سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانکپەڕە 5

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

بەشی نۆزدە

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

کاژێری چوارە، بوو بە پێنج، پێنج و نیو. من چووم بۆلای (پیتەر). شانبەشان جووت لەتەکی دانیشتم، هێندەی لێوە نزیکبووم هەستمان بە لەرزینی جەستەی یەکتر دەکرد. جاروبار وشەیەکمان دەدرکاند و بەترسەوە هەستمان راگرتبوو. پەنجەرەی ژوورەکەیان داپۆشی و سەرقاڵی نووسینەوەی ئەو خاڵانە بوون کە بەتەلەفۆن بە (کلایمان)ی بڵێن.
بەنیازبوون کاژێری حەوت تەلەفۆنی بۆ بکەن، بۆئەوەی یەکێکیان بێن بۆ ئێرە. مەترسی لەوەدابوو کە چاودێرەکەی بەر دەرگای دەرێ یا ئەوەی نێو کۆگاکە گوێی لە قسەکان بێت. بەڵام لەوە مەترسیدارتر گەڕانەوەی پۆلیسەکان بوو. ئەو خاڵانەی بۆ (کلایمان) نووسران بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:
دز هەمدیس ئێرەیان بڕی: پۆلیسەکان لێرە بوون، تا دۆڵابە سووڕاوەکە هاتن، لەوەبەلاوە نا.
پێدەچێ دزەکان سەریان لێشێوابێ، دەرگای کۆگایان بڕیوە و لە باخچەکەوە هەڵاتوون.
دەرگای سەرەکی داخراوە. (کوگلەر) دەبێ لە دەرگاکەی ترەوە رۆیشتبێ.
تایپ-ڕایتەر و کەرەستەکانی تر لە سندوقە رەشەکەدا لەبیرۆ پارێزراون.
هەوڵدە (جان) ئاگادار بکەیتەوە، کلیلەکان بهێنێ و بچێ بیرۆکە بەسەرکاتەوە. پشیلەکە دەبێ خواردنی بدرێتێ.
هەموو شتەکان بەجۆرەی خواست هاتنەدی. (کلایمان) تەلەفۆنی بۆکرا، تایپ-ڕایتەرەکان خرانە سنووقە رەشەکەوە. ئێمەش چووینەوە سەر مێزەکە دانیشتین چاوەڕوان بووین یا (جان) بێت یا پۆلیس بێن.
(پیتەر) نووست، من و بەڕێز (ڤان دان) لەسەر زەوی راکشابووین. کاتێ تەپەتەپی پێ هات لە خواری، من بەسووکی رابووم وگوتم: «ئەوە جان-ە!»
ئەوانیش هەموو گوتیان «نەخێر ئەوە پۆلیسە!»
لە دەرگا درا، (میپ) فیکەی لێدا. ئەوە بۆ خاتوو (ڤان دان) یه‌کجار زۆربوو. رەنگی مردووی لێنیشت و شلوشاو کەوتە نێو کورسییەکەیەوە، جا ئەگەر ئەو گرژییە خولەکێکی تر بەدەوام بوایە ئەوا بێهۆش دەبوو.
کاتێ (جان) و (میپ) هاتنە ژوورێ، ژوورەکەمان دیمەنێکی زۆر سەرسوڕهێنەری دەبەخشی. تەنها ئەو مێزەی لێی وروکابوین شایانی ئەوە بوو وێنەیەکی بگری. گۆڤاری «شانۆ و سینەما» پەڕەکانی هەڵدرابوونەوە و لەسەر ئەو لاپەرەیە بوو کە وێنەی خانمێکی سەماکەری لەسەربوو موڕەبای بەسەردارژابوو، لەلایەوە حەبێکی دژەسکچوون، دوو شووشەی مورەبا، لەت وچارەکە نانێک، ئاوێنەیەک، شانە، شەمچە، سووتوو، جگەرە، توتن، تەپڵەکی جگەرە، ژێر شەرواڵێکی ژنان، لایت، کاغەزی توالێت هتد. هتد.
