سەرەکی » دۆسێ » ژنێکی سەرمەشق بۆ ژنانی دنیا

بێنەزیر بۆتۆ

ژنێکی سەرمەشق بۆ ژنانی دنیا

پێشەكی
لەوڵاتێكی دواكەوتووی وەكو پاكستان كە تێیدا ژن بۆی نەبوو تەنانەت بە تەنیا لەماڵەوەش بچێتە دەرەوە، بێنەزیر توانی پۆستی سەرۆك وەزیرانیش بەدەستبهێنێت و ببێتە نموونەیەك بۆ باقی ژنانی تری پاكستان. وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران نەك تەنها لە پاكستان بەڵكو لەناو هەموو وڵاتانی ئیسلامی ڕچەشكێنی بوو كە بێنەزیربۆتۆ كردی. كچێك كە هاوكات توانی هەم بۆ باوك و دایكی كچێكی باش بێت و هەم بۆ خوشك و براكانی خوشكێكی باش و هەم بۆ ژنانی پاكستانیش ببێتە بەرگریكار و هاوسۆز و هاوخەم و هاندەر، بەشێوەیەك كە تەنانەت شووكردن و چۆنێتی ئاهەنگگێڕانی زەماوەندەكەیشی بووە سەرمەشق و نموونەیەك بۆ ژنانی پاكستان. هەڵبەت نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە كاریگەری باوكی بێنەزیر لە سەر منداڵەكانی بە تایبەت كچەكانی زۆر گرنگ بووە و هاندەرێكی باش بووە بۆ بێنەزیر، هەر وەك خودی بێنەزیرش دەڵێت: باوكم دەیگوت كچەكانم دەبێت وەك كوڕەكانم بخوێنن، چونكە كوڕ و كچ هیچ جیاوازییەكیان نییە و باوكی هەمیشە وەك پشتیوان و بەرگریكار و هاندەرێك بووە بۆ بێنەزیر ، دەتوانین بڵێن بێنەزیر دەستپەروەردەی باوكێكی تێگەیشتوو و دڵسۆز بووە ، نابێت لە ڕۆڵی دایكیشی خافڵ بین، چونكە ئەویش پشتیوانێكی باش بوو بۆ كچەكەی.
هەرچەند لەناو بنەماڵەیەكی سیاسی لە دایك ببوو، بەڵام قەت حەزی نەكرد ببێت بە سیاسەتمەدار، بەڵام دواتر هەربوو بە سیاسەتمەداریش و حكومەتی پێكهێناو خزمەتیشی كرد. گرنگیدان بە پەروەردە و تەندروستی لەسەرەكیترین بەرنامەكانی حكومەتەكانی بێنەزیر بووە و هەتا کوژراش وەك بەرگریكار و چالاكوانێكی بواری مافەكانی مرۆڤ هەوڵیدا و توانی جێپەنجەی خۆی لەوڵاتەكەی نیشان بدات. لەبەرامبەریش بەهۆی نەرمی نواندن لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی توانی زیان بە كەسایەتی خۆی بگەیەنێت، هەر وەك خۆی دواتر ڕەخنە لە خۆی دەگرێت و دەڵێت: دەبوایە لەبەرامبەر گەندەڵكاران توندتر ڕەفتاری بكردایە. ناشبێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە هەندێك لە كردەوە و هەڵسوكەوت و گەندەڵییەكانی ئاسفی مێردی بوونە ئەوەی كە بێنەزیربۆتۆ لەناو رای گشتی پاكستاندا جێگەوپێگەی جارانی نەمێنێت. بەوتەی زۆربەی هەرە زۆری پاكستانییەكان بێنەزیر خۆی گەندەڵ نەبوو، بەڵام دەوروبەرەكەی بە تایبەتی مێردەكەی كە تۆمەتباریش بوو بە كوشتنی میرمورتەزا بۆتۆ كارێكیان كرد كە بەشێوەیەك لە شێوەكان بێنەزیر بۆتۆ لە ناوگۆڕەپانی سیاسی پاكستان بخەنە پەراوێزەوە و هەر ئەوەش وای كرد سەری خۆی هەڵبگرێت و چەندساڵێك ئاوارەی بەریتانیا و دوبەی بێت وپاشانیش كە گەڕایەوە مەرگێكی نەویست دەرفەتی نەدا كە دووبارەی ئەستێرەی بەختی لەئاسمانی سیاسەتدا بدرەوشێتەوە.
خوێنەری بەرێز ئەم بابەتە لە نوسینی « میری انگلر « کە « مهسا ملك مرزبان « لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە فارسیی و ئێمەش پێمان باشبوو بکرێت بە کوردی، بۆئەوەی تیشکێک بخەینە سەر ژیانی شەخسی و سیاسی ئەم ژنە ناسراوەی پاکستان وجیهان، بەهیوای ئەوەی ئەزموونی سیاسی و شەخسی بێنەزیر بۆتۆ، ببێتە نموونەیەک بۆ ژنانی کورد.

جەواد حەیدەری

نووسەر: میری انگلر
وەرگێڕ: جەواد حەیدەری

(1-2)

یەكەمین سەرۆك وەزیری ژن لە پاكستاندا
بێنەزیر بۆتۆ بە پانتۆڵ و كراسێكی ئاوریشمی سەوز و لەچكەیەكی سپی كە پرچه ڕەشەكانی داپۆشیبوو، شانبەشانی سەرۆك كۆمار لە پیلەكانە پان و بەرینەكانی كۆشكی سەرۆك كۆماری لە ئیسلام ئاباد- ی پایتەختی پاكستان بەرەو هۆڵەكە سەردەكەوت. پاسەوانەكان بە جلی سپی و كڵاوی زەردەوە بێنەزیر بۆتۆ و سەرۆك كۆماریان هاوڕێیەتی دەكرد. لەمبەر و ئەوبەری فەرشەكە سوورەكە ژەنەڕاڵەكانی سوپا، رابەرە ئیسلامییەكان و سیاسەتمەداران بە ڕیز ڕاوەستابوون و سەیری ڕۆیشتنی بێنەزیر بۆتۆیان دەكرد بۆ لای مایكەكە. پارتی گەلی پاكستان كە حزبەكەی بێنەزیر بۆتۆ بوو، دوای 11 ساڵ براوەی هەڵبژاردنە ئازادەكەی پاكستان بوو. بەم بۆنەیەوە بێنەزیر لەڕۆژی دووەمی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1988 لەبەرامبەر هەزاران كەس لەلایەنگران و هەواداران و تەنانەت نەیارانیدا ڕاوەستا تا وەك سەرۆك وەزیرانی پاكستان سوێندی یاسایی بخوات.
كاتێك كە دەستی نایە سەر دەستووری پاكستان بۆ ئەوەی بەشێوەی ڕەسمی سوێند بخوات، نەك وەك یەكەم سەرۆك وەزیری ژن لە پاكستان، بەڵكوو وەك یەكەمین ژن لە جیهانی ئیسلامییدا كە سەرۆكایەتی وڵاتێك دەگرێتە ئەستۆ.( دیارە لە پاكستان ئەوكات لەبری ئەوەی بە قورئان سوێند بخورێت بە دەستوور سوێند خوراوە. وەرگێڕ).
بێنەزیر كاتێك كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی پاكستانی گرتە دەست تەمەنی 35 ساڵ بوو و تەنها ساڵێك بەسەر شووکردنەكەیدا تێدەپەڕی. دوو مانگ پێش هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1988 بوو بە دایك و بوو بە خاوەنی یەكەمین منداڵ. بێنەزیر پێشتر خاوەنی هیچ پۆستێكی سیاسی نەبوو و بە قسەی خۆی هەرگیز نەیدەویست ببێت بە سیاسەتمەدار، هەرچەند لەناو بنەماڵەیەكی سیاسی لەدایكببوو و پەروەردە كرابوو.
زولفەقار عەلی بۆتۆ باوكی بێنەزیر یەكەمین سەرۆكی پاكستانە كە بەشێوەی دیموكراتێك و لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بووە بە سەرۆكی ئەو وڵاتە. بێنەزیر خۆی لەوبارەیەوە بەمشێوەیە قسە دەكات و دەڵێت: كاتێک منداڵ بووم زۆرجار ویستیان باوكم بكوژن، بۆیە سیاسەت منی دەترساند. دەیزانی كە لە پاكستان ئەگەر خاوەنی باوەڕی سیاسی بیت، لەوانەیە بكوژرێت. باوكم بە خاتری هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و سەربەست لە پاكستان بۆ ماوەی 7 ساڵ بەند كرابوو، یان لە گرتووخانە یان لە ماڵەوە دەستبەسەر بوو. بەڵام كاتێك كە حزبی گەل (خەڵك) پاكستان داوای لە باوكی دەكات كە لە هەڵبژاردنەكاندا خۆی بپاڵێوێت، زولفەقار عەلیش بەهۆی ئەوەی كە هەستی بە بەرپرسیارێی لەبەرامبەر گەل و وڵاتدا دەكرد داواكەیان قەبوڵ دەكات و بەشداری لەهەڵبژاردنەكان كرد.
