سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، عومه‌ر ئۆسێ‌ ئه‌ندامی (بێلایه‌ن) له‌په‌رله‌مانی سوریا له‌سه‌ر بازنه‌ی‌ دیمه‌شق، دووه‌م خوله‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌، به‌قسه‌ی‌ خۆی نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كات له‌ 2012 وه‌، داكۆكی له‌مافی كوردی سوریا ده‌كات و سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ ئاشتبونه‌وه‌ی‌ نیشتیمانییه‌، تاكه‌ كورده‌ له‌و لیژنه‌یه‌ كه‌ له‌ 30 ئه‌ندام پێكدێت.
ئۆسێ‌ خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی‌ درباسیه‌یه‌ كه‌ له‌رۆژئاوای قامیشلۆیە، 40 ساڵێكه‌ له‌شام نیشته‌جێیه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ خۆی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شارۆچكه‌كه‌ی و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ له‌رۆژئاوای كوردستان نه‌پچڕاوه‌. به‌رده‌وام سه‌ردانی زێدی خۆی ده‌كات. تاكه‌ كورده‌ ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانكاری رژێمی سوریایه‌ بۆ گفتوگۆكانی جنێڤ. ئێستاش حزبێكی هه‌یه‌ به‌ناوی (ده‌ستپێشخه‌ری‌ نیشتیمانیی كورد له‌سوریا). له‌دیدارێكدا وڵامی چه‌ند پرسیارێكی ئێمه‌ی‌ دایه‌وه‌..

دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

به‌شی یه‌كه‌م

-ژماره‌ی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی سوریا چه‌نده‌ ؟
•به‌پێی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ كورد 9 ئه‌ندامی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌یانه‌ به‌عسییه‌و هه‌یشه‌ شیوعییه‌، وه‌كو (عه‌مار به‌كداش) كوڕی‌ خالد به‌كداش كه‌ سكرتێری حزبی شیوعی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ باسی دۆزی كوردو پرسی كورد ده‌كات، به‌داخه‌وه‌ ته‌نها منم له‌ په‌رله‌مانی سوریا باسی كورد بكات.

-كه‌وایه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌كداش نوێنه‌رایه‌تی حزبی شیوعی ده‌كات نه‌ك كورد؟
•بێگومان نوێنه‌رایه‌تی شیوعییه‌كان ده‌كات، ئه‌و پێیوایه‌ نه‌ته‌وه‌یی نییه‌و شیوعییه‌، هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌باره‌ی‌ دۆزی كورد نه‌بووه‌.

-ژماره‌ی‌ كورد له‌ سوریا چه‌نده‌؟
•راستی سه‌رژمێری كورد له‌سوریا به‌ ووردی نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌خه‌مڵێنرێت 3 ملیۆن كورد هه‌یه‌. ملیۆنێك له‌ جزیره‌و كۆبانیی، ملیۆنێك له‌ عه‌فرین و حه‌له‌ب، هه‌روه‌ها ملیۆنێكیش له‌ دیمه‌شق و شام.
له‌دیمه‌شق ده‌توانین بڵێین كورد ده‌بن به‌ دوو به‌شه‌وه‌. یه‌كه‌میان كوردانی دیمه‌شق، واته‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ سه‌دان ساڵه‌ هاتوونه‌ته‌ دیمه‌شق و زیاتر له‌و كۆچ و كۆچڕه‌ویانه‌ی‌ له‌باكوری كوردستانه‌وه‌ هاتوون پێش 200 ساڵێك، یان له‌رۆژانی حوكمی سه‌ڵاحه‌دین هاتوون. دووه‌میان ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی جزیره‌و كۆبانیی و عه‌فرین هاتوون و كۆچپێكراون له‌چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌تی شۆڤینی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی سوریا، من پێموایه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زیی و راگوێزانی به‌زۆر .