هەڵبەتە (جان) و (میپ) بە هەڵهەڵە و ئەسرین پێشوازیکران. جان کونی دەرگاکەی چاککردەوە و بەپەلە رۆیشت بۆ ئەوەی پۆلیس لە دزییەکە ئاگادار بکاتەوە. (میپ) نامەیەکی لە ژێر دەرگای کۆگاکە دۆزیبۆوە، لە لایەن ئێشکگرەکەی شەو، (سلاگتەر) نووسرا بوو، گوایە ئەو کونی دەرگاکەی بینیوە و پۆلیسی لێ ئاگادار کردۆتەوە، (جان)یش بەنیازبوو بچێ بۆلای.
واتە تەنها نیو کاژێرمان بۆ پاک و خاوێنکردنەوە بە دەستەوەیە. هەرگیز تا ئێستا گۆڕانکارییەکی بەوجۆرەم لەماوەی نیو کاژێردا بەخۆمانەوە نەبینیوە. من و(مارگۆت) چوینە خوارێ نوێنەکانمان رێکخستنەوە، چوینە سەرئاو، ددانمان شوشت دەستوپلمان شوشت و قژمان داهێنا. دوای ئەوەی دەستێکم بەژوورەکەدا هێنا وچوومەوە سەرێ. ئەوانیش مێزەکەیان پاک کردبۆوە. ئاومان هێنا و چاو قاوەمان لێنا شیرمان کوڵاند و سفرەوخوانی قاوەخۆریمان سازکرد. باوکم و(پیتەر) تەنەکەی پیساییەکەیان بەتاڵ کردەوە و بەئاوی گەرم وکلۆر خاوێنیان کردەوە.
کاژێری یازدە، پاش گەڕانەوەی، لەگەڵ (جان) دانیشتین، کەم کەمە هێمن بووینەوە. (جان) ئەمەی بۆ گێڕاینەوە:
کاتێ (جان) دەچێتە لای (سلاگتەر) ژنەکەی باسی بۆ دەکا (ئەو بەخۆی نووستبوو) گوایە پیاوەکەی لەکاتی خولانەوەی بەنێو بازارەکاندا ئەو کونەی بەدی کردووە و لەگەڵ ئەو پۆلیسەی لەوێ بووە باڵەخانەکەیان پشکنیوە. ئەو دەیەوێ رۆژی سێشەممە بێتە لای (کوگلەر) لەو بارەوە قسەی لەگەڵدا بکات. پۆلیسخانە هێشتا ئاگاداری ئەو دزییە نین، بەڵام یەکسەر یاداشتیان کردووە و بە نیازن ئەوانیش بەهەمان شێوە رۆژی سێشەممە بێن وتەماشایەکی ئێرە بکەن. (جان) لەکاتی گەڕانەوەیدا چووبووە لای سەوزە فرۆشەکەی سەر سووچی گەڕەک وباسی دزییەکەی بۆکردووە. ئەویش پێی گوتووە لەوە ئاگادارە کاتێ دوێنێ ئێوارێ لەگەڵ ژنەکەیدا بەوێدا تێپەڕیون، ئەو کونەی دەرگاکەیان بینیوە. ژنەکەی نەیویستووە بوەستێ بەڵام ئەو، سەبارەت بە تەماشاکردن، لایتەکەی دەستی بەرەو ژوورەوە ئاڕاستە کردووە، بەڵام ئەوکات دزەکانی لێنەمابوون. ئەویش لەخەمی ئێمەدا بەکارێکی نادروستی زانیوە ئەگەر پۆلیس ئاگادار بکاتەوە. گوایە بەخۆی لە کەین و بەینی ئێرە بێئاگایە و هیچی لەبارەوە نازانێ. بەڵام لەهەمان کاتیشدا درک بەزۆر شت دەکا. (جان) زۆر سوپاسی دەکات وجێی دەهێڵێ. هەڵبەتە ئەو پیاوە درکی بە بوونی ئێمە کردووە لێرە، چونکە ئەو رۆژانە کاتی نیوەڕوان پەتاتەمان بۆدەهێنێ. پیاوێکی زۆر چاکە وانییە!
پاش ئەوەی (جان) رۆیشت و ئێمەش قابوقاچاخمان شۆری، بوو بەکاژێری یەک. هەر هەشتمان چووین بنووین. سێ چارەک کەم لەخەو رابووم، دەبینم بەڕێز (دوسێل) لەسەر جێگاکەی نەماوە. بەڕێککەوت بەڕوخساری خەواڵوومەوە لە حەمامەکە بەڕووی (پیتەر)دا تەقیمەوە و رێککەوتین لەخوارێ یەکتر ببینین. دەستێکم بەخۆمدا هێنا وچوومە خوارێ.
