سەرەکی » وەرزش » بڕیاره‌كان یه‌كپارچه‌ سزاو غه‌رامه‌ بوون

بڕیاره‌كان یه‌كپارچه‌ سزاو غه‌رامه‌ بوون

هه‌موو لایه‌كمان چاوه‌ڕوانی رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو بووین تا بزانین یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ردوو كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ی راهێنه‌ری یانه‌ی ئارارات (ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د) و هه‌روه‌ها (ئومێد عه‌بدوڵا)ی سه‌رپه‌رشتیاری تیپی یانه‌ی نه‌ورۆز چ بڕیارێك ده‌دات.
چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بووین ئایا ئه‌و دوو كه‌سه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بن یان نا؟ پاشان دوا بڕیاره‌كان سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌تاكانی هه‌ردووكیان كه‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستانیان كردبوو چۆن ده‌بن.
له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌بوو وا چاوه‌ڕوان بووین یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان جگه‌له‌ بڕیارو راسپارده‌كانی خۆی، به‌یاننامه‌یه‌ك یان هه‌رنه‌بێت روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی (جێگرو ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د) بڵاو بكاته‌وه‌ تا ناڕاستی تۆمه‌ته‌كانیان بسه‌لمێنێت، هه‌رنه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هانده‌ران و وه‌رزشكاران و وه‌رزشدۆستان و ته‌نانه‌ت راگه‌یاندكارانیش له‌وه‌ دڵنیا بن كه‌ هیچ كام له‌تۆمه‌ته‌كانی ئه‌وان راست نین تا دڵیان پاك بێته‌وه‌ له‌هه‌موو گومان و سه‌رنجێك كه‌له‌و دوو كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان و خولی نایابی كوردستان كراون.
به‌ڵام كاتێك رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو هات، یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان سه‌رجه‌م بڕیارو راسپارده‌كانی جگه‌ له‌ دیارییكردنی خشته‌ی یارییه‌كانی داهاتووی خولی نایاب و پله‌ یه‌كی كوردستان، یه‌كپارچه‌ بریتی بوون له‌ كۆمه‌ڵێكی زۆر سزاو غه‌رامه‌ی دارایی بۆ سه‌رجه‌م خوله‌كان به‌خولی نایابیشه‌وه‌.
له‌بڕیارو راسپارده‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سزا زۆره‌ی دراوه‌و(جێگرو ئه‌ونوه‌ر) به‌ 300 هه‌زار دینار غه‌رامه‌ كراون، جێگر جگه‌ له‌سزا داراییه‌كه‌ی، ئاگاداریش كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئاینده‌ی یه‌كێتیی ناوبراو ئاماده‌ نه‌بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و خستنه‌ رووی به‌ڵگه‌كانی، ئه‌وا سزای ئه‌وه‌ش ده‌درێت كه‌ ناتوانێت له‌یارییه‌كانی داهاتووی یانه‌كه‌یدا ئاماده‌ بێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سزاو غه‌رامه‌یه‌ی له‌ بڕیارو راسپارده‌كانی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستاندا هاتوون، له‌بڕیارو راسپارده‌كاندا به‌یه‌ك دێڕیش باس له‌ راست و ناڕاستی تۆمه‌ته‌كانی(جێگر و ئه‌نوه‌ر) نه‌كراوه‌، هه‌ر نه‌یانکردووه‌ له‌په‌راوێزی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو بكه‌نه‌وه‌‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌، ئه‌مه‌ش خۆی بۆخۆی ئه‌و په‌نده‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ بێده‌نگی ئه‌وان و نه‌بوونی وه‌ڵامی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ری ئه‌وان بۆ (جێگرو ئه‌نوه‌ر) نیشانیه‌كی گه‌وه‌ری پرسیاره‌ له‌سه‌ر ئه‌و یه‌كێتییه‌.

ستادیۆم

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*