سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

چوارشەممە، ١٦/٢/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئەمڕۆ ساڵرۆژی لەدایکبونی (مارگۆت)ە. کاژێری دوانزەونیو (پیتەر) هات بۆ ئەوەی دیارییەکان ببینێ، ماوەیەکی زۆر مایەوە، زۆر زیاتر لەوی کە بۆ بینینی دیارییەکان پێویستبو، جاران بەهیچ جۆرێک کاری وەهای نەدەکرد. لەکاتێکدا من بەتایبەتی، ساڵی جارێک نازی (مارگۆت) هەڵدەگرم، نیوەڕۆ دەرفەتم بۆ رەخسا و چوم قاوەکەم هێنا، پاش ئەوە پەتاتە. کاتێ بەژورەکەی (پیتەر)دا تێپەڕیم، سەرجەم کاغەزە پەرش و بڵاوەکانی سەر پەیژەکانی کۆکردەوە. لێم پرسی ئاخۆ شیپانەی بەتیتونەکە دادەمەوە.
گوتی: «بەڵێ، دایدەوە، کاتێ گەڕایتەوە بەسوکی لێی بدە، منیش لەپێشت لایدەبەمەوە.»
منیش سوپاسم کرد و چومە سەربانێ، دە خولەکەم پێچو تا لەنێو ئەو بۆشکە زلەدا وردترین پەتاتەم هەڵبژارد. پشتم ئازاری پێگەیشت وسەرما لێی دام. بێگومان بەبێ ئەوەی لێی بدەم بەخۆم شیپانەکەم لادایەلاوە و چومە ژورێ، ئەویش بەپیریمەوە هات و مەنجەڵەکەی لێوەرگرتم.
پێم گوت «زۆر گەڕام، وەلی لەوانە بچوکترم بۆ پەیدانەکرا.»
گوتی «لە بۆشکە زلەکەشدا گەڕای؟»
«بەڵێ هەرهەمویانم بەم دەستانەم هەڵدایەوە»
لەوماوەیەدا گەیشتمە سەر پلیکانەکان، ئەویش هێشتا مەنجەڵەکەی بەدەستەوەبو و بەسەرسوڕمانەوە تێی رادەما و گوتی: «بەڵام ئەمانە زۆر چاکن» منیش دەستم برد مەنجەڵەکەی لێوەرگرم، گوتی: «ئافەرین»، لەوکاتەدا بەجۆشەوە، بە نەرمە نیگایەک تەماشای دەکردم و منی لەناخەوە جۆشدا ونەرم هەڵاتم. بەتەواوی هەستم بەوە کرد کە دەیەوێ سۆزم بداتێ، لەکاتێدا ئەو توانای دەربڕینی نییە، هەمو تێڕوانینەکانی لە نیگایدا کۆببونەوە. من زۆر بەباشی لێی تێگەیشتم و زۆر سوپاسگوزاری بوم. ئێستاش زۆر بەختەوەر دەبم کاتێ بیر لە وشە و نیگاکانی دەکەمەوە!
کە چومەوە خوارێ، دایکم پێی گوتم پەتاتەی زیاترمان بۆ نانی شێوان پێوستە. منیش بەسینگێکی فراوانەوە ئامادەیی خۆم نیشاندا بۆئەوەی جارێکی تر بچمەوە سەرێ. کاتێ چومەوە بۆ لای (پیتەر) لێبوردنم لێخواست چونکە جارێکی تر دەبمە بارگرانی. بەڵام ئەو هەڵسایە سەرپێیان و خۆی خستە نێوان پلیکانەکان و دیوارەکەوە و باسکی گرتم، کاتێ پێم نایە سەر پلیکانەکان، زۆری بۆخۆی هێنا نەبادا من بەپشتدا وەرگەڕێم.
گوتی: «من پێشت دەکەوم، هەردەبێ بچمە سەرێ»
منیش گوتم، پیویست ناکا ئەمجارەیان پەتاتەی هوردم ناوێ. ئەویش قۆڵی بەردام و ملی بەداواکەمدا دا. کاتێ گەڕامەوە لاشیپەکەی لێ واڵاکردمەوە و مەنجەڵەکەی لێ وەرگرتم. لەبەر دەرگاکە لێم پرسی «ئەی تۆ ئێستا خەریکی چیت؟»
گوتی: «زمانی فەڕەنسی»
پرسیم ئاخۆ بۆم هەیە راهێنانەکانی ببینم، گوتی بەڵێ، منیش دەستەکانم تەکاند و لە بەامبەریدا لەسەر قەنەفەکە دانیشتم.
