دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، بەشداریكرد لەكۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بەسەرۆكایەتیی وەفدێكو وەك بڕیاریشە ئەمڕۆ چوارشەممە، وتاری عیراق لەكۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانو تێڕوانینی عیراق سەبارەت بەچەند پرسێكی ناوچەییو نێودەوڵەتی، پێشكەش بكات.
رۆژی پێشتریش 23/9، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەپەراوێزی دیدارو كۆبوونەوەكانی لەكۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەنیویۆرك، هاوكاریو پشتیوانیی وڵاتانی بۆ عیراق بەئامانجی دووبارە بنیاتنانەوەی شارەكانو بەهێزكردنی توانای سەربازیی سوپاو هێزە ئەمنییەكان لەپڕچەككردنو مەشقو ریشەكێشكردنی تیرۆر، دووپاتكردەوە.
دیداری سەرۆك كۆمارو سەرۆكی فەرەنسا
رۆژی 23/9، سەرۆك بەرهەم ساڵح لەمیانی دیداری لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، تاوتوێی گۆڕانكاریو پێشهاتەكانی ناوچەكەو جیهانیان كردو تەئكیدیان لەسەر پێویستیی پەیڕەوكردنی دیالۆگو لێكگەیشتن بۆ چارەسەری تەواوی پرسە هەڵپەسێردراوەكان، كردەوە.
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو راوێژكاری ئەڵمانیا
هەمان رۆژ، لەدیدارێكدا، د.بەرهەم ساڵحو ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا، باسیان لەڕۆڵی یەكێتیی ئەوروپا كرد لەپشتیوانیی عیراقداو تاوتوێی پێشهاتەكانی ناوچەكەو جیهانیان كردو جەختیانكردەوە لەسەر گرنگیی دیالۆگو لێكگەیشتن بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشو سەقامگیری لەناوچەكەدا.
دیدار لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا
لەدیدارێكی دیكەشدا لەپەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەنیویۆرك، سەرۆك كۆمارو بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان دووپاتكردەوە لەپێناوی هێنانەكایەی ئاشتیو ئاسایشو سەقامگیریو خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلان.
كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی بولگاریا
هەروەها، سەرۆك كۆمارو رومن رادیڤ سەرۆكی بولگاریا، سەبارەت بەگۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو جیهانو پرسە هاوبەشەكان، گفتوگۆیان كرد، بەجۆرێك خزمەت بەخواستی وڵاتان بكات.
کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی جۆرجیا
لەدیدارێكی دیكەشدا لەگەڵ سالومە زورا بیشڤیڵی سەرۆكی جۆرجیا، تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد سەبارەت بەدواگۆڕانكاریو پێشهاتەكان.
203 جار بینراوە