سەرەکی » دۆسێ » بزووتنەوەی نوجەبا: شەڕ روونادات

لێكدانەوە بۆ ململانێكان دەكات

بزووتنەوەی نوجەبا: شەڕ روونادات

سەركردەیەكی بزوتنەوەی نوجەبا، ڕەتیدەكاتەوە ململانێی سەربازی لەنێوان ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیدا روبدات، جموجۆڵ و هەڕەشەكانی ئەمریكاش لەو بارەیەوە بۆ ڕازیكردنی ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی لەقەڵەم دەدات.
ئەبو وارس موسەوی، سەركردە لە بزوتنەوەی نوجەبای عیراقی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە:”ئەو هەڕەشە و جموجۆڵانەی ئەمریكا ئەنجامیان دەدات، ناگەنە ئاستی بەرپابوونی جەنگ، ئەمریكا دەیەوێت لایەنی بەرانبەر سازشی زیاتر بكات، و ناچاری بكات بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان”، تەواوی هەوڵەكانیش لەو بارەیەوە بە تێكەڵكردنی كارتەكان ناودەبات.
سەبارەت بە تۆمەتی وابەستەبوونی بزوتنەوەكەش بە كۆماری ئیسلامییەوە، موسەوی دەڵێت:”كاتێك بە شوێنكەوتەیی بۆ كۆماری ئیسلامی، یان وڵاتانی تر تۆمەتبار دەكرێین، دەڵێین ئێمە رێز لە وڵاتان دەگرین، بەڵام باڵی هیچ وڵاتێك نیین و سەر بە هیچ وڵاتێك نابین، ئێمە نوێنەرایەتی عیراق دەكەین».
هەر لەو بارەیەوە ئەبو وارس موسەوی ڕایگەیاندووە:”بزوتنەوەی نوجەبا، بزوتنەوەیەكی عیراقییە و رێز لە هەموو پێكهاتەكان دەگرێت و لە گەلی عیراقەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕوای بە دیالۆگی ئامانجدار هەیە، و بەدوورە لە تەنگژە و دروستكردنی تەنگژەكان، نایەوێت ببێت بە بەشێك لە كێشەكان، بەڵكو دەیەوێت ببێتە بەشێك لە چارەسەر».
بە گوتەی موسەوی”ئێمە لە هەناوی گەلی عیراقەوە هاتووینەتەدەر، لەپێناو سەروەریی وڵات و هەموو گەلی عیراقدا چەندان شەهیدمان پێشكەش كردووە، بڕوامان بە تایەفەگەریی و ئەتینی و نەتەوەیی نییە، بەڵكو بڕوامان بە یەكپارچەیی نیشتمان هەیە بەهەموو پێكهاتەكانی».
لەبارەی ململانێكانی ئێستای ناوچەكەش، سەكردەیەكی بزووتنەوەی نوجەبا باسی لە هەڵوێستی بزووتنەوەكەیان دەكات لەبارەی مانەوەی هێزە بیانییەكان لە عیراق، هەڵوێستی نوجەباش بەرانبەر بە دانانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆری ئەمریكادا ئاشكرا دەكات.
ئەبو وارس موسەوی، سەركردە لە بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت:»تائێستاش زۆرێك لەنێو پەڕلەمانی عیراق و كەسێتییە سیاسییەكان و لایەنە نیشتمانییەكان، مانەوەی هێزە بیانییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ڕەتدەكەنەوە”، ئاماژەی بەو بزاوتنەش كردووە، كە لەئێستادا لە پەڕلەمان لەئارادایە.
بە گوتەی موسەوی، «ئەوان پێشتر گوتویانە، لایەنی سیاسی و یاسایی ڕۆڵی گەورە دەبینن لە كۆتایی هێنان بە بوونی ئەو هێزانە لە عیراق، لەلایەكی ترەوە ئەگەر ئەمریكاییەكان بایەخیان بە بڕیاری حكومەتی عیراقی و كۆدەنگی فراكسیۆنە سیاسییەكان نەدا، ئەو كاتە بزوتنەوەكە قسەی تری دەبێت، چونكە ئەوان وەك پێشتر بەرگرییان لە سەروەری عیراق كردووە و بەرگرییان لە پڕۆسەی سیاسی كردووە، بە هەمان شێوە بەرگری لە بڕیاری سیاسی عیراق دەكەن».