پاش ئەوەی هەندێ وشەی فەڕەنسیم بۆ رونکردەوە، چوینە سەر باسەکەی خۆمان. ئەو باسی ئەوەی کرد گوایە لە دواڕۆژا دەچێتە ئاسیای رۆژهەڵاتی ژێر سایەی هۆڵەندا، لەوێ لە یەکێک لە مەرزاکان گوزەران دەکات. پاشان هاتە سەر باسی ژیانی خۆی لەماڵەوە، هەروەها کارکردن لە بازاڕی رەش گوایە مایەپوچە. پێمگوت تۆ هەستی خۆ بەکەم زانینت زۆر تێدایە. پاشان باسی جولەکەی کرد. زۆری پێباش بوو ئەگەر بەخۆی جو نەبوایە، بەڵکو کریست بوایە و پاش جەنگ دەچێتە سەر ئاینی کریست. پرسیم ئاخۆ پاش تەواوبونی جەنگەکە نیازی هەیە خۆی بەئاینی کریست گۆش بکات؟ بەڵام دیاربو ئەو نیازەشی نەبو، گوتی: پاش جەنگ کەس نازانێ ئایا دەبمە کریست یا جو. بەو قسانەی دەتگوت دڵیان ئەنگاوتوم، چونکە بەداخەوە دەرکەوت کە ئەو هێشتا لاسەنگ وهەرزەیە. دوایی گوتی: «خەڵکی جو هەردەم بژار کراون، تا هەمیشەش هەر بەوجۆرە دەمێننەوە!»
منیش لەوەڵامدا گوتم: «هیوادارم بۆ یەکجاریش بێت بۆ مەبەستێکی باش بژار بکرێن»
پاش ئەو باسانە، بەشێنەیی چوینە سەر باسی باوکم و ناسینی مرۆڤ، هەروەها چەندین شتی تر، خۆم بیرم نەماون. پێنج و چارەک رۆیشتم، ئەو کاتەش (میپ) هاتەسەرێ.
ئێوارێ (پیتەر) باسێکی خۆشی هێنایە ئاراوە، کاتێ باسمان لە پۆستەری ئەکتەری فیلمەکان دەکرد کە لەمێژبو بەدیاری وێمدابون. نزیکەی ساڵونیوێکە، هێشتا لە ژورەکەی هەڵواسراون. ئەو زۆری بەدڵبون، پێم گوت ئەگەر دەتەوێ وێنەی دیکەشت دەدەمێ.
گوتی: «نەخێر، چاکوایە هەر ئەوانەم هەبن، ئەوانەی هەمن هەموو رۆژێک تەماشایان دەکەم و ئێستا بون بەهاوڕێم.»
من ئێستا تێدەگەم بۆچی ئەو هێندە هۆگری (ماوشی)یە و لەباوەشی دەگرێ. چونکە هەڵبەتە پێویستی بە سۆز و خۆشەویستییە. شتێکی ترم لە بیرچو، ئەو گوتی: «من لە هیچ شتێک ناترسم، تەنها ئەوکاتە دەترسم کە کەموکوڕیم هەبێ، بەڵام خۆم لەسەر ئەوەش رادەهێنم.»
خۆبەکەم زانینەکەی (پیتەر) لەپێوان ناێی. ئەو خۆی پێ نەزانە و ئێمەی بەلاوە زیرەک و زانایە، بۆنمونە، کاتێ من لە وانەی زمانی فەڕەنسی کۆمەکی دەکەم، ئەو هەزاران جار سوپاسم دەکات. هەڵبەتە لەداهاتودا ئەوەی پێیدەڵێم کە: «واز لەو قسەڵۆکانە بهێنە. بەرابەر بەوە خۆ تۆ ئینگلیزی و جوگرافی زۆر لەمن باشتر دەزانی!»
ئانا فرانک

هەینی، ١٨/٢/١٩٤٤
کیتی تابڵێی شیرین!
هەرچ کاتێک دەچمە سەرێ، تەنها یەک شتم مەبەستە، ئەویش بینینی «ئەوە». ژیانم لێرە ئێستا زۆر خۆشترە، چونکە ئامانجێکی دڵخۆشکەری کەوتۆتە ئاسۆ. ئەوەی بۆم بوە بە هاوڕێ، هەمیشە لەماڵەویە، (مارگۆت)ی لێبترازێ، ترسم لە کەسێکی تر نییە ململانێم لەسەری دەگەڵ بکا. وا نەزانی بە داوی خۆشەویستیەوە گلاوم. لەگەڵ ئەوەشدا هەستدەکەم شتێکی جوان لەنێوان من و (پیتەر) دەڕسکێ و دەبێتە زادەی هاورێتی و متمانەیی. ئەوەندەی بۆم بڕەخسێ دەچم بۆلای، خۆ ئەو وەکو جاران نەماوە و نەزانێ بەچی دەسپێبکات. بەپیچەوانەوە، هێشتا لەدەرگای ژورەکەی ئاودیو نەبوە دەست بە قسەکانی دەکا.
دایکم پێی خۆش نییە دەچمە سەرێ. هەمیشە پێم دەڵێ تۆ نابێ (پیتەر) بێزار و شێڵو بکەی. هەڵبەتە ئەو لەوە تێناگات کە منیش بەشی خۆم لە هەست و نەست پێبڕاوە؟ هەرچ کاتێ دەچمە سەرەوە ئەو بەجۆرێک لێم دەڕوانێ. کاتێکیش دێمەوە خوارێ لێم دەپرسێ ئاخۆ لەکوێ بوم. من ئەوەیم پێ خراپ و جاڕسە.

ئانا فرانک
شەممە، ١٩/٢/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئەوا هەمدیس رۆژی شەممەیە، لەڕاستیدا ئەوە زۆر شتی لەدووتوێ دایە. بەیانییەکەی هێمن بو. نزیکەی یەک کاژێر لەسەرەوە بوم، بەڵام من و «ئەو» تەنها بە سەرپێی قسەمان کرد.