-بۆ پێتوایه‌ رانه‌گوێزراون!؟
•نا من پێموایه‌ سیاسه‌تی راگوێزانی به‌زۆرو پاكتاوی ره‌گه‌زیی نه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك بابه‌تیانه‌ ته‌ماشا بكات، ده‌بینین راگوێزان نه‌بووه‌، به‌ڵكو سیاسه‌تی شۆڤینیانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی سوریا له‌دژی كورد هه‌بووه‌. هێشتا هه‌ندێكی هه‌ر ماوه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زیی و به‌زۆر كۆچپێكردن نه‌بووه‌.
ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مین له‌ سوریا، ناوچه‌كانمان له‌جزیره‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ تێكهه‌ڵكێشێكی زۆر له‌نێوان كوردو عه‌ره‌ب و سریان و ئاشوریی هه‌یه‌. دۆزی كورد له‌سوریا له‌رووی‌ جوگرافییه‌وه‌ زۆر ئاڵۆزو تایبه‌ته‌، جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی‌ كورد له‌ عیراق یان ئێران یان توركیا. مه‌به‌ستم لێره‌ ده‌بینی له‌رووی جوگرافییه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنێكی ته‌واو نییه‌، ده‌شێت ناوچه‌یه‌ك كورد بێت و ناوچه‌كه‌ی‌ ته‌نیشتی زۆرینه‌ی‌ عه‌ره‌ب بێت، واته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدانێك نییه‌. ده‌بینی لێكگرێدانێك له‌نێوان جزیره‌و كۆبانیدا نییه‌، بۆشاییه‌ك هه‌یه‌. له‌و نێوانه‌دا ناوچه‌ی‌ عه‌ره‌بی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك له‌نێوان كۆبانیی و عه‌فریندا هه‌یه‌. ده‌بینین ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وێ كانتۆناتیان راگه‌یاند. بۆیه‌ ناكرێت دۆزی كوردی سوریا به‌هیچ پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی‌ كورد بچوێنرێت.
یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كانی كورد له‌سوریا، هه‌ستاوین به‌رنامه‌ی گروپه‌ كوردستانییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی‌ وه‌كو عیراق و توركیامان هێناوه‌و كۆپیمان كردووه‌و له‌سوریا جێبه‌جێمانكردووه‌، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوین. بۆنمونه‌ له‌توركیا كه‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی كوردستانه‌كه‌ی‌ كوردن، پێموایه‌ 18 یان 19 ویلایه‌ت كوردن زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كانیان كوردن، هه‌روه‌ك له‌عیراقیش ده‌بینین كوردستانه‌كه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كوردن و كه‌مینه‌ی‌ توركمان و كلدۆ ئاشور هه‌ن، به‌ڵام ده‌بینین ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وان نین و تایبه‌تمه‌ندی خۆمانمان هه‌یه‌، ئه‌وانیش تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ ته‌ماشای‌ هه‌ولێر یان دیاربه‌كر ده‌كه‌ن و لایه‌نگریان بۆ ئه‌و دوو شوێنه‌ هه‌یه‌، ئه‌وا ده‌توانم بڵێم ململانێی‌ نێوانیشیان ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌بووه‌! راسته‌ ئێمه‌ به‌شێكیان له‌ میلله‌تی كورد و دابه‌ش بوین به‌سه‌ر چوارپارچه‌ی‌ كوردستان، به‌ڵام ئه‌و ململانێی و بارودۆخه‌ی‌ ئه‌و دوو شوێنه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری‌ زۆری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌و سیاسه‌تی كوردی سوریا. ده‌توانم دابه‌شبونه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ كورت بكه‌مه‌وه‌و دابه‌شی بكه‌م بۆسه‌ر سێ‌ گروپی جیاواز:
یه‌كه‌م: گروپی گه‌لی دیموكرات، ئه‌وانه‌ تێگه‌یشتیان بۆ لای رێبه‌ره‌كه‌یان له‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌. ئه‌وانه‌ بانگه‌شه‌ی‌ فیدرالی جوگرافیی ده‌كه‌ن، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نه‌ته‌وه‌یی، بانگه‌شه‌ی‌ فیدرالیه‌تی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا ده‌كه‌ن. له‌وێ‌ ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات و خۆ رێبه‌ری‌ له‌باكوری رۆژهه‌ڵات دروست بووه‌. هێزه‌ چه‌كداره‌كه‌یشیان هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكراته‌. باس له‌فیدرالی جوگرافیی ده‌كه‌ن دوور له‌ فیدرالیی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی. ئه‌وانه‌ ئه‌مر واقع هه‌ن و هێزێكن له‌سه‌ر زه‌وی كاریگه‌ری‌ خۆیان هه‌یه‌ و هێزێكی چه‌كداری گه‌وره‌ن و نزیكه‌ی‌ 50 هه‌زار شه‌ڕڤانیان هه‌یه‌، ده‌توانین بڵێین نیوه‌یان عه‌ره‌بن، هه‌روه‌ك سریان و ئاشورو كلدانیشیان تێدایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هۆزو عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و هه‌روه‌ها كورد له‌هێزی پاراستنی گه‌ل (YPG).
دووه‌م: ئه‌و گروپه‌ن كه‌ له‌ده‌وری شتێك كۆبونه‌ته‌وه‌ پێی‌ ده‌ڵێن ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردی سوریا (ENKS) گه‌وره‌ترین حزب له‌و چوارچێوه‌یه‌ پارتی دیموكراته‌ كه‌ سه‌ر به‌ دامه‌زراوه‌ی‌ بارزانییه‌و له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی رابروو دروست بووه‌و ریشه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی توركیا.
سێیه‌م: كۆمه‌ڵێك حزبی بچوك، ئه‌وانیش هێزێكی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌یان نییه‌، ئه‌وانه‌ به‌شێك له‌ ئۆپۆزسیۆنی سعودیه‌! جا ته‌ماشا بكه‌ سعودیه‌ دیموكراسی و مافی مرۆڤی بۆ سوریا ده‌وێت! ئه‌مه‌یه‌ گاڵته‌جاریی!! ئه‌مانه‌ به‌كارده‌هێنرێن و له‌ریاز و ئه‌نقه‌ره‌ هاوكاری وه‌رده‌گرن و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌جێندای خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و گروپانه‌دا بسه‌پێنن و له‌دانیشتن و كۆبونه‌وه‌كان.
هه‌ندێك حزبی دیكه‌ هه‌ن وه‌كو هاوپه‌یمانی نیشتیمانی كورد له‌ قامیشلۆن. له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبانه‌ ده‌بینین حزبی دیموكراتی پێشكه‌وتنخواز كه‌ حزبی كاك حه‌مید ده‌روێشه‌ هه‌یه‌. پێموایه‌ ئه‌و حزبانه‌ له‌ناو گروپی سێیه‌م روونتره‌ سیاسه‌تیان و داوای داننان به‌مافه‌كانی گه‌لی‌ كورد ده‌كه‌ن له‌ده‌ستوری سوریادا وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م له‌سوریا. هه‌روه‌ك داوا ده‌كه‌ن كورد به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و رێڤه‌به‌ری خۆجێیی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای داننان به‌كلتورو زمانی كوردی ده‌كه‌ن و داواده‌كه‌ن له‌خوێندنگاكانی ناوچه‌كانی كوری بخوێندرێت. من پێموایه‌ ئێمه‌ وه‌ك (ده‌ستپێشخه‌ری‌ نیشتیمانیی كورد له‌سوریا) نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌كه‌ین، سه‌رباری ئه‌و گوشاره‌ زۆریه‌ی‌ له‌سه‌رمانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لایه‌نی كوردی و به‌شێك له‌ رژێمی سوریا. ئه‌گه‌رچی به‌شێك له‌حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد پێیانوایه‌ ئێمه‌ لایه‌نگری رژێمی سوریا ده‌كه‌ین یان هه‌ندێجار به‌خایین و به‌كرێگیراومان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن! به‌ڵام ئێمه‌ گوێ ناده‌ینێ‌ چونكه‌ بڕوامان به‌و رێبازه‌ تایبه‌تییه‌ی‌ خۆمان هه‌یه‌، پێموایه‌ ئه‌و پێشنیارو پرۆژانه‌ی‌ ئێمه‌ بابه‌تیی و واقعیین و سودی بۆ كورد هه‌یه‌.