«هەڵبەتە لەخۆت رادەبینی، بچینە سەربان؟» (پیتەر) لێی پرسیم. منیش گوتم ئەرێ، سەرینەکەم هەڵگرت و پێشتەماڵێکم لێ پێچا وچووینە سەرەوە. کەشوهەوا تابڵێی سازگاربوو، لەپڕ شوتەکانی هوشیارکردنەوە لێدران. بەڵام ئێمە لەجێگاکەی خۆمان نەبزواین. (پیتەر) دەستی خستە سەرشانم، منیش دەستم خستە سەرشانی، بەو ئاوایە بەهێمنی ماینەوە، تا (مارگۆت) لە کاژێری چوار بۆ قاوە خواردنەوە بەدواماندا هات.
نانمان خوارد و ئاوی لیمۆمان بەسەرداکرد و دەستمان بەگاڵتەوگەپ کرد. لەوە بەلاوە شتێکی ئەوتۆ نەبوو. ئێوارێ (پیتەر)م سوپاس کرد لەبەر ئەوەی لەهەمووان بوێر و بەوەج تربوو.
هیچ کەسێک لەئێمە تا ئێستا رووبەڕووی مەترسییەکی لە جۆری ئەوشەوە نەبووە. خودا ئێمەی پاراست. تۆ بیری لێبکەوە، پۆلیس لەبەردەم دەرگا نهێنییەکەی بەر پەناگەکەمان بێت، چرایەکیش لەبەردەمەکەی رۆشن کرابێت و کەس درکمان پێنەکا! کاتێ هەڵمەتی سەربازی بە بۆمبابارانەوە بەرپابێت، ئەوا هەر کەسێک لەخۆی بەرپرسیارە. بەڵام لەم جێگایەی ئێمە مەترسی لەسەر چەندین مرۆڤی چاک و بێتاوان لەئارادایە کە ئێمە دەپارێزن.
«ئێمەتان تائێستا پاراستووە! تکایە بەردەوام بن!» ئەوە تەنها تکایە کە لەتوانای ئێمەدا بێت!
ئەو رووداوە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا سەپاندین. (دوسێل) ئێواران دەبێ لە ژووری خۆشۆرین دانیشێت. (پیتەر) دەبێ لە کاژێری هەشتونیو و نۆونیودا گەشتێک بەماڵەکەدا بکات بۆ ئەوەی کۆنتڕۆلی بکات. پەنجەرەکەی نابێ چیتر بەکراوەیی بمێنێتەوە، چونکە کرێکارێکی کۆمپانیاکەی دراوسێ بینیوێتی. لە نۆونیو بە دواوە نابێ ئاوی توالیتەکە بەربدرێتەوە. بەڕێز (سلاگتەر) کراوە بە ئێشکگری شەوان. ئەم ئێوارەیە دارتاشێک دێ بۆ ئەوەی دەرگای کۆگاکە مەحکەمتر بکات. لە پەناگەدا ئێستا مشتومڕێکی زۆر بەروپشتی لێگرتووین. بەڕێز (کوگلەر) بەوە تاوانباری کردووین کە ئێمە بەبێ وریایی هەڵسوکەوت دەکەین. (جان)یش بەهەمان شێوە گوتی: ئێمە بەهیچ جۆرێک بۆمان نییە بچینە خوارێ. زۆر بەتوندی هۆشداری کراین بەوەی ئێمە جولەکەین و لێرە کۆتوبەند کراوین، هیچ مافێکمان نییە بەڵام هەزاران ئەرکمان لەسەرشانە بۆ ئەوەی جێبەجێیان بکەین. ئێمەی جو بۆمان نییە گوێی لە هەستونەستمان بگرین، دەبێ بوێر و بەهێز بین، دەبێ بەچارەنووسی خۆمان بەبێ گلەوگازندە رازی بین، دەبێ ئەوەی لە تواناماندا هەیە وەگەڕی خەین و بەخوا پشت ئەستوور بین. رۆژێک دێ ئەم جەنگە نەگریسە کۆتایی دێت، ئەو رۆژە هەر دێ تێدا ئێمە وەکوو مرۆڤێک تەماشابکرێین نەک تەنها هەر وەکوو جولەکە!