لەبەرامبەر بێنەزیر لە پاكستان دوو دەستە هەبوون، دەستەیەك هەبوون پێیانوابوو كە بێنەزیر وەبیرخەرەوەی زولفەقار عەلی بۆتۆیە كە دامەزێنەری حزبی گەل و ماوەیەكيش سەرۆكی وڵات بووە و خزمەتی بە وڵات كردووە و ئەو دەستەیە ئومێدەوار بوون. لە بەرامبەریشدا دەستەیەك هەبوون كە ڕەخنەگربوون و لایان وابوو كە بێنەزیر بۆتۆ بەها ئیسلامییەكانی وڵات دەخاتە مەترسییەوە و لە كۆمەڵگەی ئیسلامی و موحافزەكاری پاكستاندا ژنان بۆیان نییە بە تەنها لەماڵەوە بچنە دەرەوە و دەبێت حەتمەن كەسێكی نزیكی خۆیان لەگەڵدا بێت و لەمڕۆوە هاتنە سەركاری سەرۆك وەزیرێكی ژن بە پێچەوانەوەی باوەڕەكانی ئەوانە.
هەڵبژاردنی نەریت شكێنی بێنەزیر بۆتۆ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی پاكستان ڕێگەی بۆ هاتنە ناوەی ژنان بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی لە پاكستان و ئاسیای باشوور و ناوچەكە خۆش كرد.
بێنەزیر بۆتۆ لە بنەماڵەیەكەوە هات كە ماوەیەكی زۆر لەو بنەماڵەیەدا كێشە لەسەر داب و نەریتدا هەبوو. باوكی بێنەزیر بۆتۆ بۆ خوێندن سەردانی ئەمریكای كرد و دەرچووی كۆلێژ بوو و وەك زۆربەی كەسانی دیکه داب و نەریتی بنەماڵەی پێشێل كردبوو، جگە لەوەش لەگەڵ ئەو كەسەی كە خۆشیدەویست ژیانی هاوسەرێتی پێكهێنا و منداڵەكانی چ كچەكانی و چ كوڕەكانی هان دەدا كە بخوێنن. باوكی بێنەزیر بۆتۆ هەم بۆ كچەكەی و هەم بۆ گەلی پاكستان وەك قارەمان و پاڵەوانێك وابوو. بێنەزیر بۆتۆ دەڵێت: كە منداڵ بووم باوكم هەموو جارێ دەیگوت كوڕ و كچ جیاوازییان نییە و یەكسانن و حەز دەكەم كچەكانم هەر وەك كوڕەكانم دەرفەتیان هەبێت. زولفەقار عەلی بۆتۆ پێی وابوو كە بێنەزیری كچی دەتوانێت هەموو كارێك ئەنجامدا بدات و لەڕاستیدا بێنەزیریش دڵی باوكی نەشكاند و باوكی نائومێد و هیوابڕاو نەكرد. هەرچەند دواتر بێنەزیر بۆتۆ لەوڵات دوور خرایەوە، بەڵام ئەو لەسەرتاسەری جیهان بەرگری لە دیموكراسی و مافی مرۆڤی دەكرد و لە زۆربەی ڕێكخراو و دامودەزگا نێودەوڵەتییەكان وتاری پێشكەشكرد و بەرگری لە مافی مرۆڤ و دیموكراسی ئازاد دەكرد. ئەو بە هۆی ئەوەی كە زۆر لە ژێر كاریگەرییە بەهێز و بۆماوەكەی كە لە بنەماڵەكەیەوە بۆی مابووە، بەرگری لە مافی ژنان و بەندكراوانی سیاسی دەكرد و خەباتی بۆ دەكرد. یەكێك لەهۆكارەكانی دژایەتی كردن لەگەڵ بێنەزیر ئەوە بوو كە ئەو ژنە ڕۆڵی سوپای لە حكومەتدا كەم كردبووە، سوپایەك كە ساڵانێكی زۆر ڕۆڵی گرنگی لە حكومەتدا هەبوو و ئەمەش بە دڵنیاییەوە لەلایەن سوپاوە قەبوڵ نەدەكرا كە دەسەڵات و هێزی كەم بكرێتەوە.

لە منداڵییەوە تا مێرمنداڵی لە پاكستاندا
بێنەزیر ڕۆژی 21 تەمووزی ساڵی 1953 لە شاری كەراچی دایكبووه. كاتێك ئەو چاوی بەجیهان هەڵهێنا پاكستان تازە 6 ساڵ بوو كە دامەزرابوو. شەش ساڵی پێش ئەوەی بێنەزیر بۆتۆ لەدایك بێت، هیندستان كە لە لایەن بەریتانیاوە داگیركرابوو دابەشكرا. لەو سەردەمەدا محەمەد عەلی جەناح سەرۆكی حزبی « مسلم لیگ» بۆ مافی چارەنووسی موسڵمانانی هیندستان شەڕی دەكرد. محەمەد عەلی جەناح لەگەڵ ئەوە دا نەبوو حكومەتێكی یەكگرتوو لە هیندستان هەبێت و شێلگیرانە خوازیاری دروستبوونی پاكستان و سەرزەمینێك بۆ موسڵمانانی هیندستان بوو.
پاكستان لەساڵی 1947 بەشێوەی ڕەسمی بوو بە وڵاتێكی سەربەخۆ، بەڵام بەسەر دوو بەشدا دابەشكرا، پاكستانی ڕۆژهەڵات و پاكستانی ڕۆژئاوا، ئەم دوو پاكستانە 1600 كیلۆمەتر لەیەكتر دوور بوون و جیاوازی كەلتووری و زمانیان زۆربوو.
بێنەزیر بۆتۆ لەبەندەر كەراچی كە ئەو كات پایتەختی پاكستانی ڕۆژئاوا بوو لە دایكبووە. باوكی نەریتی بنەماڵەی تێكدا. باوكی بێنەزیر پێشتر لە تەمەنی 13 ساڵیدا بە هۆی نەریتی بنەماڵەییەوە بۆ ئەوەی زەوی و زارەكانیان لەدەست نەچێت كچە مامەكەیان لێ مارە كردبوو، زولفەقار عەلی بۆتۆ ئەو هاوسەرگیرییە بە هاوسەرگیرییەكی بازرگانی لەقەڵەمدا و نەچووە ژێر و هەرگیز لەگەڵ كچە مامەكەیدا نەژیا، كچە مامەكەی هەر لەماڵی باوكی مایەوە و باوكی بێنەزیریش چوو لەگەڵ كچێك بە ناوی نوسرەت كە باوكی بازرگانی گەورە بووە لە شاری كەراچی ژیانی هاوبەشی پێكەوە و دایكی بێنەزیر بۆتۆ لە بنەڕەتدا ئێرانییە.(هەندێك سەرچاوە دەڵێن دایكی بێنەزیر بۆتۆ لە كوردەكانی خوراسان بووە . وەرگێڕی كوردی).
عەلی باوكی سەرەتا بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە زانكۆی «بركلی» لە كالیفۆرنیا و دواتریش پێی بۆ زانكۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا دەكرێتەوە و بەشداری كاریگەری ژنانی لەناو گۆڕەپانی ژیانی كۆمەڵگەی ڕۆژئاوا دەبینێت و تێدەگات كە ژنانی پاكستانی سەربەستی و ئازادی زیاتریان پێویستە.
لەساڵی 1951 بە پێچەوانەی نەریتی بنەماڵە باوكی بێنەزیربۆتۆ لەگەڵ نوسرەت ژیانی هاوبەشی پێكدێنێت، نوسرەت بەشێوەی پاكستانی پەروەردە نەكرابوو. نوسرەت نیقاب( ڕووبەند)ی بە دەموچاویەوە نەدەبەست و خاوەنی ئۆتۆمبێلی شەخسی خۆی بووە و خۆیشی شۆفێری دەكرد. دەرچووی كۆلێژ بوو. لەبەرامبەردا ژنانی پاكستان بە دەگمەن دەیانخوێند و دوای شووکردن ئیتر لە ماڵەوە دەگیرسانەوە.
بێنەزیر نۆبەرە بوو ( منداڵی یەكەم بوو)، هەموویان بە» گوڵێ « بانگیان دەكرد. چونكە دەموچاوی بە منداڵی زۆر ناسك و لەگوڵ دەچوو. میرمورتەزای برای لەساڵی 1954 دایكبوو و دوای ئەویش « سەنەمی» خوشكی لەساڵی 1957 و پاشانیش براكەی تری بە ناوی « شانەواز» لە ساڵی 1958 دایكبوون.