-پێتانوایه‌ رژێمی سوریا بڕوایان به‌و پێشنیارو پرۆژانه‌ی‌ ئێوه‌ هه‌یه‌؟
•بێگومان گوشارمان له‌سه‌ره‌، به‌شێك له‌سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عس و لێپرسراوانی سوریا دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن، زیاتر له‌گروپی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌)، ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رانه‌هاتوون كه‌ ئاراسته‌یه‌ك یان سیاسیه‌كی كورد پێیان بڵێت ئێمه‌ هاوبه‌شین له‌م وڵاته‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ‌ كورد ته‌نها له‌ناوچه‌كانی خۆیان بن، هه‌میشه‌ كوردیان تۆمه‌تبار كردووه‌ به‌ به‌كرێگیراوی ئیسراییل و ئه‌مریكا. ئێمه‌ داكۆكیمان له‌كورد كردووه‌ له‌ كورد له‌ناوچه‌كانی كوردو دیمه‌شق، داكۆكیمان له‌كورد كردووه‌ دیمه‌شق و له‌جنێڤ. باوه‌ڕ بكه‌ له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئه‌نه‌كه‌سه‌ن به‌ڵام تائێستا له‌دانوستانه‌كانی جنێڤ له‌پشتی په‌رده‌ش له‌به‌رامبه‌ر دیمستۆراو وه‌فدی نێوده‌وڵه‌تیی داكۆكیان له‌كورد نه‌كردووه‌! من تاكه‌ كوردم كه‌ داكۆكیم كردووه‌.

