د. مه‌دیحه سۆفی*
به‌شی یه‌كه‌م
له‌كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا، ناپلیۆن ئیمپڕاتۆری فه‌ڕه‌نسا، له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی خۆیدا وتوویه‌تی : لێگه‌ڕین با چین هه‌ر بنوێ، گه‌ر خه‌به‌ری بێته‌وه… جیهان داگیر ده‌كات و پاشان ده‌یشێوێنێ، چین به‌خه‌به‌ر هات و جیهانی خسته جوڵه و ترس و دڵه‌ڕاوكێی خسته دڵ وڵاته‌كانی ڕۆژئاواوه و جیهانی له ڕه‌هه‌ندی یه‌ك جه‌مسه‌ری ئه‌مریكاوه كرده فره‌جه‌مسه‌ری.
ئه‌مڕۆ چین له پێگه‌یه‌كدایه، به‌جۆرێك كه له ١٥ ی یه‌نوه‌ری ساڵی ٢٠١٧ دا و له كۆبه‌ندی ئابووری جیهاندا له داڤوس، وته‌ی كردنه‌وه‌ی كۆبهندهكه، له‌لایه‌ن شی جیپینگی سه‌رۆكی وڵاتی چێنه‌وه خوێنرایه‌وه و وه‌كو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌كی و ئابووری به‌هێز له جیهاندا چووه نێو مێژوه‌وه ، چین له هه‌وڵێكدایه باڵی خۆی به‌سه‌ر جیهاندا بكێشێ، هه‌ر هه‌لێك هه‌بێت له‌هه‌ر شوێنێك، وه‌كو بوونی كه‌ره‌سته‌ی خاو‌و وزه‌و كان و كانزا، چین بۆ وه‌به‌رهه‌مهێنانی خۆی قۆرخی ده‌كات، به‌تایبه‌ت له كیشوه‌ری ئه‌فریقا، له‌و كیشوه‌ره‌ی شی جینپینگ وه‌كو فریاڕه‌س و به‌هێزترین كه‌سایه‌تی سیاسی و ئابووری جیهانی ده‌بینرێت، له چینیش توانی بڕوا به سه‌رجه‌م پێكهاته‌ی حیزبه‌كه‌ی بهێنێ و په‌ره‌گرافی نێو ده‌ستور له‌مه‌ڕ سهرۆكایهتیهوه هه‌موار بكرێ و له ڕۆژی ١٨ ی مارسی ٢٠١٨ دا بڕیار درا كه مه‌ودای سه‌رۆكایه‌تی چین كراوه بێت و سنووردار نه‌بێت.
چین به بهرههمهێنانو په‌یوه‌ندیه دیپلۆماتی و سیاسیه‌كانیه‌وه، به قۆرخكردنی ته‌واوی سامانی سروشتی به‌تایبه‌ت له‌كیشوه‌ری ئه‌فریقا و به كردنه‌وه‌ی ڕێگای ئاوریشم و گه‌یاندنی توانای به‌رهه‌مهێنانی نێوخۆی خۆی به هه‌موو جیهاندا، په‌یامێكی نوێ و چاوه‌ڕوان نه‌كراوی گه‌یانده دونیا، هیشتا هه‌موو نهێنیه‌كانی ئه‌و په‌یامه‌ش ده‌رنه‌كه‌وتوون، ئه‌وه‌ی هه‌یه تا ئێستا هه‌ر په‌یامه ئابووری و بازرگانیهكهیهتی كه جیهانی نائارامكردووه و له ڕیزبه‌ندی ئابووریدا جێگه‌ی به‌زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان له‌ق كردووه، بۆ نێوخۆی چینیش سێ ته‌وه‌ری گرنگی به یاساغی و به بێ ڕیفۆڕم هێشتووه‌ته‌وه، دیموكراتی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاگه‌یاندن.