بنەماڵەی بۆتۆ لەشاری كەراچی دەژیان، بەڵام زۆربەی كات بە تایبەتی لە پشووەكاندا هەموویان لە باخەكەی ئەلمورتەزا لە باكووری كەراچی كاتی خۆیان بەسەر دەبرد. ئەو باخە 4047 دۆنم بوو و لە قەراغ ڕووباری «سند» لە ویلایەتی «سند» هەڵكەوتبوو. باوك و پوورەكانی بێنەزیر هەموویان لەو باخەدا لەدایكببوون و وێنەی زۆربەی كەسوكاریان بە دیوارەكانیدا هەڵواسیبوو. بێنەزیر لە ژیاننامەكەیدا خۆی نووسیویەتی :» باخی ئەلمورتەزا ڕوح و گیانی بنەماڵەبوو، ئەو ماڵەی كە هەموومانی لەچوارقوڕنەی دونیایەوە دەگەیاندووە لای یەك، بۆ ئەوەی پشووەكانی زستان لەوێ بەسەر ببەین و لەكۆتایی مانگی رەمەزان ئاهەنگی جەژن لەوێ بگرین و جەژنی لەدایكبوونی باوكیشم هەرلەوی ساز بكەین.
كەمێك لەولای باخەكەوە پاشماوی شارە وێرانبووەكەی « موهنجودار» مابوو. ئەو شارە پێش چوار هەزار و پێنسەد ساڵ لەمەوپێش شارێكی قەرەباڵغ بووە و پەنجا هەزار كەسی تێدا نیشتەجێ بووە. بێنەزیر بۆتۆ لە منداڵیدا بە هەڵە لەناوی ئەو شارە كۆنە تێگەیشتبوو و پێی وابوو ناوی ئەو شارە « مونج جو درو» –یە ، بە زمانی خەڵكی ناوچەكە یانی «پێگە و جێگەی من». پێی وابوو ئەو شارە كۆنە شوێنی باو باپیرانی ئەو بووە و شتێكی سەیریش نییە، دەرگای باخەكە بە كاشی شین و سپی ڕازاوەتەوە كە لەناو كاشییەكاندا وێنەی ژنان و پیاوانی شاری موهنجوداری تێدایە كە سەرقاڵی كاركردنن.
ئەو دواتر لە بیرەوەرییەكانیدا نووسیویەتی: من و برا و خوشكەكان شانازییمان دەكرد كە لەژێر سێبەری پاشماوەی شاری موهنجودار و لە قەراخ ڕووباری « سند» گەورە بووین و هیچ شوێنێكی تر بە قەت ئەو شوێنە هەستی من بۆ ڕابردوو ناگێڕێنێتەوە.

خوێندنی بێنەزیر بۆتۆ
كاتی ئەوە هاتبوو كە بێنەزیر بۆ خوێندن بچێتە قوتابخانە. سەروەت و سامانی بنەماڵەكەیان وای كرد كە بێنەزیر بچێتە باشترین قوتابخانە. هەندێك لە قوتابخانەكان لە پاكستان تایبەت بوون و زۆربەیان كەسانی دەرەوەكی و بیانی بەڕێوەیان دەبرد. بێنەزیر لە تەمەنی سێ ساڵیدا دەچێتە باخچەی ساوایان، لەپێنج ساڵیدا دەچێت قوتابخانەیەكی كاسۆلیك بە ناوی « نزاگەی عیسا و مریەم» و قۆناغی سەرەتایی خۆی لەوێ خوێند، ئەو قوتابخانەیە لە نزیك ماڵی باوكی بێنەزیر بۆتۆ بوو. ڕاهیبەكانی كاسۆلیك بە زمانی ئینگلیزی وانەیان بە قوتابیەكان دەگوتەوە و بێنەزیر لە ماڵەوە لەگەڵ باوكی و دایكی بە زمانەكانی « سندی» و « فارسی» یان ئینگلیزی قسەی دەكرد و زۆرجار هەرسێ زمانەكەیان بەیەكجار بەكار دەهێنا. هاوكات بۆ فێربوونی زمانی « اردو» كە زمانی ڕەسمی وڵات بوو و عەرەبی كە زمانی ئیسلام و موسڵمانەكان بوو مامۆستای تایبەتی هەبوو.
خوێندنەوەى قورئان بە زمانی عەرەبی لەسەر موسڵمانان واجبە و بێنەزیریش عەرەبی فێر دەبوو بۆ ئەوەی قورئان بە زمانە سەرەكییەكەی بخوێنێتەوە. هەرچەند بێنەزیر باوەڕی بەوە هەبوو كە قورئان كتێبێكی گرنگە، بەڵام فێربوونی زمانی عەرەبی بۆی زۆر سەخت بوو. بێنەزیر بۆتۆ و سەنەمی خوشكی بە خوێندنەوەی قورئان فێر بوون كە مێژووی موسڵمانان لێوانلێوە لە ژنانێك كە ئەركی كۆمەڵایەتییە لەئەستۆدا بووە و هەموویان وەك پیاوان رۆڵی خۆیان بە سەركەوتوویی ئەنجامداوە. هیچ شتێك لە ئیسلامدا نەبوو كە ببێتە هۆی ئەوەی كە بێنەزیر و سەنەمی خوشكی لە درێژەپێدان بە وانەكان واز بهێنن.
بێنەزیر زۆربەی داب و نەریتی ئاینی ئیسلام لەدایكی فێربوو، دەیدی كە دایك لەهەر شوێنێكی ئەم جیهانە بێت رۆژانە پێنج جار روو دەكاتە شاری مەكە و نوێژی خۆی دەخوێنێت. بێنەزیر كە تەمەنی گەیشتە 9 ساڵ دایكی فێری نوێژخوێندنی كرد و دواتر دایك و كچ پێكەوە دەچوونە سەر بەرماڵ و بەرەو ماڵی خوا سوجدەیان دەبرد و نوێژیان دەكرد.
دایكی بێنەزیر بۆتۆ وەك زۆربەی خەڵكی ئێران شیعە مەزهەب بوو. زۆرینەی پاكستان سوننە مەزهەبن و كەمینەیەكی شیعەش لەو وڵاتە دەژین. باوكی بێنەزیر بۆتۆ سوننە بوو و دایكی شیعە، هەرچەند لەنێوان ئەو دوو مەزهەبە جیاوازی هەیە، بەڵام لەنێوان ئەو خێزانەدا هیچ جیاوازی و كێشەیەكی دروست نەكرد. بێنەزیر و خوشك و براكانی هەموویان سوننە مەزهەب بوون.
بێنەزیر بۆتۆ تەمەنی چوارساڵ بوو كە باوكی چووە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و لەو تەمەنەدا بێنەزیر ئەوەندەی وێنەی باوكی لەناو رۆژنامەكاندا دەدەی ئەوەندە باوكی لەماڵەوە نەدەدی. بێنەزیر خۆی و خوشك و براكانی زۆربەی كات لەگەڵ خزمەتكارەكانیان لە كەراچی دەژیان یان كاتی خۆیان لە قوتابخانە شەو ورۆژییەكان دەبردە سەر. باوكی بێنەزیر بەڵێنی بە منداڵەكانی دا ئەگەر باش دەرس بخوێنن بۆ درێژە بە خوێندن هەموویان دەنێرێتە ئەمریكا.
بێنەزیر لە خوێندندا زۆر سەركەوتوو بوو. ئەو لە قوتابخانەی «نزاگەی عیسا و مریەم» لە كەراچی یان لە قوتابخانەی شەووڕۆژی « مێری» قوتابیەكی سەركەوتوو بوو. ئەو هۆگر و شەیدای خوێندنەوە و فێربوون بوو. چونكە خوشكەگەورە بوو لەبەرامبەر خوشك و براكانی تری هەستی بە بەرپرسیارێتی دەكرد و دەیویست ببێت بە نموونە و سەرمەشق بۆ ئەوان و ببێتە مایەی شانازی بۆ باوكی، دواتر بێنەزیر بۆتۆ لەبارەیەوە نووسیویەتی: «باوكم لەسەر خوێندنی ئێمە زۆر سووربوو، تێگەیشتم كە هەمیشە بە سەركەوتنەكانی من زۆر دڵخۆش دەبێ، بۆیە منیش هۆگر، شێت و شەیدای فێربوون بووم».
هەرچەند بێنەزیر بۆتۆ زۆر شتی لەبارەی سیاسەتەوە لە باوكی بیستبوو، بەڵام نە خۆی و نە سەنەمی خوشكی، زۆریان بیر لە دەرەوەی قوتابخانە نەدەكردەوە. رۆژانە دوای دەرسخوێندن دەستیان دەكرد بە یاریكردن و كتێب خوێندنەوە.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1965 جەنگ لەنێوان هیندستان و پاكستان لەسەر ناوچەی سنووری» كشمیر» دەستیپێكرد. ئەو جەنگە كاریگەری لەسەر قوتابخانەی « مێری» دانابوو.
