برایم فه‌رشی
كاتێك وه‌ك هه‌میشه ترسێك ده‌مكوژێ
ئه‌رخه‌یانم.
جه‌لالی مه‌له‌كشا
ده‌مگێڕێته‌وه، ده‌مهۆنێته‌وه و ده‌مكاته وانه
بۆ قوتابخانه‌كانی هه‌موو دونیا.
مریه‌می قازی
ترس، كوشتن، گێڕانه‌وه، بوون به وانه بۆ قوتابیان، ڕه‌گه‌كانی ژیان و مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ناوی كورد ده‌نوێنن، كه شاعیر نه‌ك لێی تێگه‌یشتووه، به‌ڵكو خۆی له‌و مێژوو و چاره‌نووسه‌دا دیتۆته‌وه.
چ ترسێك شاعیر ده‌كوژێ؟ گه‌ر ترس شاعیری كوشت، بۆ ده‌بێ شاعیرێكی تر بیگێڕێته‌وه، بیهۆنێته‌وه، بیكا به وانه‌ی قوتابخانه؟ وانه‌كه چییه؟ مریه‌می قازی كه خۆی كه‌سانی به‌ر له خۆی هۆندۆته‌وه و به‌سه‌رهاتیانی گێڕاوه‌ته‌وه، خۆی له‌واندا و وه‌ك ئه‌وان دووباره ده‌بێته‌وه و مێژوو ده‌گێڕێته‌وه، مێژووی دووباره‌بوونه‌وه، مێژووی دووباره‌بووه‌كان!
مریه‌می قازی خۆی بۆته ڕاوی، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی له زێدی ئێمه‌وه، گه‌یشته سه‌ر چیای هیمالایا، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی له فرمێسیكی ڕنوو-وه گه‌یشته به‌هاری قه‌ڵاتان، له به‌ره‌و موكریان، چووه سه‌ر ته‌ره‌غه، له شاره‌كه‌م سنه، به‌ره‌و ئاویه‌ر هه‌ڵكشا، له كرانشینی، گه‌یشته تیمچه و چهنانی، له غهزهلنامه، گه‌یشته سه‌رچه‌فته‌ی ئه‌ركه‌وازی. هه‌ر كام له‌و كه‌سانه شتێكی ونبووی كوردیان له گه‌ڵ خۆیان گێڕا، شتێك له چه‌شنی ناسنامه، شتێك له چه‌شنی بوونی ونبوو!
وردبوونه‌وه له‌خۆ، قووڵبوونه‌وه له مێژوو، خۆدیتنه‌وه له ناو مێژوودا، كه مه‌به‌ست نه‌بووه، كوردی له كاره‌ساتدا كوڵاندووه و ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست كردووین، كه پێویستمان به قوڵته قوڵتی هه‌ستی ده‌روونی خۆمان هه‌بێ! خه‌یاڵی زێد و نیشتمان، هه‌ستی كوردبوون، ئازاد نه‌بوون، خاوه‌نی خۆ نه‌بوون، گرێی زیهن و ده‌روونمان بووه و نه‌كراوه‌ته‌وه. هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر، شاعیر وه‌بیرمان ده‌هێننه‌وه كه ئێمه ئازاد و سه‌ربه‌ست نین، زێد و نیشتمانمان دزراو و دۆڕاوه و خۆمان خۆمان چه‌واشه كردووه. ئێمه هه‌روه‌ك چۆن پێویستان به مه‌لا و خه‌لیفه و حاخام و كه‌شیش و پیر وشێخ هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی جهزممان بكه‌ن، هه‌روا پێویستمان به كه‌سان بووه، بۆ ئه‌وه‌ی بمانلاوێننه‌وه، تین و گوڕمان پێبخه‌شن.
ئێمه پێویستمان به مریه‌می قازی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگای گۆچانه‌كه‌ی باپیرییه‌وه، مێژوومان وه‌بیر بهێنێته‌وه، پێویستمان به هێمن هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ههڵمانگهڕێنێتهوه سه‌ر كۆماری كوردستان، پێویستمان به هه‌ژار بوو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌بیرمان بهێنێته‌وه كه هۆلاكۆبهزێن بووین، پێویستمان به حه‌قشناس بوو بۆ ئه‌وه‌ی دوێنێ له بیر نه‌كه‌ین، پێویستمان به‌شامی بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئازاره‌كان له بیر نه‌كه‌ین، پێویستمان به غوڵامڕه‌زا ئه‌ركه‌وازی بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوردی چڕین له یاد نه‌كه‌ین. ئه‌وان سه‌ری سه‌ردارانیان به‌رز ڕاگرت، كه نه‌یار هه‌ڵیده‌واسین! ئه‌وان ڕوحی نه‌ته‌وه یان زیندوو ڕاگرت، كه له ده‌روونی مرۆڤی كورددا، ده‌كوژرا. ئه‌و ترسه‌یه، مریه‌می قازی ده‌كوژێ، به‌ڵام ئه‌و ده‌زانێ شاعیرێكی دیكه ئه‌و ده‌ژێنێته‌وه و ناهێڵێ ڕووحی نه‌ته‌وه بمرێ!