ده‌ستپێكی گه‌شه‌سه‌ندنی چین
شی جێپینگ سه‌رۆكی ئێستای چین ده‌ڵێ : ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی ئه‌مڕۆی چین كه له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی چل ساڵدا به‌ده‌ستی هێناوه، وڵاتانی ڕۆژئاوا له ماوه‌ی سه‌د ساڵدا پێی گه‌یشتن. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه ئابووریه‌ی چین، ڕزگاركردنی نزیكه‌ی نیو ملیارد هاوڵاتی چینی بوو، له ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌ره‌تا كاریگه‌ریه‌كه‌ی له‌نێوخۆ ڕه‌نگیدایه‌وه، له‌و هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه قورسانه بوو، كه به‌های توانا و ویستی پشوو درێژی چین ده‌سه‌لمێنێ و به هه‌نگاوی بچوك به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌ستی پێكرد، تا گه‌یشته ئاستێك كه توانی زۆربه‌ی جومگه سه‌ره‌كیه‌كانی وه‌به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده و هاورده بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه وه‌كو به‌نده‌ر و ڕێگای هاتوچۆ و هێڵی ئاسنین و زۆریتر، وه ئاشكرایه كه وزه یه‌كێكه له‌و سێكته‌رانه‌ی بڕبڕه‌ی پشتی ههنگاوهكانێتی و ده‌بێ پلانی په‌یوه‌ندی دیپلۆماتی و ئابووری و سیاسی تۆكمه‌ی هه‌بێ بۆ سه‌رخستنی ستراتیژیه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی و به‌رده‌وامیدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و وزه‌یه و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی گونجاو بۆ كاڵاكانی.
دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ما‌و تسی تۆنگ، دینگ شیاوپینگ له ساڵی 1978 دا ڕیفۆڕمێكی نوێی له پلانی سیاسی_ ئابووری چیندا هێنایه كایه‌وه و له‌و بڕوایه‌دا بوو كه وابه‌سته بوون به‌سیاسه‌تی ئابووری كۆمۆنیستی، به‌ستنه‌وه‌ی چینه به‌چه‌قبه‌ستوویی و مانه‌وه‌یه‌تی له قۆزاخه‌ی نێوخۆ و نه‌توانینی په‌لهاویشتن به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆی و ئاشنا نه‌بوون به داهێنان و تازه‌گه‌ری جیهان كه چین به‌ره‌و په‌راوێز و دووره‌په‌رێزی ده‌بات له جیهاندا، به‌ڕای دینگ، كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئابووری به‌ره‌و جیهان واته دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی ئابووری و جوڵه‌ی بازرگانی و هه‌مه‌جۆری له ڕێگای هاورده‌ی وزه و په‌یوه‌ندیه ستراتیژی و ئابووری و سیاسیه‌كان و سوود وه‌رگرتن له جیۆپۆلیتیكی جیهان بۆ ڕاییكردنی پێداویستیه پیشه‌سازیه‌كانی نێوخۆ و په‌ره‌سه‌ندنی ئاستی داهات و ڕێژه‌ی كاڵا و نمایشكردنی به‌رهه‌می نێوخۆ له ده‌ره‌وه‌ی چین، بۆیه سانسۆزی له‌سه‌ر زۆربه‌ی خاوه‌ن كارگه و به‌رهه‌مهێنه‌ره سهرهكێیهكانی كه‌رتی تایبه‌تی نێو وڵات نه‌هێشت.
یه‌كه‌م ڕیفۆرمی دینگ ئه‌وه بوو كه ده‌رگای خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه‌ی كه‌رتی تایبه‌تی به‌ڕووی جیهاندا كرده‌وه و جاڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ جیهاندا دا و جوڵه‌یه‌كی سه‌رمایه‌داری له‌ژێر ئاڵای كۆمۆنیستی خسته نێو سیسته‌می ئابووری چینه‌وه و له‌وساوه گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی چین نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بهێڵێت هیچ ئه‌گه‌ری ده‌رگایه‌ك به‌ره‌و دیموكراتی و مافی مرۆڤ و مافی بوونی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگه‌یاندن و ڕای ئازاد له چیندا بكرێته‌وه.
