سەرەکی » ئابووری » كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان،خەزێنەی عیراقی بووژاندۆتەوە

كەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكان،خەزێنەی عیراقی بووژاندۆتەوە

لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، خەزێنەی دەوڵەتی عیراق بەهۆی بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بۆ كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتار و وەزیر و پلە تایبەتەكانی ئێستا و خولەكانی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرانەوە، بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بڕێكی زۆر پارەی بۆ گەڕاوەتەوە.

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەنها لەڕێگەی كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتارانی ئێستا و خولەكانی رابردوو و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانەكانیان، بۆ نیوە، زیاتر لە ٢٣٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەتی عیراق گەڕاوەتەوە.
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە: لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ داو دوای ئەوەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، عیراق رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی گەورە بووەوە، لەچوارچێوەی كەمكردنەوەی خەرجییەكاندا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتار و وەزیر و پلە تایبەتەكانی خولی ئێستا و رابردوو و خانەنشینكراوانی پلە تایبەت بۆ نیوە كەمبكاتەوە، كە ئەمەش سوودێكی زۆری بە خەزێنەی دەوڵەت گەیاندووە.

٢٣٤ ملیار دینار گەڕاوەتەوە
راشیگەیاندووە: لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەنها لەڕێگەی كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتارانی ئێستا و خولەكانی رابردوو و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانەكانیان بۆ نیوە، ساڵانە ٧٨ ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، واتە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا تەنها لەزیادەی مووچەی خودی پەرلەمانتار و پاسەوانەكانیان ٢٣٤ ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی عیراق.
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە:»بەهۆی كەمكردنەوەی كۆی مووچەی پەرلەمانتارانی ئێستا و خولەكانی رابردوو و وەزیر و پلە تایبەتەكان بەوانەی ئێستا و خولەكانی رابردوو و خانەنشینانی پلە تایبەت و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانەكانیان بۆ نیوە و بڕینی دەرماڵەكانیان، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لەیەك تریلیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی عیراق».

بارگرانییەكی زۆر لەسەر بودجە
راشیگەیاندووە: لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە تائێستا مووچەی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و پلە تایبەتەكان و پاسەوانەكانیان، بارگرانییەكی زۆریان لەسەر كۆی بودجەی گشتیی عیراق درووستكردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت، بەهۆی سەقامگیربوونی رەوشی ئەمنییەوە، ژمارەی پاسەوانەكانی وەزیر و پەرلەمانتارانی ئێستا و خولەكانی رابردوو و پلە تایبەتەكان هێندەی تر كەمبكرێنەوە و بەوەش بڕێكی زۆر زیاتر پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*