پێویستمان به كه‌سانی سروشت پاك هه‌یه
ئێمه پێویستمان به جه‌لالی مه‌لكشای زیندوو هه‌یه كه وه‌بیرمان بهێنێته‌وه، كه كاروانچییه‌كان لاڕێ بوون، ئه‌وان كه له شه‌وه‌زه‌نگی پایته‌ختی كوردستان هه‌ڵیانكوتایه سه‌ری. ئێمه پێویستمان به په‌شێوی زیندوو هه‌یه كه وێنه‌ی گه‌لی دوژمن و ده‌م وپلی بۆدلهكانی ئه‌م نیشتمانه بخاته به‌رچاو. ئێمه پێویستمان به‌و كه‌سانه هه‌یه، كه قه‌ڵه‌م به ناو ڕۆخی قه‌تماغه‌ی برینه‌كان و كێمی پڕ له چڵك و خوێنی نه‌ته‌وه‌دا بكه‌ن، ئێمه پێویستمان به ڕۆماننووس، فیلمساز، دراماتۆرگ، وێنه‌كێش، بیرمه‌ند، فه‌یله‌سووف هه‌یه كه له ناو مێشكماندا پرسیار و دیسان پرسیار و پرسیار ساز بكه‌ن، ئێمه به‌ره‌و بیركردنه‌وه به‌رن. ئێمه پێویستمان به بیر و بیرمه‌ند هه‌یه، كه كه‌سایه‌تی بۆ مرۆڤی كورد بگه‌ڕێننه‌وه و نه‌بنه ده‌سته‌چیله‌ی ڕاگرتنی كۆشك و ته‌لاری كیانخۆرهكانی كورد! ئێمه پێویستمان به بۆدلێرە له هه‌ر چه‌شنێك نییه.
ئێمه پێویستمان به قازی، مهلكشا، په‌شێو، نه‌به‌ز و كه‌سانی پاك سروشت و پاك ڕه‌وشت هه‌یه. پێویستمان به هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر، نوخبه‌ی بیرمه‌ند هه‌یه، كه خۆی بێت!
مێژووی ئێمه، ته‌ژیی له بێ هونه‌ریی و نابیرمه‌ندی و ناهۆشیارییه، ته‌ژیی له تێگه‌یشتنی چاخه‌كانی ناتێگه‌یشتنه، پڕ له تێك‌شكان و كاره‌ساته، ئه‌م مێژووه نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شاعیری ناو تێك‌شكان و كاره‌ساتی په‌روه‌رده كردووه. ئه‌م خێڵه كه پڕ له خۆشه‌ویستی زێد و نیشتمان و خولیای ئازادی و ڕزگاری بوون، نه‌یانتوانی له جه‌غزی قه‌زا و قه‌ده‌ر، ئایین، چاره‌نووس ده‌رباز بن، وه‌ك سیاسییه‌كان، كه نه‌یانتوانی نه‌ته‌وه و زێد ڕزگار كه‌ن، ئه‌وان سێبه‌ری سیاسییه‌كان و سیاسییه‌كان سێبه‌ری ئه‌وان بوون و هه‌ر دوو نوخبه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی گرفتار، گرفتاری دیكتاتۆری سه‌ر ئه‌رد و ئاسمان. ئه‌وان له چنگ هیچیان ڕزگاریان نه‌بوو، نه‌ته‌وه‌كه‌شیان له گه‌ڵ خۆیان گرفتار هێشتۆته‌وه.
