سەرەکی » مانشێت » وتەبێژی یەكێتی: وەك یەكێتی لەسەر یەكهەڵوێستی و یەك بڕیاریمان بەردەوام دەبین

وتەبێژی یەكێتی: وەك یەكێتی لەسەر یەكهەڵوێستی و یەك بڕیاریمان بەردەوام دەبین

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبۆوە.
لەهەموو لایەك پەلەترمانە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ
دوای كۆبوونەوەكەش لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا كە سەركردایەتیی یەكێتی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا (18/2) بەكۆی دەنگ بڕیاری سووربوون‌و بەردەوامبوونی لەسەر بڕیارەكانی پێشووی سەبارەت بە بەشداریكردن لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەربڕی، ئەوەش بەو واتایەیە كە ئێمە لەهەموو لایەك سوورترین‌و پەلەترمانە لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتی خەڵك بەمەرجی رێككەوتنی سیاسیی پێشوەخت، كە وەكو لەپێشدا وتوومانە.

هەموو لایەنەكان بەپێی ئیستحقاقی خۆیان بەشداربن لە دروستكردنی بڕیار‌و بەڕێوەبردنی هەرێمەكەماندا
ئەوەشی راگەیاند: تەنها داواكاریمان ئەوەبووە كە بۆ حوكمڕانییەكی رەشیدو هاووڵاتیانە، بۆ خزمەتی خەڵك پێویستمان بەوە هەیە كە هەموو لایەنەكان بەپێی ئیستحقاقی خۆیان‌و لەناویشیاندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشدارێكی كاریگەر بێت لە دروستكردنی بڕیار لەهەرێمی كوردستان‌و لەبەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەدا، ئەوەش بە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ برادەرانی پارتی دەكرێت، هەر لێرەشەوە پابەندبوونی خۆمان بەرێككەوتنی 5/2/2019 رادەگەیەنین و داواشمان لە برایانی پارتی ئەوەیە كە پابەندبن بە بەندەكانی ئەو رێككەوتنەوە. ئەوەشی خستەڕوو كە تا ئەو كاتەی برادەرانی پارتی پابەندی رێككەوتنی 5/2 دەبن‌و ئامادەدەبن بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسیی لەگەڵ ئێمە بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك لە پێشتریشدا تەئكیدمان لەسەر ئەو پرەنسیپە كردۆتەوە كە لای ئێمە مانای یەكڕیزیی لەهەرێمی كوردستان، یەكڕیزیی لە بەغدا، یەكڕیزیی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، كە ئەوە هەموو لای ئێمە یەك پاكێجەو دیسانەوە تەئكیدی لەسەر دەكەینەوە.
قازانج‌و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان وا دەخوازێت پێشوەختە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت
لەدرێژەی قسەكانیدا، لەتیف شێخ عومەر، وتیشی: دەمانەوێت دڵنیابن كە تەنیا داواكاریی ئێمە، تەنیا جیاوازیی ئێمە، تاوەكو ئەم كاتە، لەگەڵ پارتیدا، لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لەگەڵ پارتیدا رۆژی 5/2 ئیمزامان كردووە بەیەكەوە، لەسەر دڵنیاكردنەوەی ئێمەیە لەلایەن پارتییەوە كە پابەند دەبێت بەو رێككەوتنەوە، ئەوەشی وت: جارێكی تر هەموو لایەك‌و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاگاداردەكەینەوە، كە ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سوورین و زۆر پەلەمانە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام قازانج‌و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان وا دەخوازێت كە ئەم حكومەتە، ئەگەر حكومەتێكی بەهێزیان دەوێت، ئەگەر حكومەتێكیان دەوێت كە سەقامگیری‌و ئەمن‌و ئاسایش‌و خۆشگوزەرانی بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەربكات، دەبێت رێككەوتننامەیەكی سیاسیی پێشوەخت لەسەر بەرنامەی ئەم حكومەتە، لەسەر پێكهاتەی ئەم حكومەتە، هەروەها دڵنیاییان بە بەشداریی هەموو لایەك لە دروستكردنی بڕیاردا لەم وڵاتەدا پێشكەش بە خەڵك بكرێت.

بەلای یەكێتی-یەوە بەرژەوەندیی خەڵك لەپێش هەموو بەرژەوەندییەكانەوەیە
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، وتەبێژی یەكێتی، تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كە بەلای یەكێتی-یەوە بەرژەوەندیی خەڵك لەپێش هەموو بەرژەوەندییەكانەوەیە، هەر لێرەشەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە بە تەواوی رەتدەكەینەوە، خەڵكی كوردستان دەكەین بە شاهید كە ئێمە نە شەڕی پۆست‌و پایە دەكەین ، نە تائێستا باس لە پۆست‌و پایە كراوە تا شەڕی لەسەر بكەین، تائێستا ئێمە باسمان لە رێككەوتنی سیاسییەو وتیشی: هەر لێرەشەوە جارێكی تر هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە باس لەوە دەكات جیاوازی و نەبوونی یەكڕیزیی‌و یەکهەڵوێستی لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەیە، هیچ كاتێك وەكو ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و سەركردایەتیی یەكێتی، یەكهەڵوێست‌و یەكبڕیار نەبووەو بەردەوامیش دەبین.

 254 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*