-چه‌ند كه‌س له‌كورد ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كان ده‌بن؟
•به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ دووكه‌س له‌چوارچێوه‌ی‌ وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن، له‌چوارچێوه‌ی‌ وه‌فدی ده‌وڵه‌تی سوریا 11 كه‌س ئاماده‌ ده‌بن من وه‌ك كورد تاكه‌ كه‌سم به‌شدارم له‌كۆبونه‌وه‌كان كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌شارجه‌عفه‌ریی ده‌كرێت. راستیی ئێمه‌ پێشنیارێكمان نه‌كردووه‌ ناواقعی بێت بۆ چاره‌سه‌ری‌ دۆزی كورد له‌سوریا.
من پێموایه‌ حزبه‌كانی كورد بونه‌ته‌ هۆكاری‌ كۆچكردنی كورد به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان، له‌نێوان 60% بۆ 70% كوردی سوریا كۆچیان كردووه‌ بۆ كوردستانی عیراق یان كوردستانی توركیا یان وڵاتانی ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی چه‌وت و خوێندنه‌وه‌ی‌ ناواقعی بارودۆخ.
من له‌سه‌نگه‌ری‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ هاتووم، من راوێژكاری‌ عه‌بدولڵا ئۆجالان و هه‌ماهه‌نگكاری نێوان ئه‌و و ده‌وڵه‌تی سوریا بووم، من راوێژكاری سیاسی و وه‌رگێڕی شه‌خسی ئۆجالان بووم كاتێك له‌دیمه‌شق بوو، بۆماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 20 ساڵ. هه‌روه‌ك من لێپرسراوی راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی بووم هه‌موو بڵاوكراوه‌یه‌كی عه‌ره‌بی من سه‌رپه‌رشتیم ده‌كرد. تێگه‌یشتن و رۆشنبیریی من له‌وێوه‌ هاتووه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زه‌مینه‌ی‌ ژیانی خێزانیم كه‌ له‌درباسیه‌ بوین و ئێمه‌ مه‌یلی بارزانیمان هه‌بوو، واته‌ ئێمه‌ مه‌یلی پارتیمان هه‌بوو. كاریگه‌ری‌ هه‌بوو به‌تایبه‌ت ماوه‌ی‌ گه‌نجێتیم و خوێندنم.
له‌راستیدا حزبی یه‌كێتی دیموكرات په‌یه‌ده‌ له‌ڕێی‌ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌وه‌ قوربانی زۆریان له‌دژایه‌تیكردنی داعشداوه‌، ناویان چۆته‌ داستانه‌كانی گه‌لی كورد و سوریا و گه‌لانی رۆژهه‌ڵات، به‌ڵام من پێموایه‌ ئه‌وان و ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌خه‌باتی سیاسیاندا باش ئه‌و قوربانیدانه‌یان به‌كارنه‌هێناوه‌. پێویست بوو گره‌و له‌سه‌ر پرۆژه‌ی‌ ئه‌مریكا نه‌كه‌ن. ئه‌مریكا خاوه‌نی ئه‌جێندایه‌ك نییه‌ تایبه‌ت به‌كوردستان، ئه‌مریكا له‌هاوبه‌شێك ده‌گه‌رێت له‌سه‌ره‌ زه‌وی تاوه‌كو بتوانێت هه‌ندێك جوگرافیا رزگاربكات له‌باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، به‌دیاریكراوی له‌به‌ری‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات. تاوه‌كو بتوانن له‌گفتوگۆكانیان له‌باره‌ی‌ داهاتووی سوریا سودی لێ ببینن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا. مومكین نییه‌ مرۆڤی تێگه‌یشتوو ئه‌وه‌ نه‌زانیت كه‌ ئه‌مریكا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ خۆی (توركیا) نابێت. توركیا ئه‌ندامی ناتۆیه‌ له‌ 1951، دووه‌م سوپای ناو ناتۆیه‌، ئه‌گه‌ر بكه‌ویته‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێوان كوردو توركیا، بێگومان توركیا هه‌ڵده‌بژێری.

