سەرەکی » ئابووری » كوردستان بەرەو گەشەپێدانـی ..

كوردستان بەرەو گەشەپێدانـی ..

كوردستان بەرەو گەشەپێدانـــــــی ئابووریی هەنگاو دەنێت

یەکەی ئابووری

هەنگاوەكانی چاكبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، كۆتاییهاتنی شەڕی داعش‌و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی ناوخۆ، لە هۆكارە گرنگەكانن بۆ بوژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان. ئاماژەكان واپیشان دەدەن كە هەرێمی كوردستان بەرەو جوڵەیەكی بەرفراوان بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەنگاو دەنێت.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداو كۆتایی هاتنی شەڕی داعش، ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو بووژانەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت و لەوبارەیەشەوە، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە سیاسەت و هەوڵە سەركەوتووەكانی حكومەتی هەرێم داوەو بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندوە، سەقامگیری سیاسی‌و هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ تێپەڕدانی گرفتەكان، هاوكات لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئابووری لەوانە: نەهێشتی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران‌و دەستپێكردنەوەی پێدانەوەی پارەی بەڵێندەران، هاندەری بەهێزن بۆ گەڕانەوەی وەبەرهێنانی بیانی و خوماڵی بۆ‌ بازاڕی هەرێمی كوردستان.

رەخساندنی دەرفەتی كار
پاش ئەوەی كە لەمانگی ئاداری 2018دا رێژەیەك‌ لە پاشەكەوتی مووچە دەستكاری كراو لەمانگی ئاداری 2019یشدا بە تەواوەتی پاشەكەوت هەڵگیرا، جوڵەیەك لە رووی بیناسازی‌و كڕین‌و فرۆشتنی موڵك‌و ماڵ‌و هاتنەوەی هەندێك لەو كۆمپانیانەی كە كوردستانیان بەجێهشتبوو دروستبووە.
زاگرۆس فەتاح بەڕێوەبەری گشتیی پلانی پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانان،‌ بە ماڵپەری حكومەتی هەرێمی كوردستانی وتوە: «ئابووریی كوردستان، بە ئاساییبوونەوەی دوخی ئابووری، چاوەڕوان دەكرێت نزیكەی لە سەدا پێنج گەشە بكات».
ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو بڕە پارانەی كە بۆ پڕۆژەكان تەرخان دەكرێن، دەرفەتی كاركردن لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكەن‌و هەروەها خواست لەسەر كاڵاكانی بیناسازی‌و خزمەتگوزاری‌و توانای مرۆیی، لە ئەنجامی كەوتنی جوڵە لە بازاڕ، زیاد دەبێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی پلانی پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان، گەشەی ئابووریی كوردستان تا پێش قەیرانی دارایی لە سەدا شەش زیاتر ببوو.

چالاكبوونەوەی ئابووریی هەرێم
هەروەها، بەستنی ژمارەیەك لە پێشانگای نێودەوڵەتی لەم چەند مانگەی رابردوودا، ئاماژەیە بۆ چالاكبوونەوەی ئابووریی هەرێم.
عەبدوڵڵا ئەحمەد سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاندوە، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر رۆڵێكی گرنگ‌و بنەڕەتی بۆ‌ راكێشانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان‌و ماركە جیهانییە بەناوبانگەكان بۆ هەرێمی كوردستان هەیەو بە هۆیەوە زۆر هەلی كار بۆ بێكاران لە هەرێمی كوردستان دەرەخسێنێت.
لەسەرەتای دامەزراندنی لەساڵی 2005 تا ئیستا، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر نزیكەی 115 پێشانگای تایبەتمەند‌و نێودەوڵەتی لە بوارەكانی كشتوكاڵ، خۆراك، كەلوپەل‌و ئامێری بیناسازی‌و ئاوەدانكردنەوە، تەندروستی، گەشتوگوزار، ئۆتۆمبێل‌و ئامێرەكان لە هەولێر كراونەتەوە.
سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئاماژەپێدان بەوەی كە لە میانەی پێشانگای بەرهەمەكانی میسر چەندین گرێبەست ئیمزا كران، هیوادارە بە كردنەوەی پێشانگای زیاتر لەماوەی ئەمساڵدا قەرەبووی ساڵانی رابردوو بكرێتەوەو ساڵی 2019 بكرێتە ساڵی بەرەوپێشبردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان‌و عیراق.

پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری‌
سەلام فەقێ، خاوەنی كۆمپانیای خانووبەرەی «حاجی سەلام» ئاماژەی بەوەدا كە سەقامگیریی سیاسی‌و ئەمنی لەلایەك و نەهێشتنی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران‌و پێدانی پارەی بەڵێندەران لەلایەكی تر، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی جموجوڵی زیاتری بازاڕی موڵك‌و ماڵ.
سەلام فەقێ، پێیوایە پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری‌و چالاكبوونی بانكەكان، لەوانە هاتنی بانكەكانی بیانی‌و سەرمایەی دەرەكی لە ئەنجامەكانی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابووری، چالاكانە دەتوانن گەشە بە ئابووری هەرێم بدەن.

هاوبەش لەنێوان كەرتی
گشتی‌و تایبەت
مەلا یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، نیشانەكانی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووریی كوردستان دەركەتوون، بەباشی دەزانێ كە چوارچێوەی یاسایی بەهێزتر بكرێت بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای تێكەڵاو (هاوبەش لەنێوان كەرتی گشتی‌و تایبەت) لەهەرێمی كوردستان، كە لە زۆر لە وڵاتان بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری رۆڵی چالاكیان بینیوە. هەروەها پێی باشە كە یاسای كار‌و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەموار بكرێت بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت.
هاوكات، د.محەمەد سەلمان بەرواری، مامۆستای زانستی ئابووری لە زانكۆی سەلاحەددین، بە گرنگی دەزانێت كە هەوڵبدرێت رێگە لە دروستبوونی هەڵاوسان‌و بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل‌و خزمەتگوزاری بگیرێت. وتیشی: «بەرزبوونەوەی ئاڵوگۆڕ و جوڵەی بازاڕ بە سوڕینەوەی‌ دراو لە بازاردا دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی كار و كەمبوونەوەی رێژەی بێكاری».

دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان
زاگروس فەتاح وتی: «هەندێك بەڵێندەر، سەرەڕای قەیرانی دارایی زیاتر لە 300 پڕۆژەیان تەواو كردووە، كە 50 پرۆژە بە شێوەی قەرز جێبەجێكراون، گرنگترینیان پڕۆژەی 120 مەتری هەولێر بوو».
وتیشی: «بەر لە قەیرانی دارایی، زیاتر لە 3500 پڕۆژە بە بەهای چوار ملیار دۆلار لە جێبەجێكردندا بوون، ئێستا وەزارەتی پلاندانان ئامادەكاری كردووە بۆ تەواو كردنی ئەم پڕۆژانە لە زووترین كاتدا».
بەڕێوەبەری گشتی پلانی پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان ئاشكراشیكرد، لە هەرێمی كوردستان (3,300) بەلێندەر هەیە كە (500)یان بەڵێندەری دەرەوەی هەرێمی كوردستانن‌و لە سێكتەرەكانی بیناسازی، رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، دروستكردنی بەنداو، كارەبا، دروستكردنی سایلۆ كار دەكەن.

دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان
رزگار كەریم، سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستانیش روونیدەكاتەوە، لە سەدا 60ی پڕۆژەكان كە لەلایەن بەڵێندەرانەوە جێبەجێكراون بیناسازی بووە، لە سەدا 25ی لەكەرتی كشتوكاڵ (ئاودێری‌و بەنداوەكان) و لەسەدا 15 لەپیشەسازی (سایلۆكان) بووە.
بەوتەی سەلام فەقێ وەك نوێنەری كەرتی تایبەت، دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بە سەرەتای بووژانەوەی ئابووریی كوردستان‌و رەخساندنی هەلی كار دەزانێت‌و وپێشیوایە، بەڵێندەران بۆ بوژانەوەی‌ ئابووری سێكتەرێكی گرنگی وڵاتن‌و بوژانەوەی بەڵێندەران، بوژانەوەی وڵاتە، بەڵێندەر هەلی كار لە بواری خانووبەرە، لەوانە لەهێزی كار بگرە تا دەگاتە كەلوپەلی بیناساری، دەرەخسێنێت.