راهیبەكانی كاسۆلیك لە قوتابخانەی شەوروژی» مێری» رۆژانە بە بەردەوامی قوتابییەكانیان رادەهێنا لەكاتی ئەگەری هێرشی سوپای هیندستان چۆن بتوانن بەرگری لەخۆیان بكەن، ئەوان كچەكانیان فێر دەكرد كە چۆن لەكاتی هێرشی سوپای هیندستان لەشەودا بتوانن بە خێرایی لە خەو هەستن و بەخێرایی پەنا بۆ پەناگاكان و حەشارگەكان ببەن. لەو قۆنابخانەی كە دەیانخوێند بێنەزیر بەرپرسیارێتی سەنەمی خوشكیشی گرتەئەستۆ. شەوانە لەكاتی خەودا بێنەزیر پێڵاوكانی سەنەمی خوشكی بە قاچی خۆیەوە دەبەست تاكوو ئەگەرشتێك روویدا پێویست نەكات ئەوان بە دوای پێڵاودا بگەڕێین.
بۆ بێنەزیری تەمەن 12 ساڵان و سەنەمی 9 ساڵان خۆ ئامادەكردن بۆ شەڕ و جەنگ هەڵچوون و هەیەجانی خۆی هەیە. لەگەڵ هاوپۆلەكانی یارییان دەكرد و ناوی خواستراو و نازناویان بە یەكتری دەدا كە ئەگەر هاتوو رفاندیانن ئەو ناوانە بڵێن. ئەو قوتابخانە بە شەو و بەڕۆژ هەبوو، لەوێدا منداڵی بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی پاكستان دەیانخوێند، بە قوتابییەكانیان وتبوو ئەگەر شەڕ بوو و ئەوان بە دیل گیران ناوی راستەقینەی خۆیان نەڵێن و نازناو و ناوە خواستراوەكان بەكاربهێنن، مەترسییەكان زۆر جدی بوون. بەڵام لای قوتابییەكان مەترسییەكان جدی نەبوون، چونكە جەنگی نێوان هیندستان و پاكستان لەو كاتەدا 17 ڕۆژی خایاند و هەرگیز ئەو جەنگە نەگەیشتە قوتابخانەكەی ئەوان.
ویلایەتی كشمیر لە بەشی كوێستانی باكووری پاكستان هەڵكەوتووە، بەریتانیا لە ساڵی 1947 كشمیری لەنێوان پاكستان و هیندستان دابەشكرد. ئەو ویلایەتە كێشەی زۆری بۆ هیندستان و پاكستان نایەوە، هەرچەند زۆربەی خەڵكی كشمیر موسڵمانن، بەڵام دوو لەسەر سێی بەر هیندستان كەوت و یەك لەسەر سێی بەر پاكستان. لە ساڵانی 1947 و 1948 و لە ساڵی 1965 ئەو كاتەی كە بێنەزیر لە قوتابخانەی مێری دەیخوێند شەڕ لەنێوان پاكستان و هیندستان لەسەر كشمیر هەڵگیرسا. جارێكی تریش لە ساڵی 2002 هەردوو وڵات تا سەر لێواری شەڕ ڕۆیشتن ، هەڕەشەیان لەیەكتر كرد كە ئەگەر شەڕ هەڵگیرسێت چەكی ئەتۆمی لەدژی یەكتر بەكار دەهێنن.

هۆشیارییەكان
كاتێكی جەنگی نێوان هیندستان و پاكستان لەسەر كشمیر هەڵگیرسا، زولفەقار عەلی بۆتۆ وەزیری دەرەوەی حكومەتی پاكستان بوو، ئەو سەردانی نیویۆركی كرد لە ئەمریكا و پرۆژەیەكی بۆ خەڵكی كشمیر خستەڕوو بۆ ئەوەی خۆیان لەبارەی چارەنووسی خۆیان بڕیار بددەن. ئەو پرۆژەیە رەتكرایەوە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رۆژی 23 ی ئەیلولی ساڵی 1965 بڕیاری ئاگربەستی دا. ئەیوب خان سەرۆك كۆماری پاكستان پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ هیندستان واژۆ كرد و هەردوو وڵات بەڵێنیاندا هێزەكانیان بۆ سەر سنوورە سەرەكییەكانی خۆیان بكشێنەوە.
زۆربەی پاكستانییەكان لەوەی كە حكومەتەكەیان رێككەوتنامەی ئاشتیان لەگەڵ هیندستان واژۆ كردووە توڕە و ناڕازی بوون، هەر بۆیە رژانە سەر شەقامەكان و داوایان كرد كە ئەیوب خان سەرۆك كۆمار دەستلەكار بكێشێتەوە. باوكی بێنەزیر بۆتۆش یەكێك بوو لە ناڕازییەكان. ئەو دەیزانی كە ئەو رێككەوتنە كێشەی كشمیر چارەسەر ناكات، هەربۆیە لە پۆستەكەی خۆی لەحكومەتەكەی ئەیوب خان وازی هێنا و دەستی لەكار كێشایەوە.
زولفەقار عەلی بۆتۆ لەساڵی 1967 حزبێكی سیاسی بەناوی حزبی گەل(خەڵك) دامەزراند، ئەو لەگەڵ گەورەكانی پاكستان قسەی كرد و بۆ سەقامگیركردنی دیموكراسی لەو وڵاتە هانیدان و بۆ ئەوەی دەنگی هەژارترین كەس لەگەڵ دەوڵەمەندترین كەس یەكسان بێت.
بێنەزیر بۆتۆ لە تەمەنی 14 ساڵیدا بۆ یەكەمجار هۆگری سیاسەت بوو. ساڵانێكی زۆر بوو لە ماڵی ئەواندا دایك و باوكی باسی سیاسەتیان دەكرد، بەڵام نەیاندەهێشت ئەو ئاگاداری زۆربەی كێشەكانی پاكستان بێت. ئەویان نارد بۆ باشترین قوتابخانە و لە جوانترین ماڵدا دەژیا و باشترین خۆراكیان بۆ دابین دەكرد و جوانترین جل و بەرگی دەپۆشی( باوكی زۆرترین و نوێترین مۆدێلی جلی لە ئەمریكاوە بۆ دەهێنا) بەڵام وەزعی شەقامەكانی كەراچی شتێكی تر بوو. دواتر بێنەزیر بۆتۆ لەوبارەیەوە نووسی: «خەڵكی ڕەش و ڕووتم زۆر بینی كە جلی گونجاویان لەبەردا نەبوو، كچانم دەدی كە پرچێكی ئاڵۆز و پەشێویان هەبوو، منداڵی لەڕ و لاوازم دەدی. هەر ئەوەش وایكرد كە بێنەزیر سەبارەت بە كێشەكانی ئەو خەڵكە هەژار و نەدارە حەساس و هەستیار بێت و پێی سەیر بوو كە «بۆچی هەژارەكان تەنانەت وەك ئینسانیش حیسابیان بۆ ناكرێت؟»
ماڵی باوكی بێنەزیر بۆتۆ لە كەراچی ببووە بارەگای سەرەكی سەركردایەتی حزبە تازە دامەزراوەكەی پاكستان كە حزبی گەل (خەڵك) بوو.
بەنازیز بۆتۆ و سەنەمی خوشكی بوون بە ئەندامی ئەو حزبە و یارمەتی باوك و دایكیان دەدا بۆ ئەوەی بتوانن ئەندامی زیاتر و تازە بۆ حزبەكەیان كۆبكەنەوە. سەرەتا باوكی لە شارەكانی دەووربەری كەراچی وتاری بۆ چەند سەد كەسێك پێشكەش دەكرد، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو كە لەشارە گەورەكان دەستی كرد بە وتاردان و بۆ هەزاران كەس وتاری پێشكەش دەكرد. ماوەی 11 ساڵ بوو كە ئەیوب خانی دیكتاتۆر حوكمی وڵاتی دەكرد و زولفەقار عەلی بۆتۆی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر خۆی دەزانی و نەیدەویست خەڵك سەرۆكێكی نوێ هەڵبژێرن و پێی وابوو كە عەلی بۆتۆ خوێندكاران و هەژاران هان دەدات بۆ شۆرش.
لەساڵی 1968 ئەیوب خان، باوكی بێنەزیز بۆتۆ و ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی دەستگیر كرد و هەموویانی ڕەوانەی كونەڕەش( واتە گرتووخانە) كرد. دواتر هەموو قوتابخانە و زانكۆكانی وڵاتی داخست بۆ ئەوەی بتوانێت پێش بە شۆڕش بگرێت. لەو كاتەدا بێنەزیر وانەكانی تەواو ببوو، بەڵام نەیتوانی بۆ تاقیكردنەوەكان بچێت و بەشداری تاقیكردنەوەكان بكات.
