سەرەکی » راپۆرت » باسی سەرەتای کارەکانی یەکێتی بێ باسی نەجۆ ناتەواو دەرئەچێ

باسی سەرەتای کارەکانی یەکێتی بێ باسی نەجۆ ناتەواو دەرئەچێ

نەوشیروان مستەفا

نەجۆ ساڵی ١٩٤٣ لە شاری ئوورفای کوردستانی تورکیا لەدایک بوبو. لە ساڵانی ١٩٦٦-١٩٧١ لە زانکۆی ئەستەموڵ خوێندکاری زانستگای حقوق بو.
خوێندکارانی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵات چەند یانەیەکی کۆمەڵایەتییان لە ئەستەموڵ دامەزراند بو. ئەم یانانە بوبون بە ناوەندی چالاکی سیاسی. هۆشی کوردایەتی بوژاندبوە. نەجۆ یەکێ لە هەرە چالاکەکانی ئەم یانەیە بو. ماوەیەک بو بە سەرۆکی یانە. هەر ئەوسا چوبوە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیاوە.
ساڵی ٧١ دامەزراوی جەنگیی تورک، بۆ ڕاگرتنی گەشەکردنی چەپ و سەرکوتکردنی چالاکی کورد، کودەتای کرد و باری نائاسایی لە تورکیا ڕاگەیاند.
ژمارەیەکی زۆر سیاسی و تێکۆشەری تورک و کوردیان گرت. فەرمانی گرتن بۆ نەجۆ دەرچو. نەجۆ چوە کوردستانی عێراق بۆ لای د. شڤان.
د. شڤان ناوی نهێنی د. سەعید قرمز توپراخ بو. لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پ د ک ت) بو بو بە دوباڵی چەپ و ڕاست. باڵی چەپی د. شڤان و باڵی ڕاستی سەعید ئاڵچی ڕێبەرییان ئەکرد. بنکەی هەردوکیان لە کوردستانی عێراق بو. بارزانی بۆ ڕازی کردنی تورک سەعید ئاڵچی کوشت و بەسەر د. شڤانی دا هێنا. بەو بیانوەوە شڤان‌یشی کوشت. هەردو سکرتێر کوژران. نەجۆ و زۆر لە تێکۆشەرانی تری کوردستانی تورکیا ئاوارە بون. نەجۆ بۆ چیکوسلۆفاکیا و لەوێوە چو بۆ سوید بو بە پەنابەری سیاسی. ساڵی ٧٤ هەڵبژاردن لە تورکیا بو. حکومەتی تورک (لێبوردنی گشتی) بۆ هەمو ئەوانە دەرکرد کە لەبەر هۆی سیاسی گیرا بون یا هەڵات بون. نەجۆ گەڕایەوە بۆ تورکیا. لەگەڵ هاوڕێکانی کەوتنە ڕێکخستنەوەی پارتی. ڕێکخراوێکی قانونی ئاشکرایان بە ناوی دەدەکادە وەکو چەتر بۆ حیزبەکەیان دروست کرد. نەجۆ دیسان لە ڕیزی هەرە چالاکەکانی حیزبە نهێنیەکە و ڕێکخراوە قانونیەکەش بو. هەرزو دیسان فەرمانی گرتنی دەرچو.
یەکێتی لە دوای دامەزراندنی لەگەڵ هەمو حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی سەرانسەری کوردستان پێوەندی کرد بو. لەوانە ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی تورکیا. نەجۆ بە نوێنەرایەتی حیزبەکەیان هاتە سوریا. ئەوسا حیزبەکەیان سکرتاریەتێکی ٣ کەسی هەبو ئەم یەکێکیان بو.
ناوچە سنورییەکانی کوردستانی تورکیا گرنگیەکی ژیانییان بۆ یەکێتی هەبو. یەکێ لەو باسانەی کە لەگەڵ ئەم حیزبە و زۆر لە ڕێکخراوەکانی تر کرا هاوکاری سیاسی و یارمەتیدانی تێکۆشەرانی یەکێتی بو بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق.