گه‌شه‌ی ئابووری چین له سه‌ره‌تای ساڵی هه‌شتاكانه‌وه ده‌ستی پێكرد، پاش ئه‌وه‌ی دینگ شیاوپینگ ( ١٩٧٨ – ١٩٩٢ ) ڕیفۆرمهكهی خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئابووری چیندا سه‌پاند، ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیای نێو خۆیی سانسۆری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر نه‌ماو مه‌ودای پێدرا ئاڵوگۆڕی بازرگانی و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده له‌گه‌ڵ جیهاندا بكات، له‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌دا نزیكه‌ی نیو ملیارد كه‌س له دانیشتوانی چین هێڵی هه‌ژاری بڕی، كه ده‌كاته نزیكه‌ی ٧% ی دانیشتوانی جیهان، واته له‌به‌ر زۆری دانیشتوانی ئه‌م وڵاته، هه‌ر گۆڕانێك، له زیاتر یا كه‌متر به‌كاربردنی هه‌ر شتێك ڕووبدات، ڕاسته‌وانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێوه‌ری جیهانیدا ده‌بێت له‌و بواره‌دا.
ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی له چیندا ده‌كرێن، بواری مافی مرۆڤ و دیموكراتی و ئازادی ڕاده‌ربڕیندا ناگرێته‌وه، ڕێفۆرمێك نیه له ئاستی پاراستنی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیدا بێ، گرفته بنه‌ڕه‌تیه‌كانی تاكی مرۆڤ چاره‌سه‌ر ناكرێن و به‌هه‌ند وهرناگیرن و لهپلاندانین، وه‌كو ئازادی بیروڕا و ئازادی دادوه‌ری و مه‌ودادان به ده‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن و په‌یڕه‌وكردنی دیموكراتی، جگه له‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، زۆربه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته‌وه، له ڕیزبه‌ندی جیهاندا بۆ گه‌نده‌ڵی له ساڵی ٢٠١٧ دا، چین له ڕیزبه‌ندی ٧٧ مین بوو له كۆی ١٨٠ ده‌وڵه‌تدا.
چین له‌سه‌رده‌می ما‌و تسی تۆنگدا به قۆناخێكی سه‌ختی ئابووریدا تێپه‌ڕی، زیاتر پرس و ڕا و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌و كاته‌دا هه‌بوو، پاش مردنی ما‌و له ساڵی ١٩٧٦، وڵاتێكی برسی و په‌راوێز و دواكه‌وتوو و بێ توانا به‌جێما، له كۆی ٩٣٠ ملیۆن كه‌س بۆ ئه‌و كاته، ٧٧٠ ملیۆن كه‌س له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه بوون، میراتی ما‌و تسی تۆنگ، میراتێكی ناله‌باری و سه‌ختی ژیان بوو كه سه‌رانسه‌ری هه‌ژاری و برسێتی و بێكاری بوو، دوای ما‌و، كاتێ دینگ شاوپینگ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، پلانی ئه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی پلانی ما‌و ده‌بێت، دینگ له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت سه‌فه‌ر بكات به‌ره‌و ئه‌مریكا ده‌چێت، دینگ بڕوای وا بوو كه وابه‌سته‌بوون به سیاسه‌تی كۆمۆنیزمی، وڵاتی چینی قه‌تیس و وابه‌سته كردووه، به‌ڕای دینگ ده‌توانرێ سیاسه‌تی حوكمڕانی چین كۆمۆنیستی بێت و ئابووریه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری، ئه‌م بیرۆكه‌یه، ئه‌وه بوو كه ئێستا چین تیایدا بووه‌ته ئه‌و وڵاته‌ی دڵه‌ڕاوكێ و سامی خستووه‌ته سیاسه‌تی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاواوه.