کێ ئێمەی بەو سزایە گەیاندوە؟ کێ ئێمەی جولەکەی لە میللەتانی تر جیاکردۆتەوە؟ کێ ئێمەی تووشی ئەو ئاهوناڵە و دەردەسەرییە کردووە؟ هەڵبەت ئەوە کاری خودایە، بەڵام هەر خوا بەخۆی دەبێتە پاڵپشتمان. ئەگەر ئێمە بەرگه‌ی ئەم هەموو چەرمەسەرییەمان گرت و هێشتا جولەکەی دیکە مانەوە، ئەوا ئەوکات لە نەفرەت لێکراوەوە دەبینە سەرمەشقی رەوشت چاکان. جا کێ دەزانێ، لەوانەیە ئەوەی کە ئێمە باوەڕمان پێ هەیە لە جیهان و بۆ سەراپای میللەتان ببێتە بناغە بۆ وانەیەکی سوودمەند، هەر لەو پێناوەش، تەنها لەپێناو ئەوە دەبێ ئێمە ئازار بکێشین. ئێمە هەرگیز ناتوانین تەنها هۆڵەندی یا بەریتانی یا هەرچ شتێکی تر بین، ئێمە لەپاڵ ئەوانەشدا دەبێ جولەکەش بین. ئەوەش ویستی خۆمانە.
کۆڵ مەدەن! ئێمە نابێ کۆڵ بدەین و پێویستە ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین، رێگا چارەیەک هەردەبێ هەبێ. خوا قەت میللەتی ئێمەی فەرامۆش نەکردووە! سەدان ساڵ تێپەڕین هێشتا جوەکان لەناونەچوونە، بەدرێژایی ئەو سەدان ساڵەش دەبوایە جولەکە هەمیشە ئازار ومەینەت بکێشێ. بەڵام پاش تێپەڕبوونی ئەو سەدان ساڵەش جولەکە هەر بەهێزتر بووە. ئەوانەی ورەیان بەردەدەن وبێ هێزن توشی دارووخان دێن، ئازا و بەهێزیش هەر دەمێنن وکۆڵنادەن!!
لەڕاستیدا پێموابوو ئەوشەوە دەبێ بمرم. من جاوەڕوانی پۆلیسەکانم دەکرد، ئامادەبووم وەکوو سەربازێکی بەرەی جەنگ بجەنگم. دەمویست خۆم بەقوربانی نیشتمان بکەم. بەڵام ئێستا، پاش ئەوەی رزگارم بوو، یەکەمین هیوام ئەوەیە پاش کۆتایی جەنگ ببم بە هاوزێدی هۆڵەندی. من هۆڵەندیەکانم خۆشدەوێ، ئەم زێدەی خۆمم خۆشدەوێ، زمانەکەم خۆشدەوێن و دەمەوێ لێرە کار بکەم، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بۆ خودی شاژنیش دەنوسم و کۆڵنادەم تا بەو ئامانجە دەگەم.
دەبێ تاهەمیشە خۆم لەدایکوبابم بترازێنم، چیتر گرێدراویان نەبم. لەتافی لاویمدا دەبێ ژیانی خۆم بەرزەفت بکەم، لەڕووی دڵنیایی و درک کردنم بەو مافانەی کە پێم ڕەوان، لەدایکم باشترم. من دەزانم چیمدەوێ، ئامانجی خۆم هەیە، بۆچوونی خۆم هەیە، بیروڕاو خۆشەویستی خۆم هەیە. لێمگەڕێن با وەکوو خۆم بم، تەنها ئەوکات بەختەوەر دەبم! من دەزانم کە ژنم، ژنێکم لە ناخەوە بەهێز و تابڵێی بوێرم!
ئەگەر خودا بمهێڵێ، دەبێ بەزۆر شت بگەم، زۆر زیاتر لەوەی دایکم پێیان گەیشتووە. نابێ وەکو کەسێکی بێ واتا بژیم. دەبێ لەجیهاندا و بۆ هەموو مرۆڤەکان کاربکەم.
من ئێستا بۆم دەرکەوتووە کە ئازایەتی و بەختەوەری لەهەموو شتێک گرینگترن!
ئانا م. فرانک-ی تۆ

هەینی، ١٤/٤/١٩٤٤ کیتی گیان!