لەبارەی دانانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە لیستی تیرۆری ئەمریكادا، سەركردەكەی بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت: “ئەو بڕیارە پەیوەندی بە عیراقەوە نییە، چونكە بڕیارەكانی ئەمریكا بەردەوام بڕیاری تاكلایەنەن، لەمڕۆداشدا كاتێك ئەمریكا دەستدرێژی دەكاتە سەر دامەزراوەیەكی سەربازی حكومی و دەستوری و یاسایی، سبەینێ‌ دەستدرێژی دەكاتە سەر دامەزراوە یاساییەكانی وڵاتانی تر».
ئەبو وارس موسەوی پێیوایە»گەر ئەمریكا دژایەتی وڵاتێك بكات، مانای ئەوەی نییە دەبێت ئەوان لە میحوەری ئەودابن، بۆیە پێیانوایە هەڵوێستی فەرمی عیراقیش لەگەڵ هیچ محیوەرێكدا نییە، ئەمەش لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانەوە ڕاگەیەندراوە».
بە بۆچوونی ئەبو وارس موسەوی «ئەو جۆرە بڕیارانە بەشێكن لە ماكینەی سیاسی و میدیایی بۆ گوشارخستنە سەر ئێران، ئەمەش هەرگیز لە ترۆپكیدا ناگەنە ئاستی ڕووبەڕبوونەوەی سەربازی».
بزوتنەوەی نوجەبا، ناوەكەی لە وتارێكی سەیدە زەینەبەوە وەرگرتووە لە مەجلیسی یەزید كاتێك وەك زیندانی راپێچی دادگای خەلیفەی ئەمەوییەكان كرابوو لە دوای شەڕی كەربەلا كە لەو دەمەدا دەفەرموێت»سەیری زۆر سەیرە حزبوڵڵای نوجەبا بەدەستی حزبی شەیتانی تەڵەقا دەكوژرێت».
بزوتنەوەی نوجەبا، لە هێزەكانی عەسائیبی ئەهلی حەقی نیمچە سەربازی عیراقییەوە لە ساڵی 2013وە سەرچاوەی گرت و لەلایەن شێخ ئەكرەم كەعبی دامەزرێنەری هەردوو بزوتنەوەكەوە سەركردایەتی دەكرێت.
كەعبی پێوابووە، لە دوای ماوەیەك لە دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەكداری، جەنگی ئەهلی لە سوریا، ناچاری كردن هێزێكی سەربازی دروستبكەن، ڕەتیشیدەكاتەوە لە عەسائیبی ئەهلی حەق جیابوبێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانەوە رێچكەی یەكگرتنی لەگەڵ عەسائیبدا هەڵنەبژاردووە.
ئەو دوو لایەنە تائێستاش زۆر لە یەكترەوە نزیكن، بەجۆرێك كە لە هەمان كاتدا یادی شەهیدەكانیان دەكەنەوە.
دەگوترێت نوجەبا بەشێوەیەكی ئاشكرا لەلایەن ئێرانەوە پڕچەك دەكرێت و مەشقی پێدەكرێت و راوێژی سەربازی وەردەگرێت.
لەڕووی ئایدۆلۆجیاوە شوێنكەوتەی ویلایەتی فەقیهی ئێرانییە، كەعبیش ڕایگەیاندبوو كە حكومەتی عیراقی دەڕوخێنێت و شان بە شانی حوسییەكان لە یەمەن شەڕ دەكات، گەر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی فەرمانی پێبكات.
نوجەبا یەكەم لایەن بوو كە هێزی سەربازی عیراقی رەوانەی سوریا كرد، و لە شەڕەكانی باشووری حەلەب و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر هەردوو شارۆچكەی نوبل و زەهرای شیعەنشیدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

150 هەزار كەس لە باكووری خۆرئاوای سوریا ئاوارەبوون

بەر لە دەستپێكردنی هێرشە وشكانییەكانی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی بۆ ...