کـــۆڵـــەپـشـــــت

كۆنگرەی وەفا

(34)

لەكۆبوونەوەی رۆژی (7/9/2019)ی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی (ی.ن.ك)، بەكۆی دەنگ بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب درا. شیاوی باسە ئەمە یەكەمین كۆنگرەی دوای كۆچی دوایی رابەرو سەركردەی حزبەكەمان‌و رەمزێكی گەورەی میللەتەكەمان (مام جەلال)ە. لێرەدا تواناو لێهاتوویی سەركردایەتیی (ی.ن.ك) دەردەكەوێت كە تا چ ئاستێك خەمخۆری حزب‌و نەتەوەو رێبازی سیاسیی (ی.ن.ك)‌و (مام جەلال)و شایستەی بەڕێوەبردن‌و ئیدارەدانی (ی.ن.ك)ین. ئەو سەركردانە چۆن دەتوانن یەكڕیزیی‌و تەبایی حزب بپارێزن. ئینجا بەپێی بەرنامەی هاوچەرخ رێكخستنەكانمان پتەوترو نوێبكەینەوە. ئێمە هەموومان لەسەركردایەتیی (ی.ن.ك)‌و لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكاندا، لەناو جەماوەرو كادیرو ئەندامانی حزبدا قسەی زۆر باش دەكەین، خۆمان بەخەمخۆری خەڵك‌و رێبازی شەهیدان‌و پارێزەری رێبازی سیاسیی (مام جەلال) دادەنێین. ئەم كۆنگرەیە سەنگی مەحەكی قسەكانمان‌و وەفادارییە بۆ پاراستنی خەباتی دەیان ساڵەی ماندووبوون‌و رێبازی باوكی منداڵە شەهیدەكان.
*كادیرو ئەندامانی حزب، دۆست‌و لایەنگرانی (ی.ن.ك)‌و بگرە سەرجەم خەڵكی كوردستان بە تاسوقەوە دەڕواننە كۆنگرەی چوارەمی (ی.ن.ك)، چونكە پێیانوایە ئەو كۆنگرەیە پاراستنی مێژووی (مام جەلال)‌و رێبازەكەیەتی. پاراستنی مێژووی ماندووبوون‌و ئارەقەو خوێنی هەزاران شەهیدە. كۆنگرەی یەكڕیزیی‌و گەشەكردن‌و نوێبوونەوەیە. كۆنگرەی راگرتنی پارسەنگی هێزو دیموكراتییە لەكوردستاندا، بەڵام وەكو دەڵێن خێزانێكی سادە كاتێ بڕیاری گەشتێك دەدەن، پێشتر تەكبیر دەكەن، ئاڕاستەی گەشتەكە دیاریدەكەن‌و بەرنامەی بۆ دادەڕێژن، كەلوپەل ئامادەدەكەن، ئینجا گەشتەكە دەكەن. جا كۆنگرەیەكی وا گەورەش كە سەدان هەزار كەس چاوی لەسەرێتی‌و چارەنووسی سەدان هەزار كەسی پێوە بەندە، بێ ئامادەسازی‌و بێ راوێژو تەكبیرو هەماهەنگی‌و سازان، چۆن دەكرێ؟!.
*لەسەرجەم وڵاتانی پێشكەوتووی دنیادا، كۆنگرە ڤێستیڤاڵ، یان ئاهەنگێكی گەورەی خۆشیی حزبە. چونكە پێشتر هەموو كێشەكان چارەسەركراون، زامنی تەبایی‌و یەكڕیزییان كردووە، بەڕاوێژو هەماهەنگ قۆناغێكی نوێیان بۆ خۆیان دیاریكردووە. راستە ئێمە لەئاستی ئەو حزب‌و وڵاتانە دواكەوتووین، بەڵام هەر هیچ نەبێ بۆ بەهەدەرنەدانی ماندووبوونی خۆمان‌و دەیان هەزار كەسیتر، بۆ پاراستنی حزبەكەمان‌و ئایندەی میللەتەكەمان، دەبێ كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بگرین، چونكە پێشمەرگەو منداڵە شەهیدەكان بانگمان دەكەن. كەمئەندامانی سەنگەر پێمان دەڵێن ئەو دارەی دەیان ساڵە بەخوێنی باوكە شەهیدەكانمان، بەجەستەی شەكەت‌و ئازاری ڕۆژانەمان ئاودراوەو بۆتە چەترو سێبەری دەیان هەزار كەس، توخوا بیپارێزن، توخوا مەیبڕنەوە.
*حزبە كوردستانی‌و عیراقییە دۆستەكانمان، دەوڵەتانی ناوچەكە، ئەمریكاو حزبە سۆسیال دیموكراتییەكانی دنیا.. چاوەڕوانی ئەوەن (ی.ن.ك) كۆنگرەیەكی نوێبوونەوەو سەركەوتوو بگرێت، كۆنگرەیەك لەئاستی مێژووی پڕ سەروەریی خۆی بێت، لەئاستی رووبارێك لەخوێنی شەهیدەكانی بێت، كۆنگرەیەك هاوكێشەكانی كوردستان‌و ناوچەكە بپارێزێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هـەولێر

(33) *هەولێر، دوای بەیاننامەی (11)ی ئازاری ساڵی (1970)، بوو بە ...