سەرەکی » راپۆرت » كۆبوونەوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبن

بەغدا و هەرێم:

كۆبوونەوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبن

راپۆرتی كۆتایی هەفتە..

بەغدا و هەرێمی كوردستان هاوڕان لەسەر پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە «كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن» و بەم نزیكانەش خولێكی نوێی گفتوگۆ دەستپێدەكات.

بەم نزیكانە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێدەكات
لەدوو رۆژی رابردوودا وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەراندا كۆبوونەوە، خاڵی هاوبەشی كۆبوونەوەكان هەروەك لە ناوەڕۆك و لێدوانی دوای كۆبوونەوەكاندا خرانەڕوو «تەئكیدكردنەوەی لێپرسراوانی هەردوولایە لە پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان».
دوێنێش مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەمیانی پێشوازییكردن لە وەفدێكی باڵای سەربازی و دیپلۆماسی بەریتانیادا رایگەیاند: بەمزووانە لیژنە پەیوەندیدارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی زیاتر دەكەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بنەڕەتیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور.

چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور
لەلایەكی دیكەوە، سەمیر هەورامی وتەبێژی رەسمیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەراندا، گفتوگۆكرا لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی پرسی بودجە و ناوچە كێشەلەسەرەكان، «لە كۆبوونەوەكاندا بەجددی گفتوگۆكرا لەبارەی وردەكاریی پرسی بودجە و مووچە و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا»، وتیشی: بە وردی گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پرسە گرنگەكان كرا و هەردوولا تەئكیدیان كردەوە كە پێویستە هاوكاری یەكتربن لەپێناوی ئەوەی بەغدا و هەرێمی كوردستان بگەنە چارەسەرێكی درێژخایەن. ئاماژەی بەوەشدا «وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە لە پشكی هەرێمی كوردستان، بەشە بودجەی 250 هەزار بەرمیل نەوت كە دەبێت بەپێی یاسای بودجە، رۆژانە هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدای بكات، دەبڕدرێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران ئەو راستییە بزانن و ئەمەش خاڵێكی گرنگە»، راشیگەیاند: لەلایەن سەرۆكایەتییەكانی عیراقەوە ئەوە بەدیكرا كە ئەوانیش پەرۆشن بۆ ئەوەی بەغدا و هەرێمی كوردستان بە گفتوگۆ بگەنە ئەنجامێكی زۆرباش لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا. وتیشی: لە داهاتوودا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن و هەنگاوی جددی دەنرێت لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...