-ئێوه‌ له‌په‌رله‌مانی سوریا، په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌ هه‌یه‌؟
• من به‌حوكمی په‌یوه‌ندی رابردووم، جۆرێك له‌په‌یوه‌ندیم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌سه‌ركردایه‌تیان. له‌په‌رله‌مانی سوریا جگه‌ له‌من كوردێكی لێ‌ نییه‌ گرنگی به‌پرسی كورد بدات، بێگومان به‌داخه‌وه‌.

-كاتێك ده‌چیه‌ قامیشلۆ ده‌یان بینی؟
•ده‌یانبینم.

-نامه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریا له‌گه‌ڵ خۆت ده‌به‌ی‌ یان وه‌ك نێوانگیر ده‌چیت؟
•من رۆڵی نێوانگرم نه‌بینیوه‌، ئه‌وانیش پێویستیان به‌نێوانگیر نییه‌، هه‌ركاتێك بیانه‌وێ‌ بێنه‌ دیمه‌شق و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت ببینن بێگومان ده‌توانن و دێن.

-نوسینگه‌ یان نوێنه‌رایه‌تیان له‌دیمه‌شق هه‌یه‌؟
•نوسینگه‌ی‌ ناڕه‌سمیان هه‌یه‌، بێگومان خه‌ڵكیان له‌ دیمه‌شق هه‌یه‌، ده‌چنه‌ بنكه‌ی‌ حمێمین و چاویان به‌ روسه‌كان و ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌وێت. ئه‌وان پێویستیان به‌ نێوانگیر نییه‌، به‌ڵام من وه‌كو كوردی سوریا جار هه‌یه‌ ده‌یانبینم ، جا چ له‌دیمه‌شق بێت یان له‌قامیشلۆ، بارودۆخیان بۆ شیده‌كه‌مه‌وه‌و جاریش هه‌یه‌ نه‌سیحه‌تیان پێشكه‌ش ده‌كه‌م.

-تۆ هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی دیارت هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ دۆزی كورد له‌سوریا؟
•بێگومان له‌ماوه‌ی‌ قه‌یرانی سوریا چه‌ندین جار به‌ته‌نیا چاوم به‌سه‌رۆك به‌شار كه‌وتووه‌. گفتوگۆكانمان له‌باره‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ دۆزی كورد و گه‌ڕان به‌دوای‌ ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ دۆزی كورد بووه‌. هه‌وڵمداوه‌ وێنه‌كه‌ وه‌كوخۆی بۆ ئه‌و روونبكه‌مه‌وه‌ و واقع وه‌كو خۆی پێشانی بده‌م دوور له‌ دروشمبازیی و موزایه‌ده‌كردن، وه‌ك هه‌ندێك له‌سیاسیه‌كانی كورد ده‌یكه‌ن. من هه‌رده‌م داوام له‌سه‌رۆك و سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی سوریا كردووه‌ كه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ دۆزی كورد بدۆزرێته‌وه‌.

-تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ر؟
•واقعی ئێستای سوریا، به‌شێك بێگومان تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی ده‌وڵه‌ت و خاك و نیشتیمانی سوریا، به‌شێوه‌یه‌ك نزیك له‌ئیداره‌ی‌ خۆسه‌ری‌ هه‌روه‌ها داننان له‌ ده‌ستوردا به‌ به‌ماف و دابینكردنی مافی كلتوریی بۆ كورد. یان ده‌توانین بڵێین جۆرێك له‌خودموختاریی. ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌ دژایه‌تی كورد ده‌كات و تائێستا نه‌گۆڕاوه‌.

-كێن ئه‌وانه‌؟
•له‌نێو حزبی به‌عس هه‌ن، كه‌سانی دیارن، هه‌رده‌م به‌چاوی گومانه‌وه‌ شته‌كان ده‌بینن.

-ئه‌وانه‌ زۆرینه‌ن و له‌و ئاراسته‌یه‌ زیاترن كه‌ توندڕه‌و نین یان میانڕه‌ون؟
• پێموانییه‌. ئه‌وه‌ی‌ زۆر مهمه‌ بیڵێم ئه‌ویش سه‌رۆك به‌خۆی تێگه‌یشتنی هه‌یه‌. به‌ومانایه‌ی هه‌میشه‌ كاتێك كێشه‌یه‌ك دێته‌ پێشه‌وه‌ له‌نێوان كورد و حكومه‌تی سویا، هه‌ندێجار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ چه‌كداریی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكرات دروست بێت، به‌ڵام سه‌رۆك رێگری لێكردووه‌و چونكه‌ رێنماییه‌كانی روون بووه‌، ئه‌ویش نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك روبه‌رووبونه‌وه‌و پێكدادان له‌گه‌ڵ كورد ببێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*