کەشوهەوای نێوماڵ هێشتا زۆر بارگاوییە. (پیم) کەف وکوڵ دەچڕێ، خاتوو (ڤان دان) سەرمابردە بووە و لە جێگادایە، هەر بۆڵەی دێ، بەڕێز (ڤان دان) جگەرەی لێبڕاوە و رەنگی زەرد هەڵگەڕاوە، (دوسێل) کە دەستبەرداری زۆر لە خۆشییەکانی خۆی بووە، هەمیشە بە گەڕوگێچەڵە. لەم کاتەدا بەختمان یار نییە. توالێتەکەمان ئاوی لەبەر دەڕوا و بۆڕییەکەی ناگیرێتەوە. لەسایەی سەری پەیوەندییەکانمان بەهیچ جۆرێک پەک ناکەوێ و هەموو شتەکان بەزووترین کات چاکدەکرێنەوە.
هەندێک جار لەڕادەبەدەر بە هەست وسۆزم، خۆم ئەوە دەزانم، بەڵام هەست وسۆزیش جاروبار دەخوازرێ. کاتێ من و(پیتەر) لەجێگایەکدا لەنێو شڕوشیتاڵ و تەپوتۆزدا لەسەر تەختەیەکی رەقوتەق پێکەوە دادەنیشین و دەست لەسەرشانی یەکتر دەنێین، ئەو بسکێک لەقژم بە دەستەوە دەگرێ، لە دەرەوەش مەلەکان بە ئاوازەوە دەجریوێنن، مرۆڤ کاتێ دەبینێ چۆن درەختەکان سەوز هەڵدەگەڕێن، کاتێ هەتاو دەجۆشێ و ئاسمان شین دەکاتەوە، ئاە، ئەوکات منیش زۆرم هەست وسۆز دەورووژێ!
لە رووخساری خەماوی وهەڵبزڕکاو بەلاوە هیچی تر بەدی ناکەی لێرە، لە هەناسەی سارد و ناڕەزاییەکی لە ناخدا قەتیس ماو چی ترت بەگوێدا ناێیت، واپێدەچێ لەپڕدا هەموو شتەکان ترسناکتر بووبن. لە ڕاستیدا خراپی ئێرە کردەی خودی کەسەکان خۆیانن. لەم پەناگەیەدا کەسێک نییە شتەکان بەچاکی وێنا بکات، لێرە هەر کەس دەبێ بەخۆی خواست و نەخواستەکانی ئاڕاستەبکات.
هەموو رۆژێک گوێت لێ دەبێت: «زۆر باش دەبوو ئەگەر ئەم دۆخە کۆتایی هاتبا!»
شکۆمەندی، هیوا، خۆشەویستی، ئازایەتی، ئەمانەن منیان لەسەرپێ ڕاگرتووە و بەختەوەریان کردووم!
کیتی، پێموایە ئەمڕۆ من تۆزێک سەرلێشێواوم، ناشزانم بۆچی. هەموو شتەکانم تێکەڵ وپێکەڵ نوسیون، مرۆڤ درک بە گرێی نێوانیان ناکا، جاروبار زۆر دوودڵ دەبم لە ئەگەری ئەوەی دوارۆژ کەسێک ئەم وڕێنانەی دەیانووسمەوە بەهەند وەرگرێ. هەموو هەرزەبێژییەکانم ئەوسا ناوی «ددانپێنانەکانی لاوێکی ناقۆڵا»ی لێدەنرێ. هەڵبەتە بەڕێزان (بۆلکشتاین) و (گێربراندی)ش سوودێکی ئەوتۆ لە یاداشتەکانم نابینن.
ئانا فڕانک-ت

شەممە، ١٥/٤/١٩٤٤ کیتی گیان!
«بەڵا دوای بەڵا روومان تێدەکەن. ئاخۆ ئەمە کەی کۆتایی دێت؟» بەڕاستی دەبێ ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین. بیری لێبکەوە، ئەبێ ئەمجارە چی روویدا بێ: (پیتەر) لە بیری چووبوو کۆڵەکەی پشتی دەرگای سەرەکی لە دیوی ناوەوە لابدات. ئاکامەکەشی ئەوەبوو کە (کوگلەر) و کارگەرەکانی تر نەیانتوانیبوو بێنە ژوورێ. (کوگلەریش) چوو بوو بۆلای دراوسێکەیان و لەوێوە پەنجەرەی چێشتخانەکەی شکاندبوو و لەدیوی ژوورەوە دەرگای کردبۆوە.