دینگ ده‌رگای ئابووری چینی به‌ره‌و ئابووری جیهان كرده‌وه، به درێژایی كه‌ناری ده‌ریا له ڕۆژئاواوه ده‌رگای له وهبهرههمهێنهرهكانی جیهان و نێوخۆی چین واڵا كرد، له ڕێی بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌تی وه‌به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕ و بازرگانی ، بازاڕه‌كانی جیهانی به به‌رهه‌می چین ناساند، ئه‌و تابووه‌ی شكاند كه ته‌نها به وڵاته كۆمۆنیست و چه‌په ڕادیكاڵه‌كانه‌وه به‌سترابووه‌وه، هه‌ر ئه‌و واڵاكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ی به‌ڕووی جیهاندا، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕێژه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری چین دروست كرد و گه‌شه‌ی داهاتی به‌رهه‌می نێوخۆی له ساڵێكدا گه‌یشته ٨ – ١٠% و بۆ ماوه‌ی زیاتر له بیست ساڵ، قوربانی یه‌كه‌می ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌سه‌ندنه‌ش زیادبوونی ڕێژه‌ی گازی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له هه‌وا و تێكچوونی ژینگه‌ی هه‌موو جیهان بوو.
له سه‌ره‌تای ساڵی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه و تا ئێستا، پێداویستی چین بۆ وزه هه‌ر له هه‌ڵكشاندایه، وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌كاربردنی وزه له چیندا زۆر زیاتره له به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی نێوخۆیی خۆی، بۆیه هاورده‌كردنی وزه بۆ دابینكردنی پێداویستی و به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و شتومه‌ك، پێویستی به سیاسه‌تێكی جیۆپۆلیتیكی و ئابووری زۆر هه‌ستیار هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی هێزی ده‌ریایی بۆ په‌ڕینه‌وه و پاراستنی گوازتنه‌وه‌ی وزه له‌نێو ده‌ریاو ئوقیانوسهكانهوه، زیاتر له لایه‌ن ئه‌مریكاوه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت، بۆیه لێره‌دا ئه‌گه‌ری به‌ریه‌كه‌وتنی شه‌ڕی بازرگانی نێوانیان زیاتر ده‌بێ.
له مانگی ئازاری ساڵی 2013 دا، شی جینپینگ له‌لایه‌ن حزبی كۆمۆنیسته‌وه به سه‌رۆكی چین هه‌ڵبژێررا، ئه‌ویش كۆمه‌ڵێ به‌رنامه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی نێوخۆ و داهێنانی په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خسته‌ڕوو و له‌هه‌مووی گرنگتر داڕێژانی پلانی زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێگای ئاوریشم بوو له‌لایه‌كه‌وه و له لایهكیترهوه له ژێر فشاری نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شدا به‌رنامه‌ی پاراستنی بواری ژینگه‌ی هێنایه كایه‌وه.
شی جینپینگ له‌دایكبووی ساڵی 1953 یه، كوڕی وه‌زیر و سیاسه‌تمه‌دارێكی كۆمۆنیستی سه‌رده‌می حوكمرانی ما‌و تسی تۆنگه، ئه‌م سه‌رۆكه ڕیشه‌ی ڕیفۆرمی له سیاسه‌تی ئابووری چیندا به‌رجه‌سته كرد، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته كۆمۆنیستیهكهی له نێوخۆدا بگۆڕێت ، ئه‌و ڕیفۆرمه‌ی به شه‌پۆلی داهاتی به‌رهه‌می ئابووری نێوخۆییه‌كه‌ی خۆی، وڵاتی چینی كرده ڕكابه‌ری یه‌كه‌م له جیهانی ئابووریدا به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و شه‌ڕی بازرگانی و ئابووری له‌گه‌ڵدا ده‌ست پێكرد ، گه‌شه‌ی ئابووری به‌جۆرێك په‌ره‌ی سه‌ند كه پێداویستی بۆ وزه‌ی هاورده له نه‌وت و گاز و بۆ هێنانه به‌رهه‌می كاڵا و پیشه‌سازی، زۆربه‌ی وڵاته ئهفریقیهكانی كردووه‌ته نێچیری پێداویستی خۆی و له تاڵانكردنی وزه و كه‌ره‌سته‌ی خاو و كان و كانزای وڵاتانی ئه‌و كیشوه‌ره‌دایه.