چاخی نوێ بۆ هونه‌رمه‌ند و بیرمه‌ندی كورد، چاخی كیانسازیی، بیرمه‌ندیی و بیركردنه‌وه‌یه، كه جیاوازه له چاخی هه‌ست و ڕۆمانسیزمی ئه‌ده‌بی و سیاسی سه‌ده‌كانی پێشوو، جیاوازه له گه‌ڵ پێداهه‌ڵگوتن و لاواندنه‌وه و پاڵه‌وانبازیی، جیاوازه له ئایین و ئایینخوازیی، جیاوازه له خوداگه‌رایی و شاخوازیی، جیاوازه له خۆنه‌ویستن و خۆشكاندن، جیاوازه له خۆ به‌كه‌مزانی و ملكه‌چی، جیاوازه له كڕووزانه‌وه له بارگای خودا، بارگای شێخ، سوڵتان، به‌گ و بهگخوازیی. چاخی نوێ له جیلی نوێی نیشتمان مندا به‌دی ده‌كرێ. ئه‌وان خۆیان له خۆناسین و خۆناسینه‌وه و خۆده‌رخستنی گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ كیانی سه‌ر گۆی زه‌ویی ده‌بیننه‌وه، كه هێشتا ڕه‌گه‌كانی كۆنی چاخی پێشووی له جه‌سته و بیر و هزر و فه‌رهه‌نگ دوور نه‌خستۆته‌وه، به‌ڵام زیندووه و به‌ڕێوه‌یه، وه‌ك مریه‌م، سمكۆ، به‌یان، تریفه، له‌یلا، ئه‌ییوب، جه‌مال، حامد و گه‌لێكی تر كه له ڕۆژهه‌ڵاتی من ده‌دره‌وشێنه‌وه.
چاخی نوێی جیهان كه به‌ره‌و ئۆتۆماسیۆنی سه‌دا سه‌د و گۆڕینی چۆنیه‌تی ئینسان و سروشتی ژیان، كۆمه‌ڵگا، زمان، فه‌رهه‌نگ، هه‌ست و نه‌ست ملی ناوه، ده‌توانێ كورد بهاڕێ و بیتوێنێته‌وه. كورد ئه‌و كاته داهاتووی له چاخی نوێ، مسۆگه‌ر ده‌بێ كه خاوه‌نی خۆی، كیان، ده‌سته‌ڵات و ده‌نگ بێ، ئه‌وه ئه‌ركی هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر، نوخبه و هه‌ر مرۆڤێكی چاخی نوێیه، كه له سه‌رده‌م و له ویستی له مێژینه‌ی نه‌ته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌ی تێگه‌یشتبێت.
نوخبه‌ی كورد له خۆی و چاخی نوێ و مه‌ترسییه‌كانی داهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی تێگه‌یشتووه؟
ئێگۆئیزمی دواكه‌وتووانه‌ی خۆی له كۆلێكتیویزمی زیهنی، هزریی، فه‌لسه‌فی، زانستی، هونه‌ریی، كاریی و فه‌رهه‌نگی نوێ‌دا دیتۆته‌وه، یا له گێژاویی هه‌ژارانه‌ی گرووپی، ناوچه‌یی، ئایینی، ئیدئۆلژیكی نوقم بووه و كوێركوێرانه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و هه‌ڵدێر ڕاده‌كێشێ؟
نوخبه‌ی حه‌وت ڕه‌نگی كورد، پلان و پڕۆژه و ستراتێژی بۆ چاخی نوێی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دیاری كردووه، یان به كه‌سایه‌تی تێكشكاوی سه‌ده‌كانی ڕابووردووه، خۆی گه‌یاندۆته چاخی نوێ؟
سه‌رده‌می هه‌ست و ڕۆمانسیزمی كورد به‌سه‌ر چووه، سه‌رده‌می تێگه‌یشتن كه له سه‌ره‌تای خۆیدایه گه‌ر قووڵتر نه‌بێته‌وه و جه‌غز و په‌رژینه كۆنه‌كان نه‌دڕێ و كۆن ڕانه‌دا، داهاتوو له بلقی ڕابووردودا ده‌ته‌قێته‌وه!
سه‌ری خۆم هه‌ڵده‌گرم و ڕه‌دووی بایه‌كی بێواده ده‌كه‌وم!
ئیشم زۆره
ده‌بێ زه‌وی له‌وه‌ی كه هه‌یه هه‌راوتر بكه‌م!
پارچه‌یه‌ك ئاسمانی بۆ ڕاگوێزم و خۆر و مانگ و باران!
ئاااااای ئه‌ی ئه‌وینی بزر بووم،
له‌وانه‌یه له‌وێ
به كاتی روژهه‌ڵات بتدۆزمه‌وه،
چاوه‌ڕێم بن
ئه‌ی شنه
ئه‌ی هه‌ناسه
ئه‌ی نێو نیگای پڕ له ئارامی!
مریه‌می قازی
braym <e.farshy@arcor.de>
118 جار بینراوە