سەرەکی » مانشێت » نوێنەران پێكهاتەی حكومەت و هەڵبژاردنی پارێزگاكان تاوتوێ دەكات

نوێنەران پێكهاتەی حكومەت و هەڵبژاردنی پارێزگاكان تاوتوێ دەكات

بڕیارە بەم نزیكانە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرسی تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی نوێی عیراق و متمانەبەخشین بە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد بخاتە بەرنامەی كارەوە. لە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكانی عیراقیشدا باس لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت كرا لە ماوەی دوو هەفتەدا. بەپێی لێدوانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش «دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەت دەخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە».
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند: پرسی تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. راشیگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی داد. ئاماژەی بەوەشدا «پێویستە بابەتی یەكلاییكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان پێش تەواوبوونی وەرزی دووەمی یاسادانان كۆتایی پێبهێنرێت».

ناكرێت كابینەی حكومەت بە وەكالەت بەڕێوەبچێت
هاوكات ناسر هەركی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستانی نوێ- راگەیاند: دیارە عادل عەبدولمەهدی لایەنە سیاسییەكانی ئاگاداركردۆتەوە بەتایبەتی شیعەكان كە تا 22/6 زیاتر چاوەڕێ ناكات بۆ پڕكردنەوی پۆستە بەتاڵەكان ‌و رایگەیاندووە كە ئەگەر ئەوان كاندید نەنێرن، ئەوا خۆی ئەو كاندیدانە دەستنیشان دەكات كە شیاون بۆ پۆستە بەتاڵەكان. وتیشی: بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستە بەتاڵەكان، پێویستە رەزامەندیی لایەنە شیعەكان و لایەنەكانی دیكەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی لەسەر بێت و لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەو بابەتە چارەسەربكرێت باشە، چونكە ناكرێت كابینەی حكومەت بە وەكالەت بەڕێوەبچێت، لەبەرئەوەی هەندێك دەسەڵات هەیە تەنیا بە وەزیر خۆی دەكرێت، نەك بە وەكالەتەكە. ئاماژەی بەوەشكرد «لەو بابەتەدا زۆر گرنگە كە هەڵویستی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا یەكگرتوو بێت و لەسەر وەزیری داد كە پشكی كوردە، رێكبكەوین».

هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق
لەلایەكی ترەوە، رۆژی 16/6/2019، كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەن لەبارەی پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەڕێوەچوو. بەر لە كۆبونەوەكەش لایەنە كوردستانییەكان لە نێو خۆیاندا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
لەوبارەیەوە ئەڵماس فازل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەو كۆبوونەوەیەدا پرسی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق تاوتوێكرا، لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە هاتووە. وتیشی: بڕیارە كۆبوونەوەكان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی كاتێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دیاری بكرێت.

كۆمسیۆن كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریدەكات
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش داوا دەكات لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت.
رزگار حاجی حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: لەچەند رۆژی رابردوودا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا كۆبووینەوە. «لە كۆبوونەوەكەدا وەك كۆمسیۆن داوامانكرد ئەگەر تا سەرەتای مانگی داهاتوو، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار بكاتەوە، كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەوەی لە مانگی نیسانی 2020 دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت»، وتیشی: هێشتا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوە، چونكە تا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموارنەكرێتەوە، ناتوانرێت كارەكانی پرۆسەكە دەستپێبكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*