سەرەکی » ئابووری » بـه‌هـای لیـره‌ بـه‌ خـێرایـی روو لـه‌ دابـه‌زینه‌

بـه‌هـای لیـره‌ بـه‌ خـێرایـی روو لـه‌ دابـه‌زینه‌

یەکەی ئابووری

دوای ئه‌وه‌ی ئابووریی توركیا له‌ 2018 گه‌یشته‌ خراپترین ئاست، به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌رامبه‌ر گرتنی قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌، ئێستا‌ش جارێكی تر كۆماری و دیموكراته‌كانی كۆنگرێس داوای سزای قورسی ئابووری بۆ سه‌ر توركیا ده‌كه‌ن، به‌هۆی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، ماڵپه‌ڕی «ستراتفۆر»ی ئه‌مه‌ریكی راپۆرتێكی له‌وباره‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وەو دووپاتیده‌كاته‌وه‌، ئابووری توركیا له‌ڕۆژی داڕمان نزیك ده‌بێته‌وه‌.
ستراتفۆری نزیك له‌ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا «سی ئای ئه‌ی» نووسیویه‌تی، رۆژی حساب و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئابووریی توركیا نزیكه‌، چونكه‌ كۆشكی سپیش خه‌ریكه‌ دێته‌ سه‌ر هه‌مان باوه‌ڕی كۆنگرێسمان و سیناتۆره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی توركیا سزا بده‌ن، لیندسی گراهامی سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان و نانسی پیلوسی سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كانیش دووپات له‌ سزادانی قورسی توركیا ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و پێدانی ده‌رفه‌تێكی زێڕین به‌ تیرۆریسته‌ گیراوه‌كانی ناو گرتووخانه‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، بۆ دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

695 لیره‌ به‌رامبه‌ر 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی
ئابووری توركیا دوای ئازادكردنی قه‌شه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ جۆرێك له‌ جێگیری به‌خۆیه‌وه‌ بینی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ پێشبینی ده‌كرێ ئابووری ئه‌نكه‌ره‌ به‌ ته‌واوی به‌ره‌و جه‌هه‌ننه‌م بڕوات، چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵكو وڵاتانی ئه‌وروپایش به‌هۆی ترسیان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی داعش بۆ ناو سنووری یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌ توندی كار بۆ سزادانی توركیا ده‌كه‌ن و زۆرێك له‌ وڵاته‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌وروپایش هاورده‌كردنی چه‌كیان بۆ توركیا قه‌ده‌غه‌ كردوەو داوای وه‌ستاندنی هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
له‌ به‌شێكی تری راپۆرته‌كەدا‌ هاتووه‌، كه‌ سه‌ركێشییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كورد له‌ سوریا، ئابووری وڵاته‌كه‌ تووشی برینێكی ئابووری هێنده‌ قورس ده‌كات، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سارێژ نابێ و توركیا به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.
له‌ 2018 كاتێك ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر توركیا سه‌پاند، لیره‌ی توركی گه‌یشته‌ 695 لیره‌ به‌رامبه‌ر 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئێستا‌ش دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ 590 لێره‌ به‌رامبه‌ر 100 دۆلار، ئه‌مه‌ هێشتا ئه‌مه‌ریكاو دنیا سزای ئابووری توركیایان نه‌داوه‌، به‌ په‌له‌ به‌های لیره‌ رۆژ دوای رۆژ داده‌كشێ و نزم ده‌بێته‌وه‌، پێشبینی ده‌كرێ له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی سزاكان، نرخی لیره‌ زۆر زیاتر له‌ 2018 روو له‌ نزمبوونه‌وه‌ بكات.

دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌
سیناتۆر و كۆنگرێسمانانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌مو كاتێك زیاتر سوورن له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسای سزادانی توركیا و تێپه‌ڕاندنی له‌ كۆنگرێس و متمانه‌پێدانی له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیرانه‌وه‌، لیندسی گراهام و كریس ڤان هۆلین خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ و پێشبینی ده‌كرێ به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ جموجۆڵ بۆ خستنه‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێبكات و دیموكراته‌كان و كۆمارییه‌كان به‌ ته‌واوی له‌سه‌ری هاوڕان.
ئه‌نجومه‌نی پیران، بۆ ئه‌وه‌ی رێگە له‌ ڤیتۆی تره‌مپ بگرێ، پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ سێ به‌ش له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیران كه‌ ژماره‌یان 100 كه‌سه‌ ده‌نگ به‌ یاساكه‌ بده‌ن، كه‌ ده‌كاته‌ 75 كه‌س، ئه‌مه‌یش پێشبینی ده‌كرێ بێته‌دی، چونكه‌ رای گشتی ئه‌مه‌ریكاو سیناتۆر و كۆنگرێسمانان به‌ ته‌واوی له‌ هێرشه‌كه‌ی توركیا توڕه‌ن.
به‌هۆی ڤیتۆكردنی بڕیاری پێشووی كۆنگرێس بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا له‌ ئه‌نجامی كڕینی مووشه‌كی ئێس 400ی روسی، ئه‌نكه‌ره‌ به‌و هیوایه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌یش تره‌مپ ڤیتۆی بڕیاری كۆنگرێس و ئه‌نجوومه‌نی پیران بكات، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌و دنیا هه‌مووی داوای وه‌ستاندنی هێرشه‌كه‌ی توركیا ده‌كات و تره‌مپیش لەژێر فشارێكی چڕی شه‌قام و سیاسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌، بۆیه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مجاره‌ بتوانێ ره‌تی بكاته‌وه‌.
ستراتفۆر هه‌نگاوه‌كانی تره‌مپی بۆ سزادانی توركیا بێ ده‌ركردنی یاسا خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ سه‌ره‌تا خۆی له‌ سه‌پاندنی باجی گومرگی ده‌بینێته‌وه‌و پێشبینی ده‌كرێ، رێژه‌ی 20 % باجی گومرگی به‌سه‌ر ئه‌له‌منیۆم و 50 % به‌سه‌ر ئاسن بسه‌پێنێت، جیا له‌وه‌یش بژارده‌یه‌كی تری ده‌ست تره‌مپ، دووباره‌ گفتوگۆكردنه‌وه‌ی یاسای سزادانی توركیایه‌ به‌هۆی كڕینی مووشه‌كی ئێس 400ی روسی، كه‌ ئه‌مه‌یش زیانی یه‌كجار گه‌وره‌ به‌ توركیا ده‌گه‌یه‌نێت.

پێشبینی ته‌قینه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆ
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش ئابووریی توركیا به‌ ته‌واوی لاوازه‌و تووشی داخورانی زۆر بووه‌، كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته‌ بڕی 200 ملیار دۆلار قه‌رزارن و ته‌واوی ئه‌و پاره‌یه‌یش به‌ دۆلار و یۆرۆیه‌، كاتێك به‌های لیره‌یش به‌رامبه‌ر دۆلار و یۆرۆ زۆر نزم ببێته‌وه‌، ئه‌وا زه‌ره‌ری یه‌كجار گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و هه‌ڵئاوسان دروست ده‌بێ و زۆرێكیشیان وڵاته‌كه‌ جێ ده‌هێڵن.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان و ئه‌نكه‌ره‌ كارتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ رازیكردنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ به‌كارده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌كان بگرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سزاكان چڕوپڕ بن و گورزی گه‌وره‌ له‌ ئابووریی توركیا بوه‌شێنرێت، ئه‌وا چیتر خه‌ڵكی توركیا فریوی ئه‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌ ناخۆن و پێشبینی ته‌قینه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆی توركیا ده‌كرێ.

* سەرچاوە: ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*