دایك و خوشك و براكانی جگە لە بێنەزیر هەموویان چوون بۆ لاهور و لە نزیك گرتووخانەی كە باوكی بێنەزیر لەوێ دەستبەسەر كرابوو گیرسانەوە، بەڵام بێنەزیر بۆتۆ لەگەڵ خزمەتكارەكانی لە شاری كەراچی مایەوە، چونكە باوكی چەندین مامۆستای تایبەتی بۆ گرتبووە بۆ ئەوەی لە وانەكانیدا یارمەتیبدەن. باوكی حەزی دەكرد بێنەزیر بۆتۆ جگە لەوەی لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بەشداری بكات، بەڵكو لە تاقیكردنەوەكانی كۆلێژ لە ئەمریكاش بەشداری بكات بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی قۆناغی دواناوەندی بۆ درێژەدان بە خوێندن بچێت بۆ ئەمریكا.
بێنەزیر ڕۆژانە لەگەڵ مامۆستاكانی خەریكی دەرسخوێندن بوو و شەوانەش لەگەڵ هاوڕێكانی دەچوو بۆ مەلەكردن لە یەكێك لە « یانەكانی « نزیك ماڵەكەی خۆیان. بێنەزیر لەوەی كە كاتەكانی لەگەڵ هاوڕێكانی بەسەر دەبات زۆر دڵخۆشبوو، بەڵام بەردەوام دڵی لای باوكی و دایكی و خوشك و براكانی بوو.
بێنەزیر لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1968 بە دزییەوە لەتاقیكردنەوەكان بەشداریكرد، چونكە لەوساڵەدا هەموو قوتابخانەكانی پاكستان داخرابوون. راهیبە كاسۆلیكەكانی قوتابخانەكەی كارێكیان كرد كە قوتابییەكان تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ و هەروەها تاقیكردنەوەكان بۆ بەشداریكردن لە كۆلێژەكانی ئەمریكا لە بارەگای باڵوێزخانەی ڤاتیكان لە پاكستان ئەنجام بدەن. بێنەزیر بەشداری كرد ئەو كاتە تەمەنی 15 ساڵان بوو، باوكی لە زیندانەوە پیرۆزبایی لێكرد. ئەو كاتەی كە باوكی لە تاقیكردنەوەكانی كۆلێژەكانی ئەمریكا بەشداریكرد تەمەنی 18 ساڵ بوو، بەڵام كاتێك بێنەزیر لەهەمان تاقیكردنەوەكان بەشداری كرد تەمەنی 15 ساڵان بوو و ئەمەش سەركەوتنێك بوو بۆ بێنەزیر، هەربۆیە باوكی لە زیندانەوە نامەیەكی ئاڕاستەی بێنەزیر كرد و پێی وت: بەم حیسابە بێت دەتوانیت ببیت بە سەرۆك كۆماری پاكستان.
هاوكات بێنەزیر سەرقاڵی تاقیكردنەوەكان بوو، كه خەڵكی پاكستان ڕژانە سەر شەقامەكان و داوای ئازادكردنی باوكی بێنەزیریان دەكرد. نوسرەت دایكی بێنەزیر لەشاری لاهور خۆپیشاندانێكی گەورەی جەماوەری وەڕێخست. ئەیوب خانی سەرۆك كۆمار، سوپای بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنا. سوپا بە گازی فرمێسكڕێژ بڵاوی بە خۆپیشاندەران كرد. نوسرەت لەگەڵ خۆی خاولییەكی تەڕی بردوو بۆ ئەوەی كە ئەگەر پۆلیس و سوپا گازی فرمێسكڕێژی بەكارهێنا بتوانێت خۆی لە زیانەكانی بپارێزێت. هەرچەند ئەیوب خان سەرۆك كۆماری پاكستان زۆری هەوڵدا خۆپیشاندانەكان ڕابگرێت و خۆپیشاندەران سەركوت بكات ،نەيتوانى، ناچار ملی دا كە بچێتە ژێر باری ئازادكردنی زولفەقار عەلی بۆتۆ و باقی سەركردەكانی حزب گەل.
دوای ئەوەی كە باوكی لە زیندان بەربوو، بێنەزیر و خوشكەكەی زۆر بەخێرایی لەگەڵ دایك و باوكی چوون بۆ بەشداریكردن لە جەژنی ئازادی. خەڵكێكی زۆر دەوروبەری ئۆتۆمبێلەكەی باوكیان دابوو، باوكی بە كچەكانی وت: كە خۆیان لادەن، كابرایەك لەناو جەماوەرەكە بە چەك ویستی تەقە لە ئۆتۆمبێلەكەی هەڵگری بۆتۆ و ژن و منداڵەكەی بكات، چەكەكە گیری كرد و تەقەی نەكرد، جەماوەرەكە چەكەكیان لە كابرا سەند و تا خوا حەز بكات تێیانهەڵدا. زولفەقار عەلی بۆتۆ داوای لە خەڵكەكە كرد لەو كابرایە خۆشبن و ئازادی بكەن، خەڵكەكەش پاش تێهەڵدانێكی چاك وازیان لەكابرا هێنا. بەڵام بێنەزیر دەترسا باوكی بكوژرێت و قەتیش ئەو ترسەی لەكۆڵ نەبووە و بەردەوام بیری لێدەكردەوە.
بێنەزیر فێر بوو كە ئەو جۆرە توندوتیژییانە بە شتێكی ئاسایی وەربگرێت و دواتر خۆی لەوبارەیەوە نووسی:» ژیانی سیاسەتمەداران لە پاكستان بەم شێوەیە بووە و بەدڵنیاییەوە ژیانی ئێمەش هەر بەو شێوەیە دەبێت. هەڕەشەی كوشتن، گەندەڵی و توندوتیژی».
دووبارە باوكی خەبات و تێكۆشان و چالاكییە سیاسییەكانی دەستپێكردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بێنەزیر ئاشنایەتی لەگەڵ كێشەكانی گەلی پاكستان پەیدا كرد ئەو خەڵكەی كە دەست و پەنجەیان لەگەڵ كێشەكان نەرم كردبوو. زۆربەی گەلی پاكستان هەژار و نەخوێندەوار بوون. زۆربەی خەڵكی توانای خوێندن و فێربوونیان نەبوو. بێنەزیر تێگەیشت هەر كاتێك خەڵكی نائومێد و هیوابڕاو خوازیاری گۆڕینی حكومەت بن، دۆخەكە بەرەو توندوتیژی دەڕوات.
باوكی بێنەزیر بۆتۆ پاش ئازادبوونی لە زیندان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سیاسەتەكانی ئەیوب خان سەرۆك كۆماری پاكستان مانی لە خواردن گرت و چەندین مانگ هیچی نەخوارد و لەو ماوەیەشدا خەڵكی لەسەرتاسەر پاكستان دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی زولفەقار عەلی بۆتۆ و پەیوەست بوون بەحزبەكەی ئەو. ئەیوب خانی سەرۆك كۆمار كاتێك بینی كە ناتوانێت ڕێگری لە خەڵكی بكات، ناچار وازی هێنا و دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام لەبری ئەوەی كە ڕێگە بدات هەڵبژاردنێكی دیموكراتێك بۆ دیاریكردنی سەرۆك ئایندەی وڵات بەڕێوە بچێت حكومەتی ڕادەستی سوپا كرد. یەحیا خان لەڕێگەی سوپای بوو بە سەرۆك و دەستبەجێ حكومەتی سەربازی ڕایگەیاند و سوپای ڕاسپارد بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان.

ڕۆیشتن بۆ كۆلێژ و گەڕانەوە
بێنەزیر بۆتۆ بەو هیوایەی بەشداری لە تاقیكردنەوەكانی كۆلێژی ئەمریكای كرد كە بتوانێت ڕێگای باوكی بگرێتەبەر و لە زانكۆی « بركلی» بخوێنێت. باوكی زۆر خەون و خەیاڵی تری لەبارەی كچەكەی لە مێشكدا بوو. ئەو كۆلێژی» رادكلیف» كە بەشێك لە زانكۆ هاڤارد بوو بۆ كچەكەی هەڵبژارد، ئەو كۆلێژە لە « كمبریج ماساچۆست» بوو و زولفەقار عەلی بۆتۆ پێی وابوو هەوای ساردی ئەوێ كاریگەری لەسەر خوێندنی بێنەزیر دەبێت و هانیدەدا زیاتر و باشتر دەرس بخوێنێت.
لە مانگی نیسانی 1969 بێنەزیر بۆتۆ لە كۆلێژی « رادكلیف» ئەمریكا وەرگیرا و نامەی وەرگیرانەكەی بەدەستی گەیشت، ئەو كاتە تەمەنی 16 ساڵان بوو و زۆر كچێكی شەرمن بوو، بەڵام لەوەی كە لەساڵی نوێی خوێندندا دەبێت پاكستان بەرەو ئەمریكا بەجێبهێڵێت زۆر دڵەكوتێ و دڵەڕاوكێی هەبوو.
