سەرەکی » مانشێت » لێپرسراوێتی‌ و ئومێد لە یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

لێپرسراوێتی‌ و ئومێد لە یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا

لە تشرینی یەكەمی 1975 دا مام جەلال نامیلكەی ((یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆچی؟)) لە دەرەوەی وڵات بە زمانی عەرەبی نوسی‌و دواتر شەهید ئارام لەناو وڵات وەری گێڕایە سەر زمانی كوردی. لە نامیلكەكەدا مام جەلال وەڵامی ئەو كەسانە دەداتەوە كە رایان وابوو پەلە لە راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا كراوە. لە وەڵامدا مام جەلال نكوڵی لەوە نەكردووە كە پەلە لە راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا كراوە‌و وای وەڵام داونەتەوە كە ئەو شانازی بەوەوە دەكات كە پەلەی لە پێكهێنانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا كردووە چونكە بەم كارە وەڵامی رژێمی بەعسی داوەتەوە كە ویستویەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بە یەكجارەكی تێك بشكێنێ.
لە راستیدا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رێك پاش 64 رۆژ لە كۆتایی هاتنی شۆڕشی پێشوو راگەیەندراوە، لە كاتێكدا كە بۆشاییەكی سیاسی گەورە لە كوردستاندا دروست ببوو‌و بێئومێدیەكی دژوار باڵی بەسەر كورددا كێشابوو. بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە ناوەڕۆك ئاماژەی روونی بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار تێدایە‌و بەیاننامەكە لە گەوهەردا بە گیانێكی شۆڕشگێڕانە نوسراوە. بەدەر لەوە، مام جەلال‌و ئەندامەكانی تری دەستەی دامەزرێنەر لە دانیشتنە تایبەتەكان‌و لە كۆبونەوەكاندا لەگەڵ لایەنە نیشتمانیە عیراقیەكان، نەیشاردۆتەوە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان پلانی بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار لەماوەی ساڵێكدا هەیە.
هەرچەند ئەم مەسەلەیە لەلای ئۆپۆزسیۆنی عیراق وەك كارێكی دژە باو‌و نزیك لە مەحاڵ سەیر دەكرا، بەڵام فاكتەكان دەریانخست كە دانەرانی پلانەكە زێدەڕۆییان لە مەزەندەكارییەكانیان نەكردووە‌و راست بۆی چوون. ئەمە بەم واتایە دێت كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بەو مەبەستە دامەزراوە كە ئامانجی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار لە كوردستان بەدی بێنێ. لە هەلومەرجی ئەو سەردەمەدا جگە لە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار هیچ رێوشوێنێكی تر بۆ گێڕانەوەی شكۆی كورد‌و گەڕانەوەی كورد بۆ ناو هاوكێشە سیاسیەكان نەبوو.
.بەم واتایە لە گۆشە نیگای مێژووەوە ئەو یەكێتیەی كە لە ساڵانی 1975 – 1992 لەئارادا بوو، ئەو یەكێتیە بوو كە قۆناغەكە پێویستی پێ بوو.
لە ساڵی 1991 دا دوا بە دوای شەڕی كوێت‌و راپەڕینی كوردستان‌و كۆڕەوە ملیۆنیەكە‌و پەیدابوونی ناوچەی پارێزراو، دۆخێكی دیكەی تەواو جیاواز هاتە ئاراوە كە یەكێتیەكەی1975 ی تێپەڕاند.
لە ساڵی 1992دا یەكێتی دووەم جێی یەكێتی یەكەمی گرتەوە‌و چەردەیەك گۆڕانی ریشەیی بەسەر یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا هات. یەكێتی چیتر وەك ئەو نیمچە بەرەیەی جاران نەما. قۆناغی خەباتی چەكدار كۆتایی هات‌و قۆناغی ئاشتی‌و سندوقی هەڵبژاردن دەستی پێ كرد. باڵەكانی ناو یەكێتی لە كۆنگرەی یەكەم یەكیان گرتەوە‌و یەكێتی پێی نایە قۆناغی بەستنی كۆنگرە‌و سەركردایەتیی هەڵبژێردرا و، سەرباری بانگەشە بۆ بەهاكانی ئاشتەوایی‌و یەكسانی‌و دەوڵەتی یاسا‌و سۆسیالیزمی مرۆڤانە‌و بانگەشە بۆ بەهاكانی سۆسیال دیموكراسی.
ئەمە بە مانای چی دێت؟ یەكێتیەكەی ساڵی 1992 هەمان یەكێتی ساڵی 1975 نەبوو، رۆژگار یەكێتی1975 ی تێپەڕاند بوو، چونكە یەكێتی 1992 نەیدەتوانی چیتر وەك یەكێتی 1975 بەردەوام بێ.
یاسای پەرەسەندن نیشانی داوە كە بونەوەری زیندوو‌و دامودەزگا كۆمەڵایەتیەكان هەمیشە لە گەشەكردندان‌و هەمیشە كۆپیی گونجاوتر‌و پێشكەوتوتر‌و شیاوتر بۆ ژیان بەرهەم دێنن.
ئێستا پاش 27 ساڵ بەسەر بەستنی كۆنگرەی یەكەمدا، ئەو یەكێتیەی كە ئێستا هەیە، ناتوانێ وەك یەكێتیەكەی 1992 رەفتار بكات. لەم سۆنگەیەوە كاتی ئەوە هاتووە كە كۆپی سێیەم بەرهەم بێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم‌و بەها تازەكان باشتر بگونجێ‌و ئەزموونە سیاسیەكەی لە پێشكەوتووە وە بۆ پێشكەوتوتر ببات.
یەكێتی چاوەڕوانكراو پێویستی بە چاكسازییەكی ریشەییە كە تێیدا بنەمای تازە بۆ شەرعیەتی سەركردایەتی دادەنرێ، ئۆرگانەكان بەشێوەی دامەزراوەیی بەڕێوەدەچن، كۆنگرە لە كاتی خۆی دەبەسترێ‌و دەزگاكان، لە سەرەوە تا خوارەوە، خۆیان بە كادیری شیاوتر تازە دەكەنەوە. لە هەموشی گرنگتر ئەوەیە كە كۆپی سێیەمی یەكێتی، دەبێ پشت ئەستور بێ بە شوناسێكی سیاسی-كۆمەڵایەتیی رۆشنتر‌و سیاسەتەكەی رەنگدانەوەی بەها راگەیەندراوەكانی بێ. چەسپاندنی بەهاكانی مەدەنیەت‌و مۆدێرنێزەكردنی پرۆسەی دروست كردنی بڕیاری سیاسی‌و فراوانكردنی پانتایی ئازادیی رادەربڕینی بەرپرسانە لە ناو ریزەكانی یەكێتی خوازراو، دەتوانێ ببێ بە سەرەتای دەستپێكی گۆڕانی گەورە هەم لەسەر ئاستی سیاسی هەم لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی لە هەرێم. گرنگ ئەوەیە هەنگاوەكە لە یەكێتیەوە دەست پێ بكات. بە دڵنیاییەوە كۆنگرەی داهاتوو لێی رادەبینرێ ببێ بە سەرەتای هێنانە ئارای یەكێتیەكی مۆدێرنتر‌و دامەزراوتر‌و تەباتر لەگەڵ مێژوو‌و بەهاكانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

‎شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ: تیمی یەكێتی لە حكومەت نموونەیەكی جوانی خزمەتكردن پێشكەش بكەن

دوێنێ، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر، بەیاوەریی هەڤاڵانی مەڵبەند، ...