سەرەکی » ئاراستە » هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی …پەڕە 2

هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی …

کوردایەتی؛ هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی سنوورەکان لە سەردەمی جەنگ و هێدمەکاندا

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی شەشەم و کۆتایی
دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کەوا هەرچەندە کوردەکان بەرەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە و لە گەلێ شانۆی ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش پارێزگارییان لێکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر حاڵەتی دابڕاو بووە. ئەڵبەتە دابەشبوون و ململانێی سیاسی لە نێوان گرووپ و لایەنە سیاسییە کوردییە جۆراو جۆرەکاندا راستییەکی حاشا هەڵنەگرە تەنانەت ئەگەر بەکاتییش بەریان پێبگیرێت73. مەسەلەیەکی پارادۆکس و سەیرە کەوا داعش هەل و دەرفەتی بۆ کوردەکان دروستکردووە، سەرباری ئەو تۆقاندن کارەساتانەی بەرپایان کرد و گرووپە کوردەکانی سووریا و عێراق سوودیان لەو دەرفەتانە بینی. چیرۆک و گێڕانەوەی بەهێزی پشتبەخۆبەستن و هێز لە یەکگرتندایە دەرکەوتن و هاوتەریبی حیکایەت و گێڕانەوە کوردییە کۆنەکانە سەبارەت بە ستەم و چەوسانەوە. بەڵام لەگەڵ پاشەکشەی مەترسیی داعش، ئەگەری ئەوە هەیە کە پێویست بوونیش بە چارەسەر کەم ببێتەوە بەو پێیە و هۆکاری کەمتری قەناعەتبەخشیش دێنەئاراوە و جارێکی تر دابەشبوون دەردەکەوێتەوە. لە بارودۆخێکی ئاوهادا قورسە بیر لە دەرکەوتنی ئیرادەیەکی سیاسیی بەردەوام و یەکگرتوو بکرێتەوە بۆ گەڵاڵە بوونی کوردستانێکی یەکگرتوو.

