ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان
له‌به‌شه‌كانی پێشتردا باسمانكرد، پێكهاته‌كانی ژینگه، ناتوانن به‌رگری له خۆ بكه‌ن، له‌به‌رده‌م سته‌می مرۆڤدا. باسمان له خاك وئاو و هه‌وا كرد، كه چۆن له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه تێك ده‌درێت، بێگومان تێكچونیشیان زیان به مرۆڤ به گشتی و خودی تێكدهرهكهش ده‌گه‌یه‌نێ.
ڕووه‌ك یه‌كێكی تره له پێكهاته‌كانی ژینگه، به‌شێكه له‌و سیستمه ژینگه‌ییه‌ی كه بۆته هۆی دروستبونی مرۆڤ و ژیان و گه‌شه كردنی.
ڕوه‌ك به هۆی بونی ماده‌یه‌ك كه به سهوزهپلاستید ناسراوه، ده‌توانێت وزه‌ی خۆر كۆ بكاته‌وه، وه له یه‌كگرتنی دوانه ئۆكسیدی كاربۆنی هه‌واو ئاو، ساده ترین ماده‌ی خۆراكی درووست بكات، كه ده‌بێته بنچینه بۆ درووستبوونی، سه‌رجه‌م پێكهاته خۆراكیه‌كان و جه‌سته‌ی ههمووڕووهك و زینده‌وه‌ران. له هه‌مان كاتدا ئۆكسجین به‌رهه‌مدێت، كه پێویسته بۆ هه‌ناسه‌دان. به‌ڵام مرۆڤ زۆر بێباكانه سته‌م به‌رامبه‌ر به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی ده‌كات.
چه‌ند ئاساییه لای مرۆڤ كه لقی دارێك بشكێنێته‌وه، یان سهوزهگیایهك پێشێل بكات، یان گوڵێك هه‌ڵوه‌رێنێ، له‌وه‌ش زیاتر كه هه‌زاران دار ببڕێته‌وه، گڕ به‌ربداته پاوانی فراوان.
داماڵینی ڕووه‌ك و بنجهكانی له ڕوپۆشی زه‌وی، تاوانه.
مرۆڤ به‌رده‌وام بیناو شه‌قام و گۆڕپان و كارگه….هتد درووست ده‌كات، بۆ ده‌رهێنانی به‌ردو كانزاكان، بۆئه‌وه‌ی خۆڵ و چه‌و لمه‌كه‌ی له كارهكانیا به‌كار بێنێ، ئهوزهویهی كه له سه‌رهه‌ڵدانی ژیانه‌وه ، ڕووهكی لێ بووه، دای ده‌ماڵێت و له ناوی ده‌بات. له‌وه‌ش زیاتر بۆ چاندنی جۆرێك لهڕووهك كه خۆی مه‌به‌ستێتی، ڕووه‌كه خۆڕسكه‌كان له سه‌دان كیلۆمه‌تری چوار گۆشه‌دا قڕده‌كات. دره‌خت ده‌بڕێته‌وه، ته‌خته‌كه‌ی له خان‌و و پرد‌و كهلو پهلهكانیا به‌كاردێنێ و كاغه‌زی لێ درووست ده‌كات و ده‌یكاته خه‌ڵوز، دارستانه‌كان ده‌كات به كێڵگه‌ی به‌روبومی وه‌رزی.
بێگومان به‌درێژایی مێژوو ئه‌م كارانه به تاوان دانه‌نراون. بگره به‌نیشانه‌ی توانا‌و زانایی مرۆڤ و پێشكه‌وتن ئه‌ژمار كراون. هه‌روه‌ها مرۆڤ بێ‌باك بووه له‌وه‌ی كه ئاگر به‌ربوه‌ته دارستانه‌كان و مه‌گه‌ر ته‌نگی پێهه‌ڵچنی بێت ده‌نا هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری نه‌داوه.