پارەی بەڵێندەران
بەوتەی بەڕیوەبەری گشتی پلانی پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان، لەساڵی 2015، (200) ملیۆن دۆلار و ساڵی 2016، (100) ملیۆن دۆلار و ساڵی 2018، (100) ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران تەرخانكرا و تا ناوەڕاستی 2019، (100) ملیۆن دۆلاری دیكەشیان بۆ دابینكرا.
هاوكات، سەرۆكی یەكێتی بەڵێندرانیش دەڵێ: «لە سەدا 15ی ئەو بڕە پارەیە كە لەساڵی 2018 بە بەڵێندەران دراوە بۆ قەرزەكانی ئەوان بووە، بەشێوەیەك لەساڵی 2018 لە رێگای وەزارەتی داراییەوە بە شێوەیەكی مانگانە هەندێك پارە بۆ ئەو بەڵێندەرانە‌ تەرخانكرا كە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان بەردەوامبوون‌و هیوادارین لە ساڵی 2019 بڕیكی زیاتر بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان بكرێت».
زاگروس فەتاح پێیوایە، لە ساڵی 2019 هۆكاری سەرەكی بۆ گەشەی ئابووریی هەرێم لەبەردەستەو بە دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، وەبەرهێنانی بیانی‌و ناوخۆیی لەهەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەرزدەبێتەوە.
ئەوەشی وت: «لەپلانیاندایە 30 پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی لە كەرتەكانی كارەبا، رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، دروستكردنی بەنداو و سێكتەری نەوت جێبەجێ بكەن».

100 میلۆن دۆلار دراوە
مەلا یاسین مەحمود پێیوایە، سەرمایەی بەگەڕخراو لە پڕۆژەكانی خانووبەرە تا ساڵانی 2013 كە چەند ملیار دۆلارێك بوو، تا ئەندازەیەك لەو ماوەی دوایدا مردبوو، بەڵام ئێستا ئەو سەرمایەیە بەهێواشی دەستی بە جوڵە كردۆتەوەو پێدانی پارەی بەڵێندەران كە دواجار 100 میلۆن دۆلار دراوە، كاریگەری زۆر باشی لە بازاڕ دروستكردووە.
د.محەمەد سەلمان، مامۆستای ئابووری لەزانكۆی سەلاحەددین، بەباشی دەزانێ بۆ نەهێشتنی پارەی كاش بە دەست خەڵكەوە، كە لە خزمەتی بوژانەوەی ئابووریدایەو هۆكارێكە بۆ رێگەگرتن لە هەڵاوسانی ئابووری، سیستەمی بانكی پەرەی پێبدرێت‌و مامەڵەی هاووڵاتیان لەگەڵ پارە لەڕێگەی بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا و ئامرازی بانكی نوێ بێت.
هەروەها لە بارەی داهات و بودجەی ساڵانەی هەرێمیش، پێشخستنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە گرنگ دەزانێت‌و دەڵێت: «حكومەتی هەرێم بەهۆیەوە لەپشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی‌و هەروەها داهاتی ناوخۆیی‌و فرۆشتنی نەوت، سەرچاوەكانی داهاتی جێگیر دەبێت، كە هۆكاری سەركەوتنی حكومەتە بۆ بەردەوامبوون‌و جێبەجێكردنی ئەركەكانی لەوانە ئەنجامدانی پڕۆژەكان، پێدانی مووچەو شایستە داراییەكان، گەیاندن‌و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگەو دابینكردنی ئارامی‌و سەقامگیری».
ئەو بەباشی دەزانێ كە «كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم هەوڵبدات قەبارەی كەرتی گشتی سنووردار بكات‌و پێداچوونەوە بەو یاساو رێنمایانە بكات كە كاریگەری نەرێنی بۆ سەر كەرتی ئابووری‌و دارایی هەن‌و یاسای چاكسازیی‌و نەهێشتنی چەند مووچەیی جێبەجێ بكات، كە بەهۆیەوە دەكرێ بەشێكی زۆر لە داهات بۆ كەرتی وەبەرهێنان‌و رەخساندنی هەلی كار تەرخان بكرێت».

تێكەڵاوییەك لەنێوان كۆمپانیاكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی بیانی
لای خۆیەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، كابینەی داهاتوو درێژەپێدەری سیاسەتی كابینەی ئێستا دەبێت‌و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان‌و پەرەپێدانی كەرتە ئابوورییەكان‌و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت‌و هاندانی وەبەرهینانی بیانی‌و خۆماڵی لە كارە سەرەكیەكانی دەبێت.
هەروەها وتی: «لە سێ‌و چوار مانگی رابردوودا چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان كراونەتەوەو تێكەڵاوییەك لەنێوان كۆمپانیاكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی بیانی دروست بووەو ئاشنابوونی خاوەنكارانی كوردستان بە ئەوانەی دەرەوە بووە هۆی ئەوەی كە تێكەڵاوییەك هەبێت. هەوڵ‌و كوششەكان بۆ ئەوەیە كە كوردستان دووبارە بۆ ئەو پێشوەچوونە ئابوورییەی 2005 تا 2013 بگەڕێتەوەو داهاتوویەكی گەش بۆ كوردستان ببینین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*