سەرەکی » دۆسێ » لەگەڵ پاشەكشەی ئەمریكادا توركیا هێرشەكەی بۆ سەر رۆژائاوا دەستپێكرد

بە ئۆپەراسیۆنەكەی دەڵێت «كانی ئاشتی»

لەگەڵ پاشەكشەی ئەمریكادا توركیا هێرشەكەی بۆ سەر رۆژائاوا دەستپێكرد

لەگەڵ راگەیاندنی پاشەكشەی ئەمریكا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكەی بۆسەر رۆژائاوا راگەیاند، دەستپێكردنی هێرشەكە سەربازییەكەی ناوناوە «كانی ئاشتی» كە بە گوتەی خۆی «لەپێناو دامەزراندنی ناوچەیەكی سەقامگیر و ئارامە لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا».
ئەم هێرشە سەربازییەی توركیا هەرچەندە لە نێوەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوە، وێڕای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان رەتیدەكاتەوە رەزامەندی لەسەر دەربڕیبێت، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە ئاماژە بە ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان دەكەن، بە ئەمریكا و دیمەشق و عیراقیشەوە.

دەستپێكردنی هێرشەكە
سەرۆكی توركیا دەستپێكردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان راگەیاند گوتی: “ئۆپەراسیۆنەكەیان دەستی پێكرد”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە 9ی تشرینی یەكەمی 2019 و لە لێدوانێكیدا دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات ڕاگەیاند.
لای خۆیانەوە میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بڵاویانكردەوە، كە تەقینەوەیەك لە سەرێ‌ كانی لە رۆژئاوای كوردستان ڕوویداوە.
بەپێی ئەو میدیایانە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی میشرافە-یان لە سەرێ‌ كانی و گوندێكی سەر بە گرێ‌ سپیان بۆردومان كردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو، 50 سەربازیان لە سوریا كشاندوەتەوە.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا دەڵێت، لە بنەڕەتدا نەدەبوو سوپای ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
بە گوتەی ترەمپ، توركیا چەكدارە دیلەكانی داعش وەردەگرێتەوە كە وڵاتانی ئەوروپایی ڕەتیانكردەوە وەریانبگرنەوە، بۆیە پێویستە توركیا ئەركی دیلەكانی داعش لە ئەستۆ بگرێت.

هەڵوێستی دیمەشق
وەزارەتی دەرەوەی سوریا، بە توندی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیای لەنێو خاكی سوریادا ئیدانە كرد و ڕایگەیاندبوو، ئەنقەرە رۆڵی زامنكەری لە پڕۆسەی ئەستانەدا لەدەستدا.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، “سوریا بەتوندی خواستە دوژمنكارییەكانی رژێمی توركیا ئیدانە دەكات لەسەر سنورەكانی سوریا، كە پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە هەموویان جەخت لەسەر رێزگرتن لە یەكێتی و سەلامەتی و سەروەری سوریا دەكەنەوە”.
هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا هاتووە، “هەڵسوكەوتی دوژمنكارانەی رژێمەكەی ئەردۆغان بەڕوونی خواستی پاوەنخوازی تورك لە خاكی سوریا دەخاتەڕوو، كە ناكرێت بە هیچ شێوەیەك بیانووی بۆ بهێنرێتەوە”.
دیمەشق، بەرپرسیارێتی هاتنەناوەوەی هێزەكانی توركیا بۆ نێو خاكی سوریا دەخاتە ئەستۆی هەندێك لە ڕێكخراوە كوردییەكان كە “گرەویان لەسەر پڕۆژەی ئەمریكایی دەكرد و بەردەوام لەكاتی چاوپێكەوتنەكاندا لەبارەی مەترسییەكانی ئەو پڕۆژەیە ئاگاداردەكرانەوە، تا نەبنە ئامراز بەدەست بێگانەكان”.
هەر لە بارەی تەنگژەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا داوای چارەسەركردنی قەیرانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریای كرد لە رێگەی دیالۆگ لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق و كوردەكان.
وەزیری دەرەوەی روسیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییدا داوای كرد كێشەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بە گفتووگۆ لە نێوان سووریا و توركیا و كوردەكاندا چارەسەر بكرێت.

هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا
سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، داوا لە توركیا كردبوو دانبەخۆداگربێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا ڕابگرێت.
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە 9ی تشرینی یەكەمی 2019، لە زاری جان كڵود یۆنیكەر، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپاوە بڵاویكردەوە، پێویستە توركیا دانبەخۆداگربێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا ڕابگرێت.
بەپێی ئاژانسەكە، “یۆنیكەر لەبەردەم پەڕلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاندوو، توركیا ترسی لە هەڕەشە ئەمنییەكانە لە سنورەكانییەوە لەگەڵ سوریا، پێویستە ئێمە لەو هەست تێبگەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە توركیا و لایەنە كاریگەرەكانی تر دەكەین، دانبەخۆداگربن”.
بە گوتەی سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، “گەر پلانەكانی توركیا دامەزراندنی بەناو ناوچەی ئارام لەخۆدەگرێت، پێویستە پێشبینی نەكات یەكێتی ئەوروپا هیچ پارەیەك لەو بارەیەوە بدات”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەڕەنسا و بەریتانیا بە توندی هێرشەكانی توركیای بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان ئیدانە كرد و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئایایشی نێودەوڵەتی كرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی بەناو (كانی ئاشتی) لە ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا دەستپێكرد، بەپێی میدیاكانیش، لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتە، ناوچەكانی گرێ‌ سپی و كۆبانێ‌ و قامیشلۆ و عەین عیسایان لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆردومان كردووە.

سعودیە و ئیمارات ئیدانەی دەكەن
سعودیە لەشكرێشی و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیدانە دەكات و بە دەستدرێژیكردنە سەر سەربەخۆیی و سەروەری سوریا وەسفی دەكات.
لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، دەربارەی هێرشە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، هێرشەكە دەستدرێژییە بۆ سەر یەكێتیی و سەربەخۆیی سەروەری سوریا.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە نیگەرانیشی دەربڕی لە دەرئەنجامەكانی ئەو هێرشە كە وەك هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە ناویهێناوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە دەڵێت، ئەو هێرشە ڕەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر سەقامگیری ناوچەكە دەبێت و دەبێتە هۆی لەباربردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
هەر لەو بارەیەوە ئیماراتی عەرەبیش بە توندی ئیدانەی هێرشەكەی توركیای بۆ سەر سوریا كرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەكدا بە توندی ئیدانەی هێرش و پەلاماری سوپای توركیای كرد بۆ سەر باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕایدەگەیەنێت، ئەو هەنگاوەی توركیا پێشهاتێكی مەترسیدار و دەستدرێژییەكی ئاشكرای قبوڵ نەكراوە بۆ سەر سەروەری خاكی سوریا.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێیوایە، هێرشەكەی توركیا بۆ سەر باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە و دەستتێوەردانە لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی.

هەڵوێستی وڵاتان
دوابەدوای بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ پاشەكشەپێكردندنی بەشێكی هێزەكانی وڵاتەكەی لە باكووری خۆرهەڵاتی توركیا و هەڕەشەكانی لە توركیا گەر هێرشبكاتە سەر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فوڕات، چەند وڵاتێك هۆشداریاندابووە ئەنقەرە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی دابووە توركیا گەر هێرشی سەربازی بكاتە سەر خاكی باكوری سوریا.
لای خۆیەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر رایگەیاندبوو، بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە داگیركاریی خاكی سوریا نادەین.
بە گوتەی سەرۆكی میسر، هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا، جێگەی قبوڵكردن نییە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا (فرانس پرێس)، لە زاری محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دابووە توركیا لە هێرشكردنە سەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا و رایگەیاندبوو، تاران دژی هێرشی سەربازییە بۆ سەر ناوچەكە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، كە پێشتر، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا دژایەتی خۆی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە خاكی سوریادا راگەیاند و پاشەكشەكردنی ئەمریكای لەو ناوچەیەشدا بە مەترسیدار و بواردان بە گەڕانەوەی داعش، وەسفكردبوو.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاش هۆشداری دابوو لەبارەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكانی ساڵی 2015، سەبارەت بە دروستبوونی تەوژمێكی تری كۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*