شی جینپینگ كوڕی سیاهسهتمهدارێكی ناوداره و له‌دایكبوونی و گه‌وره‌بوونی تا ته‌مه‌نی نۆ ساڵی له نێو كۆشك و ژیانی بهگزادهییدا ده‌بێت، پاشان باوكی به گومانی خیانه‌ت له‌پارتی كۆمۆنیست و ئاشكراكردنی نهێنی نێو حیزب ده‌ستگیر ده‌كرێ و سهركۆنهدهكرێ، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی له ڕاگه‌یاندندا و به‌ئاشكرا په‌شیمانی و دڵگرانی خۆی له‌و خیانه‌تكردنه ده‌رببڕێ و به‌ندكردنی له نێو به‌ندیخانه‌كانی چین به شایانی خۆی بزانێ، ئه‌م كرده‌وه‌یه سزادانی ( شی) ی كوڕیشی گرته‌وه، ده‌بوو ئه‌ویش سزای هه‌ڵه‌كه‌ی باوكی به‌ركه‌وێ، بۆیه له ته‌مه‌نی پازده ساڵیدا دوورده‌خرێته‌وه و كاری بێگاری پێده‌كرێت، ده‌نێررێته گوندێكی دووری بێ خزمه‌تگوزاری له ناوچه‌ی یهنێگ و له‌گه‌ڵ جوتیاره‌كاندا فێری كاری كشتوكاڵی و ژیانی سه‌ختی گوند ده‌بێ، خوێندنه‌وه‌ش ده‌بێته یه‌كێك له كاره به‌رده‌وامه‌كانی، له ته‌مه‌نی بیست و یه‌ك ساڵیدا واته له‌ساڵی ١٩٧٣ دا ده‌بێته سكرتێری پارته‌كه‌ی له‌و گونده، پاشان بۆ خوێندنی زانكۆ ده‌چێته په‌كین.
له‌و وڵاته‌دا، ته‌نها كاتێ ده‌روازه‌ی كار و خوێندنت بۆ ده‌كرێته‌وه كه ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیست بیت، چ بۆ كاری بازرگانی بێت و چ بۆ خوێندن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، شی جیپینگ خۆی نه‌وه‌ی باوكێكی ده‌سه‌ڵاتدار بوو، ویستی خۆیشی هه‌ر ئه‌وه بوو، كه خزمه‌تی حزب بكات و بتوانی به په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ركه‌وێ، تا له‌ساڵی ٢٠١٣ دا سه‌رۆكایه‌تی چینی گرته ده‌ست، له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌واییدا بیرۆكه‌ی ڕێگای ئاوریشمی هێنایه‌كایه‌وه و جیهانی وروژاند و بووه ڕكابه‌ری ئه‌مریكا و تا ڕاده‌یه‌ك درزی خسته نێو یه‌كێتی ئه‌وروپاشه‌وه.
شی ته‌نها له ڕووی ته‌كنه‌لۆژی و ئیكۆنۆمی و ئابووری و بازرگانیه‌وه وڵاتی چینی تاو نه‌دا، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له بواری وه‌رزشدا پلانی به‌ربڵاوی داناوه، به سه‌رۆكی فیفای تۆپی پێی ڕاگه‌یاندبوو، كه سێ ئاواتی هه‌یه له ڕووی وه‌رزشی تۆپی پێه‌وه، یه‌كه‌میان بۆ جارێك جامی جیهانی له وڵاتی چین به‌ڕێوه‌بچێت،دووه‌میان بۆجارێك چێن له جامی جیهانیدا به‌شدار بێت، سێیه‌میش بۆجارێك پاڵه‌وانی جامی جیهانی بێت بۆ تۆپی پێ.
41 جار بینراوە