سەرەکی » راپۆرت » سەرۆكی پەرلەمان:چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم

سەرۆكی پەرلەمان:چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم

دەقی وتاری سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پایزە

لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پایزە كە رۆژی یەكشەممە 1/9/2019، بەڕێوەچوو، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان….

هاووڵاتیانی ئازیزی هەرێمی كوردستان..
رۆژی 1/9/2019، خولی پایزەی گرێدان لەساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكات و متمانەبەخشین بەكابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 10/7/2019 خاڵی جەوهەری و جیاكەرەوەی ئەم وەرزە دەبێت لە وەرزی یاسادانانی یەكەم، چونكە لە ڕووەكانی یاسادانان‌و چاودێری‌و بەدواداچوونی ئامادەكارییەكانی بودجەی گشتیی هەرێم ئەركی ڕاستەقینەو جیاواز دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران، بۆیە گرنگە ڕوانگەی تەشریعیی ڕوونمان بۆ وەرزەكە هەبێت‌و ئەركی چاودێریكردنی حكومەتیش هاوتەریب لەگەڵ ئەركی یاسادانان لەچوارچێوەی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ نادیدە نەگرین، چونكە ئەم دوو ئەركە یەكتر تەواو دەكەن‌و بایەخ‌و ئەرزشی یەكتر ڕەنگڕێژ دەكەن.

ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان…
بەگشتی پێش خستنەڕووی پلان‌و ڕوانگەمان بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان بەگرنگی دەزانین لەچارەنووسی ئەو پێشنیازەیاساو بڕیارانەی كە لەوەرزی پێشوو ئاراستەی پەرلەمان كراون ئاگادارتان بكەینەوە بۆئەوەی پلانی داهاتوومان بەر مەبنای ئەوە بێت كە پێشتر كراوە.
كۆی گشتی (34) پێشنیازەیاساو بڕیار ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوەو ئەوانیش بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە:
یەكەم: (3) پێشنیازەیاساو بڕیار پەسند كراون.
دووەم: (14) پێشنیازەیاساو بڕیار ئاڕاستەی حكومەت كراوە بۆ ڕەزامەندیی دان لەسەر بارگرانیی داراییان بۆئەوەی خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت ئاماژە بە(بڕگەی چوارەم/79)ی پەیڕەوی ناوخۆ.
سێهەم: (2) پێشنیازەیاسا مەرجی رواڵەتی پێشنیازەیاسای تێدا نەبووەو ئاڕاستەی ئەو پەرلەمانتارانە كراونەتەوە كە واژۆیان كردووە بۆ چاككردن ئاماژە بە(بڕگەی سێهەم/88)ی پەیڕەوی ناوخۆ.
چوارەم: (1) پێشنیازەیاسا ئاڕاستەی حكومەت كراوە بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی لیژنەی تایبەتمەند ئاماژە بە (بڕگەی یەكەم/42)ی پەیڕەوی ناوخۆ.
پێنجەم: (6)پێشنیازەیاساو بڕیار ئامادەكراون بۆ خوێندنەوەی یەكەم لە كۆبوونەوەی هاوبەشی دەستەی سەرۆكایەتی‌و لیژنەی یاسایی بەپێی ماددەی (79)ی پەیڕەوی ناوخۆ.
شەشەم: (2)پێشنیازەیاسا كە بەزمانی عەرەبی پێشكەشكراون، ئاڕاستەی كاروباری پەرلەمان كراونەتەوە بۆئەوەی وەربگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی، بەر مەبنای حوكمەكانی یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (6)ی ساڵی 2014.
حەوتەم: (1) پێشنیازەیاسا ڕەتكراوەتەوە لەلایەن لیژنەی یاسایی بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (80)ی پەیڕەوی ناوخۆ.
هەشتەم: (2)پێشنیازەیاسا هێشتا ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی نەكراون بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەریان.
نۆیەم: (1) پێشنیازەیاسا ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی كراوەو هێشتا بۆ خوێندنەوەی یەكەم ئاڕاستەی سەرۆكایەتی نەكراوەتەوە.
دەیەم: (2) پێشنیازەیاسا لەلایەن ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران پێشكەشكرابوون، بەڵام لەبنەڕەتدا حكومەت لە خولی چوارەم ئاراستەی پەرلەمانی كردبوون‌و لەخولی پێنجەم بەنووسراوی فەرمی داوای گەڕاندنەوەیانی كردبوو، بۆیە پەرلەمان ئاڕاستەی حكومەتی كردنەوە.
ئامانجیشمان لەخستنەڕووی ئەم پۆلێنكارییە ئەوەیە بە ڕای گشتی‌و بەڕێزتانی ڕابگەیەنین كە بەچاوی بایەخەوە لەپێشنیازی پێشكەشكراوی پەرلەمانتاران دەڕوانین‌و خۆمان پابەندی حوكمەكانی پەیڕەوی ناوخۆ كردووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پێشنیازی یاساو بڕیارەكان‌و لە پشووی وەرزی یاسادانان زیاتر لە جارێك لیژنەی كاروباری یاسایی‌و لیژنە تایبەتمەندەكان‌و سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبوونەوەو هاوئاهەنگیمان كردووە بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی پێشنیازەیاساكان، ئێستاش پێشبینیمان ئەوەیە كە فراكسیۆنەكان‌و پەرلەمانتاران بۆشایی یاسایی‌و كەموكورتیی یاسا بەركارەكان‌و پێداویستیی قۆناغەكە بە ئاڕاستەی خزمەتی زیاتری كوردستانیان بكەنە بنەمای پێشكەشكردنی پێشنیازەیاسای دیكە.