کاژێری دوونیو پەتۆیەکم بەخۆمدادا و چومەخوارێ بەنیازی ئەوەی لەسەر مێزی نوسین دانیشم، بخوێنمەوە یا شتێک بنوسم. زۆری پێنەچو مێشکم جەنجاڵ بو، سەرم بەسەر باسکمدا شۆڕبۆوە و بەکوڵ دەستم بە گریان کرد. فرمێسکەکانم جۆگەڵەیان بەست، زۆر خەمگین بوم. خۆزگە «ئەو» هاتبایە ودڵنەوایی کردبام.
کاژێر بوو بە چوار، دەبوایە بچمەوە سەرێ بۆ هێنانی پەتاتە و بەهیوای دیدەنی ئەو، پێشتر چومە سەرشۆرکێ بۆ ئەوەی پرچم رێکبخەم، گوێم لێبو ئەو بەرەو کۆگا بۆلای (ماوشی) بەڕێکەوت. دیسانەوە دەستم بەگریان کرد و بەغاردان بەرەو توالێتەکە چوم، بەدەم ڕێگاوە ئاوێنەکەم لەگەڵ خۆ بردە ژورێ. لەوێ مامەوە، کوڵ و کەسەر فرمێسکم دەباراند، دڵۆپە فرمێسکەکان پەڵەیەکی تاریان لەسەر دەسماڵەکەم پێکهێنا.
من بیرم بۆ ئەوە چو کە: «بەمجۆرە قەت بە (پیتەر) ناگەم. کێ دەزانێ، لەوانەیە ئەو منی بەدڵ نەبێت و حەوجەی بە کەسێکی جێ متمانە نەبێت. لەوانەیە ئەو زۆر رووکەشانە بیر لەمن بکاتەوە؟ دەبێ دیسان بەتەنێ و بەبێ (پیتەر) بمێنمەوە، لەوانەشە بێ هیوا و دوور لە دڵنەوایی و چاوەڕوانی! ئاخ، گەر ئێستا سەرم خستبایەتە سەرشانی، بۆئەوەی هەستی بێ هیوایی و تەریکیم بڕەوێنمەوە. کێ دەزانێ، خۆ لەوانەیە من بەلایەوە شتێکی ئەوتۆ نەبم و بەهەمان نیگای خۆشەویستی لە هەمو کەسێکی تریش بڕوانێ. تۆبڵێی ئەوە تەنها لە وێناکردنی خۆم بێت؟ ئۆه (پیتەر) خۆزگە گوێت لێم دەبو و لەبەر نیگام بای! جا ئەگەر راستییەکەی نائومێدی ودەسخەڕۆیی بێت، ئەوا من بەرگەی ئاکامەکەی ناگرم.
لەکاتێکدا لە ناخەوە ئەسرینم دەڕژاند، دیسانەوە گوڵی هیوا وچاوەڕوانیم لەناخدا پشکوت.
ئانا-ی تۆ

یەکشەممە، ٢٠/٢/١٩٤٤
ئەو کارانەی خەڵکی لە رۆژانی هەفتەکەدا رایدەپەڕێنن، ئێمە دەبێ لە رۆژانی یەکشەممە جێبەجێیان بکەین. کاتێ خەڵکی پۆشتەوبەرداخ لەبەر تیشکی هەتاو پیاسە دەکەن، ئێمە لێرە خەریکی پاککردەنەوە و گسک لێدان و شۆرینین.
هەشتی بەیانی: بەبێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوانەی حەز بە چێشتە خەو دەکەن، رۆژانی یەکشه‌ممە (دوسێل) کاژێر هەشتی بەیانی لەخەو هەڵدەستێ و دەچێتە سەرشۆرکە، پاشان دەچێتە خوارێ، دیسانەوە بۆ سەرێ، دوایی دەچێتەوە سەرشۆرکە، بەدرێژایی یەک کاژێر خەریکی خۆشۆرین دەبێ.
نۆ و نیو: ژورەکان رووناک دەکرێنەوە، فڕنەکە دادەگیرسێ، خاتو (ڤان دان) دەچێتە سەرشۆرکە.
دە و چارەک: ماڵباتی (ڤان دان) فیکە لێدەدەن، سەرشۆرکە بەتاڵە. روخسارە خواڵوەکان ماڵئاوایی لە سەرینەکانیان دەکەن، کاتی رابونە. هەمو شتەکان زۆر بەلەز تێدەپەڕن. بەنۆرە دەڕۆین، من، دایکم و (مارگۆت) دوابەدوای یەک دەچینە سەرشۆرکێ. لەبەرئەوەی ئەوێ زۆر ساردە، بە شەرواڵی درێژ و لەچکەوە دەچین. دوای ئێمە نۆرەی باوکم دێت.
یانزە ونیو: کاتی قاوەتییە. لێرەدا خۆم فەرامۆش ناکەم. بەبێ منیش ئەوان لەسەر سفرەکە قسەی خۆیان هەر دەکەن.