(کوگلەر) لە بێ ئاوەزی ئێمە نیگەران بوو! با ئەوەش بڵێم کە (پیتەر)یش زۆری پێ هەراسان ببوو. کاتێ لەسەرخوان بووین دایکم گوتی بەداخەوە بۆ (پیتەر)، ئەویش گەرووی پڕبوو لە گریان. بەڵام ئەوە تەنێ تاوانی ئەو نییە، چونکە هەموو رۆژێک پێاوەکان بیری دەخەنەوە ئاخۆ کۆڵەکەکە لابردراوە، تا ئەمڕۆ کە بەبیری کەسدا نەهات. لەوانەیە دوایی من هەندێک دڵی بدەمەوە. هەڵبەتە بەخۆشحاڵییەوە پشتگیری دەکەم.
ئێستاش چەند زانیاریەک لەبارەی هەندێک رووداوی هەفتەکانی رابردوو لە پەناگە:
هەفتەی رابردوو پشیلەکە کتوپڕ نەخۆش کەوت، جوڵەی لێبڕابوو و زرینچکاوێکی لە زار دەهاتە دەرێ. (میپ) لە پێشتەماڵێکی پێچاو لەنێو سەبەتەیەکی ناو وبردی بۆ ڤیتەرنەری. دوکتۆرەکە دەرمانی کرد، پێدەچێ ریخەڵۆکی نەخۆش بووبێ. لەوەبەدوا چاومان پێ نەکەوتەوە، شەو و رۆژ بە ڕێگاوە بوو، بە دڵنیایی سەردانی خۆشەویستەکەی کردووە.
پەنجەرەی هه‌وره‌بانەکە دەبێ شەوانە کراوەبێ. من و(پیتەر) ئێواران بەزۆری لەسەرەوە دادەنیشین.
بە هیمەتی (کلایمان) و بۆیەی رۆندار توالێتەکەمان چاکرایەوە. ئەو بۆڕییەی سیلاک ببو ئەوەشیان گۆڕی. ئەم مانگە هەشت پسولەی بەشە خۆراکی مانگانەمان بۆهات. تازەترین خواردنی بەتامی ئەمجارەمان (پیکالیلی)یە. ئەگەر بەختت بێدارنەبێ ئەوە شووشەکە چەند خەیارێکی تێدایە وبە ئاوی خەردەل گیراوەتەوە. سەوزە بەهیچ جۆرێک نییە. پێش خوان کاهووە وپاش خوانیش هەر کاهوو. خۆراکی سەرەکیمان تەنها پەتاتەیە و سۆسێکی کارگەسازی بەسەردادەکرێ. زۆر بەسەختی بۆمباباران دەکرێین.
باڵەخانەی پارێزگا لە (دێن هاگ) بۆمباباران کرا و هەموو دۆکیومێنتەکان لەناوچوون. هەموو هۆڵەندییەک دەبێ ناسنامەی نوێی بۆ دروستبکرێ.
بۆ ئەمڕۆ ئەوەندە بەسە! ئانا م. فرانک

یەکشەممە، ١٦/٤/١٩٤٤ کیتی گیان!
دوێنێ یەکێکە لەو رۆژانەی نابێ لە بیری بکەی، چونکە بۆ سەراپای ژیانم زۆر گرینگە. هەڵبەتە بەلای هەموو کچێکەوە گرینگ نییە، کاتێک بۆ یەکەمین جار ماچ دەکرێ؟ بەلای منەوەش هەر وایە. ماچەکەی سەر روومەتی راستم لەلایەن کەسێک بەناوی (بڕام)ەوە بەهەند وەرناگیرێ، بەهەمان شێوەش کاتێ (ڤۆدسترا) دەستی ماچ کردم. جا چۆن ئەو ماچە کرام؟ ئەوا بۆت دەگێڕمەوە:
دوێنێ ئێوارێ من و(پیتەر) لەسەر قەنەفەی ژوورەکەی دانیشتبووین، و دستی لێ ئاڵاندبووم.
پێم گوت «با بچینە ئەولاترەوە بۆ ئەوەی سەرم بەر دۆڵابەکەی پشتەوە نەکەوێ.»