پەرلەمانتارانی بەڕێز…
وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، پلانمان داناوە كە لەسەر چەند ئاستێك كارەكانمان ئاڕاستە بكەین‌و لەم خاڵانەدا چڕیان دەكەینەوە:

یەكەم/ سەرباری كاركردنمان بۆ هاوئاهەنگی‌و پتەوكردنی پەیوەندیمان لەگەڵ تەواوی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە هەوڵی سیاسی‌و بەكارهێنانی مافە دەستووری‌و یاساییەكانمان بەردەوام دەبین، لەلایەك بۆ بەرگرتن بە پەسەندكردنی ئەو پێشنیازەیاسایانەی كە دژ بە ڕێسا دەستوورییەكان‌و بنەماكانی سیستمی فیدراڵین وەك (پرۆژە یاسای خزمەتی شارستانی)و هاوشێوەكانی، لەلایەكیش لە دادگای ئیتیحادی تانە لەو یاسایانە دەدەین كە دژ بەو ڕێساو بنەمایانە بە ئاراستەی سڕینەوەی یان كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم تێپەڕێنراون، وەك یاسای (كارگێڕی دارایی فیدراڵی) كە لە ساڵی 2019 پەسەندكراوە.

دووەم:- پەرلەمانی كوردستان هاوكات لەگەڵ هاندانی گشت لایەنە سیاسییەكان بۆ یەكڕیزی‌و هاوئاهەنگی لەچارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك‌و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم‌و هاندانیان بۆ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی بڕیارلێدراو لەلایەنی حكومەتی ناوەندی، پشتیوانی سیاسیی خۆی بۆ بژاردەی گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی بە ئاڕاستەی دانوستانی هاوسەنگ‌و چارەسەری لۆژیكی كێشەكان لە بەرژەوەندیی كوردستانیان‌و فەراهەمكردنی سەقامگیریی سیاسی‌و ئابووری رادەگەیەنێت.

سێهەم/ بەمەبەستی رەخساندنی زەمینەی سیاسی لەبارو ژینگەیەكی تەندروست بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ راپرسی، دەستمان بەسەردانی حزب‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەردەوام دەبین بەمەبەستی دروستكردنی جۆرێك لە كۆدەنگی سیاسی‌و نیشتمانی سەبارەت بە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە دواجار دەبێتە سایەی كۆكردنەوەی گشت جیاوازییەكان‌و پارێزەری ماف‌و ئازادییە گشتییەكان‌و دەبێت فەراهەمی رەزامەندیی جۆرێك لە كۆدەنگی پێشوەختەی بۆ بكەین.

