سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » یه‌كێتی‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ جوامێریدا

راستییەکەی

یه‌كێتی‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ جوامێریدا

دوای‌ دوو رۆژی‌ تر یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ته‌مه‌نی‌ ده‌بێت به‌ 44 ساڵ، ئه‌مه‌ش له‌ كورده‌واریدا پێیده‌ڵێن ته‌مه‌نی‌ جوامێری‌، واته‌ له‌ قۆناغی‌ لاوی‌ ده‌رده‌چێ. یه‌كێتی‌ له‌ رابردوودا خاوه‌ن داهێنانی‌ زۆر بوو له‌ كۆمه‌ڵگەی‌ كوردیدا. به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی‌ قه‌تیس بووه‌ له‌ دۆخێكی‌ وه‌ستاو کە ناتوانێ هه‌نگاو بنێت به‌ ئاراسته‌ی‌ مشتوماڵ كردنه‌وه‌ی‌ خۆی‌. له‌ ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردوودا ده‌رچوونی‌ زۆر له‌ منداڵدانی‌ یه‌كێتی‌ روویدا.سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌ به‌ كه‌مێك ئارامگرتنه‌وه‌ ده‌یتوانی‌ به‌ر له‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ گۆڕان بگرێ‌ و ئه‌وه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و هاوڕێكانی‌ ده‌یانوت، ده‌توانرا له‌ چوارچێوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌نجامی‌ بده‌ن. ئه‌گه‌ر رێگه‌ به‌ ده‌رچوونی‌ گۆڕان نه‌درابا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێش رووینه‌ده‌دا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر زۆنێكی‌ گه‌وره‌ به‌رده‌وام خۆی‌ نوێ بكاته‌وە، باشتره‌ له‌وه‌ی‌ ورده‌ ستوونی‌ لێ جودابێته‌وه‌.
ئێستا یه‌كێتی‌ توانای‌ خستنه‌ڕووی‌ جیاوازییه‌كانی‌ نییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی‌ ركابه‌ری‌ كه‌ پارتییه‌. هه‌روه‌ها زۆرجار ناتوانێ‌ جیاوازی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی‌ تریش نیشان بدات.بۆ حزبێكی‌ وه‌كو یه‌كێتی‌، گۆڕان‌ و خۆ نوێكردنه‌وه‌ ئاساییه‌ و ئاسانه، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌کانی جورئەتی زیاتر بکەن لە دەرەوەی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌. ماوه‌ی‌ نۆ ساڵه‌ ئه‌م حزبه‌ كۆنگره‌ی‌ كردووه‌، شه‌ش ساڵه‌ كاتی‌ كۆنگره‌یه‌تی‌. سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی‌ به‌پێی‌ په‌یڕه‌وو كۆچی‌ دوایی‌ سكرتێره‌كه‌شی‌ بێت، مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ نه‌ماوه‌ له‌م ئۆرگانه‌دا بەبێ کۆنگرە، كه‌چی‌ هیچ هه‌وڵێك نییه‌ بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رێكوپێك بۆ ئه‌م حزبه‌ و گۆڕینی‌ به‌ده‌نه‌ی‌ ئه‌م حزبه‌و دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ بیر و هزری‌ سیاسی‌ ئه‌م حزبه‌، كه‌ حزبێكه‌ بانگه‌شه‌ی‌ سۆسیال دیموكرات ده‌كات.
كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌ له‌ قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ و جوگرافی‌ و سه‌ربازی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابووریدا ده‌ژی، یه‌كێتی‌ به‌رپرسیارێتییەكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ ئه‌ستۆیه‌، به‌ باش و به‌ خراپ ده‌بێ‌ خۆی‌ بخاته‌ به‌ر باری‌ ئه‌م لێپرسراوێتییە‌، بۆئه‌وه‌ی‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ده‌ستبهێنته‌وه‌، نابێ‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆی‌ وێنا بكات له‌سه‌ر شێوه‌ و فۆرمی‌ ئه‌وانی‌ تر، به‌تایبه‌ت پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان. ئه‌ركه‌كه‌ قورسه‌ لەسەر ئەم سه‌ركردایه‌تییه‌ و بێتە بەر به‌رپرسیارێتی، ناوه‌ڕاستی‌ حزبه‌كه‌ش سسته‌ له‌ جوڵه‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێ‌ فشار دروست بكات و بڕیار به‌ده‌سته‌كان ناچار به‌ گۆڕان و چاكسازی‌ بكات له‌م حزبه‌دا. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ له‌ ماوه‌ی‌ ته‌نها یەك ساڵی‌ داهاتوودا چاكسازی‌ له‌ ته‌واوی‌ به‌ده‌نی‌ خۆیدا نه‌كات، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دووچاری‌ نه‌خۆشی‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت و به‌ ئاقارێكی‌ خراپیدا ده‌بات، چونكه‌ چاكسازیكردن وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ خانوویەكی‌ كۆن چاك بكه‌یته‌وه‌ و نوێ نیشانی‌ خه‌ڵكی‌ بده‌یت، له‌ ئاست مۆدێلی‌ رۆژگار بێت و كۆن نه‌بێت.حزبیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا چاكسازی‌ تێدا ئه‌نجام بده‌ی‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*