سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » كاره‌كته‌ری به‌رد له‌ شیعری صه‌یدی هه‌ورامیدا

كاره‌كته‌ری به‌رد له‌ شیعری صه‌یدی هه‌ورامیدا

هۆشمه‌ند قادر هه‌ورامانی

2-2 کۆتایی

له‌ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نووسینه‌دا باسمان له‌ مه‌زنی و سه‌لیقه‌ی له‌بن نه‌هاتووی صه‌یدی هه‌ورامی كرد له‌وه‌ی كه‌ چۆن له‌به‌ردێكی بی جووڵه‌ و بی هه‌ست كاره‌كته‌رێكی جوان و به‌ ئه‌زموون دێنێته‌ر قسه‌ و له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كانی ناو داستانی چیرۆكه‌ شیعرییه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا كاره‌كته‌ری به‌رد به‌ردێكی ئاسایی و سروشتی بوو كه‌ وه‌ك هه‌ر شتێكی تری ناو سروشت له‌ ره‌نگ و روخساری خۆی نه‌گۆڕابێت، به‌ڵام له‌م به‌شه‌ی تردا ده‌بینین شاعیر به‌ردێك ده‌هێنێته‌ قسه‌ كه‌ له‌ سروشتی خۆی دابڕاوه‌ و به‌ ده‌ستی سه‌نگتاش بووه‌ته‌ ئامێر له‌به‌ر ده‌ستی مرۆڤدا كه‌ ئه‌ویش ئامێری ده‌ستاڕه‌ هه‌ر بۆیه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاتی كاره‌كته‌ری به‌رد شێوازیكی جیاواز تر و تا راده‌یه‌كیش ئاڵۆزتره‌ وه‌ك له‌ سه‌ره‌تای شیعری «هاره‌ سه‌خته‌نیدا» ده‌رده‌كه‌وێت :
هاره‌ سه‌خته‌نی هاره‌ سه‌خته‌نی
تۆخۆكه‌م قیمه‌ت سه‌نگی سه‌خته‌نی
جی بڵند ئیقبال ساحیب به‌خته‌نی
یارئامان وه‌لات جه‌هد و جه‌خته‌نی
تراشیده‌ی ده‌ست، سه‌رئوستادی باش
جه‌سته‌ت پڕزه‌خم قوڵنگه‌ی سه‌نگتاش

لێره‌دا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ صه‌یدی ناوی به‌رد ناهێنی، به‌ڵكو راسته‌وخۆ قسه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستاڕ ده‌كات و له‌ دێڕی دووه‌می شیعره‌كه‌دا بیری ده‌خاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌رده‌ و تا دوێنی به‌ردێكی ئاسایی و بی نرخ بووه‌ تاوه‌كو زۆر كه‌س له‌ كاتی گۆڕانكاریا له‌خۆی بایی نه‌بێت وه‌ك له‌ ته‌واوی گفتوگۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌ویت، وه‌ك ده‌ڵێت:
تۆخۆ كه‌م قیمه‌ت سه‌نگی سه‌خته‌نی
جی بڵند ئیقبال ساحیب به‌خته‌نی

به‌واتای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ تۆ ده‌ستاڕیت و پله‌وپایه‌ت به‌رز و بڵنده‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شت بیر نه‌چێت كه‌ تۆ (سه‌نگی كه‌م قیمه‌تی) واته‌ به‌ردێكی بی نرخی و له‌ خۆت بایی نه‌بیت، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر بپرسێت ئه‌بی ئه‌و ده‌ستاڕه‌ له‌چی بایی بێت و به‌چی پایه‌ بڵند بێت؟
ئه‌وا راسته‌وخۆ صه‌یدی شاعیر وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و له‌ دێڕه‌ شیعره‌كه‌ی تردا هۆكاری پایه‌ بڵندی و له‌خۆبایی بوونی ده‌ستار دیاری ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌یه‌ یاره‌كه‌ی صه‌یدی به‌و هه‌موو جوانییه‌وه‌ هاتۆته‌ لای ده‌ستاڕ و ئیشی به‌و كه‌وتووه‌، هۆكارێكی تری له‌خۆبایی بوونی ده‌ستار له‌م دێڕه‌ شیعره‌ی دواییدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌ڵێت:
یادگاری ئۆسای قه‌دیم زه‌مانان
ده‌سئاسی ده‌سكێش خیاته‌ی خانان
چما تاشیای ده‌سی فه‌رهاد بی
ده‌ست جه‌ نه‌مام داری شه‌مشادبی