دوانزە وچارەک: هەرکەس ملی ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر. باوکم بەرگێکی ئاودامان دەپۆشێ، دەکەوێتە سەرچۆکان و رایەخەکە بەجۆرێک دەماڵێ، تەپوتۆز هەورئاسا ژوورەکە دادەپۆشێ. بەڕێز (دوسێل) نوێنەکان رێکدەخا (بێگومان بە بەرەواژی)، دەکەوێتە فیکەفیک، هەردەم هەمان کۆنسیرتی بتهۆڤن دەچڕێتەوە. لەسەربان گوێت لە خشەخشی پێی دایکمە کاتێ جلەکان هەڵدەخا. بەڕێز (ڤان دان) شەبقەکەی لەسەر دەنێ و لەو ناوچانەی خوارەوە وندەبێت، (پیتەر) و (ماوشی)یش زۆرجار دوای دەکەون. خاتو (ڤان دان) بەرهەڵبێنە و یەلەکێکی خوری لەبەردەکا، پوزەوانە لە پێ هەڵدەکێشێ و سەری بە سەرپێچێکی سور و ئەستوری خوری دەپێچێتەوە، باوەشێ جلوبەرگ بۆ شۆرین لەژێرباڵ دەنێ و بە لارولەنجەوە وندەبێت. من و (مارگۆت) دەفرەکان دەشۆین و ژورەکە رێکدەخەین. ئانا

چوارشەممە، ٢٣/٢/١٩٤٤
شیرینترین کیتی!
لەدوێنێوە، کەشوهەوا زۆر دڵگیرە، منیش بەتەواوی رووشاوم. ئەوەندەی بلوێ هەموو بەیانیەک دەچمە سەرەوە بۆ ئەوەی سییەکانم لە بەڵخ و نماوی ژورەکان خاوێن بکەمەوە. ئەم بەیانییە کە چومە سەرێ (پیتەر) شتەکانی رێکدەخست. هەر کە گەیشتمە جێگا خۆشەکەی خۆم لەسەر بان، ئەویش بەدوامدا هات. تەماشای شینی ئاسمان و درەختە کەستانیە روتەنەکە و بریسکەی خوناوی سەر چڵەکانی، لە نەورەس و مەلە نزم فڕەکانمان دەڕوانی دەتگوت زیون. هەموو ئەوانە بەجۆرێک کاری تێکردبوین هەردووک قسەمان پێ نەدەکرا. ئەو سەری بە کۆڵەکەیەکی ئەستوردا هەڵپەساردبو منیش دانیشتبوم. هەوامان هەڵدەمژی و لەو دیمەنەمان دەڕوانی، هەردووک درکمان بەوەکردبو کە نابێ بە وشە ئەو دیمەنە بشێوێنین. تێڕامان ماوەیەکی زۆری خایاند، ئەو چوە سەروتر بۆ ئەوەی دار ببڕێتەوە، منیش دوای کەوتم، بەڵام ئەوم بۆ دەرکەوت کە کوڕێکی ڕەوشت بەرزە. ماوەی ئەو پانزە خولەکەی بە داربڕینەوە خەریکبو ورتەمان لێ نەهاتە دەرێ. من لەجێگاکەی خۆمەوە تەماشام دەکرد، ئەویش ماندو ببو، دەیویست کارامەیی و بەهێزی خۆیم لە بڕینەوەدا نیشان بدا. لەهەمان کاتدا لە پەنجەرەی سەربانەکەوە تەماشای دیمەنی بەشێکی زۆری ئەمستردامم دەکرد، ئاسۆ رەنگێکی ئاوی کاڵ دایپۆشیبو، منیش تا چاوی مرۆڤ بڕدەکا لێم دەڕوانی.
وەهام دانابو کە «هەتا رۆژ بەدەرەوە بێت و ئاسمان ئاوا شین و بێگەرد بێ، دەبێ چێژی لێ ببینم و خەمەمانم بڕەوێنمەوە»
هەرکەسێک، ترسی هەبێ، بە تەنیا بێ یا بەختەوەر نەبێت، باشترین کار بتوانێ بیکا، چوونە دەرەوەیە، بۆ هەرچ جێگایەک بێت، تێدا ئەو بەتەنیا بێ، تەنها خۆی و ئاسمان، سروشت و خودا. ئەوکات، مرۆڤ هەستدەکا کە هەموو شتەکان بەو جۆرەی خواستی ئەوە و خودا دەخوازێ ئەو مرۆڤە بە بەختەوەری و بەسادەیی لەنێو سروشتەکەیدا ببینێ. تا ئەوانە هەبن، هەتا هەتا هەر بەوجۆرەش دەمێنێتەوە، من دەزانم، لە هەمو هەل و مەرجێکیشدا هەمو خەمێک خەمڕەوێنێکی هەیە. بڕوایەکی تەواویشم بەوە هەیە، دەکارێ سروشت زۆر لەوە خراپترت لێ بەسەربهێنێ.
کێ دەزانێ، لەوانەیە زۆری پێنەچێت، ئەو بەختەوەرییەم لەگەڵ کەسێکدا دابەش بکەم، کەسێک، هەمان تێڕوانینی منی هەبێت.
