
به‌و ژنه باڵاپۆشهم وت، ئه‌ی خاوه‌نی ئه‌م دۆكیۆمێنت و پێناسانه خۆی له كوێیه؟؟
وه‌ڵامه‌كه‌ی تاساندمی !!
ئه‌و شتانه هی مێرده‌كه‌ی منن، به‌ڵام خۆی له ساڵی 2014 كه داعش موسڵیان داگیركرد، هاتن له‌ماڵه‌وه بردیانه ده‌ره‌وه، ئیتر من و مناڵه‌كانم نه‌مانبینیه‌وه، دوای دووساڵ پێناس و كامێرا‌و كهلهوپهلهكانم لێوه‌رگرتنه‌وه، به‌ڵام مێرده‌كه‌م نه گۆڕی هه‌یه نهپرسهی هه‌بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده پێیان وتم تۆ ئیتر مێرده‌كه‌ت نابینیته‌وه، ته‌واو كوژرا!!
– به داخه‌وه .. خۆتان خۆشبن.. ته‌مه‌نی بۆ خۆت و مناڵه‌كان به‌جێ هێشتبێت..
– سوپاست ده‌كه‌م .. خوا ڕه‌حم به مردووی هه‌موومان بكات.
– ساڵی چه‌ند بوو؟
– ساڵی 2014 هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌ی كه موسڵیان داگیر كرد.
– ئه‌ی تۆ چییت كرد دوای ئه‌و رووداوه؟
– من نه‌متوانی هیچ بكه‌م، نه‌متوانی رابكه‌م.. له‌موسڵ مامه‌وه به دیار مناڵه‌كانمه‌وه.
– چه‌ند مناڵت هه‌یه ؟
– پێنج مناڵ.. كچێك و كوڕێكم چوونه‌ته ماڵی خۆیان ، سیانیش لای خۆمن..
– زۆر سه‌یرو بوو به لامه‌وه وتم واته تۆ مناڵت هه‌یه شووی كردبێت و ژنی هێنابێت؟؟
– به‌ڵێ من له‌دایكبووی 1978 م له ساڵی 1993 شووم كردووه‌و ئه‌و پێنج مناڵه‌م له (م) ی ره‌حمه‌تی هه‌یه .. خوا ماڵی داعش وێران بكات زۆر خۆش ئه‌ژیاین و له‌هیچمان كه‌م نه‌بوو، نازانم ئه‌م جڕو جانه‌وه‌رانه له كوێوه هاتن!! ؟؟
– باشه له‌موسڵ چۆن ده‌ژیایت؟ چیتان ده‌كرد؟؟ چیتان ده‌خوارد ؟؟؟
– ئه‌وه به ئاسانی باس ناكرێت، هه‌رگیز كه‌س ناتوانێت باسی بكات یان بینوسێته‌وه، ئه‌م سێ ساڵه به چاوی خۆمان رۆژی هه‌زاران جار مه‌رگمان بینیوه!
– تۆ ماڵت له كام به‌شه‌ی موسڵ بوو؟؟
– له‌به‌شی لای چه‌پ له گه‌ڕه‌كی (التامیم)، به‌ڵام هه‌ر كه گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان رزگار كرا ، به‌په‌له مناڵه‌كانم هێناو هاتین بۆ سلێمانی، چونكه ماڵیشم نه‌ما، داعش له سه‌ربانی ماڵه‌كه‌مان چه‌كی دژه ئاسمانییان دانابوو، ته‌قه‌یان له فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌كرد، له‌ساڵی 2015 شه‌وه موشه‌كێكی ئاسمان به‌زه‌وی هاوپه‌یمانان به‌ر ماڵه‌كه‌ی من كه‌وت، به موعجیزه خۆم و مناڵه‌كانم ده‌ربازمان بوو له‌و بۆردوومانه..
ئێستا نه ماڵ و نه حاڵ نه موڵك نه مێرد نه ژیان نه گوزه‌ران، له ئاسمان ته‌نها خوای گه‌وره شك ده‌به‌م له سه‌ر زه‌ویش ته‌نها ئێوه‌ی كورد!!
– بۆچی ئێمه‌ی كورد!! خۆ تا ئێستا هیچمان بۆ نه‌كردویت؟؟
– ڕاسته.. به‌ڵام دڵنیام ئێوه وه‌ك ئێمه‌ی عه‌ره‌ب نین و سۆز‌و به‌زه‌ییتان ئێجگار زۆره .. دڵنیام وه‌ك مرۆڤ سه‌یری ژن و بێوه‌ژن ده‌كه‌ن نه‌ك وه‌ك ….. .
له‌م كاته‌دا ئه‌و بێوه‌ژنه ده‌ستی به گریانێك كرد، هه‌ردوو مناڵه‌كه‌ش كه له گه‌ڵیدا بوون، دایانه پرمه‌ی گریانێك كه به‌ردیان به ئاو ده‌كرد….
به كورتیه‌كه‌ی من تێگه‌یشتم ئه‌م ژنه كه هێشتا ته‌مه‌نێكی تا ڕاده‌یه‌ك گه‌نجی هه‌یه، به ده‌ستی داعشه‌كانه‌وه ماوه‌ی سێ ساڵ لهكولهمهرگیدا سه‌دان كێشه‌ی هه‌بووه‌و ماڵه‌كه‌شیان كردووه به سه‌ربازگه‌و مێردهكهشیان شه‌هید كردووه..
پاش ئه‌و سێ ساڵه‌ش كه سوپای عیراق و حه‌شده‌كان چوونه‌ته ناو مووسڵ، وه‌ك له ژێر لێوه‌وه ئاماژه‌ی پێكرد، حاڵی ئه‌مانیش له‌حاڵی داعشه‌كان باشتر نه‌بوه، به هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان و به توندی و به زه‌بروزه‌نگی مه‌زهه‌بی و هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاو وای كردووه كه ئه‌م ژنه هه‌موو یاده‌وه‌ری ژیان وشمهكو ماڵه وێرانه‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێت و ته‌نها سێ منداڵه‌كه‌ی له گه‌ڵیا ده‌ژین له‌گه‌ڵ ئه‌لبوم و یاده‌وه‌ریه‌كانی مێرده‌كه‌یدا بخاته بن ده‌ست و به‌ره‌و سلێمانی هه‌ڵبێت…
وه‌ك خۆی وتی ئه‌وه‌نده له‌و شاره‌و له‌شه‌ڕی پیاوه‌كانی ئه‌و شاره ترساوم هه‌تا ماوم نامه‌وێت بڕۆمه‌وه بۆ موسڵ..
ئه‌مه یه‌ك نموونه‌ی ژنی به‌قوربانی كراوی شه‌ڕی پیاوه‌كانه..
موسڵ شارێكه له‌و هه‌زاران شاره‌ی كه شه‌ڕی پیاوه‌كان خاپووریان كرد..
كه‌واته به ملیۆنان ژن بوون و ئێستاش هه‌ن كه قوربانی ده‌ستی شه‌ڕی پیاوه‌كانن.
*سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان.
72 جار بینراوە