سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » له‌ دامێنی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوكدا

له‌ دامێنی ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوكدا

ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك فشۆڵی مه‌نزومه‌ی ئه‌منیی عیراق دووپات ده‌كاته‌وه‌.
ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ركوك له‌ناو جه‌رگه‌ی جاده‌ی قه‌ره‌باڵغی شه‌قامی ئه‌تڵه‌س قه‌وماون. جاده‌یه‌ك ریزه‌ دوكانی كورد و توركمان و عه‌ره‌بی لێیه‌. شوێنێك كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ تیرۆریستانی داعش و تیرۆریستانی قاعیده‌و ئه‌وانی تریش نه‌یانتوانیووه‌ زه‌فه‌ری پێ ببه‌ن. ناو جه‌رگه‌ی بازاڕی هاوبه‌شی ناوه‌ندی كه‌ركوك كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌ محه‌لییه‌كان به‌ ماڵ و گیانی خۆیان، به‌ شه‌ونخونی و ئاگاهییه‌كی باشه‌وه‌ ده‌یپارێزن و دابینی ده‌كه‌ن. هه‌ر كه‌ شار كه‌وته‌ ده‌ست حه‌شدی شه‌عبـی، سه‌رایا زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی ئه‌وانه‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌كان ده‌ستیان پێكرده‌وه‌. كه‌ركوك كرایه‌وه‌ عیراقه‌كه‌ی جاران، عیراقه‌كه‌ی جارانیش قه‌ت بێ ته‌قینه‌وه‌و ته‌قاندنه‌وه‌ نه‌بووه‌.
چه‌ند ساڵه‌ به‌ بازووی پێشمه‌رگه‌ و ره‌نج و وریایی هێزی یه‌كێتی، كه‌ركوك پارێزراوه‌. ته‌نانه‌ت له‌ گه‌رمه‌ی مه‌ترسی خه‌لافه‌تی داعشدا، كه‌ركوك خۆی له‌ دزه‌كردن و ئیختراقی داعش پاراست. له‌ وه‌ختێكدا هێزی حكومه‌تی ئیتحادی (كه‌ ئێستا حكومه‌تی مه‌ركه‌زییه‌، نه‌ك ئیتحادی، چونكه‌ ئاره‌زوویه‌تی هه‌رێم نه‌هێڵێ) به‌ هه‌نجه‌تی سه‌رقاڵی به‌ شه‌ڕی موسڵه‌وه‌ نه‌هات به‌ هانای پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ رۆژی (21/10/2016)، كه‌چی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی داعشدا، به‌ ته‌نیا خۆی شاری له‌ تیرۆر پاراست.
ئه‌و كاتیش له‌ناو دووكه‌ڵی به‌ره‌نگاریی تیرۆری داعشدا. ده‌نگه‌ نه‌شازه‌كان ده‌یانوت با حكومه‌تی به‌غدا بێت كه‌ركوك بپارێزێت. ساڵێ دوای ئه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی داعش هه‌ڕه‌شه‌ بێ. به‌غدا به‌ خۆی و حه‌شدی مه‌زهه‌بییه‌وه‌ هات. گوایه‌ كوردستان ته‌مبـێ ده‌كات، كه‌چی وا كه‌ركوكی دابینكرد كه‌ دوێنێ بینیمان. توومه‌ز ئه‌وان وای ده‌پارێزن كه‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌غداو شوێنه‌كانی تری پێ ده‌پارێزن.
قاعیده‌ نه‌ما، سه‌حوه‌ هات، سه‌حوه‌ چوو، داعش هات، داعش نه‌ماو ئه‌م وێستگانه‌ش هه‌مووی چانس بوون بۆ عیراق تا ده‌رس وه‌ربگرێ و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بگۆڕێ. مافی سوننه‌ دابین بكات و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كان وا چاره‌سه‌ر بكات سه‌رنه‌كێشێ بۆ لێك زویربوونی چه‌ند ساڵی رابردوو، كه‌چی ئه‌وان به‌ حوجه‌ی راپرسییه‌وه‌ هاتن ئه‌من و ئه‌مانی كه‌ركوكیان تێكدا. نه‌ دڵدانه‌وه‌ی كوردستانیان مه‌به‌ست بوو، نه‌ ئاشتكردنه‌وه‌ی كه‌ركوكییه‌كانیش له‌ڕێی نه‌خشه‌ڕێی 140-ه‌وه‌.
بێگومان كه‌ركوك بێ كه‌موكوڕی نه‌بوو. بێگومان حوكمڕانی له‌ كوردستان بێ گرفت و كێشه‌ نه‌بوو، بێگومان سیاسه‌تی كوردستانیش توخمی سه‌رچیغی هه‌بوو، به‌ڵام له‌ چاو ئه‌وه‌ی عیراق ئه‌من و ئه‌مانی كوردستان نموونه‌ بوو. هه‌ر به‌راورد ناكرێت به‌ به‌غدا.
عیراق ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك تێكدا و شتێكی نوێی بینا نه‌كرد.
خوا كه‌ركوك و پێكهاته‌كانی بپارێزێ. خوێنی به‌ ناهه‌ق رژاوی رۆڵه‌كانیشی وه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی گالیسكه‌كه‌یان پێش ئه‌سپه‌كه‌ داناوه‌، پێش ئه‌وه‌ی داعش و تیرۆره‌كه‌ی له‌ عیراق نه‌هێڵن، حه‌شدیان هێناوه‌ته‌ كه‌ركوك و بە هۆكاری جیاجیاوە خنەخن دەكەن لە دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك، هەیە لەبەر ئەوەی پارێزگارەكە دەبێ كورد بێ، هەشە لەبەر ئەوەی بەشی یەكێتی-یە.
به‌ڵكو ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌غداو كه‌ركوك و بگره‌ كوردستانیش وه‌ ئاگا بهێنێته‌وه‌.
به‌ڵكو هه‌مووان پێكه‌وه‌ رێگه‌ ڕاسته‌كه‌ی گفتوگۆ و ده‌ستوور و 140 ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ له‌جیاتی (حاكمی عه‌سكه‌ری و شمالی عیراق) له‌ولاو (راپه‌ڕین) ی پله‌یسته‌یشنیش له‌ملا.
پێش په‌لاماردانی كه‌ركوك، سه‌رۆك مام جه‌لال چووه‌ دلۆڤانی خودا، وه‌لێ كه‌لتوره‌كه‌ی ماوه‌ بۆ كورد و باقی عیراقییه‌كانیش ئه‌گه‌ر ده‌خوازن به‌ حیكمه‌ت و وردبینی ئه‌و، دوور له‌ موزایه‌ده‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنی جه‌مسه‌رگیر، نه‌شته‌رگه‌ری مێشك به‌ وردی له‌ كه‌ركوك و كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق بكه‌ن.

 284 جار بینراوە