سەرەکی » دۆسێ » عیراق سكاڵا لە دژی ئیسرائیل بەرزدەكاتەوە

هۆشداریی دەدرێتە سەركردەكانی

عیراق سكاڵا لە دژی ئیسرائیل بەرزدەكاتەوە

دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چەند جارێك بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانی بەوەدانا كە بۆردومانی سەر بارەگا و جبەخانەكانی حەشدی شەعبی لە عیراق لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە، ئاماژە بەو ئامادەكارییانە دەكرێت كە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دەكرێن، تا سكاڵای یاسایی لە دژی تەلئەبیب لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەرزبكرێتەوە، دامەزراوەیەكی ئیسرائیلیش هۆشداریی دەداتە سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەڕووی فراوانكردنی بەرەی رووبەڕبوونەوە و گەیشتن بە گۆڕەپانی عیراقی.
لەم ماوەیەی دواییدا، ژمارەیەك بارەگا و جبەخانەی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عیراق كرانەئامانج، ئەمەش بە پێشێلكاریی سەروەریی عیراق و بەڵێننامە و یاسا نێودەوڵەتیەكان وەسفكرا.

ئامادەكارییەكانی حكومەتی عیراق
ئەندامێكی پەرلەمانێكی عیراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ پـێشكەشكردنی سكاڵایەك لە دژی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان.
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا چەند تەقینەوەیەك لەنێو 5 بنكە و بارەگای حەشدی شەعبی روویانداوە و لای خۆشیانەوە ئیسڕائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تاوانبار دەكەن.
ئاژانسی فڕانس پرێس لە زاری ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی فراكسیۆنی فەتح لە پەرلەمانی عیراق بڵاویكردبووەوە»لێكۆڵینەوەكانی حكومەت بە بەڵگەوە دەریانخستووە كە ئیسڕائیل بەرپرسیارە لە هێرشەكان بۆسەر بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی.
بە گوتەی ئەسەدی»لە ئێستادا حكومەت سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەكانە، تا بتوانێت لێوەی سكاڵای خۆی لە دژی ئیسرائیل بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بەرزبكاتەوە».
ئەو پەرلەمانتارەی فەتح پێیوایە»هێشتا نازانرێت ئەمەریكا دەستی لەو هێرشانە هەبووە یان نا، بەڵام تەنیا زیانی لیوایەكی حەشد لە تەقینەوەكانی سەربازگەی سەقەری بەغدا نزیكەی 800 هەزار دۆلار بووە».

عەللاویش هەمان هەڵوێستی هەیە
هەر لەو بارەیەوە، سەرۆكی مینبەری عیراقی ڕایدەگەیەنێت، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دانی بە ئەنجامدانی هێرش و پەلامارەكاندا ناوە لە عیراق، داواش لە حكومەتی عیراق دەكات سكاڵای فەرمی پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بكات سەبارەت بەو دەستدرێژییانە.
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی مینبەری عیراقی، لە 31ی ئابی 2019، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”پێویستە حكومەتی عیراق سكاڵای یاسایی پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بكات، سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل، ئەمەش دوای ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدانا لە عیراق”.
بە گوتەی عەللاوی”دانپێدانانەكەی نەتانیاهۆ، پێشێلكردنی سەروەریی عیراقە و پێویستە بە هەڵوێستێكی توند لەلایەن حكومەت و هێزە سیاسییەكانەوە ڕووبەڕووی ببینەوە”، ڕەتیشكردەوە عیراق قبوڵ بكات خاكی وڵاتەكەی بكرێتە گۆڕەپانی جەنگی بە وەكالەت.
عەللاوی جەختی لەسەر پێویستی وەرگرتنی هەڵوێستێكی توند كردەوە لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەرانبەر بەو دەستدرێژی و گێچەڵكردنانە، بەو پێیەی مایەی هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە بۆسەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی، و پێشێلكارییەكی ڕوونە بۆ یاسا و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان.

هۆشداریی دەدرێت
عاموس یدلین، جەنەراڵی یەدەگی سوپای ئیسرائیل و سەرۆكی پەیمانگەی ئاسایشی نەتەوەیی لە تەلئەبیب، هۆشداریی دەداتە هەردوو دامەزراوەی سەربازی و سیاسی لە ئیسرائیل سەبارەت بە گواستنەوەی جەنگ لە سوریا بۆ لوبنان عیراق.
یدلین لە توێژینەوەیەكدا كە خۆی سەرپەرشتی كردووە و ئەساف ئۆریۆن جنەراڵی یەدەگی سوپا و توێژەر لە پەیمانگەی ئاسایشی نەتەوەیی بەشداریی لەگەڵدا كردووە، دەڵێت»بەڕێوەبردنی شەڕ لە گۆڕەپانەكانی عیراق و لوبنان، مەترسی سەربازی و ئاستەنگی سیاسی هەیە كە لە سوریادا نەبووە»، هۆشداریش دەدات لە پەرسەندنی كاروبارەكان و «مانەوە لە رووبەڕووبونەوەیەكی بەردەوام لەگەڵ جەنگاوەرانی ئێران لە سوریا و لوبنان و عیراق».
سەرۆكی پەیمانگەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی، داوای هێوربوونەوە و گەڕانەوە بۆ ئەو پرەنسیپە دەكات كە لە شەڕی نێوان دوو جەنگەكەدا تاوتوێ‌ كراوە و بەپێویستی دەزانێت هەوڵ بۆ یەكخستنێكی ڕاست بدرێت لەنێوان ئۆپەراسیۆنەكان و وێنەیەكی روون لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكان و خستنەڕوویان بڵاوبكرێتەوە، لەڕێی بایەخدان بە هاوبەشەكان و رەوشە ستراتیژییەكان.
ئەم رێنماییەی یدلین وەك خۆی ئاماژەی پێكردووە، لەپێناو هێنانەدی چەنمد مانجێكە لە شەڕە سەرەكیەكاندا:»دوورخستنەوەی جەنگ و رێگرتن لە ئاڵۆزكردنی رەوشەكە و بەرپەرچدانەوەی دووژمن لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل و خاوكردنەوەی زیادبوونی هێزەكانی، بەمەبەستی لەگەڕخستنی زیادبوونی هەڕەشە و مەترسییەكان».
عاموس یدلین، دەڵێت:»گواستنەوەی شەڕ بۆ عیراق و لوبنان، دوو میحوەر بۆ تەنگژەكان دروست دەكات، یەكەم تەنگژەیەكی چاوەڕوانكراوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە بابەتی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران كە رەنگە وایببینێت، ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل پێشێلكارییەكی ئەنقەستە بۆ هەوڵەكانی بەرەو دانوستان. دووەمیش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە پێشتر هەمان تەنگژە لەنێوان ئیسرائیل و دامەزراوەی ئەمنی ئەمریكایی دروستبووە و بە تایبەتیش لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكایی، بەهۆی ئەو مەترسیانەی كە لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر چالاكییەكان و هێزەكانیان دروستبووە لە عیراق و ناوچەكە، بە تایبەتیش لەڕووی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...