ئانای تۆ
تێبینی: لەیادی (پیتەر)دا:
ئێمە لێرە کەموکوڕیمان زۆرن، یەکجار زۆر. منیش وەکو تۆ بێ کەموکوڕی نیم. هەڵبەتە من باس لە شتە دەرەکییەکان ناکەم، چونکە لەو رووەوە کەموکوڕیمان نییە. من مەبەستم لە شتە ناوەکییەکانە. من وەکو تۆ تاسەی ئازادی و هەوام، بەڵام من پێم وایە ئەو کەموکوڕییەمان بەزیادەوە بۆ قەرەبوو کراوەتەوە، مەبەستم لە زیانەکانی ناوەوەمانە. ئەم بەیانییە، کاتێ لای پەنجەرەکەوە دانیشتبوم و لە سروشت و لە خودام دەڕوانی، بەختەوەربوم، لە بەختەوەری بەولاوە هیچی تر نە‌و. (پیتەر)یش بەهەمان شێوە، تا لەناخەوە ئەو بەختەوەرییە هەبێت، بەختەوەریی بە سروشت و بە تەندروستییەکی باش و زۆر شتی تریش، مرۆڤ تا ئەوەی لەناخدا هەبێ، هەمیشە هەر بەختەوەر دەبێتەوە.
سەروەت و سامان، بیروڕا، ئەوانە هەموو لەناودەچن، بەڵام بەختەوەریی لەناخی دڵدایە، بۆی هەیە پەردەپۆش بکرێت، بەڵام هەتا لەژیاندا ماوی، سەرلەنوێ هەمیشە بەختەوەرت دەکاتەوە.
ئەگەر بەتەنیا وخەمبار بوی، هەوڵدە لە کەشوهەوایەکی خۆشدا بچیتە سەربان و لە ئاسمان بڕوانی. ئەوەندی بۆت بکرێ، بەبێ ترس لە ئاسمان بڕوانە، تا درک بەوە دەکەی کە لەناخەوە پاک بویتەتەوە، ئەوا جارێکی تر بەختەوەر دەبیتەوە.

یەکشەممە، ٢٧/٢/١٩٤٤
کیتی گیان!
هەر له‌ گزینگەوە تا زەردەپەڕ، لە (پیتەر) بەولاوە بیر لە هیچی تر ناکەمەوە. من لەگەڵ وێنەی ئەودا دەنوم، خەوی پێوە دەبینم، نیگاکانی خەبەرم دەکەنەوە.
پێموایە، من و (پیتەر)، وەک بەرواڵەت دیارە، زۆر جیاوازیمان نییە، پێشتدەڵێم بۆچی: من و (پیتەر) هەردصوکمان پێویستمان بە دایکە. دایکی ئەو کەسێکی زۆر روکەشە و حەز لە چاوبازی دەکا و لە ویستەکانی (پیتەر) بێ ئاگایە. دایکی من هەوڵم بۆ دەدا، بەڵام بەوردی هەستم پێناکات، هەستی دایکایەتی تێدا نییە.
من و (پیتەر) لەناخەوە دەجەنگین. هێشتا بڕوامان بەخۆ نییە و دەڕوخێین، لە بەرامبەر توندوتیژی هێشتا نەرم و شلین، یا ئەوەتا خۆم دەدزمەوە یا ئەوەی لە ناخمدایە دەیشارمەوە. من مەنجەڵ فڕێدەدەم و ئاو دەڕێژم و گاڵەوگیڤە دەکەم بەجۆرێک هەمو حەز بە نەبونم دەکەن. بەرامبەر بەوەش (پیتەر) ددان بەخۆدادەگرێت، ورتەی لێوەنایەت و بەترسەوە خۆی پەنادەدا.
بەڵام ئاخۆ چۆن و کەی دەبێ خۆمان بناسینەوە؟
من نازانم، تا کەی ئەو خواستانە بەسەر تێگەیشتنماندا زاڵ دەبن. ئانا م. فرانک-ی تۆ

دووشەممە، ٢٨/٢/١٩٤٤
خۆشەویسترین کیتی!
دەڵێی مڵۆزم بەرۆکی گرتوم! هەموو ساتێک دەیبینم و دەستەوسانم. بۆم نییە هیچ دەربڕم، هەڵبەتە مایەی دڵخۆشی نییە، ئەگەر من ئاوا لە دڵەڕاوکێدا بم.
(پیتەر)ی کەشتی و (پیتەر ڤان دان) ئاوێتەی یەکدی بون و (پیتەر)یان پێکهێنا، ئەویش زۆر شیرین و هەموارە و منیش شەیدای بومە. دایکم کارەساتە، باوکم شیرینە هەربۆیە لەدایکم بارگرانترە. (مارگۆت) لەهەمویان بارگرانترە و داوات لەسەر تۆماردەکا ئەگەر بە رویەکی خۆشەوە بتبینێ، بۆیە منیش حەزدەکەم بەتەنیا بم.
لەسەربان، (پیتەر) نەهات بۆلام، ئەو چوو بۆ دارتاشی. لەگەڵ هەر ترپەیەک و چەکوچ وەشانێک ورەم کەمتر دەبۆوە و خەم دایدەگرتم، لەدورەوەش زەنگی کاتژمێرێک دەهات، وەکوو ئەوەی: «تاوێک جەستەم وگاوێک دەرونم» بکوتێ.
من زۆر هەستیارم، ئەوە دەزانم. من دودڵ و ناهەموارم، ئەوەشیان دەزانم.