ئەویش تا سووچی قەنەفەکە هەڵکشا. من دەستم لە کەمەری ئاڵاند ئەویش دەستی لە شانم وەردا و بەتوندی بەخۆیەوەی لکاندم. ئێمە زۆرجار بەو ئاوایە دانیشتووین بەڵام هەرگیز بەو ئەندازەیەی دوێنێ ئێوارە ئاوا بە توندی پێکەوە نەلکاوین. ئەو بەهێزتر منی بەخۆە دەنا، سینەم بە سینەیەوە نووسا، دڵم خێراتر لێیدەدا. بەڵام ئەمە هەمووی نەبوو. ئەو نەسرەوت تا سەرم کەوتە سەر شانی ئەویش سەری نایە سەر سەرم. پاش نزیکەی پێنج خولەک ویستم خۆم راستبکەمەوە، ئەو بەپەلە سەرمی بە هەردوو دەست گرت وبەرەو خۆی راکێشامەوە. ئای، کە بێ هاوتابوو! نەمتوانی هیچ قسە بکەم، ئەو چرکەساتەم لەلا زۆر بە چێژبوو. نابەڵەدانە هەندێک دەستی بە روومەت و باسکمدا هێنا، دەستی بە قژما هێنا، لەوکاتەشدا سەرمان هەر بەتوندی پێکەوە نابوو.
ئەو موچوڕکەیەی بەجەستەمدا دەهات و دەچوو، کیتی، لە باسکردن ناێی. من لەڕادەبەر بەختەوەربووم، پێم وابێ ئەویش بەهەمان شێوە.
کاژێر هەشتونیو هەڵساین، ئەو لاپچینەکانی لەپێکرد بۆئەوەی لە گەشتی دووەمیدا بەنێو ماڵەکەدا دەنگی پێی نەێی، منیش بووم بە هاوشانی. نازانم چۆن کتوپڕ بەو جۆرە جووەڵامەوە، بەڵام پێش ئەوەی بچینە خوارێ ئەو قژی راموسیم، نیوەی روومەتی چەپ ونیوەی گوێم بەر ماچەکەی کەوت. بەبێ ئەوەی لەئەملاوئەولام بڕوانم بەغاردان چوومەوە خوارێ … ئێستاش زۆر بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەمڕۆی ئێوارەم.
بەیانی رۆژی یەکشەممە، تۆزێک پێش کاژێری ١١ ئانا م. فرانک

دووشەممە، ١٧/٤/١٩٤٤ کیتی گیان!
تۆ پێتوایە دایکوبابم ئەوەیان پێ دروست بێ من لەگەڵ کوڕە لاوێک لەسەر قەنەفەکەی دانیشم و تەنها خەریکی راموسان بین؟ لاوێک تەمەنی حەڤدە ساڵونیو و کیژێک نزیەکەی پازدە ساڵ بێت؟ راستییەکەی من پێموانیە، بەڵام بۆ ئەم شتە دەبێ خۆم بەرپرسیاربم. بەڕاستی زۆر ئارام و دڵنیا دەبم کاتێ لە ئامێزم دەنێ وخەون دەبینم، زۆر وروژێنەرە کاتێک روومەتی بە روومەتمەوە هەست پێدەکەم. بەڕاستی چێژی هەیە کاتێ دەزانم کەسێک چاوەڕوانم دەکات. بەڵام – جا لە راستیدا بەڵامێکی هەر تێدەکەوێ – ئاخۆ پیتەر لەوەدا جێی متمانەیە؟ من هێشا بەڵێنەکەیم بیر نەچووە، بەڵام … ئەو هێشتا کوڕەلاوە!
دەزانم ئەوە بۆ من زووە، هێشتا پازدە ساڵم هەڵنەبواردووە و بەوجۆرە سەربەستم، خەڵکی تر هەڵبەتە سەریان لێم سووڕدەمێنێ. من دڵنیام (مارگۆت) هەرگیز رێگا بەخۆی نەدات ماچ بە کوڕێک بدات ئەگەر مارە بڕی نەبێ یا شووی نەبێ. ئەو جۆرە پلانانە نە لای من و نە لای پیتەر هەن. دایکیشم بە دڵنیایی لە باوکم بەولاوە دەستی پیاوێکی تری بۆ نەچووە. باشە دەستەخوشکانم چیم پێدەڵێن ئەگەر بزانن من لەئامێزی (پیتەر) بوومە، دڵم بە سینەیەوە بووە، سەرم لەسەر شانی بووە، سەروچاوی بەسەروچاومەوە بووە!
