سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » لە شەراكەتی هەرێمەوە بۆ یەك لیستی…

كـۆبـه‌نـدی هـه‌فـته‌

لە شەراكەتی هەرێمەوە بۆ یەك لیستی…

لە شەراكەتی هەرێمەوە بۆ یەك لیستی لە ناوچە دابڕێنراوەكان

دوای كێشمەكێشمێكی زۆر لە نێوان پارتی و یەكێتی، رێكەوتنی كۆتایی ئەو دوو حزبە واژوو كرا، هاوتەریبی رێکەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پەرلەمان متمانەی بە كابینەی مەسرور بارزانی بەخشی و پاش سوێندی یاسایی، بە فەرمی كابینەی نۆیەم راگەیەندرا و لە یەكەم دانیشتنی كابینەكەدا باس لەهێڵە گشتیەكانی كاری حكومەت كرا، هەر لە بنەبڕكردنی گەندەڵی و چاكسازی، تەواوی ئەو كارانەی كە پێویستە حكومەت ئەنجامی بدات لەكابینەی نۆ، بەڵام لەكاتی ئێستادا كە تەمەنی كابینەی نوێی حكومەت، تەنها یەك وەرزی تێپەڕاندووە، پێیناوەتە یەكەم پایزی خۆیەوە، هاوسەنگی شەراكەتی لەنێوان سێكوچكەی (یەكێتی، پارتی، گۆڕان) بەرمەبنای ئەو بەڵێنانەی لەكاتی ڕێككەوتنەكە دراون بەڕوونی تێكچونی پێوە دیارە، لەكاتێكدا سەرەكیترین خاڵی ناو كارنامەكەی ئەم كابینە چاكسازی بووە، بەڵام پێچەوانەی ئەم خاڵە گرنگە، پۆست دادەتاشرێت لەبەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەجۆرێك سەرۆكی حكومەت كە لای پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەرزترین دەسەڵاتی حكومەتەو بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەریكەوتوە، بەڵام زیادكردنی چەندین راوێژكار، یاریدەدەر، لەسەر دەستی سەرۆكی حكومەت و نزیك لەحزبەكەی خۆی، ئەمانە هیچیان نە چاكسازین و نە لەڕێككەوتنی سێكوچكەی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتدا نەبووە، كەچی تادێت ژمارەی یاریدەدەرەكان هەڵدەكشێت، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ خۆی ناوێكە تازە دەركەوتووە، تائێستا ناونیشانی پێنج یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دیارن، ئەگەر زیاتر نەبن، (بۆ كاروباری وزە، بۆ كاروباری تەندروستی، بۆ كاروباری ئابوری، بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی)، یاریدەدەرێكی دیكەش كە بڕیاربوو تاقانە یاریدەدەر بێت، بۆ كاروباری چاكسازی بێت و بدرێت بە گۆڕان، هێشتا ئەمیان دەستبەكار نەبووە، ئەمە لەكاتێكدا پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران هەموارنەكراوەتەوە، بەڵام بۆ دەستبەركاربوونیان چاوەڕوانی ئەو هەموارەیان نەكردووە. داتاشینی ئەم پۆستە زیادانە لەبەرژەوەندی پارتیەو لەدەرەوەی ئەو ڕێكەوتنەیە كە لەنێوان هەرسێ حزبەكە كراوە، ئەمەش وایكردووە نیگەرانی لەقۆڕغكردنی دەسەڵاتەكان و داتاشینی پۆست لەبەرژەوەندی لایەنێك دروستبێت و ئومێد بەچاكسازی و رێككەوتن لاوازبێت.
لەبارەی لیستی هاوپەیمانیەوە، دوای ئەوەی زۆربەی حزب و لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان كۆبونەوەو ڕێكەوتن و بڕیاریان دا بەیەك لیستی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن لەسەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك، گومان لەوەدا نییە كە وا پێكهێنانی لیستێكی لەم شێوەیە لەبەرژەوەندی كوردە، بەڵام دیوێكی تری مەترسیەكە لەپێكهێنانی ئەم لیستی هاوپەیمانییە ئەوەیە ئایا لیستی سێبەری حزبی تر نابێت لەپشت ئەم هاوپەیمانییەوە، ئایا دوای هەڵبژاردن هیچ لایەنێك پیلانی هەلپەرستیی نابێت بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی تر یاخود نەتەوەیەكی تر، یان لیستەكەی نەجمەدین كەریم لەم ئانوساتەدا كە داوای لیستێكی سەربەخۆی دەكات بەجۆرێك هاتۆتە ناو باسەكەوە، كێ لەپشتی ئەم پیاوەوەیە، ئایا ئەمە جۆرێك نییە لە سیناریۆ؟! ئەمانە پێویستە یەكلایی بكرێنەوە، خۆ ئەگەر ئەم جۆرە رێكەوتنەش لەچەشنی رێكەوتنەكەی كابینەی نۆ بێت و دیسان ئومێدی گەڕانەوەی ئەم ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی كورد دەچێتەوە تونێلێكی تاریكەوە، لێرەدا زەرەرمەندی سەرەكی یەكێتی دەبێت و پێویستە زۆر بەوریاییەوە مامەڵەبكات و متمانەی تەواو لەم لیستە وەربگرێت، چونكە یەكێتی لەم ناوچەیەدا دەنگی زۆرینەی هەیەو خاوەنی شەش كورسیە، بەدوور نابینرێت جگە لە عیراق، هەریەك لەدەوڵەتەكانی خاوەن بەرژەوەندی لەكەركوك، دەستبخەنە هەڵبژاردنەكەوە، ئەو كات مەترسییەكان لەسەر كەركوك زیاتر دەبن، لەوانەیە هێندەی واقیعی دۆخی ناوچەكە بخوازێ ڕێكەوتن بكرێت، هێندە هەڵبژاردن یەكلایی نەكاتەوە، چونكە ئەوەی لای هەمووان روونە جیا لەدەوڵەتە دراوسێكان ئەمریكاش لەسەر خەتە بۆ ئەم ناوچانە، مامی گەورە لەخۆیەوە نەیدەوت «هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كەركوك، وەك نەشتەرگەری مێشكە، بچوكترین هەڵە كارەساتی لێدەكەوێتەوە»، بۆیە ئێستاش هەڵسوكەوت لەگەڵ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لێزانی و پسپۆڕی و سیاسەتی دەوێت، ناكرێت بەپیلانێك بهێڵدرێت لەدەست بچێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*