دە فریام کەوە!
ئانا م. فرانک- ی خۆت

چوارشەممە، ١/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
خەم وجەخارەکانم وەلاکەوتن، ئەوەش بەهۆی دزییەوە. دزی و بڕینەوە ناخۆشیان کردوە، بەڵام من چیم دەرهەق بەوە پێدەکرێ، ئەگەر دزەکان خۆیان جۆش وخرۆشی ئەوکارەبن، ئەمجارە کۆمپانیای (Kolen & Co.) بەسەردانی دزەکان شکۆمەندبو؟ دزییەکەی ئەمجارە زۆر لەوەی گەلاوێژی ١٩٤٣ ئاڵۆزتربو.
کاتێ بەڕێز (ڤان دان)، دوێنێ ئێوارێ، وەک هەمیشە کاژێری حەوتونیو بیرۆکەی بەڕێز (کوگلەری) بەسەرکردەوە، دەبینێ دەرگا شوشەکەی ناوەندەوە و دەرگای بیرۆکە کراوەن. سەراسیمە چوە ژورێ و زیاتر سەری لە کرانەوەی دەرگای کابینەکە و تێکئاڵاوی شتەکانی نێوی، سوڕما. ئا، ئەوە خۆ دزی ڵێبووە، یەکسەر ئەوەی بەمێشکدا گوزەرابو. بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیابێت، بە پەیژەکاندا چوە خوارێ بۆئەوێ دەرگاکەی دەرێ و کلیل و قوفڵەکانی بەسەرکاتەوە، هەمو لەجێی خۆبون. ئەو پێی وابو ئەوە بەهۆی کەمتەرخەمی (پیتەر) و (بیپ)ەوە رویداوە. پشوەساتێک لە ژورەکەی (کوگلەر)دا مایەوە، چراکەی خامۆشکرد وچوە سەرێ، چیتر بیری، نە لەدرگا کراوەکە و نە لە تێکئاڵاوی شتەکانی نێو بیرۆکەدا، کردەوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (پیتەر) زوو لەدەرگای ژورەکەی دا وهەواڵێکی خه‌مناکی پێبو، گوایە دەرگای دەرەوە لەسەر گازی پشت کرابۆوە وپڕۆجێکتەرەکە وجانتاکەی (کوگلەر) لە دۆڵابەکەدا نەمابون. (پیتەر)یان راسپارد بۆ ئەوەی دەرگاکە داخاتەوە، (ڤان دان) باسی ئێوارەی رابردوی بۆکردین کە سەرنجی چی داوە، بەگێڕانەوەکانی ئێمە زۆر نیگەران بوین.
رووداوەکە تەنها رونکردنەوەیەک هەڵدەگرێت ئەوەش ئەوەیە کە دزەکە کلیلێکی تری دەرگاکەی پێبوە، چونکە دەرگاکە نەشکابو. هەڵبەتە ئەو هەر ئێوارێ زوو دزەی کردۆتە ناوەوە ودرگاکەی داخستووە، بەڵام کاتێ سۆسەی (ڤان دان) کردوە خۆی شاردۆتەوە، پاشان دەسکەوتەکانی پێچاوەتەوە و لەبەر شپرزەیی لەپاش خۆی دەرگاکەی دانەخستۆتەوە وهەڵهاتوە.
ئایا کێ کلیلەکەی ئێمەی پێیە؟ ئەی بۆچی دزەکە نەچۆتە کۆگاکە؟ تۆبڵێی یەکێک لەکرێکارەکانی کۆگا بوبێت؟ ئاخۆ زمانمان لێنادا، چونکە ئەو گوێی لە (ڤان دان) بو، تەنانەت لەوانەیە بینیبێتی؟
بەڕاستی شتەکە زۆر ترسناکە، چونکە ئێمە نازانین ئاخۆ جارێکی تر دێتەوە و دەرگاکەمان دەکاتەوە. یاخود ئەو بەخۆی لەو پیاوە تۆقیوە کە لەوێ بینیوێتی؟
ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ٢/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئەمڕۆ لەگەڵ (مارگۆت) پێکەوە لەسەربان بوین، من لەگەڵ ئەوەی دەزانم کە من و ئەو زۆربەی بۆچوونەکانمان لێکدەچن، بەڵام هێندەی چێژ لێوەرناگرم بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ (پیتەر)دا لەوێ بم!
لە کاتی جلشۆریندا (بیپ) دڵتەنگی وخەموجەخارەکانی خۆی بۆ دایکم و خاتو (ڤان دان) هەڵدەڕشت. جا ئەی ئەوان چۆنی دڵ بدەنەوە؟ بەتایبەتی ئەو دایکە هەرزەچنانەمان کە سەر لەمرۆڤ دەشێوێنن وزێتر نوقمی دەکەن. دەزانی ئەوان چ ئامۆژگاریێکیان بە (بیپ) دا؟ داوایان لێکرد بیر لە هەموو ئەو مرۆڤانە بکاتەوە کە لەم جیهانەدا لەناودەچن! جا بیرکردنەوە لە نەهامەتێکی لەوجۆرە چ کۆمەکێک بەو مرۆڤە دەکات کە بەخۆی لەنێو بەرداشەکەدا بێت؟ منیش ئەوەم گوت. بێگومان وەڵامەکەی ئەوەبو کە من بۆم نییە لەوقسانەدا تێهەڵقورتێم!
