سەرەکی » ئابووری » بێـگەرد تاڵـەبانی: كـار لـەسـەر تەواوكردنی بەنداوی دەڵـگە دەكەین

«چارەسەری كێشەی كەم ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەكات»

بێـگەرد تاڵـەبانی: كـار لـەسـەر تەواوكردنی بەنداوی دەڵـگە دەكەین

دەڤەری پشدەئا: ئاراز رسول – قەڵادزێ

دەڤەری پشدەر، ناوچەیەك پڕ لە ماتریاڵی سروشتی بۆ بوژاندنەوەی ئابووری‌و كەرتی گەشتیاری‌و دابینكردنی پێداویستییە مرۆییەكان.
ئەم دەڤەرە لەگەڵ بوونی سەرچاوەی گرنگ بۆ كشتوكاڵ‌و ئابووری‌و گەشتوگوزار، بەڵام هێشتا بە ناوچەیەكی داخراو ناوزەند دەكرێت لەڕووی ئابووری‌و هەلی كارەوە.
دەڤەری پشدەر پێویستی بە كرانەوەو جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژی هەیە كە ئێستا بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ‌و دروستكردنی بەنداوی دەڵگە گرینگترینیانە.

لە پێشینەی كارەكانمانە
بۆ ئەم مەبەستە، لەمیانەی سەردانی ئەندازیار ئارام محەمەد سەرۆكی شارەوانی قەڵادزێ بۆ لای وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوە ئاویەكانی حكومەتی هەرێمی كوردوستان‌و گەیاندنی پێداویستییەكانی قەزای پشدەر، لەناویشیاندا دروستكردنی بەنداوی دەڵگە كە یەكێكە لە بەنداوە پێشنیاركراوەكان بۆ قەزاكەو لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەكانی حكومەتی هەرێم پشكنین‌و دەرخستەی بۆ كراوە.
لای خۆیەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، بە كوردستانی نوێی راگەیاند، بەنداوی دەڵگە یەكێكە لە بەنداوە ستراتیجییەكان‌و لە پێشینەی كارەكانمانە.

سەردانی مەیدانی بەنداوەكە دەكەین
وتیشی: «لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە لە هەوڵداین بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی عیراق، بودجەیەك بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بكەین و دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت».
ئەوەشی راگەیاند، بەشێك لە پەرلەمانتارانمان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەكەن و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردوستان سەردانی مەیدانی بەنداوەكە دەكەین.
وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بەڵێنیشیدا، وەك چۆن لە پێشتردا خەمخۆری دانیشتووانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوو، لەم كابینەیەشدا خەمخۆری ناوچەكە دەبێت‌و پەرەی زیاتر بەبواری كشتوكاڵی دەدات.

بڕی ئاوی پێویست
سەبارەت بە گرنگی ئەم بەنداوە بۆ قەزای پشدەر، سەلام هۆمەر ئاغا بەڕیوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین، بەكوردستانی نوێی راگەیاند، بە دروستكردنی ئەم بەنداوە چارەسەری كێشەی كەم ئاوی لە ئیدارەی راپەڕین دەكرێت‌و دڵنیایی ئاسایشی ئاو فەراهەم دەكرێت‌و بڕی ئاوی پێویست بۆ پڕۆژەی ئاوی خاس دابین دەكرێت، ئەمە جگە لەپاراستنی ئەو پڕۆژە كشتوكاڵییانەی دەكەوێتە سەر بەنداوەكەو پاراستنیان لە لافاو و دابینكردنی بڕی ئاوی پێویست لە وەرزی كەم ئاویدا.

لەڕووی گەشتیارییەوە
بیگومان لەڕێگەی بەنداوی دەڵگەوە دەتوانرێت لەڕووی گەشتیارییەوە سودی لێ ببینرێت.
لەو بارەیەوە، ئارام پیرۆت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری راپەڕین، بەكوردستانی نوێی راگەیاند، لەڕووی ئابوورییەوە دروستكردنی ئەو بەنداوە سوودێكی زۆر بە قەزای پشدەر دەگەیەنێت و دەتوانرێت چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر بنیادبنرێت‌و هەلی كار بۆ دانیشتووانی سنورەكە بڕەخسێنێت، ئەمە جگە لەوەی دیمەنێكی جوان
بە ناوچەكە دەبەخشێت.

(80 %)ی ئاوی بەنداوی دوكان
بەنداوی دەڵگە دەكەوێتە سەر رووباری زێی بچوك لەناحیەی ئیسێوەی سەر بە قەزای پشدەر، كە دەتوانێت گرفتی كەم ئاوی بۆ دانیشتووانی قەزای پشدەر لە وەرزی هاویندا چارەسەر بكات.
بەنداوەكە جۆری گڵییەو بەرزییەكەی (114) مەتر دەبێت‌و پانیەكەشی (275) مەترە‌و توانای گلدانەوەی (545) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە كە دەكاتە لە (80 %)ی ئاوی بەنداوی دوكان، هاوكات توانای بەرهەمهێنانی (150) مێگاوات كارەبای ساڵانەو (482) كیلۆوات كارەبای لەكاتژمێرێكدا هەیە.
لەساڵی (2007)ەوە دەست بە بنیادنانی كراوەو ئیستاش كاركردن تێیدا بەردەوامە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*