به‌ڵام له دوای گۆڕانی كه‌ش و هه‌وا و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه ژینگه‌یه‌كان، ده‌رك به‌وه كرا كه هه‌موو دره‌ختێك و هه‌موو مه‌تره چوار گۆشه‌یه‌ك، لهڕووهك و سه‌وزای زه‌وی چه‌نده گرنگه. بۆیه له‌و وڵاتانه‌دا كه ژیرانه مامه‌ڵه‌ی ژینگه ده‌كه‌ن، له هه‌موو چالاكیه‌كا بۆ بهبینا كردن، زیانه ژینگه‌یه‌كان به‌هه‌ند ده‌گیرێت، ئێستا دهوڵتان هاوكاری ده‌كه‌ن بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كان. له زۆربه‌ی وڵاتان وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ی ژینگه‌یی حكومی هه‌یه كه بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، تا كاره‌كانی حكومه‌ت و خه‌ڵك به ئاقارێكدا ببرێت، كه زیان له ژینگه به‌تایبه‌ت دره‌خت و سه‌وزایی نه‌درێت، یان قه‌ره بوو بكرێته‌وه، ڕێكخراوه ژینگه‌یه كانیش به‌رده‌وام، ڕێنمایی خه‌ڵك ده‌كه‌ن و به‌رهه‌ڵست ده‌بن له هه‌ر زیانێك به ژینگه بگات.
دره‌خت و سه‌وزایی دوو جۆره، یه‌كه‌میان خۆڕسكه و خۆی گونجاندووه له گه‌ڵ بڕی ئاو‌و كهشو هه‌وای شوێنه‌كه، دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌كه كه خه‌ڵك یان حكومه‌ت ڕواندویه‌تی، بێگومان ئه‌رك وماندووبونی ویستووه تا زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ ئاماده بكرێت.
بێگومان كێڵگه‌و باخ و باخچه‌كانی خه‌ڵك و حكومه‌ت، گه‌ر زیانی پێبگات ئه‌وا داكۆكی لێده‌كرێت له لایه‌ن ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوه‌یه‌ی كه خاوه‌نیه‌تی. دار‌و سه‌وزای ناو شار‌و سنوری شاره‌وانیه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رێتی باخچه‌كان یان به‌شی باخچه‌كان له شاره‌وانی داكۆكی لێده‌كه‌ن. وه دارستانه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له ئه‌ستۆی به‌ڕێوه‌به‌رێتی و به‌شه‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه. هه‌رچی باخچه‌و دره‌ختی ناو دامه‌زراوه‌كانی تری حكومه‌ته هه‌ریه‌ك له ئه‌ستۆی خۆیه‌تی، باخ و باخچه‌ی خه‌ڵكیش خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌یپارێزێ و داكۆكی لێده‌كات.
له لای خۆمان ئێستا پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی هه‌رێم داكۆیكاره له دار‌و ده‌وه‌نی ده‌ره‌وه‌ی سنوری شاره‌وانیه‌كان، هه‌ردووجۆری ده‌ستكرد و خۆڕسكه‌كان و ده‌یپارێزن له بڕین و بهخهڵوزكردن و سوتاندن، وه به‌رده‌وام ئه‌و كه‌سانه ده‌ست گیر ده‌كه‌ن كه ئه‌و تاوانانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ڕوبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه. له‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر دارستانه ده‌ستكرده‌كان ده‌كرێت، نوێنه‌ری یاسایی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی كشتوكاڵیش له‌و دادگایانه‌دا به‌شدار ده‌بن.
ههرزهویهكیش ده‌كرێت به پڕۆژه، مۆڵه‌ت نادرێت تا له نه‌خشه‌كه‌یدا بڕێكی دیاری نه‌كردبێ، بۆ به باخچه كردن ئه‌گه‌رچی تائێستا خاوه‌ن پڕۆژه‌كان وه‌ك پێویست ئه‌م لایه‌نه په‌یڕه‌و ناكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی هه‌ركه‌سێك بدوێنی، ڕای له پاراستنی سه‌وزایی و دار‌و دره‌خته و ڕواندنی دره‌خت به پێویست ده‌زانێ، به‌ڵام به‌رده‌وام ئاگركه‌وتنه‌وه، له ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می خه‌ڵك زیانی زۆر ده‌دات. وه به‌رده‌وام به‌تاوانی دار بڕین و خه‌ڵوزكردن خه‌ڵك ده‌ستگیر ده‌كرێت.
249 جار بینراوە