سەرەکی » مانشێت » مەكتەبی سیاسی: بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆكان پێویستە كەشێكی دۆستانە و ئارام هەبێتپەڕە 2

مەكتەبی سیاسی: بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆكان پێویستە كەشێكی دۆستانە و ئارام هەبێت

پێشنیوەڕۆی دوێنێ 30/1/2019، بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان
كۆبوونەوەكە كە هاوكاتی یادی 41 ساڵەی شەهیدبوونی كاك ئارام و یادی (4) ساڵەی شەهیدبوونی لیوا شێركۆ فاتیح شوانی و لیوا حسێن مەنسور و هاوڕێكانیان بوو، مەكتەبی سیاسی یاد و بیرەوەریی پڕ لە سەروەریی و شانازییانی بەرزنرخاند و سڵاوی ئەمەك و وەفاداریشی بۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان نارد، بەڵێنیش نوێكرایەوە، تا بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی سەرجەم شەهیدان، یەكێتی لە خەبات بەردەوام دەبێت.
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت
لە كۆبوونەوەكەدا تەوەرەكانی دواپێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان لەوانەش پەیوەندیی یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە تایبەتی پارتی و گفتوگۆكان بۆ رێكەوتننامەی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها دۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراق و ناوچەكە تاوتوێكران و هەڵسەنگێندران.
مەكتەبی سیاسی دووپاتیكردەوە بۆ بەردەوامبوونی كۆبوونەوەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینە و چارەسەركردنی كێشەكانی لە هەرێمی كوردستان و كەركوك و بەغدا، پێویستە كەشێكی دۆستانە و ئارام هەبێت، بە تایبەت كەناڵەكانی راگەیاندنی حزبی و سێبەری لایەنە سیاسییەكان، خۆیان دووربگرن لە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و ناوزڕاندنی سەركردە و كادرەكان و لێدوانی نابەرپرسیارانە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە سیاسەتی چەسپاو و لە مێژینەی یەكێتی لە بارەی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرایەوە، لەپێناوی دەستەبەركردنی ئایندەیەكی گەش بۆ گەلی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و حكومڕانی و باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەكانی یەكێتی بوو، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، مەكتەبی سیاسی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییە تێكۆشەرەكانی كوردستان لەپێناوی دەستەبەركردنی مافە دیموكراسی و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك، بە پێویستییەكی قۆناغەكە دەزانێت.
هەڵسەنگاندنی دۆخی حزب و كاروباری رێكخراوەیی و ئۆرگانەكان و چۆنێتی سازدانەوە و نوێبوونەوەی ئۆرگانەكان، بۆ ئەوەی باشتر لە ئاستی راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و دیموكراسی و حزبی و رێكخراوەییەكاندا بن، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە رێوشوێنی پێویست تاوتوێكرا.
سەعدی پیرە: لێدوانی بەرپرسانی پارتی ژینگەیەكی خراپی دروستكرد
لەلایەكی دیكەوە، وتەبێژی یەكێتی هۆكاری كۆنەبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان یەكێتی و پارتی ئاشكرا كرد و رایگەیاند: لێدوانی هەندێك بەرپرسی پارتی، ژینگەیەكی خراپی دروستكرد كە وایكرد كۆبوونەوەش سوودێكی نەدەبوو.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی بە كوردسات نیوزی راگەیاند: لێدوانی بەشێك لە لێپرسراوانی پارتی و راگەیاندنەكانیان لەسەر یەكێتی و سەركردەكانی، بوونە هۆی ئەوەی كە ژینگەیەكی خراپ دروستبێت. وتیشی: خەمساردی لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و رێكەوتن لە بەغدا، هۆكاری دیكەن بوون، بۆیە كۆبوونەوەكە نەکرا. راشیگەیاند: ئەگەر بەو ژینگە خراپەوە كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی بشکرایە، هیچ سوودێكی نەدەبوو.

 97 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*