بۆ هەفتەی سیانزەهەم، خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان لە فەرەنسا بەردەوامە، دوێنێش لە پاریس و تەواوی شارەکانی فەرەنسا خۆپیشاندان بەردەوام بوو، لە هەندێک شوێنیشدا، توندتیژی تێکەوت و کەسێکیش بە سەختی بریندار بوو.
هەزاران کەس بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە بەیانێکدا بە میدیاکانی راگەیاند: لە تەواوی فەرەنسا نزیکەی 12 هەزار کەس بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە، لە پاریسی پایتەخت زۆرترین ژمارەیان هەبووەو گەیشتۆتە 4 هەزار خۆپیشاندەر.
36 کەس دەستگیرکران
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆی فەرەنساش رایگەیاند: 36 کەسیان بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دەستگیر کردووە، هەتاوەکو دوێنێش 16 یان لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و پاشان رەوانەی دادگا کراون.
ماڵی سەرۆکی پەرلەمان دەسووتێنرێت
لە درێژەی توندوتیژییەکان ریشارد فیران سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا بە میدیاکانی راگەیاند: چەند کەسێک هەوڵی سووتاندنی ماڵەکەی لە شارۆچکەی موتریف داوە، ئەوەش لە رێگەی هەڵدانی مۆلۆتۆفەوە.
جێگەی ئاماژەیە ، ماوەی سیانزە هەفتەیە، بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان، لە دژی هەژاریی و بێکاریی، لە تەواوی فەرەنسا خۆپیشاندانیان لە دژی حکومەت دەستپێکردووەو بەردەوامە.
سەرچاوە : فرانس 24
174 جار بینراوە