سەرەکی » ئاراستە » جه‌لال حاجی ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ ته‌وێڵی هه‌ڵگورده‌وه

جه‌لال حاجی ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ ته‌وێڵی هه‌ڵگورده‌وه

ئازاد سه‌راوی

(به‌یادی ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌ ئیزگه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك، ساڵیادم بۆ ڕێك ده‌خستی و به‌گه‌روی سۆزی شمشاڵێك شینگێڕت بووم).
باڵه‌كایه‌تی كوانووه‌ كوانوی شۆڕش و به‌رگری، نیشتمانێكی ماندووه‌ هه‌زار كۆست و ده‌رده‌ سه‌ری، نیشتمانێك ئه‌و ده‌مانه‌ی دارو دره‌خت چرۆی ده‌كرد، ئه‌م له‌ خه‌می خاك ده‌وه‌ری، باڵه‌كایه‌تی تاجێكه‌ له‌سه‌ر سه‌ری قه‌ندیل، هه‌ڵگورد، تاجی خه‌بات و سه‌روه‌ری، باڵه‌كایه‌تی په‌رتوكه‌ په‌رتوكێك له‌ زام و برین، له‌ یادگاری و بیره‌وه‌ری.
جه‌لال حاجی ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ ته‌وێڵی هه‌ڵگورده‌وه‌، هه‌تا ساڵیادی زۆرتر بێ ئه‌و زیاتر ده‌دره‌وشێته‌وه‌، هه‌تا خه‌می خاك قوڵتر بێت ئه‌و زیاتر ڕوناكی ده‌داو له‌ مانگ نزیك ده‌بێته‌وه‌، جه‌لال حاجی كانیاوێكه‌، تاڤگه‌یه‌كه‌، شه‌تاوێكه‌، هه‌موو وه‌رزێك ده‌ژێته‌وه‌.
هه‌وره‌كانی سه‌ر مامه‌ڕووت، لوتكه‌ی هه‌ره‌به‌رزی هه‌ڵگورد، دێ به‌دێی باڵه‌كایه‌تی، ڕێبوارانی كوردایه‌تی، توله‌ ڕێ هه‌تا شوانه‌ ڕێ، گه‌وه‌و قه‌د پاڵی كوێستان و نركه‌و هه‌ڵمه‌تی داستان و قاسپه‌ی كه‌وی نساران و گوڵاڵه‌ سوره‌ی پێده‌شت و ڕه‌وتی گورج و گۆڵی ئاسك و ڕه‌وه‌زه‌كانی قه‌ندیل و به‌فری ئه‌وێ، هه‌رهه‌موویان بۆنی جه‌لالیان گرتووه‌ و ئێستاش بۆنی ئه‌ویان لێ دێ.
پارتیزانێك له‌ دوای ئه‌نفال، لوتكه‌و گابه‌رد و هه‌تاوی كردبوو به‌ ڕۆژژمێری ساڵ، ئه‌شكه‌وت و بندارو به‌ردی كردبووه‌ ماڵ، ئه‌و بوو ده‌یوت خوا وڵاتی ئێمه‌ی هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ خوڵقاندووه‌، لوتكه‌و شاخی داكوتراوی به‌ جۆرێك به‌یه‌كا چووه‌ هه‌تا ئێمه‌ پارتیزان بین له‌و وڵاته‌ی وه‌رزێكی مێرگێكی سه‌وزه‌و وه‌رزێكی گه‌ڵاڕێزانه‌و وه‌رزێكیشی به‌فر و زریان و ڕنوه‌، به‌ڵێ ده‌یوت وڵاتی من بۆ پارتیزانی خوڵقاوه‌ و دروست بووه‌.
ئه‌و ده‌مانه‌ی شاخ و پێده‌شت وه‌نه‌وز ده‌یبردنه‌وه‌، جه‌لال حاجی ئێشكگر بوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕه‌شه‌بای ئه‌نفال هه‌ڵی كرد، جه‌لال حاجی به‌ گوڕتر بوو، ئه‌و ڕۆژگاره‌ی وڵات خه‌مبار و ڕه‌ش پۆش بوو، لای جه‌لالی حاجی سه‌ره‌تاو گه‌رمه‌ی ده‌ستپێكی شۆڕش بوو.
من له‌ دوره‌وه‌ ده‌تناسم به‌ڵام گوێم له‌ ترپه‌ی دڵته‌ له‌ داستاندا، ئاشنات نه‌بووم به‌ڵام بریسكه‌ی چاوانتم له‌ چاوانتا، ده‌ستم ده‌ستی نه‌گوشیوی، سڵاوێكم لێ نه‌كردوی، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ دڵمای هه‌رده‌م زیندوی گوێم بۆ قسه‌و بۆ گوفتارت هه‌ڵنه‌خستووه‌، به‌ڵام واده‌زانم كه‌ زۆر له‌ ئامێزی سۆزم گرتووی.
باڵنده‌یه‌ك ئاگر له‌ هێلانه‌ی به‌ربوو، جۆگه‌له‌ی چاوانت ته‌ڕ بوو، له‌ شیوه‌ڵۆكی باڵه‌ك بووی تۆ خه‌می ئه‌وت له‌به‌ر بوو، هه‌تا ئاگر هێلانه‌ی زه‌ردۆڵه‌ی سوتاند، هه‌تا زه‌ردۆڵه‌ هه‌ڵفڕی و ده‌یزریكاند، هاته‌وه‌ سه‌ر هێلانه‌كه‌ی ئاگر له‌ جه‌سته‌یان به‌ربوو، باڵنده‌و بێچوو ده‌سوتان، تۆ تیله‌ی چاوت له‌سه‌ر بوو، ئه‌شكی بارانت ده‌باران، به‌دوای خۆتدا هاوڕێكانت خسته‌ گریان، گریانێكی گه‌رم و به‌تاو، بۆ هێلانه‌یه‌كی سوتاو.
تۆ ته‌نها پێشمه‌رگه‌ نه‌بووی، مرۆڤ دۆست و ژیان دۆست بووی، تۆ شین گێڕی نیشتمان و هه‌زاران ئازار و كۆست بووی، هێنده‌ بڵند و به‌رز بووی سه‌رت له‌ كاروخ ده‌ژه‌نی و سه‌رت ده‌كرد، به‌سه‌ر پشتی كاروخه‌وه‌ ده‌ستت بۆ سه‌رو په‌رچه‌می ئاڵۆزكاوی هه‌ڵگورد و هه‌ندرێن ده‌برد، كه‌زیه‌كانت ده‌هۆنیه‌وه‌، دڵی خاكت ده‌دایه‌وه‌، به‌سه‌ر سه‌ری كاروخه‌وه‌ پاسه‌وانی نیشتمان بووی، خه‌م خۆرو هه‌ناسه‌ سواری وڵاتێكی ئاو دامان بووی.
تۆ ڕۆیشتی به‌ڵام هه‌رگیز له‌ یاد ناچی كاڵ نابیه‌وه‌، ڕۆژو مانگ و ساڵ ده‌ڕۆن و تێده‌په‌رن له‌به‌ر چاوانمان ون نابی و بیرناچیته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...