ئای کە گەورەکان گەمژە وگەلۆرن! وەک بڵێی (پیتەر)، (مارگۆت)، (بیپ) و من لەودا هاوهەست نەبین! دەرهەق بەو دڵتەنگییە تاکە کۆڵەکە، سۆزوخۆشەویستی دایک یا هاوڕێیەکی زۆر باش پێکیدەهێنێت. بەڵام ئەو دوو دایکە بایی تۆزقاڵێک لێمان تێناگەن! خاتو (ڤان دان) کەمۆکەیەک پتر لەدایکم. زۆرم پێخۆشبو شتێک بە (بیپ) بڵێم کۆمەکی پێبکات کە رۆژگار فێری کردوم. بەڵام باوکم هاتە ناوەوە و منی لادایە لاوە. گوتی: ئێوە هەموتان زۆر گەوجن! ئێمە بۆمان نییە بڕیاربدەین! بەڵێ، ئەوان هەموو زۆر مۆدێرنن! بۆت نییە بڕیار بدەی! خۆ مرۆ دەتوانێ بڵێ، تۆ دەبێ دەمت داخەی و هیچ بڕیارێک بدەی، شتی وا کوا هەیە؟ هیچ کەسێک ناتوانێ رێگری لە بڕیاردانی کەسێکی تر بکات، با ئەوکەسەش هێشتا هەرزەبێ! (بیپ)، (مارگۆت)، (پیتەر) و منیش تەنها سۆزێکی لێوالێو پڕ لە خۆشەویستی کۆمەکمان پێدەکات، دیارە ئەوەشمان لێرە بە چنگ ناێی. کەسیش لێرە ناتوانێ تێمان بگات، بەتایبەتی ئەو گەمژانەی ئێرە کە پێیانوایە هەمو شتێک باشتر دەزانن. ئێمە لەوان زیاتر درک و تێڕوانینمان بە شتەکان هەیە، تەنانەت زۆر زیاتر لەوەی ئەوان تابڕدەکات بۆی بچن.
خۆشەویستی، خۆشەویستی چییە؟ پێموایە خۆشەویستی شتێکە لەڕاستیدا لە وشەیەکدا کۆناکرێتەوە. خۆشەویستی ئەوەیە کە لە کەسێک تێبگەی، ئەو کەسەت هەبێ. خۆشی و ناخۆشی لەگەڵدابەشکەی. جا ئەوە بەردەوام خۆشەویستی جەستەشی دێتەپاڵ. تۆ شتێک بەشدەکەی، شتێک دەبەخشی و شتێک وەردەگری. جا ئەگەر هاوسەرگیربی یا نەبی، ئەگەر مناڵت ببێت یانەبێت، یا ئەگەر شکۆ نەمێنێ، پەیوەندی بەوانەوە نییە ئەگەر بزانی لەژیانتا کەسێکت لەتەکە، لێت تێدەگات و پێویستت بەوە نییە لە هیچ کەسێکی تردا تێدا بەشداربیت!
لەم کاتەدا دایکم لێم بە گەڕوگێچەڵە. ئاشکرایە کە ئیرەییە، چونکە ئەوەندەی خاتو (ڤان دان) دەدوێنم ئەو نادوێنم. ئەوشم بەلاوە ئاساییە!
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پیتەر)م گرت، لانیکەم چلوپێنج خولەک قسەمانکرد. ئەو زۆری پێ سەختە باسی خۆی بکات. بەلام پاشان بەکاوەخۆ هاتە قسە. ئەو باسی ئەوەی کرد کە دایکوبابی هەردەم، لەسەر سیاسەت و جگەرە وهەرهۆیەکی دی، بەشەڕدین. هەروەک پێشتر گوتم، (پیتەر) زۆر راڕا بو، بەڵام دواجار خواستی ئەوەی دەربڕی کە دایکوبابی بۆماوەی دووساڵ نەبینێ. گوتی: «لەڕاستیدا باوکم هێندە مەزن نییە وەک دەردەکەوێ، لەبارەی کێشەی جگەرەش، دایکم هەمیشە راستدەکات»
من باسی دایکوبابم کرد. بەڵام ئەو تای باوکم بو وئەوی پێ «کەڵەپیاوە.»
پاشان چوینە سەرباسی ئەوانەی «سەرەوە» وئێمە. ئەو بەلایەوە سەیربو کە ئێمە تائێستا دایکوبابی بەچاکی ناپەسنین.
پێم گوت «(پیتەر) تۆ خۆت دەزانی من راست وڕەوانم. ئەی بۆچی ئەوەت بۆ ئاشکرا نەکەم؟ خۆ ئێمەش بەهەڵەکانیان ئاشناین.»
هەروەها گوتم: «(پیتەر) من بەخۆشحاڵیەوە کۆمەکت دەکەم، وەها نابێ؟ تۆ لەو نێوەندەدا قەتیس ماوی، من بەوە دەزانم، ئەگەر بە خۆشت نەیدرکێنێ، ئەوا دۆخەکە فشارت دەخاتە سەرێ.»
