سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » با سوپای سوریا بێتەوە

یەکبێژ

با سوپای سوریا بێتەوە

جارێکی دیکە ڕووداوێکی هاوچەشن لە مێژوودا دووبارە بوەوە، هاوپەیمانە زلهێزەکانی کورد دوای ئەوەی کوردیان وەک کارتێک بەکار هێناو مەرامەکانی خۆیان پێ بەئەنجام گەیاند ئیدی پشتیان تێکرد و بەگورگان خواردنیاندا.
لە سەدان ساڵی رابردوەوە، کورد لەنێوانی هیزە گەورە ناکۆکەکەکاندا لەناوچەکە بەکار هێندراوەو هیچ کات سەربەخۆو بێلایەن نەبوە لە کێشەکاندا، هەر لایەنێکیش کردبیەتە هاوپەیمانی خۆی دوای تەواو بوونی کێشەکان بەبەرامبەرەکەیان فرۆشتوەتەوە، نموونەی ئەم سەردەمەکۆمارەکەی مەهاباد و ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 کە هەموان دەزانین چیان بەکورد کرد، کۆڕەویش نموونەیەکی دیکە لەسەردەمی بوشدا کاتێک لێێان پرسی ڕات چیە بەرامبەر کۆڕەوی کوردان و سیاسەتی قەڵاچۆکردنیان لەلایەن سەدامەوە ، لەوەڵامدا ووتی ئەوە کێشەی ناوخۆی خۆیانە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە، هەروا لەسەردەمی ئوبامادا پاشەکشەی ئەمریکا بوو لە عیراق و کوردستان بەگشتی و سەرهەڵدانی داعش .
ترامپ دان بەوەدا دەنێت کە ئێمە کوردەکانمان لەبەرامبەر پارەی زۆر و چەک و تەقەمەنی بەکار هێناوە لە دژی داعش، واتا منەتی نیە و ئێستاش ئەوەی تورکیا پێیان دەکات کاری بە ئێمە نیە و شەڕی نێوان پەکەکەو تورکیا هی ئەمڕۆ نیە، ئەو جار بۆ سڕینەوەی ئەو منەتە دەڵێت کورد لە شەڕی جیهانی دوەمدا هاوکاری ئێمەی نەکردوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەگرنگ نەزانینی ئەوەی کورد لەسوریادا کردی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
تورکیا هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوا بە کارێکی ڕەوا دەزانێت، هەروەک دەڵێن دەیانەوێت ئاسایشی سنوورەکانیان بپارێزن، هەرچی ناتۆ و زۆرێکیش لە ووڵاتانی ئەوروپایە بەکارێکی ناڕەوای دەزانن و هێندەی بەمەترسی سەرهەڵدانەوەی دەستی داعشی دەزانن هێند ئەوەندە لە خەمی کورداندا نین وەک ڕۆژئاواو خەڵکە سڤیلەکەی، زۆریان دەڵێن ئەو هێرشە مەترسی بەهێز بوونی داعشە، بەڵام لەراستیدا دەبوا ئەوانە لەیەکەم هەنگاودا و پێش ئەوەی تورکیا یەکەم موشەک بە رۆژئاواوە بنێت ڕیگرێیان لێبکردایە نەک دوای ئەوەی لەیەکەم ساتەکانی بۆردومانداو لەدوای ئەوەی فرۆکەکانی تورکیا لە 181 ئامانجیان داو هەموو ئەو چەک و ژێرخانەسەربازییەی کە ئەمریکا پێوەی دەنازێت و دەیکاتە منەت بەسەر رۆژئاواوەدا تێکشکێندران.
ئەمریکا پێش چەند کاتژمێرێک لەهێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لەو چەند خاڵەی کەتیایدا بوو کشاوەتەوە، ئەردوگان بەئاشکرا لە دوو رۆژی پێش دەستپێکدا ووتی بەزووترین کات ئەنجامی دەدەین، لافروف بە دوو رۆژ پێش ئەوە سەردانی بەغدا و هەولێری کردوە، هەموان دەیانزانی ئەمە ڕوودەدات بەڵام هیچیان نەوت، کەدەیان توانی نەهێڵن ڕوو بدات.
ئێستاش دونیای دەرەوە، هەموو ئەوانەش بەدرێژایی مێژوو تەنها کوردیان هەڵخەڵەتاندوە، خەریکی لێدوانن لە ژێر لێوەوەو بەتورکیا دەڵێن ( مەکە ) یان سووک لێیان دە و ئاگات لە خەڵکی سڤیل بێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەو بۆردومانکردنەی تۆپ و فرۆکە بۆ خۆشکردنی زەمینەیە بۆ هێرشی زەمینی، ئەمەش لەچەند رۆژ و مانگی داهاتوودا بەدی دەهێنن چونکە هێزەکانی سوریای دیموکرات ناتوانن بێ پشتگیری زلهێزێکی ناوچەکە بەرگەی بەرەنگاری بگرن و سەرەنجام وەک عەفرینی لێدێت.
ئێمە ئەگەر بزانین کە زلهێزەکان هەروایان بەکورد کردوە ، ئیدی دەبێ چی بکەین وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخە دووبارە بوانەوە، بۆ پەیەدەو هەموو ڕۆژئاوا باشترین هەنگاوی خێرا کەرێگری بکات لە بەردەوامی قوربانیدان، رێگەدانە بە سوپای سوریا و رێخۆشکردنە بۆی تابێتە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد و کەمترین مەرجیشی هەبێت بۆ ئەمە، سوپای سوریا بێتەوە باشترە لەوەی دوای قوربانی دانی زۆر و وێران بوون و ئاوارەبوونی خەڵک سوپای تورک داگیری بکات.
سوریا توڕەی ئەوەیە کە کوردەکان ئەمریکایان هێناوەتە ناوچەکە(ئەگەر بەپشتی کورد نەبوایە ئەمریکا نەیدەتوانی لە رۆژئاوادا بێت) دەکرێت چیدی کورد چاوەڕوانی لێدوانە شێتانەو ناسیاسیانەکانی ترامپ نەبێت و کات بەفیڕۆ نەدات و داوای فەرمی بکات لە سوریا بگەڕێنەوە ناویان و پێکەوە سنوورەکان بپارێزن، ئەگەر ئاڵای سوریا لە سەرێ کانی و قامیشلۆ هەڵبدرێت ئیدی تورکیا دەبێت هێرشەکانی رابگرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
دیسان ئەمەش دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ کوردانی پارچەکانی دیکە، لەزۆر نووسیندا جەختمان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە باشترین چارەسەر بۆ کورد رووکردنە ئەو پایتەختانەیە کە تیایدان، کێشەی ئێمە لەگەڵ خودی تاران و ئەنقەرەو بەغدا و دیمەشقە هەرئەوانیش دەتوانن بەهاوکاری لەگەڵ خۆمان کێشەکان چارەسەر بکەین بێ ئەوەی خوێنمان بڕژێت، ئەمەش تەنهاو تەنها خۆدوور خستنەوەیە لە هێزە دەرەکییەکان کە بۆبەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارمان دەهێنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*