هاوکاری نێوان هەردولا بە زویی دامەزرا و بە هێز بو. سەرکردایەتی حیزب، وای ئیدئعا ئەکرد، کە خۆی بۆ شۆڕش ئامادە ئەکا. یەکێتی زوو لە پێویستییەکانی بۆ دابین کردن. ئەوسا تەواو بوبون بە ڕێکخراوێکی سیاسی گەورە و فراوان. لە پێشەوە بە گەرمی هاوکاری یەکێتییان ئەکرد و نەجۆیان تەرخان کرد بو بۆ پێوەندی لەگەڵ یەکێتی. لە دوایی دا خاو بونەوە و خۆیان لە هەمو جۆرە هاوکارییەک ئەدزییەوە ئەترسان، وەکو خۆیان ئەیانوت: یەکێتی توشی «تەهلوکە» یان بکا و حیزبەکەیان پێش وەخت بەر هێرشی دەزگاکانی تورک بکەوێ.
نەجۆ زۆر جار ئەهات بۆ سوریا. چەند جارێکیش بۆ کاری حیزبەکەی خۆیان چو بۆ لوبنان. ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێکانی بە ڕێبەری ئەم چونەوە بۆ کوردستان. منیش لەگەڵ نەجۆ چوم بۆ تورکیا و لە دیاربەکر لە یەکتری جیابوینەوە. نەجۆ لەگەڵ حەسەن خۆشناو چون بۆ ئەستەموڵ بۆ پێشوازی و هێنانەوەی مام جەلال بۆ کوردستان. چەندین وەجبە چەکی لە سوریاوە بە ناو تورکیا گەیاندە دەست یەکێتی. کوردێکی ڕاستگۆ، جوامێر، تێگەیشتو و هەتا بڵێی ئازا و لەخۆبوردو بو. لەگەڵ سەرکردایەتی حیزبەکەی سەبارەت بە هەڵوێستی لە یەکێتی و خۆئامادەکردن بۆ شۆڕش و هەندێ مەسەلەی تر تێکچو. ئەیتوانی بەشێکی گەورەی ڕێکخستنەکە لەگەڵ خۆی جیا بکاتەوە. ئێمە لامان وابو تازە خەریکە کوردایەتی لە تورکیا ئەبوژێتەوە. ئەو حیزبە هەڵوێستی هەرچۆنێ بێ لە ئێمە، ئێمە بە چاکی نازانین ڕیزەکانی تێکبچێ. ڕوداوەکانی تورکیا ڕاستیی هەڵسەنگاندنەکانی نەجۆی سەلماند. نەجۆ لەدوای کودەتاکەی ساڵی ٨١ گیرا و ، لە ڕۆژی ٢٢ ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٤ دا* لە زیندانی دیاربەکر کوشتیان. نەجۆ کادرێکی خاوەن تەجروبەی بەنرخ بو بۆ کوردستانی تورکیا. مەخابن بەو جۆرە لە ناوەختا کوژرا..
نەجۆ بیرەوەرییەکانی خۆی نوسیوەتەوە، لە ناو بیرەوەرییەکانی دا بەشێکی زۆری بۆ یەکێتی و قم تەرخان کردوە. ڕوداوەکانی زۆر بە وردی نوسیوە و بیروڕای خۆی بە ڕونی لەسەر دەربڕیون. کە ئەهات بۆ شام بە زۆری میوانی من ئەبو. بەڵام نەمئەزانی بیرەوەرییەکانی تۆمار ئەکا.
نەجۆ لە یاداشتەکانیدا سەفەری ڕێ‌ی هات و نەهاتی ئیبراهیم عەزۆ و هاوڕێکانی و دواییتر کوژرانیانی بە درێژی گێڕاوەتەوە.

* لە سەرچاوەکەدا نووسراوە ٢٢/١٠/١٩٨٤ بەڵام ڕاستییەکەی ٢٣/١/١٩٨٤ ـە

سەرچاوە:لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، چاپی دووەم ١٩٩٧ سلێمانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...