واته‌ تۆ له‌ به‌ردێكی كه‌م قیمه‌ته‌وه‌ بووی به‌وه‌ی ببیته‌ یادگاری ده‌ستی وه‌ستای شاره‌زاو كارامه‌ ئه‌وانه‌ی تۆیان داتاشیوه‌ و تۆیان كردووه‌ به‌و ده‌ستاڕه‌ی له‌ ماڵه‌ خانه‌دانه‌كاندا وجودت هه‌بێت و كاره‌كته‌ری ناو ئه‌و ماڵانه‌بیت هاوكات ئه‌و ده‌سكه‌ی كه‌ بۆ تۆ دروستكراوه‌ ده‌سكی داری (شه‌مشاده‌) كه‌ دارێكی به‌رزو به‌نرخه‌. له‌ دیمه‌نێكی تردا شاعیر رۆڵێكی تری ده‌ستار نمایش ده‌كات و ته‌نانه‌ت ئیره‌یی پێ ده‌بات و ده‌ڵی:
ئارۆ قیبلۆ من به‌ له‌نجه‌ولاره‌
ته‌شریفش وه‌لای تۆئامان هاره‌
شیرینه‌ن نیشته‌ن دانه‌ مدۆپیش
هاره‌ش هاركه‌رده‌ن دۆرمه‌دۆنه‌ویش
مه‌گێڵۆ به‌ده‌ور، چون چه‌رخی چه‌پگه‌رد
هه‌یاهوش گه‌رمه‌ن، مه‌نالۆجه‌ده‌رد
واته‌ ئه‌وه‌ قیبله‌مه‌ (قیبله‌ به‌واتای یار) هاتۆته‌ لای ده‌ستاڕ و دانی ده‌داتی تا بیهاڕێ، ده‌ستاڕیش له‌ خۆشی و كه‌یفی خۆیدا هاربووه‌ و به‌ده‌وری خۆیدا ده‌سووڕیته‌وه‌، صه‌یدی لێره‌دا ته‌واوی دیمه‌نه‌كه‌ ده‌كاته‌ شیعر و له‌ رێگه‌ی شیعره‌وه‌ نمایشی ده‌كات وه‌ك ده‌ڵی: ده‌ستار هێنده‌ ده‌سوورێته‌وه‌ وه‌ك چه‌رخ و زه‌مانه‌ی بێ وه‌فایه‌ كه‌ به‌رده‌وام زه‌مه‌نیش له‌ سووڕانه‌وه‌دایه‌ و ناوه‌ستێت، پاشان ده‌ڵێ ده‌ستار له‌گه‌ل ئه‌م سووڕانه‌وه‌یه‌دا ناڵه‌ و هاواری به‌رزه‌ و له‌ ناڵه‌ و گریانی خۆی ناكه‌وێت به‌واتایه‌ك ده‌نگ و گرمه‌ی ده‌ستاڕه‌كه‌ له‌ كاتی جووڵه‌دا ده‌شوبهێنی به‌ ناڵه‌ و گریان و فوغان كه‌ ئه‌مه‌ش سه‌لیقه‌یه‌كی زیاتری شاعیره‌ و به‌دوای واتایه‌كی قووڵتردا ده‌گه‌ڕێت و ده‌یه‌ویت پێمان بڵی كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو ناڵه‌ و هاوار و گریانێك به‌ راستی گریان بێت یان هه‌موو گریانێك له‌جێی خۆیدابێت وه‌ك له‌درێژه‌ی شیعره‌كه‌ی صه‌یدی دا ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك ده‌لێت:
كه‌س چوون تۆ ئازیز جه‌لای یارنه‌بی
هاره‌ چی وه‌شی ساچی هارنه‌بی

لیره‌دا صه‌یدی شاعیر جارێكی تر روو ده‌كاته‌وه‌ ده‌ستار و لۆمه‌ی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و گرمه‌ گرم و ناڵه‌ و هاواره‌، پێی ده‌ڵێت هیچ كه‌سێك هینده‌ی تۆ خۆشه‌ویست و ئازیزی لای یاره‌كه‌ی من نه‌بووه‌ به‌و جۆره‌ ده‌ست به‌ده‌ستیه‌وه‌ بگرێت و بیسووڕێنی، پێی ده‌ڵی ئیتر تۆ له‌خۆشیدا بۆ نافڕیت له‌ باتی ئه‌و گریان و فوغانه‌ دیاره‌ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ده‌ستار له‌ كاتی هاڕیندا ده‌گرمێنی كه‌ شاعیر ئه‌و گرمه‌یه‌ به‌گریان ده‌شوبهێنی پاشان ده‌ڵێت:
تای توره‌ی زولفان سیای عه‌نبه‌ر بۆ
سه‌ر ئاوێز كه‌رده‌ن، تاوه‌بانی تۆ

