سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » خۆپیشاندان، تێکچوونی نێوانی گەل و حکومەت

یەکبێژ

خۆپیشاندان، تێکچوونی نێوانی گەل و حکومەت

کاتێک گەل هەست بەبوونی کەموکورتی دەکات لەلایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە ، هەوڵی چارەسەر کردنی دەدات، چاوی کامێرای میدیاکان و پێنووسی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی ووڵات یەکەم گورز دەوەشێنن بە جولاندنی کێشەکان و گەڕان بە شوێن چارەسەردا لەڕێگەی ووتار و چاوپێکەوتن و شیرۆڤەکردنەوە.
هەرچی ئەندامانی حزبەکانیشە لەوانەی لەدەسەڵاتدان لەڕێگەی بەرپرسە حزبیەکانیانەوە باس لە کێشەکان دەکەن و دەنگی هەوادارەکانیان دەگەیەنن پێیان، هاونیشتیمانی بێ لایەنیش لەرێگەی گازندەی ناڕێکخراو و لێرەو لەوێ لە شوێنە گشتییەکاندا نارەزایی دەردەبڕن و گلەیی دەکەن و لەبەرخۆشیانەوە بە بەکارهێنانی ووشەی دەبوایەو نەدەبوایە( ووشەی ناشرینیش) بەردەوامی دەدەن بە وەستانەوە لەرووی ئەو کەموکورتیانەی دەیبینن. ئەگەریش ئەم هەنگاوانە سوودیان نەبوو ئەوە خۆپیشاندانی ئاشتیانەو دواتریش نائاشتیانە دەبێتە دواهەمین هەڵبژاردەی خەڵک.
ئەوانەش لە ناو حزبە ئۆپۆزسیونەکاندان(ئەگەر هەبن) ئەوە هەندێکیان بە هیوای چارەسەرکردن هەنگاو دەنێن و هەندێکیشیان بە مەبەستی قۆستنەوەو لەدەهۆڵدان و تێک دانی بارو دۆخەکە هەنگاو دەنێن، لێرەشەوە هەموو ئەو تاکانە دەکەونە دوایان کە هەڵگری هیچ بەرنامەیەکی سیاسیی نین و باوەڕیان بەکاری حزبەکان نەماوە یان لایەنێکن سەر بەو حوکمەلادراوە دەبن کە پێش ئەمی ئێستا حوکمڕانی کردوە، دەشکرێت دەستێکی دەرەکی لەماوەیەکی کورتدا بارودۆخی ووڵاتێکی دیکە تێک بدات.
لە بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دەستی پێ کردوەو تەنها لەماوەی سێ چوار ڕۆژی سەرەتادا زیاتر لە شەست کەس کوژراون و هەزارانیش بریندارن لەهەموو شارەکانی عیراق.
دەکرێت لەیەکەم دەستپێکی خۆپیشاندانێک رووداوی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە بەڵام کە بەردەوامی هەبوو لە وەڵامدانەوەی هێزە ئەمنیەکان بەچەک و کوشتن و بریندار کردنی خەڵک و لەگەڵیشیدا سەرانی حکومەت سەرکۆنەی بکەن و بەڵێن بدەن بەخەڵک کە تاوانباران سزا دەدەن، ئەوە دەبێت بڵێین دەکرێت لایەنێکی دژە حکومەت هەستێت بە تەقەکردن لەخەڵک( یان ئەو کارمەندانەی کە سەربە بەعسی کۆنن و لە ئێستادا دژی حکومەتن لەناو هێزە ئەمنییەکاندا رێک خرابن) دەنا ناکرێت رۆژانە خەڵک بکوژرێت و حکومەتیش لەگەڵ نەبێت.
لەلایەکی ترەوە ئەم خۆپیشاندانانە راستە کە دەربڕی خواستەکانی خەڵکە و جامی خەڵک پڕ بوە بۆیە لێی دەڕژێت، بەڵام هیچ لایەنێکی سیاسی کۆن و نوێ تیایدا رێکخەر نیەو ئەوەش کەهەیە خۆی بە دەنگی هاوبەشی خۆپیشاندەران دەناسێنێت، لەوەش گرنگتر بوونی رەگەزی مێینە تیایدا بەرچاو نیە دەکرێ بڵێین هەر نیە، ئەوەش وادەکات بڵێین لایەنی سیاسیی جەماوەریی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە نیە.
حزب و حکومەتیش دەبێ بزانن کە خۆڕاگری میللەت لەئاست چەوساندنەوەو کەموکورتییەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سیاسی و ئیداری ، مەدای درێژ خایەنی نیەو وەک هەموو ئەو ووڵاتانەی کە لە مێژوودا ناویان هەیە هێزی گەل کەی بیەوێت دەتوانێ خواستەکانی بێنێتە دی.
ئەوە ڕاستە کە هەموو خۆپیشاندانێکی جەماوەر بە ئامانجی گۆڕینی حکومەت نیەو زۆری بە جێجەجێکردنی داخوازییەکە دادەمرکێتەوەو کۆتایی دێت، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نیە سەرانی ووڵات خۆیان هەڵگرن بۆ کاتی خۆپیشاندان، کەی خەڵک ڕژایە سەرشەقام ئەو جار هەندێ هەنگاوی چاک سازی بنێن، نەخێر چاکسازی بۆ هەمیشەییەو دەبێت رۆژانە هەنگاوی جدی بۆ بندرێت چونکە شۆڕشی گەندەڵی لەلایەن گەندەڵکارانەوە تۆڕی تەنینی بۆ چندراوەو بە چاولێ غافڵ کردنی بۆگەن دەکات و لە ژێر چارەسەر دەچێتە دەر.
خۆزیا لایەنێکی باش لەبەرەی گەل سەرپەرشتی ئەو خۆپیشاندانانەی دەکرد ئەو کاتیش ئێمەش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە هیوامان لەسەر هەڵدەخست ، بەلام نەبوونی ئەوە وا دەکات ئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوەو لەڕێگەی دەستەیەکی سەربازییەوە حکومەتەکە قڵپ بکرێتەوەو دیسانەوە عێراق بکرێتەوە شانۆی شەڕ و خوێن ڕشتن و بەعسییەکانیش لەڕێگەیەوە دەسەڵاتی خۆیان بگەڕێننەوە، کەڕەنگە ئەمەش سوودی بۆ ئەو ناکۆکیانەی نێوان ئەمریکا و ئیران هەبێت، بۆ ئەمریکا باشە حوکمی سوننەی کۆنە بەعسیەکان و قەومییەکان هەبێت لە عێراقدا نەک چەند لایەنێکی شیعەی دەسەڵاتداری دۆستی شیعەی ئیران، ڕەنگە گۆڕینی حکومەتەکەی بەغدا بەقازانجی ئەمریکا بشکێتەوە و ئەوکات ئەو حوکمە نوێیەی کە دێت دەیکات بەگژ ئیراندا، بۆ پشت راستکردنەوەی ئەم بۆچوونەش ئەو لێدوانانەن کە سەرانی عێراق دەیدەن لەوەی کە رێگەنادەن بە ئیران و ئەمریکا کە خاکی عێراق بکەنە شوێنی یەکلاکەرەوەی ناکۆکییەکانیان، هەرچەندە هەموان دەزانین کە ئیران کارتێکەریی راستەوخۆی لەسەر حوکمی عیراق هەیە، ئەمەش زیاتر وا لەئەمریکا دەکات کە خواستی لەسەر گۆڕینی حوکمرانی عیراق بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*