ئەنجام
لە سەردەمی نوێی پێکەوەبەستن و ئاڵوگۆڕی پەیوەندیدا کوردایەتی گەشەی کردووە و تێیدا کۆمەڵگەکان پەیوەندیی خۆیان بەسەر مەودای هێجگار دووردا دادەمزرێنن و بەردەوامیی پێدەدەن سەرباری سنوورە نێودەوڵەتییەکان و دابەشبوونە سیاسییەکان. لەوەتەی پەیوەندییە بان نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد لە ساڵانی ١٩٩٠کانەوە بەهێز بووە ئەمە شتێکی گەشەکردووە. بەتایبەتیش، ئەو شۆک و ترۆمایانەی لە ناکۆکی و شەڕوشۆڕە زۆر و زەوەندەکاندا هاتوونەتە ئاراوە و داروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵتەکاندووە، جیاوازیی کوردی لە تورک و عەرەب دەرخستووە کە لەناویاندا دەژین، لەگەڵ حکوومەتەکانیاندا کە سەلماندوویانە هیچ خواست و ئارەزوویەکیان نیە کار بۆ بەرژەوەندیی کوردەکان بکەن. پەیوەندییە بان نەتەوەیی و نیشتمانییەکان شتی کوتوپڕیی هێناوەتە پێشەوە و ناسنامەی پان کوردیش چوارچیوەی خۆی وەرگرتووە. هەڕەشە دەرەکییەکان کاریگەریی سیممێلیان ورووژاندووە، کە لە یەکگرتوویی ناوخۆیی تۆکمەدا خۆی دەبینێتەوە و هەست کردن بەوەی کە کورد پێویستە پشت بە هاونەژادەکانیان ببەستن، کە رەنگە هەندێکیان لە پشت سنوورە نێودەوڵەتییەکانەوە بژین بەڵام بەزۆری ئامادەن بە دەم بانگەوازەکانەوە بچن لەپێناوی بەرگریدا لە بەرژەوەندیی کورد. لە بارۆدۆخی پڕ کێشە و ئاڵۆزیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردەکان بەردەوام پەنا دەبەنە بەر هاوڕەگەز و هاونەژادەکانیان و حیکایەتەکانی ستەمکاری و بەرگری کردن خاڵی کۆکەرەوەی بەهێزن بۆ ناسنامە کە لە بەردەوامبوونی ناکۆکی و ململانێکاندا پێویستە پارێزگاری لێبکرێت و بەم پێیە کوردایەتی بە هێز و گوڕی خۆیەوە دەپارێزریت. کارلێکی رووبەڕووی کوردەکان لە کاردانەوەی هەڕەشەی میلیتاریدا پەوەندییەکانی خۆی چێکردووە و دیالێکتی کرمانجی وەک زمانێکی هاوبەش کارا کراوەتەوە، بەڵام خولیا و ئاواتی سەرکردە سیاسییە کوردەکان هێشتا هەر ناکۆکیی بەردەوامی لەسەرە و پێدەچێت ئەوە لە ئاستی مەدەنی و شەخسیدا بێت لەجیاتی ئاستی سیاسی و رێکخراوەیی کەوا کوردایەتی میراتی بەردەوامیدانی بۆ بەجێدێڵێت. كوردايەتی وەک فۆرمێک لە فۆرمەکانی هاوکۆیی و هاوکاری بەهێزتر دەبێت و هانی شکۆی تاک و رابوونی کوردێتیی دەدات و لە کاتی تەنگانەدا بانگەشەی بۆ دەکرێت وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هەڕەشانەی لەسەر کوردن. بە هەمان دەستوور، بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان و بە شێوەیەکی سەرەکی پەیەدە و حکومەتی هەولێر جێپێی خۆیان چەسپاندووە وەک ئەکتەری گرنگ لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدا. بێگومان کورد بۆ ئەوەی ئەو پێگە رێژەییەی کە ئێستا هەیانە و ئەو سەرمایە سیاسییەی بەدەستیانهێناوە بیپارێزن پێویستە لەسەریان پەیوەندیی هاوکاری و هەماهەنگیی بزووتنەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکانیان بپارێزن74. هەروەها پێویستیشە لە هەندێک حاڵەتدا پەیوەندیی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ناوچەکەشدا دروست بکرێت و بپارێزرێت. لەوەدا کوردایەتی رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت و سترۆکتووری هاوکاری و پشتیوانی دابین دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی پێگە و هەڵوێستی بەهێز سازا و دانوستان لە شانۆی نێودەوڵەتیدا. هێز لە یەکگرتن و هەماهەنگیدایە و ئەمەش خاڵێکی بنەڕەتییە بۆ کورد وەک یاریکەر و ئەکتەر لە زەمینەیەکی ستراتیجیی بە مەترسی دەوردراودا.
سوپاس و پێزانین
زۆر سوپاسی خاتوو دارا کۆندویت Dara Conduit دەکەم لەسەر کۆمێنت و سەرنجە سوودبەخشەکانی بۆ رەشنووسی بەرایی ئەم پەیپەرە.

پەراوێزەکانی بەشی کۆتایی
73. Rivalries re – emerged soon enough after the relief of Kobanî, most notably in squabbling between the KDP and PKK over Sinjar. See Matthew Schweitzer (2016) Unravelling the Peace in Sinjar, EPIC; available at: http://www.epic-usa.org/unraveling-peace/, accessed February 3, 2017.
– رکابەری خێرا سەریهەڵدایەوە لە پاش فریاکەوتنی کۆبانی و بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەرچاو ناکٶکی و ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە لە سەر سنجار. بڕوانە ماتیو شڤایتزەر «کردنەوەی گرێکویرەی ئاشتی لە سنجار» ….
74. Güneş & Lowe (2015) The Impact of the Syrian War, p. 14.
– گوینەش و لۆوە «کاریگەریی جەنگی سووریا» ….

تێبینی: سەرچاوەکان لە لامان پارێزراون.

*زانكۆی مۆناش، كۆڵفیڵدی خۆرهەڵات، ئوسترالیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...