شاعیر درێژه‌ به‌سه‌رزه‌نشتی ده‌سته و اڕ ده‌دات و ده‌یه‌وی ئه‌و كه‌شو هه‌وا خۆشه‌ی یان ئه‌و چركه‌ساته‌ پر له‌ چێژانه‌ی بیرخاته‌وه‌ كه‌ ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك ناكه‌وێت به‌خودی شاعیر خۆشییه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ستی یاره‌كه‌ی له‌ ده‌سكی ده‌ستاڕ ئاڵاوه‌ ئه‌وه‌تا سه‌ریشی به‌سه‌ردا شۆڕكردۆته‌وه‌ و پرچی ره‌شی بۆنخۆشی وه‌ك بۆنی عه‌نبه‌ر به‌سه‌ر ئه‌ودا په‌خشان بووه‌.
دواتر وته‌ی شاعیر له‌ سه‌رزه‌نشته‌وه‌ ده‌گۆڕێ بۆ تكا و پاڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ یاره‌كه‌ی سه‌رقاڵی هاڕین و دان تێكردنه‌ بۆ هاڕین با ئاگاداری ده‌ستی یاره‌كه‌ی بێت نه‌یڕوشێنێت و برینداری نه‌كات وه‌ك ده‌ڵی:
ده‌خیله‌ن ده‌ست به‌ ده‌ستی یاره‌ن
په‌نجه‌ش ڕێش نه‌بۆ هاره‌ هاوره‌ن

شاعیر وه‌ك پاڕانه‌وه‌یه‌ك هاوار له‌ ده‌ستاڕ ده‌كات و پێی ده‌ڵی ده‌خیلت بم له‌ كاتی كاركردندا په‌نجه‌ی یاره‌كه‌م نه‌ڕوشێنی و زامداری نه‌كه‌یت، جوانی یار سه‌رت لی نه‌شێوێنی و ئاگات له‌ جووڵه‌ی خۆت بێت، هه‌ر لێره‌دا شاعیر جارێكی تر به‌ده‌م تكا و پاڕانه‌وه‌وه‌ گله‌یی له‌ ده‌سهاڕ ده‌كاتو پێی ده‌ڵێ:
شیرین به‌سه‌د ناز مه‌كێشۆ ده‌سته‌
دانه‌ مدۆپێت چون ئاوات واسته‌
دانه‌ش مسانی چون سته‌م كاران
مه‌كه‌ریش وه‌گه‌رد توتیای شاران

واتا شیرین به‌و هه‌موو نازداری و جوانییه‌وه‌ ده‌ستی درێژ ده‌كات و دان به‌ تۆ ده‌دات تۆش وه‌ك كه‌سێك ئاواتێكی خواستبێ لێی وه‌رده‌گریت و ده‌یهاڕیت، به‌جۆرێكی دڵڕه‌قانه‌ ده‌یهاڕیت ده‌یكه‌یته‌ (توتیا) هه‌ر بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر شاعیر ناتوانی دان به‌خۆیدا بگرێت و ئه‌و دیمه‌نه‌ش له‌به‌ر چاوی بێت، هه‌ربۆیه‌ زمانی تكا و پارانه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ زمانی هێرشكردن و نزای خراپ به‌وه‌ی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو خۆشییه‌ هێشتا ده‌ستار له‌گرمه‌ و ناڵه‌ی خۆی ناكه‌وێت و به‌رده‌وامه‌ له‌ناڵین وه‌ك ده‌ڵێت:
تاقه‌ت شی جه‌لام واتم ئه‌ی هاره‌
به‌ مه‌ودای ئه‌ڵماس پاره‌ بای پاره‌
تۆده‌سی شیرین ده‌سه‌كێشته‌ن
ئاواتت بڕیان ناڵه‌ی چیشته‌ن
تۆ ده‌سی شیرین كه‌فته‌ نت وه‌سه‌ر
چی سارێژ نه‌بی زامانی خه‌ته‌ر

