سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » یەكێتی و گوتاری سیاسی

یەكێتی و گوتاری سیاسی

نزیكدەبینەوە لە 44 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بێ ئەوەی باس لە مێژوو و قۆناغەكانی بەردەوامێتی ئەو حزبە بكەم، دێمە سەر ئەو پرسیارەی كە رەنگ بێت پرسیاری زۆرێك لە ئێمە بێت، ئەویش گوتاری سیاسی هەنووكەی یەكێتییە، دەپرسین گرنگیترین داڵە گوتارییەكانی یەكێتی چین و بە چی دەتوانین گوتاری ئێستای یەكێتی دەستنیشانی بكەین و لە كوێدا و بە كام بنەمای گوتاری یەكێتی ماڵی خۆی لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان جیا دەكاتەوە؟
كە یەكێتی دروست دەبێت ئەدەبیاتێكی نوێی سیاسیش لەگەڵ خۆی دەهێنێتە ئاراوە، كە هەوڵی داوە بەپێی هەولومەرجی ئەو كات چەمك و دەستەواژە و دیاردەكان بخاتە پاڵ یەك و ناسنامەیەكی نوێیان پێ ببخەشێت. بەمەش یەكێتی گوتارو ئەدەبیاتی سیاسی خۆی لە دووبارە پێناسەكردنەوەیان جیادەكاتەوە لە گوتاری باوی سیاسی پێش و سەردەمی خۆی، هەر ئەوەشە وادەكات ئەوكات یەكێتی بە دیاردەیەكی نوێی سیاسی بناسین، كە دەیەوێت دنیابینییەكی تر لەبارەی سیاسەت و شۆڕش و چەمكەكانی وەك ئازادیی و پرسی چینایەتی و ئازادی رادەربڕین بهێنێتە ئاراوە.
گوتارێك بۆئەوەی جیاوازبێت، دەبێت لە دژبوونی لەگەڵ گوتاری زاڵی بەرامبەردا دەربكەوێت، بۆ تێگەیشتن و چۆنیەتی دروست بوونی هەر گوتارێكی نوێ لەبەرامبەر گوتارە كۆن و دژەكان، دەبێت بڵێین: تێگەیشتنی تیۆری گوتار بەبێ تێگەیشتن لە دژبوون(antagonism) و جیاوازیی(otherness) مەحاڵە. گوتارەكان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دژبوون و جیاوازیی لەگەڵ یەكتر دروست دەبن. ئەم جۆرە لە دژایەتی و غیریت سازییە خۆی هۆكارێكە بۆ دروستبوون و پەیداكردنی ناسنامەی هەر گوتارێك. چونكە لە بنەمادا دروستبوونی ناسنامەی هەر گوتارێك لە بەرەنجامی روبەڕوبونەوە و جیاوازییە لەگەڵ گوتارە دژەكان.
بەهەموو ئەمەوە پرسیار ئەوەیە ئێستا یەكێتی لە قۆناغی 44 ساڵەی خۆیدایە، كەوایە گرنگە ئەوە بخەینەڕوو گوتاری سیاسی ئێستا یەكێتی تەعبیر لە چی دەكات و بەچی دەكرێت لە گوتارەكانی دیكەی حزبە سیاسییەكان جیایبكەینەوە؟
بۆئەوە دەبێت لایەنی كەم لەگوتاری ئێستای یەكێتی بڕوانین، بەتایبەت لە لایەنێكەوە: گوتاری سیاسی یەكێتی لەبارەی ئاڕاستەكردنی لایەنگر و هەوادارانی، یەكێتی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا وەك حزبێكی سیاسی ئایا توانیویەتی خاوەن گوتارێكی یەكگرتووی ناوخۆیی بێت بۆئەوەی لای لایەنگرانی روون بێت كە حزبەكەیان سیاسەتی روونی حزبی چییە و بەرگریی لە چی دەكات؟
هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی ناتەندروستی سیاسی و پەیوەندیی سیاسی تێدەپەڕێت و لەهەر ئان و ساتێكدا چاوەڕێی تەقینەوەی لێدەكرێت، بەو پێیەی سەرجەم ئەو رێكەوتننانەی كە كراون، رێكەوتنی شەخسی و كەسین كە تارێكەوتنەكان دەكەونە جێبەجێكردنەوە ماوەی ئیمزاكردنی رێكەوتنەكان كۆتاییان هاتووە، بۆ ئەمە روئیای سیاسیی یەكێتی بۆ ئەم قۆناغە ناهەمووارە چییە و لە كوێدا یەكێتی دیدێكی جیاوازتری هەیە كە جیای بكاتەوە لەوانی تر كە رەنگدانەوەی لە كایەی سیاسی هەرێمدا هەبێت؟
بە كورتی دەتوانین لە بارەی گوتاری سیاسی یەكێتییەوە ئەوە بڵێین كە هەر حزبێك ئەگەر نەتوانێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا خۆی بگونجێنێت، دوا دەكەوێت لەوەی كە بتوانێت بە گوتارێكی سواو دژبەری گوتارە زاڵ و نوێیەكان بكات، بەو پێیەی هەر گوتارێكی سیاسی تەنها دەتوانێت بۆ سەردەمێك و بۆ ماوەیەكی كاتی بڕ بكات، لە ئێستای قۆناغی یەكێتیدا كە باس لەگوتار دەكەین باس لە دامەزراوەیی و بەستنی كۆنگرەش دەكەین، كە خاڵی وەرچەرخان و خۆنوێكردنەوەی گوتاریشە، بەبێ ئەوە رەوشی یەكێتی بەرەو ئاقارێكی تر هەنگاو دەنێت، ئاقارێك كە نەك تەنها لەبەرامبەر حزبێكی وەك پارتی لە پاشەكشەدا دەبێت، بەڵكو حزبە پۆپۆلیستە نوێیەكانیش دەبنە مەترسییەكی تر كە دواتر رووبەڕووبوونەوەیان ئەستەمتر دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حزبە نوێیەكان لە بەردەم قەیرانی نوێدا

بەشی یەكەم ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكان بە قۆناغێكی ...