لە مانگی ئابی هەمان ساڵ باوكی قورئانێكی زۆر جوانی بۆ خستبووە ناو جانتای سەفەرەكەیەوە. بێنەزیر لەبەر ڕۆیشتنی لەبەردەگای ماڵی خۆیاندا ڕاوەستا، دایكی قورئانێكی هێنا و لەسەر سەری بێنەزیر رای گرت و بێنەزیر بەژێری دا ڕۆیشت و قورئانەكەی ماچ كرد و لەگەڵ دایكی بە ئۆتۆمبێل بەرەو فڕۆكەخانە رۆیشتن. ئەمە یەكەمین ژن بوو كە لەناو بنەماڵەی ناوداری بۆتۆ بۆ خوێندن سەردانی دەرەوەی وڵات بكات.
دایكی بۆ ماوەی سێ هەفتە لە ئەمریكا لەگەڵی بوو تا ماڵەكەی لە بەشە ناوخۆییەكان بۆ تەیار و ئامادە بكات و قیبلەی بۆ دیاری بكات بۆ ئەوەی نوێژەكانی بخوێنێت و هەروەها جلوبەرگێكی زۆری لەگەڵ خۆی بۆ كچەكەی هێنابوو كە خۆی دووریبووی. زۆربەی پانتۆڵ و كراسی نەریتی پاكستان لە جۆری كەتان و ئاوریشم بووێن، بەڵام دایكی پانتۆڵ و كراسی لە خوری بۆ دووریبوو تا لە سەرمای سەختی شاری بۆستۆن لەبەری بكات و سەرمای نەبێت.
بێنەزیر لە ئەمریكا هەستی بە غەریبی دەكرد و زۆربەی هاوپۆلەكانی نەیاندەزانی پاكستان لەكوێیە و لەكوێ هەڵكەوتووە و بێنەزیر ناچار بوو بە هاوپولەكانی بڵێت كە پاكستان لە نزیك هیندستان هەڵكەوتووە.
لەبەركردنی جلی پاكستانی بۆ بێنەزیر بۆتۆ، ئەوی لەوانی تر جیا دەكردەوە و ئەمەش ببوو هۆی ئەوەی كە خەفەتی پێبخوات و هەست بە ئازار بكات. دوای ئەوەی دایكی گەڕایەوە، بێنەزیر بۆتۆ دەستبەجێ چوو بۆ ماركێتی كۆڵیژەكەیان و لەوێ دەستێك چاكەت وپانتۆڵی زستانەی گەرمی كڕی. بە پێی دابونەریتی ئیسلامی ئەو دەبوایە لەشوێنە گشتییەكان خۆی دابپۆشێت. ئەو پێی وابوو ئەو چاكە و پانتۆڵەش هەر وەك جلەكانی تری خۆی وایە و جەستەی دادەپۆشێت و ئیتر كەمتر لەناو هاوپۆلەكانی هەستی بە نامۆیی و غەریبی دەكرد.
پاش ماوەیەك بێنەزیر زۆر بەخێرایی لەگەڵ ئەمریكا ڕاهات و لەگەڵ كچەكانی بەشی ناوخۆیی بوو بە هاوڕێ و پێكەوە دەرسیان دەخوێند و پێكەوە سەیری فیلمیان دەكرد و پێكەوە بۆ كڕینی دۆندرمە دەچوونه دەرەوه. وردە وردە هۆگری خواردنی جۆرە دۆندرمەیەك بوو كە تامەكەی لە نەعنا دەچوو. زۆر بە باشی دەرسی دەخوێند و قوتابییەكەی زۆر باش بوو. دوای ئەوەی كە توانی بەسەر شەرمنی خۆی دا زاڵ بێت بابەتی بۆ رۆژنامەیەك دەنووسی كە لە كۆلێژەكەیان دەردەچوو.
كاتێك بێنەزیر پێی نایە ناو كۆلێژی رادكلیف، بەنیاز بوو كە دەروونناسی بخوێنێت، بەڵام هەر زۆر زوو هەستی بەوە كرد كە لەناو وانەكانی دەروونناسی یەكەی ئاژەڵناسی هەیە كە لەو یەكەدا جەستەی ئاژەڵەكان لەت و كوت دەكرێن و شی دەكرێنەوە و باسی لەسەر دەكرێت، بێنەزیر كە هۆگری سەگ و پشیلە بوو و لەگەڵ پشیلە و سەگ هاوڕێ و لەگەڵیان گەورە ببوو حەزی نەدەكرد ئاژەڵەكان لەت و كوت بكات، هەربۆیە وازی هێنا و بڕیاری بەشی» بەراوردكاری» بخوێنێت. دەستی كرد بە خوێندنی بەشی حكومەتی بەراوردكاری، ئەو شێوازگەڵ و فۆڕم و شكڵ و شێوەی جیاوازی حكومەتەكان بۆ نموونە، دیكتاتۆری، كۆمۆنیزم، دیموكراسی و.. هتد فێر بوو، تێگەیشت لەچاو هاوپۆلەكانی زانیاری زیاتری لە بارەی سیستمی حكومەتەكانەوە پێیە، بۆ نموونە دەیزانی كە دیكتاتۆرێكی وەك ئەیوب خان لە پاكستان هەيه، بۆیە باوكی دەستگیر كردووە تەنها لەبەر ئەوەی لەدژی حكومەتی پاكستان وتاری داوە.
هەرچەند پاكستان لە ئەمریكاوە زۆر دوور بووه، بەڵام دایك و باوكی بێنەزیر بەردەوام نامەیان بۆ دەنووسی و رۆژنامەكانی پاكستانیان بۆ دەنارد و بێنەزیر بۆخۆیشی راپۆرتە هەواڵییەكان دەخوێندنەوە و گوێی لە ڕادیۆی ئینگلیزییە زمانەكان دەگرت بۆ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخ و هەلومەرجی وڵاتەكەی بێت.
لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1970 یەحیاخان سەرۆك كۆماری پاكستان بڕیاریدا هەڵبژاردنی دیموكراتیك لەوڵات بەڕێوە بچێت، بێنەزیر شەوێ تا بەیانی نەخەوت بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئاگادار بێت. بەیانی دایكی بە تەلەفۆن ئاگاداری كردەوە كە باوكی و حزبەكەی توانیویانە زیاتر لە نیوەی كورسییەكانی پەرلەمان ببنەوە. بێنەزیر شانازی بە باوكییەوە دەكرد و هاوكاتیش زۆر نیگەران و بێتاقەتبوو كە لە پاكستان نییە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری لە ئاهەنگەكانی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان بكات و لەگەڵ خانەوادەكەی بەشداری جەژنی سەركەوتن بكات.
زولفەقار عەلی بۆتۆ پەیوەندی بە سەركردە هەڵبژێردراوەكانی ترەوە گرت و داوای لێكردن كە پێكەوە حكومەت دامەزرێنن و دەسەڵات لە ژێر چنگی یەحیاخان دەربهێنن، ئەو حكومەتە یاسایەكی نویی دەنووسیوە كە كە مافی یەكسانی بەهەموو هاووڵاتیانی پاكستانی دەدا، بەڵام سەركردە هەڵبژێردراوەكانی پاكستانی رۆژهەڵات ئامادە نەبوون پەیوەست بن بە بۆتۆ و پاكستانی رۆژئاوا، سەركردەكانی پاكستانی رۆژهەڵاتیش نیگەرانی ئەوە بوون كە دەبوایە بۆتۆ سەرۆكی پەرلەمانی نیشتمانی رادەستی پاكستانی رۆژهەڵاتی كردبوایە، بەڵام ئەو بە ساختەكاری پەرلەمانی نەداوە بەوان. سەركردەكانی پاكستانی رۆژهەڵات دەیانویست ئەو بەشە سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و ببێت بە دەوڵەت. لە سەرەتای ساڵی 1971 شەڕ لەنێوان پاكستانی رۆژئاوا و پاكستانی رۆژهەڵات هەڵگیرسا و دەستبەجێ حكومەتی هیندستان پشتیوانی خۆی لە پاكستانی رۆژهەڵات دەربڕی. بەرگریكردنی سوپای پاكستانی رۆژئاوا لەبەرامبەر سوپای هیندستاندا كارێكی سەخت و دژوار بوو.
لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1971 زولفەقار عەلی بۆتۆ سەردانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ ئەوەی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكات كە هیندستان ناچار بكەن هێزەكانی خۆی لە پاكستانی رۆژهەڵات بباتە دەرەوە، لەو كاتە بێنەزیر بۆتۆ كە لە ئەمریكا بوو چوو بۆ لای باوكی و چوار رۆژی رەبەق لە پشت سەری باوكی لە كۆبوونەوەكاندا دانیشت و گوێی لە باوكی گرت كە چۆن داوا دەكات پاكستان بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە. هەرچەند بێنەزیر بۆتۆ هەم متمانەی بە باوكی هەبوو و هەم بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دڵنیا بوو كە ئەنجومەنی ئاسایش فەرمان بە هیندستان دەكات هێزەكانی لە پاكستانی رۆژهەڵات بكشێنێتەوە، بەڵام رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەدژی پاكستانی رۆژئاوا دەنگیدا و دەستبەجێ پاكستان رۆژهەڵات سەربەخۆیی خۆی راگەیاند و وڵاتێك نوێ بە ناوی بەنگلادش دامەزرا و راگەیەندرا.
بۆ بێنەزیر بۆتۆ زۆر سەخت بوو كە لە سیاسەتی پاكستان تێبگات، ئەویش هەر وەك باوكی پێی وابوو دابەشكردنی پاكستان هەڵەیە، بەڵام ئیسلام لە هەر دوو بەشەكەدا سەرەڕای جیاوازییەكان ئەوان یەكگرتوو رادەگرێت. ئیتر ئەو پێی خۆشبوایە و پێی ناخۆش بوایە هەلومەرجەكە گۆڕابوو، باوكی دوای تەواوبوونی جەنگ بوو بە سەرۆك كۆماری وڵاتێكی بچووك.
كاتێك كە زولفەقار عەلی بۆتۆ بوو بە سەرۆك كۆمار، بێنەزیر لەگەڵ باوكی دوای پشووی كۆلێژ چەندین سەیران و سەفەری كرد لە ساڵی 1972 باوكی و خۆی چاویان بە ئەندێرا گاندی سەرۆك وەزیرانی هیندستان كەوت. كاتێک تێگەیشت كە ئەو ژنە بەچ هێز و توانایەك وڵاتێكی گەورەی وەك هیندستان بەڕێوە دەبات و كەوتە ژێر كاریگەری ئەو. بێنەزیر خۆی دەڵێت: هیچ دەرسێكی كۆلێژ بە قەت سەفەرەكەی ئەو لەگەڵ باوكی نەیتوانیوە لەبارەی حكومەتەكانەوە پەندی فێر بكات.
بێنەزیر ساڵی 1973 توانی بڕوانامەی بەكالوریس لە بەشی بەراودكاری حكومی لە كۆلێژی « رادكلیف « وەربگرێت، پێی خۆش بوو لە ئەمریكا بمێنێتەوە و بڕوانامەی ماجستەر بخوێنێت، بەڵام باوكی نەیهێشت و ناوی ئەوی لە زانكۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا تۆمار كرد. دواتر باوكی لە نامەیەكدا هۆكاری ئەو كارەی بۆ كچەكەی رووندەكاتەوە و بۆی دەنووسێت:» چوارساڵ مانەوە لە شوێنێك زۆر زۆرە، ئەگەر زیاتر لەم ماوەیە لە ئەمریكا بمێنێتەوە ئەوە لەوێ ریشە دادەكوتی. بێنەزیر دەیویست بۆ یەكەمجار لەوبارەیەوە لەگەڵ مشتومڕ بكات، بەڵام لە كۆتایی دا پێشنیارەكەی باوكی قبوڵ كرد و چوو بۆ بەریتانیا.
لە پاییزی ساڵی 1973 باوكی لەنامەیەكدا بۆ بێنەزیر دەنووسێت كە چەندی پێخۆشه و دڵخۆشە كە كچەكەی لە زانكۆی ئۆکسفۆردە و دەڵێت:» دوعا و نزات بۆ دەكەم و هیوادارین ئەو خەونەكەی كە بۆ خزمەت كردن بە وڵاتەكەت هەتە، بێتەدی».
هەر لە هەڕەتی لاوییەوە بێنەزیر بۆتۆ هەستی بەوە كرد كە باوكی حەز دەكات لەكاروباری حكومەتدا دەستبەكار بێت و بیری دەكردەوە كە لە وەزارەتی دەرەوە كار بكات. پێی خۆشە سەردانی وڵاتانی تر بكات و پاكستان بەوان بناسێنێت و بانگەشە بۆ وڵاتەكەی بكات. بەڵام پێی خۆش نەبوو ببێتە بە سیاسەتمەدار.
ئەو چوارساڵەی كە لە ئۆكسفورد بوو زۆر خۆش گوزەراندی. بەو ئۆتۆمبێلە زەرد رەنگەی كە باوكی بەدیاری بۆی كڕیبوو هەموو دەورووبەری شار دەگەڕا. هاوڕێكانی ئۆتۆمبێلەكەی ئەویان دەناسی و لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكەی پەیامیان بۆ دەنووسی. بێنەزیر بە ئەتۆمبێلەكەی سەردانی شاری لەندەنی دەكرد و دەچوو بۆ بینینی شانۆ. ئەو دۆندرمە نەعناییەی دەخوارد كە كاتی خۆی لە ئەمریكا تامی كردبوو. لەو ماوەیەدا بێنەزیر زۆر كۆمەڵایەتیی ببوو و تێكەڵاویى خەڵك دەبوو و بۆ ئەوەی كە لێهاتوویی هەبێت لە گفتوگۆ و قسەكردندا سەردانی ئەو ئەنجومەنانەی دەكرد كە تایبەت بوون بەو بوارە.
بێنەزیر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ئۆكسفۆرد سیاسەت و فەلسەفە و ئابووری خوێند و بۆ ساڵی چوارەم وانەی یاسا و دبیلۆماسی نێودەوڵەتی هەڵبژارد و خوێندی. ئەو بە تەمای ئەوە بوو كە ئەو وانەیە بتوانێت یارمەتیدەری بێ بۆ ئامادەبوونی لە وەزارەتی دەرەوەی پاكستان.
بێنەزیر رۆژی 21 مانگی حوزەیرانی ساڵی 1977 لە بیست و چوارەمین ساڵی لە دایكبوونیدا جەژنی دەرچوونی لە زانكۆ، لە باخێكی نزیك بەشە ناوخۆییەكانی هاوڕێكانی ساز كرد كە بەشێوەیەك لە شێوەكان لە مەراسیمی ماڵئاوایی دەچوو. لەو ئاهەنگە بێنەزیر لە كاتی خواردن شلك و خامە هەندێك لە بیرەوەرییەكانی خۆی لە ئۆكسفۆرد گێڕایەوە و ناونیشانی ماڵی هاوڕێكانی وەرگرت. ئەو پێی خۆش بوو دوای 8 ساڵ خوێندن لە ئەمریكا و بەریتانیا بگەڕێتەوە بۆ پاكستان و مەیلێكی سەرشێتانەشی هەبوو بۆ گەڕانەوە. بێنەزیر زۆر شانازی بەخۆی دەكرد كە لە زانكۆیەك دەرچووە كە پێشتر باوكی لەو زانكۆیە خوێندوویەتی.
لەو ماوەیەی كە بێنەزیر بۆ خوێندن لە دەرەوەی پاكستان بوو، كێشەكانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوو. هەرچەند باوكی لە مانگی ئابی ساڵی 1973 بوو بە سەرۆك وەزیران، بەڵام نائارامی ، توندوتیژی ، بگرە و بەردەكان هەر لەو وڵاتە بەردەوام بوون. تەنانەت جارێكیان پۆلیسی لەندەن سەردانی زانكۆی ئۆکسفۆردی كردبوو و هۆشداری دابووە بێنەزیر بۆتۆ كە ئاگای لەخۆی بێت نەبادا نەیارانی باوكی زیانی پێبگەیەنن. بێنەزیریش خۆی دەپاراست ، هەرچەند نائارامییەكانی پاكستان لە بەریتانیاوە زۆر دوور بوو.
لە مانگی حوزەیران 1977 بێنەزیر و خوشك و براكانی هەموویان چوونە ماڵەكەی خۆیان بۆ ئەوەی لە دەوری یەكتر كۆببنەوە و تەنها دایك و باوكی لە بینای سەرۆك وەزیران لەشاری راولپەندی مابوونەوە. ئەو شارە تا ئیسلام ئاباد مەودایەكی هەبوو. بنەماڵەی بۆتۆ لەو كاتانەی كە پێكەوە بوون و لەدەوری یەكتر كۆدەبوونەوە چێژيان وەردەگرت و خۆشیان دەگوزەراند. باوكی بەخێرهاتنی بێنەزیری كرد و پێی راگەیاند: لەناو دامودەزگا حكومەتییەكان كارێكی بۆ پەیدا كردووە. بێنەزیر دەستبەجێ وەك رێكخەر لە نووسینگەی باوكی دەستبەكار بوو.