ئۆە ئانا، چەند شوورەییە! بەڵام بەڕاستی من بەلامەوە شوورەیی نییە. ئێمە لێرە بەندکراوین و لە جیهان دابڕاوین، لە ترس وخەمی هەمیشەیی داین، بەتایبەتی بەم دواییە. ئێمە ئەگەر یەکترمان خۆشدەوێ بۆچی لێک دوور بین؟ بۆچی تاوەکو تەمەنێکی لەبار چاوەڕوان بین؟ بۆچی دەبێ ئەوه‌ندە پرسیار بکەین؟
بڕیارمدا بەخۆم ئاگاداری خۆم بم. هەڵبەتە ئەو هەرگیز نابێتە مایەی ئازار و خەم وپەژارە بۆم. جا بۆچی بە خواستی دڵم نەکەم و هەردوکمان بەختەوەر نەکەم؟
پێموابێ، کیتی، تۆش ئەوەم تیا بەدی دەکەی کە دوودڵ بم. وابزانم ئەوش لە وەوە سەرچاوە دەگرێ کە من سەرڕاستم و دژی کاری نا ئاشکرام. پێتوانیە پێویست بکا کردەوەکانم بۆ باوکم بگێڕمەوە؟ بە بۆچوونی تۆ، دەکرێ نهێنییەکانمان بە گوێی کەسی سێهەمدا بدەین؟ ئەوکات شتە جوانەکان زۆریان لەناودەچن. ئاخۆ منیش ئەوسا لە ناخەوە هێور نابمەوە؟ من دەبێ لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەو بدوێم.
بەڵێ من دەبێ لەبارەی زۆر شتەوە بیدوێنم، چونکە ناسکی و نەرمونیانی، بەتەنیا، بێ ئاکامە. هەڵبەت خستنەڕووی هەموو بیروبۆچوونێک خۆڕانییە و دەبێ متمانەیەکی زۆری لەدووتۆدابێت، بەڵام بەدڵنیایی هۆشیاری ئێمەش بەو متمانەیە بەهێزترمان دەکا!
ئانا م. فڕانک

سێشەممە، ١٨/٤/١٩٤٤
ئێرە زۆر ئارامە. باوکم گوتی لە ٢٠ مانگی ئایاردا چاوەڕوانی ئۆپەراسیۆنێکی بێهاوتای سەربازی، لە روسیا و ئیتالیا و رۆژئاوا، دەکرێت. هەرچەند درێژە بکێشێ بەو ئەندازەیەش ئازادی ئێمە لە ئاسۆدا ونە. پاش دە رۆژ دواکەوتن، سەرئەنجام دوێنێ من و(پیتەر) توانیمان قسەبکەین. هەموو نهێنییەکم لەبارەی کچان بۆ روونکردەوە، بەبێ ئەوەی شەرم بکەم، پەردەم لە ڕووی هەموو وردەکارییە تایبەتییەکانیش هەڵماڵی. ئێوارەکەمان بە یەکتر راموسین، زۆر لە دەمەوە نزیک، کۆتایی پێهات. بەڕاستی هەستێکی نایاب بوو!
لەوانەیە جارێک کتێبی یاداشتەکانم لەگەڵ خۆم بۆ سەرەوە بەرم، بۆئەوەی پتر لە شتەکان قوڵبینەوە. من هیچ چێژێک لەوە نابینم هەموو رۆژێک هەردەم تەنها خەریکی دەستلەملانێ بین، هیوادارام ئەویش بەهەمان شێوە بیربکاتەوە.
پاش زستانێکی دوورودرێژی ناساز، وا بەهارێکی سازگارمان هەیە. جا بەڕاستی مانگی نیسان دڵڕفێنە، نە سارد و نە گەرم ناوبەناو نمەبارانێک دەبارێ. درەخته‌ کەستانیاکە سەوز دەکاتەوە و لێرەولەوێ شکۆفەت بەرچاو دەکەوێ. (بیپ) رۆژی شەممە گوڵی بۆهێناین، سێ چەپک نێرگز و هێشووە میروویەکی یاقووتی بۆ من هێنابوو.
دەبێ فێری وانەی جەبر بم، تا دیدەن، کیتی!
ئانا م. فڕانک

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*