سەرەکی » مانشێت » مەرگی پەپوولەکان

مەرگی پەپوولەکان

چل‌ویەک ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 17ی نیسانی 1978دا، دەیان منداڵی بەھرەمەندی کورد، بەمەبەستی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ساڵانەی چالاکی قوتابخانەکان، لەگەڵ مامۆستاکانیاندا بەرەو ھەولێر بەڕێوەبوون. پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە نێوان کەرکوک – ھەولێر، -نزیک پردێ- بە کارەساتێکی -گومانلێکراو- ئوتۆمبێلێکی بارهەڵگر، لە پشتەوە خۆی دەکێشێت بە یەکێک لە پاسەکاندا و لە ئاکامدا چوار قوتابی قوتابخانەی شێخ مەحمودی مناڵان و ئەندامی تیپی مۆسیقای مناڵان، سەر بە چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستدا. ئەو جوانەمەرگانەش بریتی بوون لە شەهیدان (کارزان، فەرمان، ئازاد و ڕێبوار) کە سەرجەمیان چاوەڕوانی ئایندەیەکی گەشیان لێ دەکرا لە بواری ھونەری مۆسیقای کوردیدا.
ئەو کارەساتە دڵتەزێنە لە سەرتاسەری عێراقدا دەنگی دایەوە و هاوکات لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی پرسەیەکی شایستەیان بۆ دانرا، کە تەنانەت وەفدی ھونەریی ھەموو شارەکانی عێراق بەشداریان تێدا کرد.
جێی ئاماژەیە دوای ساڵانێک بەیادی ئەو پۆلە مناڵە شەھیدەوە، بە دەستپێشخەریی ھونەرمەندان(دلێر ئیبراهیم و ئاراس ئیبراهیم) لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا و لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1981 دا، تیپێکی مۆسیقایان بەناوی (تیپی مۆسیقای شەھید کارزان) دامەزراند، ئەم تیپە ھەتا ساڵی 1990 گەلێک گۆرانی و سروود و بەرھەمی دانسقەی تۆمارکرد، بەرهەمەکانیان وێردی سەر زمانی ھەمیشەیی هێزی پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو.

print

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*