دە رۆژ دواتر ژیانی بێنەزیر بۆتۆ بۆ هەمیشە گۆڕدرا. بەرەبەیانی رۆژی پێنجی مانگی تەمووزی ساڵی 1977 سوپای پاكستان بە فەرماندەیی ژەنەڕاڵ زیاحەق بەشێوەیەكی زۆر توندوتیژ حكومەتی پاكستانی لەسەر كار لابرد. یەكێك لە هاوڕێكانی باوكی، ئاگاداری كردنەوە كە سوپا ئەوانی گەمارۆ داوە. براكانی بێنەزیر دەیانویست لەبەرامبەر سوپای پاكستان بێنە دەست و بەرگری لەخۆیان بكەن كە زولفەقار عەلی بۆتۆ ڕێگەی نەدا و رایگەیاند: هەرگیز لەبەرامبەر كودەتای سەربازی بەرگری مەكەن، ژەنەڕاڵەكان دەیانەوێت ئێمە بكوژن. زولفەقار بۆتۆ داوای لە ئەندامانی خێزانەكەی كرد كە كەلوپەلەكانیان بپێچنەوە و بە یەكەمین گەشتی ئاسمانی بڕۆن بۆ كەراچی. پێی خۆش نەبوو ئەندامانی خێزانەكەی دەستگیر بكرێن و زیانیان پێبگات. دەیزانی كە سوپا تەنها كاریان بە خودی خۆیەتی. هەموویان شەوێ تا بەیانی چاوەڕوانی ئەوە بوون كە سوپا زولفەقار عەلی بۆتۆ دەستگیر بكات. براكانی بێنەزیر بۆتۆ بە یەكەمین گەشتی ئاسمانی گەیشتنە كەراچی. دایكی بێنەزیر دەیزانی كە گیانی كوڕەكانی زیاتر لە گیانی كچەكانی لە مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەدا دایك و دووكچەكە( ژنەكەی زولفەقار و بێنەزیر و سەنەم) چاوەڕێی گەیشتنی سوپا بوون. سەعات هەشتی بەیانی بوو كە نوسرەت كچەكانی بانگ كرد و وتی: بێنەزیر، سەنەم ، كچەكانم، وەرن باوكتان دەیەوێت بڕوا. زولفەقار لە ئۆتۆمبێلە سەركەوت و لە كوشنی دواوە دانیشت، بێنەزیر بە نیشانەی ماڵئاوایی كردن دەستی ڕاوەشاند و زولفەقار ئاوڕێكی لە كچەكەی دایەوە و ڕۆیشت.
باوكی بێنەزیریان بۆ هاوینەهاواری بنەماڵەكەیان برد لە مێری. لەوێ دەستبەسەر بوو، بۆی نەبوو لەوێ دەربچێت، بەڵام رێگەیان پێدابوو كە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنەماڵەكەیەوە بكات و ئاگاداری وەزعی ژن و منداڵەكانی بێت.
ژەنەڕال زیاحەق پێی وایە بوو بە سەرقاڵكردنی خەڵك و بێدەنگكردنی خەڵك كارێك دەكات كە خەڵك ، قارەمانەكەی خۆیان( مەبەست زولفەقار بۆتۆیە) لەبیر دەكەن و لەبیریان دەچێتەوە، بەڵام بێنەزیر بۆتۆ و دایكی لە كەراچی لەناو ئاپۆرەی خەڵكدا وتاریان پێشكەش كرد ، ژەنەڕاڵ زیاحەق تێگەیشت كە دەستگیركردنی بۆتۆ و زیندانی كردنی بۆتە هۆی ئەوەی كە ئاستی خۆشەویستی بۆتۆ بەرز بێتەوە، هەربۆیە لە كۆتایی مانگی تەمووز زولفەقار بۆتۆی ئازاد كرد. خەڵكی كەراچی لە وێستگەی شەمەندەفەڕی شارەكە چوون بۆ پێشوازی، جەماوەركە ئەوەندە زۆر كە ماوەی 10 كاتژمێری خایاند تا بۆتۆ لەوێستگەی شەمەندەفەرەوە بگاتەوە ماڵەكەی خۆی.

ساڵەكانی بەندیخانە
ژەنەڕاڵ زیاحەق لە مانگی تەمووز بە دەسەڵات گەیشت و بەڵێنی دا كە هەڵبژاردنی نوێ لە مانگی تشرینی یەكەم ئەنجامبدات. باوكی بێنەزیر بۆتۆ بە تەمای ئەوە بوو بگەڕێتەوە بۆ پێگە و جێگەی جارانی، بەڵام لە مانگی ئەیلولدا، سوپا دووبارە زولفەقار بۆتۆیان بە تۆمەتی ئەوەی كە پلانی داناوە بۆ كوشتنی زیاحەق قۆڵبەست كرد و ڕەوانەی بەندیخانەیان كرد. بێنەزیر و دایكی بۆ ماوەی ساڵێك هەموو هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی زولفەقار عەلی بۆتۆ خستەگەڕ، بەڵام سوودی نەبوو و خۆشیان چەندین جار لە ماڵەوە دەستبەر كران. براكانی بێنەزیر بۆتۆ جارێكی تر ناچاربوون كە لەوڵات ڕابكەن و هەڵبێن.
لە مانگی ئازاری ساڵی 1978 باوكی بێنەزیر لە لایەن دادگاوە بە تاوانبار لەقەڵەمدرا و سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا. بێنەزیر كاتێك ئەو هەواڵەی بیست، تەنیا بوو، خوشك و براكانی لە دەرەوەی وڵات بوون و دایكیشی لە ماڵێك لە نزیك گرتووخانەكەی زولفەقار عەلی بۆتۆ لە راولپندی دەستبەسەر بوو. بێنەزیر نەیدەزانی كە چ كەسێک دەتوانێ یارمەتی بدات و كۆمەكی بكات، بەڵام هیوابڕاو نەبوو و هیوادار بوو كە بتوانێت كارێك بكات. سەرانی وڵاتانی روسیا و چین و توركیا و سعودیە و كەنەدا و میسر داوایان لە ژەنەڕال زیاحەق كرد كە بڕیاری لەسێدارەدانی زولفەقار عەلی بۆتۆ بۆ زیندانی هەتاهەتایی بگۆڕێت.
بێنەزیر بۆتۆ بە هاوكاری چەند پارێزەر داواكایەكیان بۆ دیوانی باڵای دادی پاكستان ئامادە كرد. هاوكات كە چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دادگای باڵا لە مانگی ئازاردا توانی لە گرتووخانە سەردانی باوكی بكات، لەو كاتە بێنەزیر بۆتۆ سەگەكەی خۆی كە ناوی « هێپی» بوو لە ژێر چاكەتەكەی شاردبووە و لەگەڵ خۆی بردبوویە ژوورە ، هەرچەند پاسەوانەكە دەیزانی بەڵام رێگەی پێدا. هێپی لەناو گرتووخانەكەدا دەگەڕا و بۆنی دەكرد بۆ ئەوەی خاوەنە راستەقینەكەی بدۆزێتەوە( زولفەقار عەلی بۆتۆ). كاتێك كە زولفەقار عەلی بۆتۆی دۆزییەوە لە سەر كەتیبەكانی گرتووخانەكەوە خۆی هەڵداشت و چوو بۆ لای زولفەقار عەلی بۆتۆ.
بێنەزیر بۆتۆ لە دەفتەری بیرەوەرییەكانیدا نووسیویەتی» لانیكەم دەمتوانی چەند ساتێك لەو رۆژانە بۆ باوكم زیندوو بكەمەوە كە پێشتر ئێمە پێی ڕاهاتبووین، هەموومان لەژێر یەك میچ و سەقفێكیان دەژیان و لەناو باخەكەمان سەگ و پشیلەمان هەبوو.»
لە كۆتایی مانگی ئازار دادگای باڵای پاكستان پێشنیاری كرد كە سزای زولفەقار عەلی بۆتۆ لە سێدارەوە بگۆڕدرێت بۆ هەتاهەتایی. ئەمە هەواڵێكی خۆشبوو، بەڵام بێنەزیر دەیزانی كە بڕیاری كۆتایی لای ژەنەڕاڵ زیاحەقە.
بێنەزیر و دایكی دووبارە دەستگیر و لەماڵێك لە نزیك بنكەی پۆلیس لە راولپندی لەژێر چاودێری(گلدانەوەی زۆرەملێ) دابوون. بێنەزیر لەو ژوورە بچووكەی كە تێدا دەستبەسەركرابوو بەردەوام دەهات ودەچوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەك لە شێوەكان ڕێگایەك بۆ ڕزگاركردن و دەربازبوونی باوكی بدۆزێتەوە.
پاپا ژان پۆلی دووەم رابەری كاسۆلیكەكانی جیهان، سەرانی وڵاتانی روسیا و بەریتانیا و سعودیە و ئەمریكا داوایان لە ژەنەڕاڵ زیاحەق كرد كە زولفەقار بۆتۆ ببەخشێت و لێی خۆشبێت.

ماویەتی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...