شاعیر ئه‌مجاره‌ ده‌ڵی تاقه‌تم چوو له‌ ده‌ستی ده‌ستاڕ و پێموت ئه‌ی ده‌ستاڕ خوا بكات به‌زه‌بری ئه‌ڵماس پارچه‌ پارچه‌ بیت، له‌وه‌ زیاتر چیت ئه‌وی كه‌ تۆ ده‌ستی شیرینت گرتووه‌ و هه‌موو ئاواتێكت به‌دی هاتوه‌ كه‌چی هێشتا هه‌ر له‌ ناڵه‌ و گریان ناوه‌ستیت، تۆ كه‌ ده‌ستی ئه‌و نازداره‌ت به‌ده‌سته‌ ئیتر كام زامه‌ی زۆر خه‌ته‌ره‌ چۆن ساڕێژ نابێت، ئه‌مه‌ توانای گه‌وره‌یی به‌هره‌ی صه‌یدی ده‌رده‌خات كه‌ چۆن له‌ مه‌ودای كورتی چه‌ند دێڕه‌ شیعرێكدا ته‌واوی دیالۆگه‌كان ده‌گۆڕێت له‌گه‌ڵ به‌ردێكدا كه‌ هیچ هه‌ستێكی نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ی سه‌وداسه‌ری شیعر كاتێك ده‌یخوێنینه‌وه‌ بیرمان ده‌چێت كه‌ ئه‌مه‌ به‌ردێكی بێ هه‌ست و نه‌سته‌ واتێده‌گه‌ین وتو وێژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤێكدایه‌ كه‌ صه‌یدی هه‌ورامی ئیره‌یی پێ ده‌بات، پاشان شاعیر ده‌یه‌وێت ئیره‌یی خۆی بۆ ده‌ستاڕی به‌رد ئاشكرا بكات به‌وه‌ی كه‌ ئێسته‌ ئه‌و زۆر له‌ شاعیر شادمان و به‌خته‌وه‌رتره‌ و ده‌بوایه‌ ده‌سهاڕ له‌بری ناڵه‌ و هاوار له‌و په‌ڕی خۆشیدا بوایه‌، ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ گریه‌ و ناڵینی بكردایه‌ شاعیره‌ نه‌ك ده‌ستاڕێك كه‌ یار ده‌سكی گرتووه‌ و دانی بۆ تێده‌كات وه‌ك ده‌ڵێ:
بامن بناڵ وروان تاشه‌وان
زه‌ده‌ی هیجرانم ده‌ردم بی ده‌وان

واته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت شایه‌نی گریان و شیوه‌ن و زاری بێت ئه‌وا منم نه‌ك تۆ ئه‌ی ده‌ستاڕ، من ده‌بێ رۆژانه‌ بگریم تا شه‌وان به‌وه‌ی ده‌ردی عه‌شق وای به‌سه‌ر هێناوم كه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكم نییه‌. پاشان(صه‌یدی شاعیر) ده‌ستاڕ له‌وه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌م قسانه‌ و به‌م هاوڕێیه‌تیه‌ی یار له‌خۆی نه‌گۆڕێت و ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌چێت كه‌ ئه‌و(به‌رده‌ كه‌ی جارانه‌) وه‌ك ده‌ڵێ.
هاڕه‌ی هه‌راسان هه‌رده‌ی هه‌رده‌ گێڵ
كه‌م ده‌ ور ده‌نه‌وێت چون دێوانه‌ی وێڵ
ئانه‌ شیرینه‌ن دوڵبه‌ر دوڵستان
دڵ چێت مسانۆ به‌مه‌كر و داستان
به‌ به‌ین و به‌قاش هیچ مه‌به‌ خه‌ره‌
جه‌فاش سه‌د باره‌ن وه‌فاش یه‌ك زه‌ڕه‌

لێره‌دا ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌ دێڕه‌كانی پێشوودا شاعیر گرمه‌ و هاڕه‌ی ده‌ستاڕی به‌گریان و ناڵین ده‌شوبهان و سه‌رزه‌نشتی ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌و ناڵین و گریانه‌، به‌ڵام له‌م چه‌ند دێڕه‌ی دواییدا سووڕانه‌وه‌ی ده‌ستار به‌ له‌خۆبایی بوون و سه‌مای خۆشی ده‌شوبهێنێ هه‌ر بۆیه‌ ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌ به‌وه‌ی (یاری شیرین) هه‌تا كۆتایی له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌ كاری به‌ ده‌سهاڕ نه‌ما ئیتر ئه‌و ده‌سله‌ملان و خۆشه‌ویستیه‌ش نامێنی، چونكه‌ پێی ده‌ڵێ:
چه‌نی كه‌س تاسه‌ر هه‌ر گیز یار نیه‌ن
یاری ساحێب شه‌رت وه‌ فادار نیه‌ن
كاتی مه‌زانی هۆرئیزا به‌قه‌س
چون بی به‌ینه‌تان جه‌ تۆش كێشا ده‌س

