سەرەکی » دۆسێ » 2020 سەرژمێری گشتی لە عیراقدا دەكرێت

هەشت جار کراوە

2020 سەرژمێری گشتی لە عیراقدا دەكرێت

بەڕێِوەبەری كارگێڕی سەرژمێری دانیشتوان لە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان میكانیزمێك پەیڕەو دەكات بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان لە كۆتایی ساڵی داهاتوو، ئاماژە بە قەدەغەكردنی هاتووچۆش دەكات لە تەواوی ناوچەكانی وڵات لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێرییەكە.
سەمیر خزەیر بەڕێوەبەری كارگێڕی سەرژمێری دانیشتوان لە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ، لە 1ی تەمموزی 2019، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئامادەكارییە لۆجستی و تەكنیكییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بەردەوامن كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت”، ئاماژەی بە پێویستی دابینكردنی دوو ملیار دۆلاریش كرد بۆ دابینكردنی تێچووی سێ‌ قۆناغی سەرژمێرییەكە.
تائێستا لە عیراقدا هەشت جار پرۆسەی سەرژمێری ئەنجامدراوە و یەكەم پرۆسە لە ساڵی 1927 و دوایین پرۆسەش لە ساڵی 1997دا بووە.
بە گوتەی خزەیر”وەزارەتەكەیان پشت بە سیستمی ئەلیكترۆنی دەبەستێت لە بری سیستمی دەستی لە سەرژمێری گشتی دانیشتوان، ئەمەش پێویستی بە كڕینی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی (تابلیت) و كەرەستە خزمەتگوزارییەكان و نەخشە و وێنەگرتن، و مەشقی كادرە تەكنیكی و ئەندازیاریی و توێژەرەكانە”، ئاماژەی بە پێویستی بەگەڕخستنی زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەریش كرد لە تەكنیكی و توێژەر و مەیدانییەكان و بەڕێوەبەرانی ناوچەكان و سەرۆك تیمەكان، جەختیشی لەسەر پێویستی سەرژمێركردنی ژمارەی دانیشتوان و خانووەكان و شەقامەكان و كۆگا و كۆڵانەكانیش كردەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانی عیراق دەڵێت”لە ڕۆژی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، فۆرمی ئەلیكترۆنی تایبەت بە سەرژمێری پڕدەكرێتەوە، تەئكیدی لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆش كردەوە لەكۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوو، تا بە وتەی ئەو “پرۆسەكە بەشێوەیەكی ورد و بە بەشداریی هەموو عیراقییەكان بەڕێوەبچێت”.
تائێستا لە عیراقدا هەشت جار پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدراوە كە لەم ساڵانەدابوون:” 1927-1934-1947-1957-1965-1977-1987-1997».
دوایین سەرژمێری لە عیراق لەلایەن دەزگای ناوەندی سەرژمێریی لە 16ی تشرینی یەكەمی 1997 ئەنجامدرا، و تێیدا زانیاریی سەرژمێری لە تەنیا پانزە پارێزگەی عیراقدا كۆكرایەوە (جگە لە هەرێمی كوردستان)، ژمارەی دانیشتوانی عیراقیش لەو سەرژمێرییەدا گەیشتە نۆزدە ملیۆن و 184 هەزار و 543 كەس.
لە نێوان هەموو ئەو سەرژمێریانەی لە عیراقدا ئەنجامدراون، سەرژمێری گشتی 1957 بە وردتر دادەنرێت و زیاتر پشتی پێدەبەسترێت.
سەرژمێرییەكە لە نیوەشەوی 11-12ی تشرینی یەكەمی 1957 ئەنجامدراو و وردترین و گشتگیرترین سەرژمێری لە عیراقدا دادەنرێت.
بەپێی ئەو سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتوانی عیراق گەیشتە شەش ملیۆن و 536 هەزار و 109 كەس.
دوابەدوای ئەو سەرژمێرییەش لە ساڵی 1965دا سەرژمێرییەكی تر ئەنجامدرا، ئەمەش لەكاتێكدابوو كە بڕیاربوو پرۆسەكە لە ساڵی 1967دا ئەنجام بدرێت، بەڵام وەك پێویستییەك بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن (وەك حكومەتی ئەو دەمەی عیراق باسی كردبوو)، دوو ساڵ وادەی ئەنجامدانی پرۆسەكە پێشخرا و لە 14ی تشرینی یەكەمی 1965 ئەنجامدرا، جیاوازی ئەو سەرژمێرییە لەوانی پێش خۆی لەوەدایە كە فۆرمی سەرژمێرییەكە پرسیاری لەبارەی پیشە و نەتەوە و خزمەتی سەربازی لەخۆگرتبوو. ژمارەی دانیشتوانی عیراق لەو سەرژمێرییەدا گەیشتە هەشت ملیۆن و 261 هەزار و 527 كەس.
بە بۆچوونی هەندێك، ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان، ناكۆكییەكان لەنێوان بەغدا و هەولێر قوڵتردەكەنەوە، سەبارەت بە ناوچە كێشەلەسەرەكان.
حكومەتی فیدراڵ سورە لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە وڵاتدا لە ساڵی 2020، ئەو پرۆسەی كە لە ساڵی 1997وە لە عیراقدا ئەنجامنەدراوە و بەڵام هەندێك پێیانوایە سەرژمێرییەكە، دەرگا لەبەردەم تەنگژەیەكی نوێ‌ ئاواڵادەكات.
وێڕای پێویستییەكی زۆر بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە لەبەر چەندان مەبەست، لەسەروهەمووشیانەوە گەشەی مرۆیی لە وڵاتدا كە جەنگ و تیرۆر شەكەتیان كردووە، بەڵام ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، رەنگە جارێكی تر ببنە رێگر لەبەردەم رێكخستنی ئەو سەرژمێرییە، یان لانی كەم هۆكارێكی تر هەیە كە خۆی لە كێشەیەكی نوێدا دەبینێتەوە و دەگاتە ئەو ئاستەی دان بە ئەنجامەكەیدا نەنرێت.
لەم ماوەیەی دواییدا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، ئامادەیی حكومەتەكەی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە راگەیاندبوو لە وادەی دیاریكراوی خۆی كە سەرەتای ساڵی داهاتووە، ئاماژەی بە بەكارهێنانی ئەژماری ئەلیكترۆنیش كردبوو لە پرۆسەكەدا و داواشی لە هەموو دەزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەران كردبوو، لەگەڵ پرۆژەكەدا كارلێك بكەن.
وەزارەتی پلاندانان لە هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان، لە ساڵی رابردوودا لەسەر دیاریكردنی ساڵی داهاتوو وەك وادەیەك بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە هەموو ناوچەكانی عیراقدا رێكەوتبوون، ماددەی 140ی دەستوریش، نەخشەی رێی بۆ حكومەتی فیدراڵ دیاریی كردووە، تا لێوەی كێشە و ناكۆكییەكانی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەربكات، و چارەنوسیان دیاریی بكات سەبارەت بەوەی كە دەخرێنە سەر هەرێمی كوردستان، یان لەژێر ئیدارەی حكومەتی فیدراڵدا دەمێننەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن دووبەرەكی تێدەكەوێت

دووبەرەكی لەنێوان هێزەكانی سەر بە ئیمارات و هێزەكانی حكومەتی یەمەنی ...