گوتی: «هەڵبەتە دەرگام بۆ کۆمەکی تۆ هەردەم واڵایە»
«چاک وایە بچیتە لای باوکم. ئەو هیچ شتێک ناگێڕێتەوە، دەتوانی هەموو شتێکی بۆ باسکەی»
«بەڵێ وایە ئەو هەڤاڵێکی راستەقینەیە»
«تۆ ئەوەت زۆر خۆشدەوێ، وانییە؟»
(پیتەر) سەری ئەرێی لەقاند، منیش بەردەوام بوم: «هەڵبەتە ئەویش بەهەمان شێوە!»
ئەو سورهەڵگەڕا. گەشانەوەی بەو چەند وشەیە زۆر کاریگەربو. پرسی؟ «تۆ پێت وایە؟»
گوتم «بەدڵنیاییەوە، من چەندین جارم گوێی لێبوە»
پاشان بەڕیز (ڤان دان) بەسەرداهات بۆ ئەوەی پێمان بێژێ: هەڵبەتە (پیتەر)یش وەکو بابە (کەڵەپیاوە). ئانا-ی تۆ

هەینی، ٣/٣/١٩٤٤
ئەم ئێوارەیە، کاتێ مۆمەکان داگیرسان، شادوئارامی کردم. لەدووتۆی تیشکی مۆمەکاندا داپیرم بەدیدەکرد، داپیرم بۆمن قەڵغانە و دەمپارێزێ وشادوبەختەوەرم دەکات. بەڵام کەسێکی تر بەسەر بیرمدا زاڵە، ئەویش (پیتەر)ە. ئەمڕۆ کاتێ پەتاتەم هێنا، بە قابلەمەیەکی پڕەوە لەسەر پلیکانەکان وەستام، (پیتەر) لێی پرسیم: «ئەرێ ئەم پاشنیوەڕۆیە سەرقاڵی چی بویت؟»
منیش لەسەر پلیکانەیەک دانیشتم ودەستمان بەقسە کرد. پێنج وچارەک (پاش یەک کاژێری تەواو) پەتاتەکانم گەیاندە خوارێ. ئەو تەنانەت بە وشەیەکیش باسی دایکوبابی خۆی نەکرد، زیاتر قسەمان لەبارەی کتێب و رابردو کرد. ئەو کوڕە خاوەند نیگایەکی زۆر بەجۆشە! پێموابێ زۆری نەماوە بکەومە داوی خۆشەویستیەکەیەوە. پاش ئەوەی پەتاتەکانم سپی کردنەوە، چومەوە بۆلای. خۆی باسی ئەوەی کرد کە من زۆر گەرم هەڵاتبوم. گوتی «تۆ و (مارگۆت) هێندە گەرم دادێن بەڕادەیەک مرۆڤ هەست بە پلەی گەرمیتان دەکات. منیش گوتم «ئەگەر سەرما بێ ئەوا سپی هەڵدەگەڕێین، ئەگەریش گەرما بێت ئەوا سوور هەڵدەگەڕێین»
پرسی: «دڵداری»
گوتم: «بۆچی دڵداربم؟» وەڵامەکەم تاڕادەیەک گەوج بوو.
پرسی: «ئەی بۆ نا!» لێرەدا، دەبوایە بۆ خوان بچین.
ئاخۆ مەبەستی لەوپرسیارە چی بوبی؟ ئەمڕۆ دەرفەتم بۆ ڕەخسا پرسیاری لێبکەم ئاخۆ وەڵامەکەمی پێ قەڵب نەبوە. ئەویش لەوەڵامدا بەکورتی گوتی: «زۆر بەدڵم بوو!» جا ئەو وەڵامە چەندی سەرسوڕمانی ئاوێتەیە، ئەوە من نایزانم. کیتی، بەڕاستی بە دڵدارێک دەچم لە خۆشەویستەکەی بەولاوە هیچ باسێکی تر نەزانێ. بەڵام (پیتەر) بەڕاستی خۆشەویستە. ئاخۆ کەی بتوانم ئەوەی پێبڵێم؟ بێگومان تەنها گەر ئەو هەمان تێڕوانینی هەبێت. هەڵبەتە خۆشم دەزانم کە من ئەو بێچوە پشیلەیە نیم بەئاسانی و بەبێ دەستکێش بگیرێم. ئەو حەز لە هێمنی دەکات، منیش بێ ئاگام لەوەی ئاخۆ منی خۆشدەوێ یان نا.
بەهەرجۆرێک بێت ئێمە ئێستا هەندێک یەکتر دەناسین، من هیوام دەخواست زۆر شتی دیکە پێکەوەی گرێداباین. بەڵام کێ دەزانێ، لەوانەیە ئەو کاتەش بەخێرایی بێتە پێشێ، زۆر خێراتر لەوەی من بۆی دەچم. بەڕۆژەوە چەندین جار نیگای پەسنم لێدەتروکێنێ منیش چاومی بۆ دەتروکێنمەوە، هەردوکیشمان دڵخۆشین بەوە! من شێتم ئەگەر باس لە دڵخۆشی ئەو بکەم، بەڵام بەجۆرێکی رەها هەستدەکەم کە ئەوەیش هەمان هەستی منی هەیە.
ئانا م. فرانک-ی تۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*