چوارەم/ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارنامەیەكی راگەیەنراوی هەیە كە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان خراوەتەڕوو، جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیەش زەمینەی تەشریعی لەباری دەوێت كە خۆی لە نزیكەی 14-16 پڕۆژەیاساو بڕیاردا دەبینێتەوە، لەهەرە گرنگترینیان پرۆژەیاسای چاكسازییە لە بواری خەرجی‌و داهات‌و وەزیفەی گشتی‌و خانەنشینی، چاكسازی لەكەرتی تەندروستی‌و دەرمان‌و خۆراك لە ڕێگەی پرۆژەیاساكانی (دامەزراوەی نیشتمانیی دەرمان‌و خۆراك، پاراستنی مافی نەخۆش، پارێزبەندیی پزیشكان‌و كارمەندانی تەندروستی)، پڕۆژەیاسای (پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان)، پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەبەرهێنان)، پڕۆژەیاسای (بیمەی كشتوكاڵی)، (پڕۆژەیاسای كارو بیمەی كۆمەڵایەتی بۆ كرێكارانی كەرتی تایبەت)،(پڕۆژەیاسای سیستمی بانكی هاوچەرخ)و هتد..
بۆیە لەو ڕوانگەیەی كە پەرلەمان بەرپرسە لە ڕەخساندنی زەمینەی تەشریعی بۆ بەئامانجگەیاندنی كارنامەكە وەك خۆی كەدواجار كارنامەی زۆرینەیەكی رەهای پەرلەمانییەو هاوكات لۆژیك ئەوەیە كە تەرجەمەكردنی هێڵە گشتییەكان بۆ یاسا پڕۆسەی چاودێریكردنیش لەلایەن پەرلەمانەوە ئاسانتر دەكات بەر مەبنای خۆپابەندكردنی پێشوەختەی حكومەت بەو پڕۆژەیاسایانەی كە دەیانێرێتە پەرلەمان‌و لێرە دوای دەوڵەمەندكردنیان بەتێبینییەكانی پەرلەمانتاران پەسەند دەكرێن، بە فەرمی داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەرچی زووترە ئەو پڕۆژانە بنێرێتە پەرلەمان، بۆئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەولەویەتیان لە وەرزی تەشریعی نوێدا پێبدەین.

پێنجەم/ لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەركارەكانی هەرێم‌و پەیڕەوی ناوخۆ، یەكێكی تر لە ئەركەكانی پەرلەمان پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتییە، كە لەهەمان كاتدا یەكێكیشە لە پابەندییەكانی حكومەت، بۆیە پێشبینیمان ئەوەیە كابینەی نۆهەم هەرچی زووترە كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان بكات‌و ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بۆ پەسەندكردن، بەتایبەت كە دوایینحار بودجەی تێدا پەسەند كراوە ساڵی 2013 بووەو دوای ئەو بەروارە خەرجی‌و داهات بەشێوەی هەڕەمەكی مامەڵەیان لەگەڵ كراوە.
شەشەم/ لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەركارەكان‌و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان دەسەڵاتی پێشكەشكردنی پێشنیازی یاساو بڕیاریان هەیەو بەحوكمی بەركەوتنی رۆژانەیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەكان‌و هاووڵاتیانی كوردستان‌و دۆزی كەرتە جیاوازەكان، لەهەموو كەس باشتر دەزانن پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیستمی تەشریعییەوە چییەو كەماسی‌و كەموكوڕیی یاسا بەركارەكانیش چین؟، بۆیە داوا دەكەین خاڵی هاوبەشی نێو كارنامەكانتان بدۆزنەوەو بۆ كامڵكردنی سیستمی تەشریعی نەخەمڵیوی هەرێمەكەمان لە بوارە ژیارییە زیندووەكان‌و هەمواركردنی یاسا بەركارەكان، هاوئاهەنگی بكەن بەتایبەت لە بواری رێكخستنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لامەركەزیەتی كارگێڕی‌و دارایی، فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات، پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و بازرگانی‌و گەشتوگوزار، فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ گەنجان‌و دەرچووانی زانكۆكان، پاراستنی ژینگەی كوردستان، قەدەغەكردنی بازرگانیكردن‌و بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان بە یاسایەكی تایبەت‌و هەر بوارێكی تر كە بە گرنگی دەزانن.
لە كۆتاییشدا داواكارین گشت پەرلەمانتاران‌و فراكسیۆنەكان هاوكارو هاوئاهەنگ بن بۆئەوەی لەم خولەی گرێداندا، پەرلەمانی كوردستان بكەینە خاوەنی یاسایەكی سەربەخۆ بەناوی (یاسای ئەرك‌و پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستان) بۆ رێكخستنی دەسەڵات‌و بەرپرسیارێتی‌و پێكهاتەو كاروبارەكانی پەرلەمان لەبەر رۆشنایی پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و تایبەتمەندیی دەسەڵاتی یاسادانان.

زۆر سوپاس و هەر سەركەوتوو بن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كێشه‌كانی‌سنوور‌و كارلێكی‌ ململانێكانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ناوه‌ڕاست

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە په‌ره‌سه‌ندن‌و زیادبوونی‌ رووداوه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ سنوور له‌ ...