واته‌ هه‌تا كۆتایی له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه‌ و هێنده‌ ده‌زانی ده‌ستت لێ به‌رده‌دات و هه‌ڵده‌سێ و ده‌ڕوا، بیر له‌ وه‌فا و شه‌رت و ئه‌مه‌ك ناكاته‌وه‌ ئیتر لێره‌وه‌ صه‌یدی ئاكامی ئه‌و بێ وه‌فاییه‌ی جوانان ده‌خاته‌ پیش چاوی ده‌ستار كه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا دڵخۆش و شادمان و به‌خته‌وه‌ره‌ ئه‌وا سبه‌ینێ واته‌ كاتێك بێ وه‌فایی یار ده‌ركه‌وت ئه‌وكات له‌بری خۆشی و شادی هه‌ناسه‌ی پڕ له‌ حه‌سره‌ت ده‌ست پێ ده‌كات وه‌ك له‌م دێڕانه‌ی كۆتایی شیعره‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
شی به‌ماوای وێش ته‌شریف به‌رده‌وه‌
تۆش ئاستی وه‌لای داخ و ده‌رده‌وه‌
كۆتابی سه‌وداو نه‌عره‌ته‌ و ده‌نگت
بی قیمه‌ت گنای، كه‌ساس بی سه‌نگت
به‌دڵه‌ی په‌ڕ سۆز مه‌ینه‌ت باره‌ وه‌
پێچیای به‌ده‌رد دووری یاره‌وه‌
ئه‌وسا چه‌نی زام، بی ده‌وای خه‌ته‌ر
مات مه‌بی بی ده‌نگ جه‌(صه‌یدی)به‌ته‌ر

واته‌ ئه‌م جوانه‌ بی وه‌فایه‌ی كه‌ ئێستا تۆی مه‌ست و دڵخۆشكردووه‌ و تۆی خستۆته‌ سووڕ و سه‌ما، كه‌ هه‌ستاو به‌جێی هێشتی ئیتر ئازار و مه‌ینه‌تی ده‌ست پی ده‌كات، ئیتر ئه‌و سووڕ و سه‌ما و شادییه‌ كۆتا ده‌بێت و مه‌وسمی خه‌م و ئازار دێته‌ پێشه‌وه‌، ئیتر كه‌ساسی و بێ ده‌نگی جێگه‌ی كه‌یف و شادی ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و كات تۆش ده‌بیته‌وه‌ به‌(به‌رده‌)بێ ده‌نگ و بێ بایه‌خه‌كه‌ی جاران، دواتر دابڕان ده‌بێته‌ ده‌ردی تاقه‌ت پڕوكێن و پڕ ئازار، له‌ كۆتاییدا شاعیر خۆی ده‌كاته‌ نموونه‌ی ئه‌و ئازار و دابڕانه‌ و ده‌ڵێ دواجار وه‌ك ئێستای (صه‌یدی) ته‌نها ماتی و بێ ده‌نگیت بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. جا خوینه‌ری هێژا با سه‌رنج بده‌ین صه‌یدی چۆن به‌وپه‌ڕی توانا و ژیرییه‌وه‌ له‌ به‌ردێكی داتاشراو (كاره‌كته‌رێكی) زیندوو ده‌خاته‌ به‌رده‌ست به‌جۆرێك جارێك هاڕه‌و گرمه‌ی به‌گریان ده‌چوێنێ و جارێك ده‌یكاته‌ كه‌سێكی له‌خۆبایی و سووڕانه‌وه‌كه‌ی له‌كاتی كارپێكردنیدا به‌سه‌ما ده‌شوبهێنێ كه‌ به‌ راستی له‌پشتی ئه‌م شیعره‌ دراماتیكییه‌وه‌ په‌یامێكی قووڵیش به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌خۆبایی بوون و له‌بیرچوونه‌وه‌ی خود ئاكامێكی خراپی ده‌بێت و ئازار ده‌دورێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...