سەرەکی » ئابووری » كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت لە عیراق ده‌دۆزرێته‌وه‌

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت لە عیراق ده‌دۆزرێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له ‌رێگه‌ی گرێبه‌ستێكه‌وه‌، كاری پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌ پارێزگای ئه‌نبار ده‌داته‌ كۆمپانیایه‌كی روسیا، به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش، كێڵگه‌كه‌ تازه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌و مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت (2 – 4) ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌کی تێدابێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سترۆی ترانس غاز ئۆیل-ی روسیا ئیمزا كردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له‌ناوچه‌یه‌كی سنووری پارێزگای ئه‌نبار.
راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 34 ساڵه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمپانیا روسییه‌كه‌ سه‌رگه‌رمی كاری پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت ده‌بێت له‌و كێڵگه‌یه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌و ناونراوه‌ ناوچه‌ی 17، رووبه‌ره‌كه‌شی 12 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ ده‌بێت.
له‌وباره‌یه‌وه‌، سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عیراق رایگه‌یاندووه‌: به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، قه‌باره‌ی یه‌ده‌کی نه‌وت له‌و ئه‌و كێڵگه‌یه‌، له‌نێوان (2 – 4) ملیار به‌رمیل ده‌بێت، له‌گه‌ڵ بڕێكی زۆر غازی سروشتی.
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت، ئه‌و 34 ساڵه‌ی له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا هاتووه‌، كۆمپانیا روسییه‌كه‌ له‌ 9 ساڵی یه‌كه‌مدا سه‌رگه‌رمی كاری پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت ده‌بێت و 25 ساڵیش ته‌رخان ده‌كات بۆ به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانی كێڵگه‌كانی نه‌وت.

4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت
لەلایەکی دیکەوە، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندوە: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی ئێستای عیراق گەیشتۆتە 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت و هێشتاش بەو رێككەوتنەوە پابەندە كە لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیكدا بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئیمزایكردووە.
وتیشی: «عیراق هەوڵ دەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی خۆی زیاد بكات و كاریش بۆ دۆزینەوەی كێڵگە نەوتی نوێ‌ دەكات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك پابەندیەك بە رێككەوتنەكەی ئۆپیكەوە ئاستی هەناردەكردنی نەوتیان لەرێگەی بەندەرەكانی باشورەوە لایەنی كەم 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمكردۆتەوە.
وەزیری نەوتی عیراق ئاشكراشیكرد، هێشتا زووە باس لە ئەگەرەكانی زیاتر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمێنانی نەوت بكرێت لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان ئۆپیك و هاوپەیمانەكانیدا هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕو نرخی جیهانی نەوت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی بنیادنانەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە میانی دانیشتنی هەفتانەی خۆیدا پڕۆژەی یاسای ...